یەکێتێکەی هێرۆخان وهەنگاوی گەورە بەرەو نەمان
Tuesday, 22/04/2014, 12:00
1898 بینراوە
جاران یەکێتی بە تاڵەبانییەوە دەناسرا وئێستا بۆتە یەکێتی هێرۆخان. نە سکرتێری گشتی کە مام جەلالە ڕۆڵێکی لەم حیزبەدا ماوە نە هەردوو جێگرەکەی.
هەڵە لە دوای هەڵە وچارەنەکردن وهەڵواسینی قەیرانەکان وململانێکان، نەبوونی کەسی بەتوانا ودڵسۆز بەتایبەت لە دووری تاڵەبانی ودوایی بێ تاڵەبانی، دەست دان بەتجارەت وکۆمپانیا دروستکردن وپشتگوێخستنی سیاسەت وبەرژەوەندی گشتی درزی گەورەی خستۆتە دیوارە کۆن ولاوازەکەی ماڵی یەکێتییەوە وئیتر لە توانایدا نییە بەرگری نە لەبا ونە لەباران بکات. بەپینەو وپەڕۆش تازە لێکنادرێتەوە ونۆژەن ناکرێتەوە، بۆیە لە هەموو لایەکەوە، لەترسی ڕووخانی ئەم کەلاوە کۆنە بەسەریانا زۆر کادری کۆنی خوا لێحافیزی لێدەکات وبە شوێن کەنارێکی ئارامدا دەگەڕێت.
لە وتارێکمدا لە پێش ساڵێک لە دوای نەخۆشی مام جەلال پێشنیاری جێگرتنەوەی پۆستەکەی تاڵەبانی لە بەغدا لە لایەن مەسعودبەرزانییەوە خستە بەرباس. زۆر گرنگ بوو بۆ کورد ئەو پۆستە گەورەیە بە کەسێکی بەهێز ولەبەغدا قەبووڵ کراو پڕ بکرێتەوە. بەڵام یەکێتی تەنها یەک ڕا ویەک قسەی هەبوو ئەویش ئەوە جێگای مامەیە، ئەمەش لاوازی وبێهەڵوێستی وناتەبایی ناو سەرکردایەتی یەکێتیی ئاشکراکرد. لە وانەشە ووئێستاشی لە گەڵدا بێت مەکتەب سیاسیش ئاگاداری ترسناکی نەخۆشییەکەی سەرۆک نەبوو نییە. حیزبێک مەکتەب سیاسی ئاگای لە باری تەندروستی سکرتێرەکەی نەبێت وبۆی نەبێت بزانێت چی ڕوویداوە چی قەوماوە کەی دێتەوە کەی بەحزب دەژمێررێت؟ تەنها هێرۆ ومنداڵەکانی ودکتۆرەکەی ئاگایان لە ئەو حەقیقەتە تاڵەیە وبۆ چەواشەکردنی خەڵک وبەدرۆ وبە زیاتر لایەنگرانی یەکێتی بۆ بەهێز کردنی پێگەی خۆی وقوبادی کوڕی بە ئاشکرا ونهێنی هەوڵی داوە، وپەراوێز خستنی هەردوو جێگرەکەش پیلانێک نەخشە کێشرا بووە بۆ ئەو مەبەستە، بۆ ئەوەی نان وپیاز بە ناویەوە بخۆن وخۆشەویستانی تاڵەبانی ڕاگرن هەمیشە بەباشی باسی تەندورستی تاڵەبانی کراوە وڕێگا نەدراوە کەس ئەو پۆستەی پڕبکاتەوە.
فوادمەعسوم ئێستا نازانم چۆن وێرای دانی پێدا ناوە ومەسعودبەرزانی بە شیاوترین کەس بۆ سەرۆکایەتی عیراق لە قەڵەم دەدات. ئایا ئەمە ڕای مەکتەب سیاسییە، هێرۆ ئاگای لێیە؟ ئەگەر وابێت کە واتە تاڵەبانی باش نێیە وئەو کارەی پێ بەڕێوە نابرێت وئەمەش داننانە بەو نهێنییە، کە واتە پەیمانی ئیستراتیجیش فت وتێکچووە وئیتر کاری پێناکرێت. ئەو نائارامی وئاژاوانەی ڕوویان لە شارەکانی کەرکووک وسلێمانی کردووە، ئەو هەڵمەتە توند وناڕەوایەی یەکێتی دژی بزوتنەوەی گۆڕان بەرپای کردووە ئاوێنەی تێکچوونی ڕیزەکانی ناو یەکیتییە لەناو خۆدا وبەهەنگاوی گەورە بەرەو ڕووخان ونەمانە. یەکێتی تووشی پیری پێش کات بووە ئێستا لە کاتی بەسەرچوودا دەیەوێت شەڕی مان ونەمان بکات. یەکێتی دەستی داوەتە قومارێکی ترسناک. پرسیاری گرنگ ئێستا ئەوەیە ئایا یەکێتی دەتوانێت تاکوو سەری مانگ تاکوو ڕۆژی هەڵبژاردنەکان لەبەر ئەم بوومەلەرزەیەی تووشی بووە خۆی ڕاگرێت؟