کۆبانی ئیمرۆ لە لووتەک هەرە بەرزەکانی دونیا سەر بەرزترە.......
Friday, 03/10/2014, 12:00
2160 بینراوە
بەرزترین لووتکەی هەڵوێستی مرۆڤایەتی، مەبادئی بەرز، مۆراڵ و نیشتمانی، ئیمرۆ لە کۆبانیە. سەنگی مەحەکی راستی و بوونە، ئیسپات کردنە لە کۆڵنەدانی میللەتی کورد لە بوون و نەبوون،بەرەنگاری لە ناهەقی و چەوساندنەوە، پاریزگاری لە شەرەف و ناموسی هەژاران و سوور بوونە لەسەر بە دەست هێنانی مافی ڕەوا ، خاڵی وەرچەرخاندنە بۆ دۆزی رەوای میللەتەکەمان.
سەرکەوتن یان نەمان و هاتنی داعش بۆ ناو شارەکە، هەردوو حاڵەت دوو لوتەکەی بەرزی شەرەف و مەردایەتین، بەبێ شک هیجیان لە هیچیان کەمتر نیە، هەردووکیان وێنەی ئازایەتی و راوەستانی میللەتێک، پێشانی هەموو جیهان و سەرکردە نەوت فرۆشەکانی باشووری ووڵات دەدا، کە میللەتێک لەسەر ئەو ئەرزە بوونی هەیە بەبێ پارە، دەست پانکردنەوەو ناورانەوە و چاوەرێی کردن، بەبێ یارمەتی هیچ زلهێزێک، هیج سوپایەکی زەبەلاحی دەوڵەمەند بە تەقەمەنی تەکنەلۆژیای سەربازی، هیچ ووڵاتیکی سەرمایەداری، نەتەوەیەک، سەرکردەیەک و کەسایەتیەکی بیانی بڕیاری خۆی داو هاواری کرد پڕ بە جیهان و ووتی یان سەرکەوتن یان بە پێوە مردن.
ئەو هەڵوێستە لە مێژوودا بە بەرزترین هەڵوێستی مرۆڤایەتی، پێجەوانەی دونیای بەرژەوەندی ئیمرۆ هەژماردەکرێ، دەبێ بە تاکە داستانیک لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا، کە میللەتی کورد نەوە دوای نەوە سەری پێ بەرزدەبێ، لای دەبێ بە نمونەیەکی هەرە بەرزی بەرخوردان و شۆرشگێری کە تا هەتایێ بە زیندووی دەمێنێتەوە.
کۆبانی ئیمرۆ، چیای سەری ڕەش، بەرزای قەڵاچۆڵان و گردی زەرگەتە، بەغداد، تاران، ئەنقەرە، هاوپەیمانیەتی ناتو، ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای شەرمەزار و ئەبڵەق کردووە، بۆیە کۆبانی ئیمرۆ لە لووتکە هەرە بەرزەکانی دونیا سەر بەرزترە.