ئاسایشی شارەزور و بەرەی كوردستانی
Wednesday, 13/05/2009, 12:00
1762 بینراوە
ئەو رۆژەم زۆر بەلاوە سەیر بوو كەمنداڵ و گەورە و پیر لە ناو جەرگەی بازاڕ هەرچی بهاتایە بەدەستیاندا لە رەق وشل وپیس وپاك كە بەكەڵكی هاوێشتن بهاتایە،دەیانگرتە ئەو سێ گەنجەی ساڵی 1992 لە هەڵەبجە تاوانبار كران بە دزینی مانگایەك سزاكەیان رسواكردنیان وگەراندیان بوو بە عەرەبانەی تراكتۆر بەناو شاردا تا خەڵك تف و لەعنەتیان لێبكەن،گەنجێكیان سەری زلی گاكەو گەنجێكی تریان ریخۆڵەو ئەوی تریشیان پێستە و قاچەكانی كرابوویە ملی كە بە ئەستەم بۆیان هەڵدەگیرا،ئەمە بڕیاری حاكمی بەرەی كوردستانی بوو،ئەمە جگە لە چیرۆكی ئەو گەنجەی لە هەڵەبجە تازە پاش ئەوەی ویستوبی تەلی كارەبا ببرێت بە عەموودەكەوە كارەبا ووشكی كردبوو،دەسەلاتی ئەوكاتە ووتبویان با تاچەند رۆژێك تەرمەكەی بەعەموودەكەوە بێـت،با رسوابێت.ئەمانە وێنەی جۆرەسزایەكی بەرەی كوردستانی وعەقلی شاخ بوو كە بێ رەچاوكردنی كەرامەت وشەرەف و هەستی مرۆڤایەتی گەنجەكان وبنەماڵەكانیان ئەم جۆرە لەسزادانیان هەڵدەبژارد لە كاتێكدا لەسەر سنورەكان كەسە كەسدارەكان شۆڤڵ و تەلی فافۆنی كارەبا و كەرەستە گران بەهاكانی ولاتیان ئاودیو دەكرد و كەس باسیشی نەدەكردن.
گەر ئەمە بۆ سەرەتای نەوەدەكان بە ئاسایی تێپەربووبێت،ئایا ئەكرێت ناشیرینكردنی مرۆڤەكان بەزیاد لەو تاوانەی كردوویانە لە 2009 دا دووبارە ببێتەوە؟
جێگای دەسخۆشیە ئاسایشی شارەزور لە یاسا لادەران دەستگیربكات و مافی دەستدرێژی لێكراوەكان بگێرێتەوە،بەتایبەت سزادانەكانیش لە جۆری تاوانەكە زیاترنەبن.چونكە
هەمیشە ئامانجی سزا چاككردنە نەك رسواكردن وبەدەرنان لە كۆمەڵگا.بەپێی هەموو بیردۆزە كۆمەلایەتی و دەرونیەكان ئەو تاكانەی كۆمەڵگا رەتیان دەكاتەوە هەمیشە بۆ تۆڵە دەگەرێن لە كۆمەڵگای بكەنەوە،جا كەتۆ گەنجێكت لە كۆمەڵگا تۆراند واتە لەبری چاكردن خراپترت كرد.
بە كەفالەت ئازادكردنی سێ گەنج لەسەرەتای ئەمساڵەوە پاش ئەوەی دوو هەفتەیەك پێشتر بە باندنێكی رفاندن لە راگەیاندنی ئاسایشەوە ناسێنران و كرانە بنێشتە خۆشەی سەرزاری خەڵك،جۆرێك لەو سزایەی 1992 ی بیرهێناینەوە(گەرچی شێوەكەی جیاواز بوو ناویش نەهێنرا).بەڵام ئەم باندە سێ گەنجی خزمی یەك بوون،نە رابردوویان لە تاوان نە پلانی ئایندەشیان هەبووە بۆ دەستدرێژی،بە شێوەیەكی مەترسیدار ناسێنران،بۆهەڵەبجە سەیربوو كە شارەكە باندی رفێنەری وا مەترسی داری تیدابێت،بەڵام پاش تێپەڕینی چەند مانگێك،رونبویەوە كە ئەمانە هەڵەیەكەی یاساییان كردووە وەك هەرتاوانبارێك،نەك باندبن وپلانی ئایندەیان هەبووبێت،یان چەندین دەستی تر لە پشتیانەوە بێت و بە چاودرێی دوورو درێژ ئاشكرا كرابن،بەداخەوە ئاسایشی شارەزور جگە لەپەلەكردن لە راگەیاندنیدا،دەست بەسەركردنی مرۆڤێك بە هۆی كێشەكەی تایبەتیەوە بۆ نزیكەی كاتژمێرێك،بە باندی رفاندن ئاشكرا كرد.
ئەمە لەكاتێكدایە راپۆرتی ساڵی 2009ی رێكخراوی ئەمنستی رفاندنەكەی ناسیح عبدالرحیمی بیرخستینەوە،تائێستا زیاد لە ساڵ دەبێت ئاسایش شارەزور نەیتوانیوە ئەو كەسانە دەستگیربكات،كە بەبەرگی ئاسایشەوە لەسەر نوسینی بابەتێك رفاندیان وپاش لێدانی لە دەشتێكدا فڕەیاندا.تۆبڵێیت كەسانێك بەبەرگی ئاسایشەوە گەنجێك برفێنن ئاسایشی شارەزور ئەوندە لاواز بێت نەیزانیبێت كێ بوون ؟!.
ئەمە جگە لەوەی ماوەیەكی زۆرتێپەڕیوە و ئاسایشی شارەزور ئامادە نەبووە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لەسەر باخچەفرۆش و تلیاكیەكان بۆ خەڵكی ئاشكرا بكات.لەكاتێكدا فرۆشتنی زەوی بێ پشتیوانی نوسینگەیەك و كردنەوەی نوسینگەش بێ رەزامەندی ئاسایش نابێت.هەروەك چۆن دەستگیركردنی خەڵك بە تۆمەتی تلیاك بێبەڵگە ناكرێـت.بۆیە لێرەوە دەپرسین تۆبڵێت ئەمانە پەیڕەوكردنی سیاسەتی نیسك بەگیسك و گیسك بەنیسك كردن بێت،یان پیشاندانی راسیتەكانە وەك خۆی؟
ئایا ئەم جیاوازی كردنە لە ئاشكراكردن وپەردەپۆشكردنی دۆسیەكاندا،پەیوەندی بە خودی دۆسیەكانەوە هەیە،یان بە هاوسێیەتی و خزمایەتی و ناسراوی بەرپرسانی ئاسایشەوە؟.
ئەم چیرۆكانە گەر ئەوەی دووەمیان بێت هەرگیز بیری مرۆڤەكان ناچنەوە،وەك چۆن سەرە گا وگەنجەكان وحاكمەبڕیاردەرەكەشی بیرناچنەوە.
لە ئێستادا دەزگاكانی ئاسایش یەكێكن لە بەرچاوترین ناوەندی چاودێریكراو لای رێكخراوە كوردستانی وجیهانیەكانی مافی مرۆڤ،بۆیە ئەخوازین ئاسایشی شارەزوریش (بەتایبەت لە دوای راگەیاندنە چاككاریەكانی ئاسایشی گشتی یەوە) ووریایانە تر مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكاندا بكات ولە گەڵ خودی دۆسیەكاندا بجوڵێتەوە رێگە نەدات خۆشەویستی و رقی چەند كەسانێك تێكەڵی جۆری سزاكان ببن،چونكە ئەوەی بۆ بەرپرسەكان دەمێنێتەوە دوای دەستلەكاركێشانەوەیان وناو ناوبانگیانی پێوە بەستراوەتەوە ئەو كارانەیە كە لەماوەی دەسەڵاتیاندا كردویانە،نەك ئەو دەسەڵاتدارەی لەو شوێنەدا دایناون.
[email protected] تیَبینی/ئهم وتاره له ژماره(523) رۆژنامهی هاوڵاتی بڵاوكراوهتهوه.