روونكردنەوەیهک له لایهن بەڵێن عەبدوڵڵا مەحمود (ئەندامى پەرلەمانى كوردستان)
Tuesday, 04/08/2009, 12:00
لەچەند رۆژى رابردوودا رۆژنامەى "ئێكستغا بلاوت"ى دانیماركى دیدارێكى لەگەڵ من ئەنجامدا، كە زیاتر لە "25" خوولەكى خایەند، كەچى تەنها دوو خوولەكى بەشێوەیەكى چەواشەكارانە بڵاوكردۆتەوە، بۆیە ئەم روونكردنەوەیەم بە پێویست زانى:
1- من كەسێكى دیارم لە دانیمارك، ساڵى "2003" بەهۆى نەشتەرگەرى پشتمەوە خانەنشین كراوم، نەك شتێكى دیكەى هەڵبەستراو، بەڵگەكانیشم لەدانیمارك بەردەستە.
2- لەلاى كوردەكانى دانیمارك شاراوەنیە، كە من ئەندامى پەرلەمانى كوردستانم، وەكو ئەندام پەرلەمانیش لەچەندین بۆنە و كۆڕ و سیمینار لەدانیمارك و ئەوروپا بەشداریم كردووە.
3- ئەو مووچەیەى لەپەرلەمان وەرمگرتووە، لە كارى سیاسى و پەرلەمانى سەرفمكردووە، هەرگیز پێى دەوڵەمەند نەبوومە و ئەو ژمارانەى لە رۆژنامەكەدا بڵاوكراوەتەوە دوورە لەڕاستى، چونكە نەخاوەنى خانووى تایبەتى و باڵەخانەم، نەخاوەنى ئۆتۆمۆبێلى مۆنیكا و شوقەم، ئەمەش بەشانازى دەزانم بۆ خۆم.
4- ئەگەر ویستبێتم خۆم بشارمەوە، چۆن راستەوخۆ وەك ئەندامێكى پەرلەمانى كوردستان لەگەڵ رۆژنامەیەكى دانیماریكى دیدار ئەنجامدەدەم كەلەوێدا دەژیم.
5- بەداخەوە سایتى كوردستانپۆست وسایتى ئاوێنە بەبێ ئەوەى قسەى منیش وەربگرن راستەوخۆ هەواڵى رۆژنامە دانیماركییەكەیان بڵاوكردەوە كە دوورە لەڕاستیەوە.
من كەسێكم ژیانى خۆم لەرێكخستنە نهێنیەكانى حزب و خەباتى پێشمەرگایەتى بردۆتە سەر. ساڵى 1976 لەرێكخستنەكانى بزووتنەوەى سۆشیالست بووم. لەساڵى "1980" تا ساڵى "1990" پێشمەرگە بووم. نامەوێ لێرەدا سەربردەى ژیانى دژوارى ساڵانى خەباتى شاخ و ژێر زەمینى بنووسمەوە، هەرچى كردوومە بۆ میللەتەكەم سەرم پێى بەرزە، كە بەهەزاران تێكۆشەر شایەدى ئەوەم بۆ دەدەن، ئێستاش خۆم بەقەرزارى میللەتەكەم دەزانم.
بەڵێن عەبدوڵڵا مەحمود
ئەندامى پەرلەمانى كوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست