گەندەڵی وەزارەتی رۆشنبیری و رۆشنبیری گەندەڵ
Friday, 28/12/2012, 12:00
ئەگەر بە خێرا و سەرپێی رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری لەم ماوەی چەندین كابینەی حومەتی هەرێمدا بە رونی بۆمان دەردەكەوێت كە تا چەند بەشداربووە لە سەپاندنی گەندەڵی لە نێو ئەو توێژانەی كە دەبوایە پێشەنگ بن لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و نمونەی داكۆكیكار بن لە فەراهەم كردنی رێژەیەكی باش لە عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری لە كوردستاندا .
بە چاوخشاندنێكی خێرا بەسەر ئەو ناوە خەڵاتكراوانە (رۆشنبیران) بگێرین كە (داهێنان) یان كردووە لە بواری خۆیاندا، چەندین ناوی وات بەرچاو دەكەوێت كە قەناعەتی زیاترت بۆ دروست دەبێت كە رێكخراوە پاشكۆكانی حزب و وەزارەت و وەزیری رۆشنبیری لەمە زیاتریان پێناكرێت و هیچیان لەدەست نایەت كە وا پێویست دەكات هەمیشە پێشەنگ بن لە كارەكانیاندا و بەهەمان شێوەی وەزارەتە بەلەزەتەكانی تر لەگەندەڵیدا بەشدارە . بەڵام وەزیرێك لەم پۆستە گرنگەدا وەك لە زۆر وڵاتی دونیا بە دیقەتەوە لە نێو بژاردەیەكی رۆشنبیردا دەستنیشان دەكرێت و، لای ئێمە نەك تەنها مەرجی سەرەكی حزبیبون بوە بەڵكو وادیارە هیچ پەیوەندیەكی بە بواری رۆشنبیریەوە نەبوە و نەك داهێنانێكی ناوازەی نەكردوە، تەنها هۆكاریش نەوەكو هاوشێوەی وەزیرانی رۆشنبیری جیهان هەڵوێستی خۆی لە بوارە هەستیارەكاندا هەبێت كە پەیوەندی بە سەرخانی وڵاتەوە هەیە، ئەم كەسایەتیە هەڵبژێردراوە .
كەچی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی هەمو عورفێكی دونیا هیچ پێشمەرجێكی نەبوە جگە لەوەی بە وەزارەتێكی لاوەكی حسابی بۆ كردبێت و تەنها وەك حێەیەك بۆ رازیكردنی حزبە بچوكە پاشكۆكان هیچی تری لەبەر چاو نەگرتوە و،هیچ گرنگێتیەكی بە پۆستەكەی نەداوە . ئەگینا مەعقولە بۆ چەندین ساڵە دەچێت ئەمە یەكەمین جارە خەڵكی داهێنەر خەڵات بكرێت (ئەگەر لە كوردستان هەر داهێنەر هەبوبێت) كەچی ناوی داهێنەریش لەكەدار بكرێت ، ئەمە ویژدانە كە ناوی وای تێدایە نەك هەر لە هیچ بوارێكدا داهێنەر نەبووە بەڵكو لە خوێندنی ئاسایی خۆیشیدا هەر پۆلێكی بە سێ ساڵ بڕیوە .
خەڵك ئاگادارن، با باسی ولاتە پێشكەوتوەكان نەكەین، با مێژووی ولااتانی دەوروبەر و تازەپێگەیشتوان بخوێنینەوە، قورسایی و توانا و هەڵوێستی سەرجەم وەزیرە رۆشنبیریە یەك لە دوای یەكەكانی ئەو وڵاتانە ببین كە كێن لە نێو كۆمەڵگەی خۆیاندا و چ هەڵوێستێك وەردەگرن لە هەر روداوێك كە زەرەری بۆ سەرخانی رۆشنبیری هەبێت .
زۆر دەركەوتە دەبینین كە وا بۆمان دەیسەلمێنن كە داهێنان تەنها لە گەندەڵیدا دەكرێت لە كوردستاندا، دەكرێت كاریگەری حزب و ریكخراوە پاشكۆكانیان لەسەر سەرجەم وەزارەتەكانی تر بە شێوەیەك بخوێنرێتەوە و بواری تێدابێت بە رێژەیەكی كەم مایەی قبوڵكردن بێت، بەڵام بۆ وەزارەتی رۆشنبیری كە مەهامەكەی گۆرینی ژیانی خەڵك بێت بە گشتی نەك بەتەنها رۆشنبیران بەڵكو دەبێت بە خۆی بەگژ گەندەڵیدا یچێتەوە ، كوفركێكی گەورەیە كە لە نێو ئەم وەزارەتەدا بچوكترین گەندەڵی چاوپۆشی لێبكرێت . پێشتر لە زۆر كاری بچوك و لاوەكی باس لەوە دەكرا كە گەندەڵی لەم وەزارەتە زۆرترە وەك لەوانی تر، بەڵام لەم كردەوە هەستیارەی دیاریكردنی داهێنەردا نەك لەروی مادیەوە بەڵكو جێگەی داخە لە لایەنی مەعنەویشەوە گەندەڵیەكی لەرادەبەدەری تێدایە و كاریگەری زۆر سەلبی دەبێت لەسەر رەوشی رۆشنبیری كوردستان . كە چی بەرژەوەندیە تەسكەكان كاریگەری خۆیان هەبووە لەم داهێنانە رۆشنبیریەدا!! بۆیە پێویستە لایەنە كاریگەرە سەرەكیەكانی سەر رای گشتی كوردستان و خەمخۆرانی گەل جكە لەوەی رەخنە لە باری سیاسی دەگرن بۆ راستكردنەوەی رەوتەكە، دەبێت دەنگیان باڵاتر بێت لە ریسواكردنی گەندەڵیە رۆشنبیریەكە، لەبەر ئەوەی كاریگەری لە سەر سەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئیداری و رۆشنبیری گشتی هەیە و، زیانی گەورەش بە عەقڵیەت و ژیانی خەڵك بە گشتی و دوارۆژی نەوەكانیش دەگەیەنێت .دیارە لێرەشدا رۆڵی هەندێك بەناو رۆشنبیر كە خۆیان خزاندۆتە نێو ئەم دونیایە لە بڵاوبونەوەی گەندەڵی كەمتر نیە لە دەسەڵات و وەزارەتەكەی حكومەتیش .
لە بارەی لیستی پارەوەرگرەكانەوە، بۆ هەموو كەسێكیش هەیە بپرسێت ئەگەر ئەمە داهێنان نەبێت لە گەندەڵیدا؛ بۆچی لەتەنیشت هەر ناوێكەوە جۆری داهێنانەكەی و زانیاریەكان دەرنەخراوە . لەهەمان كاتدا دەكرێت داهێنەر فۆرم پڕ بكاتەوە بۆ پارە وەرگرتن بە ناوی داهێنانەوە و كەس بە داهێنانەكەی نەزانێت و فۆڕمی پارەوەرگرتنیش لە لایەن حزبەكانەوە دابەشكرابێت،یان تەنانەت لە بازار كۆپی كرابێت ؟! بۆیە لەدەرئەنجامی ئەم گەندەڵیە ئاشكرایە دەبێت وەزیر و لیژنەكەشی باجی بدەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست