كەركوك شاری پێكەوە ژیان یان پێكەوە مەرگ ؟!!
Tuesday, 05/02/2013, 12:00
شاری كەركوك هەرچەندە شارێكی كوردستانییەو بەشێكە لەوخاك وجوگرافیاییەی كەپێی دەوترێت كوردستان،بەڵام بەهۆی داگیركاری وستەم زۆرداری دوژمنانی گەلی كوردەوە هەمیشە ئەوشارە لەبارێكی نائاسایی و پڕلەكێشمەكێشدا بووە ،دوژمنانی كورد بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدابونە كوردو كەركوك لەیەكتری دابڕن وناوی كەركوك لەسەرنەخشەی كوردستان بیسڕنەوە،بۆئەومەبەستەش هەموجۆرەپیلانێكیان دارشتووە كاریان لەسەركردووە .
،بەپێویستی نازانم ئاماژە بەوروداوانەبكەم كە لەرابردوودا بەسەرئەوشارەدا هاتووە چونكەپێم وایە ئەومژارە زۆری لەسەروتراوە و لەلای هیچ كەسێك شاراوەنییە ، ئەوەی پێویستە راوەستەی لەسەربكرێت رەوشی ئێستای شاری كەركوكە ،لەگەڵ ئەوەی بەڵگەو دیكۆمێنتە مێژوییەكان ئەوەپشتڕاست دەكەنەوە كەشاری كەركوك بەشێكە لەخاكی كوردستان ، لەهەمان كاتدا شاری كەركوك خاوەنی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئەتنیكی وئاینی ئانزای جیاوازە ،بۆیە هەمیشە گوێبیستی دەستەواژەی شاری پێكەوە ژان دەبین لەكاتێكدا كەباسی كەركوك دەكرێت لەلایەن هەریەك لەو پێكهاتانەی دانیشتوی شاری كەركوكن.
،لێرەوە پرسیارێكی گرنگ دێتەئاراوە ئایە ئەم شارە كەسەرجەم پێكهاتەكانی بەشاری پێكەوە ژیان باسی لێوەدەكەن ئەوهەموناكۆكییە لەبەرچی و كێ داینەمۆی ئەودژایەتی كردنەو یەكترقبوڵ نەكردنەیە ؟
بێگومان ولامی ئەوپرسیارەش ئەوەیە كە دەستی دەركی و لایەنی بەرژەوەندی پەرست و ئاژاوەگێڕو ناحەزو تێكدەر و ئەوانەی كەناخوازن برایەتی لەوشارەدا سەقامگیربێت ئەورەوشەیان هێناوەتە ئاراوە ،بێگومان ئەم وڵامە جگەلەوەی وڵامێكی سەرپێی و وباوە كەسەرجەم پێكهاتەكانی شاری كەركوك لەراگەیندنەكانەوە ئاماژەی پێدەكەن لەهەمانكاتدا خۆدزینەوەیە لە جەوهەروناوەرۆكی پرسەكە .
،هەڵبەتە چارەنوسی شاری كەركوك بەرلەهەركەسێك لەدەستی خودی دانیشتووانی ئەوشارەدایە بەسەرجەم پێكهاتەكانییەوە، ئەگەربڕیاربێت شاری كەركوك شاری برایەتی پێكەوەژیان بێت دەبێت ئەوگفتارە ببێت بەكردارو لەلایەن تەواوی پێكهاتەكانی شارەكەوە پراكتیزە بكرێت ،ئەگەرئیرادەیەك هەبێت بۆ برایەتی وپێكەوەژیانێكی ئاشتییانە لەوبڕوایەدانیم هیچ هێزیكی نەیاربتوانێت ئەوپێكەوەژیانەبشێوێنێت .
گەلی كورد كەخۆی بەخاوەنی مێژوویی شاری كەركوك دەزانێت پێویستە بەركردەوە ئەوە بۆ لایەنەكانی دیكەی شارەكە ئاشكرابكات كەژیانكردن لەگەڵ كورد و لەچوارچێوەی خاكی كوردستاندا لەبەرژەوەندی هەمولایەكدایە ،ئەگەر ئەوگیانی لێبوردەیی تەباییە رەنگدانەوەی هەبێت بەشێوەیەكی چروپر، بێگومان دەستی ئاژەوەگێڕی وتێكدەرانەی دەرەكی كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت و هێد هێدی بنبڕدەكرێت ،ئەوەی كەتائێستا كەم تازۆر كرابێت لەو بووارە دا لەلایەن هێزولایەیەنەكوردیەكانەوە لەچوارچێوەی بەرژەوەندی حزبیدا بووە نەك بەرژەوەندی گشتی و پێكەوەژیان ،هەربۆیە نەبوە بەجێگەی متمانەی هیچ لایەك و ئەوكەشەهێمن ولەبارەی نەئافراندوە كەجێگەی هیواو داخوازیەكانی دڵسۆزانی پێكەوەژیانی شاری كەركوك بێت،كاتێكیش كەبەرژەوەندی حزبی لەبەرچاوبگیرێت وخواستی خۆگەورەبینین باڵادەست بێت لەبەرامبەریشدا حزبی ترلەپێكهاتەكانی دیكەی شارەكە بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیان دا دەگەڕێن و لەكاتێكی واشدا باشتر دەرگاوڵادەبێت بۆدەستی دەرەكی و ناتەبایی جێگەی تەبایی دەگرێتەوە ،لەئەنجامی رەوشێكی بەورەنگەدا ئەوەی بەرهەم دێت ئەوەیەكە ئێستا لەشاری كەركوك دا رودەدات ولەبەرچاوە.
كەركوك بەهۆی ئەوسامانەسروشتییەی كەهەیەتی دەكرا ئێستا یەكێك لە جوانترین ورازاوەترین شارەكانی جیهان بوایە ، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەرزێدە رۆیی نەبێت ئێستا شاری كەركوك یەكەم شارە لەجیهاندا كەلەسە دەریایەك نەوتەولەگوندێكی وێرانەی بێ خزمەت وپڕلەزبڵ دەچێت !!
هەشتاوشهش ساڵە نەوت لەكەركوك دۆزراوەتەوە ئەگەر لەسەدا یەك لەداهاتی فرۆشی ئەونەوتە بۆشارەكە تەرخان بكرایە ئێستا دیمەنی شارەكەوژیان وگوزەرانی دانیشتووانەكەی شێوازێكی دیكەبو،ئەگەر هەموئەوسالانەش وەلانێن كەدەسەڵاتی زۆر دارو دیكتاتۆر حكومی ئیراقییان كردوە و دەرفەتی دەنگی نارازی و رای جیاواز نەبووە ،بەڵام دەكرێ بڵێن ماوەی ده ساڵە لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە جۆرێك لە دیموكراسی ودەرفەت بۆ گوزارشت لەراو بۆچون فەراهەم بووە،بەڵام بەداخەوە ئەودەرفەتە بەشێوازێكی ئەرێنی وراست ودروست بەكارنەهێنرالەلایەن پێكهاتەجیاوازەكانی شارەكەوە ،شاری كەركوك لەدوای نەمانی دەسەڵاتی دیكتاتوری خەمخۆرودڵسۆزێكی نەبو هەوڵی ئەوەبدات ئەوناكۆكیانەی دوژمنان وناحەزانی شارەكە تارادەیەك توانیبویان دروستی بكەن بنبڕی بكات و دۆخێكی لێبوردەیی وئاشتەوایی وپێكەوەژیان فەراهەم بكات.
ئەوەی لەشاری كەركوكدا ئەنجام درا گەمەی راكێشانی گوریس بوو، لەوگەمەیەشدا كەسەرجەم هیزە سیاسییەكان بەشدارن تێیدا وتائێستاش بەردەوامە زەرەر مەندی یەكەم هاوڵاتیانی كەركوكە بەهەموپێكهاتەكانییەوە،لەماوەی ده ساڵی رابردوودا چەندین جار كەركوك خەڵتانی خوێن كراوە هەمو ئەوكردەوە تیرۆریستیانەی لەشارەكە دا ئەنجام دراوە زیانی بەهەمولایەك گەیاندووە بەكوردوعەرەب وتوركمان وئاشوریەوە ئەگەر لەبنەڕەتیشدا ئامانج هەرجارە لایەك بوبێت ، بەڵام ئەنجام هەمو پێكەوە زیانمەندبونە وپێكەوە مەرگ شوێنی پێكەوە ژیانی گرتۆتەوە .
،ئەوەی ئاشكرایە دانزە دەزگای ئاسایشی وهەواڵگری لەكەركوك داكاردەكەن ، ئایەجێگەی پرسیارنیە لەژێردەستی ئەوژمارەزۆرە ی دەزگا ئەمنیەكاندا تیرۆریستان وابەئاسانی بەردەوام كارە توندوتیژیەكانی خۆیان ئەنجام بدەن وهاوڵاتییانی بێ تاوان بكەن بەقوربانی ؟!!
خەڵكی شاری كەركوك مافی خۆیەتی نیشانەی پرسیار لەسەر هەریەك لەودزگایانەدابنات ؟!! ئایە دەسەڵاتدارانی حكومەتی ئێراق بەشیعەوسونەوە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم بەیەكێتی وپارتییەوە دەسەڵاتدارانی كەركوك بەتوركمان وهەموئەوانی دیكەوە توانای پاراستنی شارێكییان نیە ؟!!!!
كەوابێت كەس خاوەنی هاوڵاتییانی شاركەركوك نییە ،ئەوەی خۆی بەوە دەزانێت كە خاوەندارێتی لێدەكات جێگەی متمانەوباوەڕی خەڵكی شارەكەنییە ، ئەوخاوەندارێتییەی كەلەپراكتیكدا بونی نییە بۆخەڵك خاوەندارێتییەكە تەنهابۆ سەروەت وسامانی شارەكەیە ،هەمیشە ئاگری نەوتەكەی كەركوك خەڵكی شارەكەی كردووە بەسوتەمەنی و دەسەڵاتدارانیشی كردووە بەخاوەنی سەرمایەی خەیاڵی ،كردەوە تیرۆریستییەكانی ئەم دواییە كەژمارەیەك خەڵكی بێتاوانی تری كردەوە بەئامانج ،پێویستە هەمولایەنەجیاوازەكان بەئاگابێنێتەوە ،ئەوململانێ و گوریس ڕاكێشانەی بۆبردنەوەی كەركوك ئەنجام ئەدرێت ، ئەگەر بەو شێوازە لەسەرحیسابی خوێنی خەڵكی بێتاوان بێت ،دواجار هەمو لایەنەكان بەدۆڕاوی لەو گەمە ناهەموارە دەردەچن ،پێداگری عەرەبەشۆڤییەنیەكان لەسەر دژایەتی وهەوڵی ڕێگرتن لەجێبەجێكردنی بڕگەی سەدوچلی دەستوری ئێراق وپێناسەكردنی كەركوك بەشارێكی توركمانی لەلایەن بەشێك لەتوركمانەكانی ئەوشارە بە هاندان و پشتگیری رژێمی توركیا وخاوەندارێتیی نەكردنی جدیانەی كورد لەناسنامەی رەسەنی شارەكە ، تادێت بارودۆخەكە بەرەو ئاراستەیەكی دژوارتردەبات ،ئەگەرتائێستا ئەوڕێگەچارانەی بەكارهێنراون بێ ئەنجان بون ، پێویستە بەدوای میكانیزمێكی گونجاوتردا بگەرێن ، بەردەوام بون لەسەرئەم ریتمە تەنها ژمارەی مردووەكان زیاتر دەكات و شەقامەكانی شار باشتر بەخوێن سوردەكات ،لەوبڕویەدانیم لایەنی كورد زۆرڕشت بێت لەسەر ئەوەی كەركوك بگەڕێتەوە سەرهەرێمی كوردستان ، هەڵبەتە ئەوگومانەم لە دەسەڵاتداران وئۆپوزسیونیش هەیە ،بەدەلیلی ئەوەی لەده ساڵی ڕابردوو تائێستا نەهێزی شەقام بەكارهێنرا و خۆپیشاندنی هێمننانە ئەنجام درا بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەرهەرێمی كوردستان ،نەهێزی پێشمەرگە لەسەرچیای حەمرین جێگیركرا بۆئەوەی ببێت بەشواری پاراستنی شارەكە لەدەستی داگیركاری ،بڕوام وایە هەروەك چۆن زیاترلە دوومانگ خۆپێشاندان و نارەزایی دەربڕین لەسلێمانی بەردەوام بو لەدژی گەندەڵی ونادادپەروەری ،ئەگەر ئەوەندەش بۆكەركوك بكرایە رەوشی كەركوك بەوشێوەیە بەهەڵواسراوی نامایەوە ،لەهەمان كاتدا ئەوهێزەش كەروبەروی خۆپێشاندەران كرایەوە بەهەمان حەماسەوە لەپێناوی كەركوكدا بەكارببرایە ، دیسان رەوشی كەركوك بەئاراستەیەكی باشتردادەبرا ،كەواتە كەهیچ یەك لەوانە ئەنجام نەدرا پێویستە كورد كەخاوەنی راستەقینەی جوگرافیای كەركوكە بەلەبەرچاوگرتنی بارای دیموگرافی شارەكە بەدوای بژارێكی دیكەدا بگەڕێت ،ئەوەش بەڕای من بۆئەم قۆناغە پێویستە كەركوك لەچورچێوەی سنوری جوگرافیای هەرێمی كوردستاندا بەسیستەمی خۆبەڕێوەبردنی دیموكراتی كاروبارەكانی خۆی بەڕێوەببات ،دەسەڵاتی بەڕێوەبرنیش لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكەدا دابەش بكرێت بەپێی ئستحقاقاتی هەڵبژاردن،پێم وایە ئەمە بۆئەم قۆناغە باشترین بژار بێت بۆئەوەی خەڵكی كەركوك لەومەرگەساتە رزگاری بێت و هەناسەیەكی ئاسودەی هەڵكێشێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست