کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاش خواردنه‌وه‌ی چاکه‌تان ، با ئێمه‌ش فڕێک له‌ پیاڵه‌ی ئازادی بده‌ین!.

Sunday, 08/05/2011, 12:00


فه‌لسه‌فه‌کان بۆ گه‌ڕان و لێکۆڵینه‌وه‌ و ته‌فسیر بۆ جوڵه‌ له‌ بنی مێژووه‌ ، هه‌ریه‌که‌ دیدگایه‌کی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ ، بۆ هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌ک زه‌مه‌ن و شوێن و کۆمه‌ڵگایه‌کی هه‌یه‌ ، به‌لام ئه‌وه‌ی هه‌موو فه‌لسه‌فه‌کان له‌سه‌ری کۆکن ، بریتییه‌: له‌ جوڵه‌ی مرۆڤ کاتێ ناعه‌داله‌تی بوونی ده‌بێ. پێویست ناکات لێره‌دا جێگای ته‌فسیری هه‌موو فه‌لسه‌فه‌کان بۆ ئه‌م چه‌نکه‌ ئه‌گه‌ر زۆر به‌کورتیش بێت ، بکه‌ینه‌وه‌ ، به‌ڵام ده‌مه‌وێ له‌و چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه‌ وه‌ک ده‌روازه‌یه‌کی فره‌مه‌زن بچمه‌ نێو ئه‌و شۆڕشانه‌ی که‌ ئیمڕۆ له‌ یه‌ک کات و له‌ جوگرافیای جیاجیا رووده‌ده‌ن.
هه‌موو ئه‌و شۆڕشانه‌ ، زاده‌ی بێکه‌رامه‌تکردنی مرۆڤ و نایه‌کسانییه‌ ، به‌مانا گشتگیرییه‌که‌ی ناعه‌داله‌تی کۆمه‌لایه‌تییه‌ ، که‌واته‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ و ئایدلۆژیا جیاجیا کان به‌یه‌که‌وه‌ گرێده‌دات ، ته‌فسیری ئه‌و جوڵه‌ گه‌ردوونییه‌ که‌ مرۆڤ تێیدا خه‌بات ده‌کات و راناوه‌ستێ ، بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌ . بۆیه‌ سه‌یر نابێت که‌سێکی هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیست و هه‌ڵگری فیکری ئیسلامی و لیبڕال و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌ستبده‌نه‌ ده‌ستی یه‌کتر بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌.
ده‌سه‌لات و راگه‌یاندنه‌که‌ی ، پێیسه‌یره‌ کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتوو له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌ره‌یه‌ک پێکده‌هێنن ، ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ که‌ دیاره‌ بێ ئاگایه‌ نازانێت ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌ ئۆپزسیۆنه‌ی هێناوه‌ته‌ لای یه‌ک ، شه‌قام بوو ، شه‌قام بوو ئۆپزسیۆنی ناچارکرد خیتابیان یه‌ک بکه‌ن ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان نه‌کردبایه‌ ، ده‌بوو ئێستا له‌ ره‌وشێکیدیکه‌دا ده‌بوون که‌ ره‌نگه‌ عاره‌ب وه‌ته‌نی که‌سێک نه‌ده‌بوو به‌غیلیان پێببات .
سه‌ردێری ئه‌و نووسینه‌ کورته‌م ، له‌ وێکچوونی ده‌سه‌لاته‌کان و ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی به‌کاریان ده‌به‌ن ، سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.
پێش چه‌ند رۆژێک ، به‌ ته‌حدیدی رۆژی هه‌ینی رابوردوو ، ته‌له‌فزیۆنی به‌عسی سوریا ، چه‌ند که‌سێکی سه‌ربه‌ ده‌سه‌لاتی نیشانده‌دا که‌ گوایه‌ ژیان له‌ سوریا ئارامه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌تا " چا ده‌خۆینه‌وه‌".
پێش ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌کیش له‌ ته‌له‌فزیۆنی به‌عسی کوردی(پارتی) ئه‌ویش خه‌ڵکی نیشانده‌دا و ده‌یگووت: ئه‌وه‌تا خه‌ڵک له‌ ژێر سایه‌ی سه‌رۆکی فه‌رمانده‌! خه‌ڵکی له‌ سه‌یرانن و مه‌نجه‌ڵی یاپراخ ده‌خۆن!.
دوو نموونه‌ زۆر وێکچوو بۆ دوو ده‌سه‌لاتی زۆر وێکچوو ، بۆ دوو گه‌لی زۆر وێکچوو. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته‌کانی ناوچه‌که‌ی کۆکردۆته‌وه‌ ، تالانچیه‌نیه‌تی و ناشه‌فافیه‌ت و نادیموکراسیه‌ت له‌ ژێر ناونیشانی " جه‌نگین له‌ دژی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی" کۆیکردوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌شی گه‌لانی ناوچه‌که‌ به‌ بیروڕای جیاواز کۆیکردوونه‌ته‌وه‌" هێنانه‌دی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی" ه‌، له‌ نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا راپه‌ڕینێک هه‌یه‌ خوێنی تێدا ده‌ڕژێ ، ئه‌گه‌ر جارجاره‌ش سه‌رکوت بکرێت ، زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌ی تێدا له‌ خۆبگرێت ، هه‌رگیز هێوربوونه‌وه‌ و نه‌مان به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت.
چاخواردن و یاپراخخواردنه‌که‌ی ده‌سه‌لاته‌کان ، شتێک نین جگه‌ له‌ ترسییان له‌ داهاتوو که‌ داهاتوویه‌کی تاریکه‌ بۆیان..گه‌لانی ناوچه‌که‌ش به‌ کوردستانیشه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌لات و راگه‌یاندنه‌ چه‌واشه‌کارییه‌کانیان ده‌ڵێن: پاش جاخواردنه‌وه‌که‌تان ، ئێمه‌ش فڕێکی گه‌وره‌ له‌ جامی ئازادی ده‌ده‌ین ، که‌ دلنیابن بۆ ئێمه‌ ده‌بێت به‌ ده‌رمان بۆ ئێوه‌ش نه‌مان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە