یەكێتى بۆ واى لێهات ؟!
Sunday, 20/10/2013, 12:00
1283 بینراوە
وەك دەزانین كە ڕێكخراوێكى وەك (ى ن ك) قاڵبووى سیاسەت و كوڕانى ڕۆژى تەنگانە وەك خۆیان دەڵێن و بەشێكیش لە ئێمەى هاووڵاتیان نكولى لەو بۆچوونە ناكەین كە ئەمڕۆى لە هەموو ڕۆژەكانى ڕەشترو تاریكترە ..ئەبێ چى لەدواى ئەم كارەساتەوە بێت ؟ بۆ وایان لێهات ؟ چ نهێنییەكە ئیمە نایزانین ؟ئەرێ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناوو ناونیشان و پەیڕەو پرۆگرام و ئامانجیان ئەوا ( ناو یەكێتى ، ناونیشان سۆشیال دیمووكرات ، پڕۆگرام سەردەمیانە ، ئامانج مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین) ئەى ئەبێت هۆكارى چى بێت ؟ ئاوا ڕێبازێك ، بەرنامەیەك ، ئامانجێك نەگاتە دوا مەنزڵى خۆی و تووشى ئەو كارە ساتە ببێت كە بوو ! ..بۆ باسكردن و شیكرنەوەیەكى بابەتیانەى ئاوا ڕووداوێك پێویستیمان بەوە هەیە كە لە دوو لایەنەوە وەڵامى ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیارى تر بدەینەوە كەئەوانیش :-
لایەنى یەكەم / لایەنى مرۆیى .
لایەنى دووەم / لایەنى ماڵى و دارایى .
جێگاى گومان و دوو دڵى نیە كە یەكێتى نیشتیمانى كوردستان هەر لە سەرەتاى هەڵگیرسانى شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ بەوە ناسراوە كە پێكهاتەیەكى فرە ڕەگەزوو فرەتووخم و فرە بیروو بۆچوون بووە ، واتە لەڕووى مرۆییەوە هیچ كێشەیەكى ئەوتۆیان نەبووە كە شایانى باسكردن بێت بەڵكو بەسەدان بگرە هەزاران كادرى پێشكەوت و هۆشیاروو لێزان لەناو ئەو ڕێكخراوەدا كاریان كردووە و بەهەمیشەیش تواناى مرۆییان لە برەو هەڵكشاندا بووە و وەك دەڵێن تواناى خۆگونجاندن و بەخۆدا چوونەوەیان هەبووە ، بەڵام ئەوەى ئەم حیزبەى لەقۆناغە جیاوازەكاندا تووشى شكستى یەك لەدواى یەك كردووەو دەكات ئەوەیە كەئەم توانامرۆییە لە پێناوى سەرخستنى ئامانجى حیزبەكەدا بەگەڕنەخراوە بەڵكو بەهەمیشەیى كار بۆ سەرخستن و دەرخستنى كەسانێكى دیاریكراو كراوەو پاشانیش خۆیان وا پیشان داوە كە ئەمان كەس پەرست و تیم پەرست نین و بەڵكو لە هەموو لایەنەكانى دى جیاوازترن . بۆ نموونە ئەوەندەى لەناو ئەم حیزبەدا باس (لە داد پەروەرى و مافى مرۆڤ و ئازاادى كراوە ) هیج لایەنێكى ترى سەر گۆڕەپانى سیاسی كوردستان بەو شێوەیە باسیان لێوە نەكرردووە . ئەى كەواتە لەنگێكە لەكوێ و لە چیدایە ؟ لەكاتێكدا تەماشایەكى لۆگۆو ئاڕمى ئەم حیزبە بكەیت (ئاشتى ، دیمووكراسی ، مافی مرۆڤ ،چارەى خۆنووسین) ئەمانە هەموو درووشمى جوانن و ئەگەر جێبەجێ بكرانایە ئەوا بەدڵنییاییەوە بەهەشتێكیان بۆ مرۆڤى كوردستان فەراهەم دەكرد كە وینەى لەجوانى و ڕەنگینیدا نەبوایە ! ئاخر كاتێك باس لە ئاشتى بكەیت و شەڕ بەرهەم بێنێت ئەبێت چاوەڕوانى چ وەڵام و كاردانەوەیەك لە خەڵك و تەنانەت هەوادارانیشت بكەیت ؟ كاتێك باس لە دیمووكراسى بكەیت و ڕەفتارەكانت نادیمووكراسیانە بن و ئەنجامى هەڵبژاردنت پێ قبوڵ نەبێت ،كاتێك سزاى سیاسیانەى نەیارەكانت بدەیت و مووچەى هاووڵاتیانى خۆت ببڕیت بەو هۆیەى لەم ساتەدا وەك تۆ بیرناكەنەوەو دەنگت پێ نادەن ، كاتێك ئەندامى ڕێكخراوى سۆشیال دیمكوراتى جیهانى بیت و زیندانى نهێنى و خەڵكى بێسەروو شوێنكراو لە ژێر دەسەڵات و قەڵەم ڕەویى تۆدا هەبێت ، كاتێك باس لە سەروەرى یاسا بكەیت و تەنها نموونەیەكی جوانیشت لەو بەناو سەروەرى یاسایی یەدا پێشكەش نەكردبێت ، كاتێك داڵدەى مرۆڤ كوژوو تاوانكار بدەیت و گومان لێكراوى دژى بیروو بۆچوونى خۆشت بێسەروو شوێن بكەیت ئیتر چۆن چاوەڕێى پرشنگى خۆر دەكەیت كەلە سات و كاتەكانى تۆدا پەل بهاوێت یاخود هەڵ بێت ؟كاتێك ببیتە خاوەنى دەیان كۆمپانیاو ،سەرچاوەى دارایشت بێ شوومار زیاد بكات و لەبرەودا بێت ئالەو كاتەشدا پێشمەرگەو هەواداران و مرۆڤى ووڵاتەكەشت بەدەست نەبوونى و كرێچێتییەوە بناڵێنن ، كاتێك خۆتان و ژیانى ماڵ و مناڵیشتان پادشا ئاسا ژەمى گەرم و ڤێلاى سەرسوڕهێنەروو ئۆتۆمبێلى ئاخر زەمان و كاڵاو جل بەرگى بەمۆدێلات بەكار بەرن و بپۆشن ،ئالەو كاتەشدا هەزاران گەنجى خاوەن بڕوانامەى ئەم ووڵاتە تەنها بەشى ژەمەخۆراكێك دراو لە گیرفانیاندا نەبێت لەكاتێكدا یاساى بارى شارستانى و قەدەغەكردنى فرەژنى دەردەچوێنن ، خۆشتان ژنى سێهەم و بگرە هەندێكیشتان بۆ ژنى چوارەم خۆ ئامادە دەكەن ، لەكاتێكدا فرمێسك بۆ مافى ئافرەتان دەڕێژن كەچى زۆرترین ژن دەكوژرێت ، كاتێك باس لە دۆزینەوەى هەلى كارى زیاتر دەكەن و برەو بە كۆمپانیاكانتان دەدەن ئاو لە ساتەدا بۆ تاقە جارێكیش سەردانى كۆمپانیاكانتان نەكرد بزانن ڕێژەى مرۆڤى ستەمدیدەى كورد لەكۆمپانیاكاندا چەندن و چى وەردەگرت لەبەرامبەر فرۆشتنى تواناى بیروو بازوویان یاخود بە چ شێوازێك دەژین و ڕەفتاریان لەگەڵ دەكرێت ،باستان لە ئازادى دەكردو بەگوللەش وەڵامى ئازادیخوازانتان دەدایەوە ، بانگەشەى لێببووردەیتان دەكردوو لەجەنگى نەگریسى ناوخۆشدا ئەتان ووت تۆڵەمان بەسەبرە ئەمما بەزەبرە ! ئەمانەو دەیان هۆكارى تر ئەم ڕۆژە ڕەشەیان بۆ ئێوە هێنایە ئاراوەو لێ دەر بازبوونیشى پێویستى بەدەیان ساڵ بگرە زیاتریش هەیە ئەگەر بواریش بۆ دەربازبوون مابێت ...