کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


باوێشكنامەی عەلی باپیر

Thursday, 17/11/2011, 12:00







ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر ئەڵێ: ئەمریکا لەهەر شوێنێك بێ، تەنها خەریکی فەسادی و بێ ئەخلاقیە .

دیارە هەموو کەس سەربەستە لەوەی ئەیڵێ و لەوەی بەخەڵکانی تری ئەفرۆشێتەوە، بەتایبەتی بازاڕی سیاسی کوردستان ئەوەندە بێ ئەرزشە کە هەموو کاڵایەکی درۆینەو ساختەی بەسانایی لێ ساغ ئەکرێتەوە،،، سیاسیەکانی کوردستان، هەرچی هی دەسەڵات، وەیان ئۆپۆزیسیۆن، بەهەمان ڕێتمی سەردەمی شاخ و هزری دواکەوتوانە کەوتونەتە سەرو گێلاکی سیاسەت و هەرچیەیەك بویان بلوێ و بۆیان ئاسان بێ ، ئەوا بێ یەك و دوو وەك تەوقێك ئەیکەنە ملی هەواداران و جەماوەری خێر لەخۆنەدیوو. یەکێ لە خەسلتە هەرە بەرچاوەکانی سیاسیوان و ئەوانەی ئەوڕۆ سەرکردەو سەردەستن ئەوەیە، هەرچی مەیلی نەتەوەچێتی هەیە تیاندا بەدی ناکرێ، ئەوەی هەیە تەنها کۆیلەبوون و ملەکەچی کردنە بۆ ئەو لایەن و ئەو بنەماڵە و ئەو هێز و ئەم دەوڵەت... هیچ کام لەسەرکردەکانی کورد گیانێکی خاکی و کوردبوونیان نەکردۆتە مەشخەڵ بۆ ئەو پەیامەی پێیانە. کامیان ئەگری پیاوی دەوڵەتێکی دروسێ و دوژمنێکی سەرسەختی گەلەکەمانە، خۆ زیادڕەوویی نیە گەر بڵێن هەندێکیان پیاوی چەند لایەن و چەند ووڵاتێکن لەهەمان کاتدا، خۆ گەر بۆیان بڕەخسایە، ئەوا بێ دوو دڵی ئەبوون بە سفرە ڕاخەری هەموو ووڵاتێك بەس بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان و بنەمەڵەکانیان بپارێزن.

مامۆستا عەلی باپیر، کە نازانین لەکوێ مامۆستا بوەو وانەی چی وتۆتەوە، تەنها بۆ ئەوەی خۆی لەئیران زیاتر نزیك بکاتەوە، دێت و فتوای ئەوە دەرئەکا ، کەگوایە ئەمریکا جگە لەبەد ڕەوشتی هیچی تری لێ هەڵناکڕدرێ.. کەچی بەڕێزی پێمان ناڵێ جۆرو بڕی ئەو بەدکاری و بێ ئەخلاقیەی ئەمریکا چیە؟؟ وەیان ئایا مەبەستی بێ ئەخلاقی ، بێ ئەخلاقی سیاسیە وەیان وەك ئەوەی لای خۆمان هەر پەیوەستە بەشەرەفەوە؟؟

مامۆستا بیری چووە کە بێ ئەخلاقی بریتییە لەوەی ، گەندەڵ بی، سامان و ژێر خانی ووڵات هەرزانفرۆش و تاڵان بکەی، بودجەی پرۆژەکان بە سەوزی هەڵلوشی. دکتۆر وەك قەساب بکەوێتە گیانی نەخۆش و گیانی لەدەست بداو دواتر بڵێی قەزاو قەدەر بوەو خوا هەر ئەوەندە ژیانی بۆ نوسیوەتەوە. پارێزەر خەڵکی تیرۆریست و پیاو کوژ بپارێزێ و خەڵکانی بێ تاوان و بێ پشت و پەنا لە زینداندا قایم بکا. مامۆستا و زانکۆ پلەی دکتۆراو ماستەر وەك شەوی بەرات بەسەر پیاوانی دەسەڵاتدا ببارێنی و منداڵانی بێ تەزکیەو واستەش هیچ شت شمولیان نەکا، مەلای دینی ڕێگای خوارو خێچ نیشانی خەڵکی بداو لەکاتی تەنگانەدا بچێ دەستی ئەم و ئەو ماچ کاو معاش لە لق وەربگرێ، سیاسی داکۆکی لەدەنگ دەرانی نەکاو بۆ خاتری بودجەی بڕاو و لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی پشتیان تێ بکا و بەئاژاوەچی ناوزەندیان بکا، وەیان دادگا (برایمی کاکە ئەحە) دەستگیر بکاو (هیوا ئەحمەد مستەفا) ش دەرباز بکا، وەیان ڕێگا بدەی بنکەی سەربازی تورکی وئێرانی لەکوردستان تەراتێن بکەن و ڕێگا نەدرێ پژاك و پەکەکە لەقەندیل بمێننەوە.. وەیان ئەوەیە کە دەوڵەتی کوردستان بەخەونی شاعیران بزانی و هەر لەهەوڵی عروبە کردنی کوردستان بیت و هەر ڕۆژەی بستێك لەزەوی کوردستان بفرۆشی و زایەی بکەی.

شێخ جەعفەری تیرۆریست لەکاتی ڕاپەڕینەکانی مانگی شوبات ووتی، ئیسلامیەکان زنووقیان چوە، کەچی عەلی باپیر کەس نەیئەزانی لەکوێیە تا داکۆکی لەو هەموو ئیسلامی و خەڵکە بکات کەلەوێ ڕۆژانی هەینی نوێژی جەماعەتیان دائەبەست، ئەی باشە یەکێ لەو پێنج پایە گرنگەی ئاینی ئیسلام مەگەر _شەهادەت_ نیە ، ئەی بۆچی کەسێ نەبوو پرسیاری ئەوەی لێ بکا ، لەجیاتی ئەوەی نەچێ بۆ ئیران و لەتەك دەسەڵاتدا بەیارمەتی ئێران گڕو تینی خۆپیشاندەران خامۆش نەکا، بچوایە و ببوایە بەپاڵپشتی ئەو خەڵکە گەلێ باشتر نەبوو؟!!

عەلی باپیرو بن لادن و هاوشێوەکانیان توانای چارەسەرکردنی سەر ئێشەیەکی خۆیان نیەو لەتوانایاندا نیە حەپێك وەیان گولاجێك دروست بکەن و بۆ هەر نەخۆشیەك پشت بەداو دەرمانی خۆرئاواو ئەمریکی ئەبەستن، کەچی هەر بەبەدکارو بێ ئەخلاق و زیندیق ناویان ئەبەن،،، ئائەمەیە دووفاقی ئیسلامی ئەوڕۆ، گۆشتیش ئەخۆن و گۆشتاویش،، نازانن بەو شێوەیە زیاتر متمانەی خۆیان و ئاینەکەیان لاواز کردوەو ڕۆژ دوای ڕۆژ کۆڵەکەکانی ئیسلام زیاتر بەرەو هەرەس و ڕووخاندن هەنگاو پێئەنێن. کاتێ ئەمریکا هاتە عێراق، سەرکردەکانی کورد ، جگە لەداوای شەخسی و تاکە کەسی، هیچیان داوای نەتەوەییان نەبوو، ئەوەتا پۆڵ برێمەری یەکەمین حاکمی مەدەنی عێراق بەڕاشکاوانە ئەڵێ، کوردەکان هاتن داوای پلەو پۆستیان لێم کرد،، کەواتە ئەوە ئەمریکا نیە دەستی هەبێ لە بێ ئەخلاقی و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی، بەڵکو ئەوە سەرکردەکانی کوردن خۆیان هەڵگری ڤایرۆسی بێ ئەخلاقین .

ئەبێ عەلی باپیرو هاوشێوەکانیان باش ئەو ڕاستیە بزانن، کەئەمریکاو سەرکردەکانی خۆرئاوا هەزارەها میل ئەبڕن بۆ ئەوەی تۆڵەی هاوڵاتیانی خۆیان لەو کەس و گروپانە وەرگرن کەبونەتە هۆی کوشتن و لەناوچوونیان. کام لەو سەرکردانەی ئەمریکا و خۆرئاوا هەیە دڵیان بەدەوڵەت و ئاڵای خۆیان نەسووتێ و داکۆکی لێ نەکەن!! کامیان ئامادەن مەترێ لەزەویان داگیربکرێ و ئامادەی ئەوە بن چاوساغی بۆ دەرو دروسێیان بکەن؟؟!! کامیان بەئاشکرا گەندەڵەو سەروەت وسامانی گەلەکەی بەهەدەر داوە؟؟!! کەچی تۆو سەرکردەکانی کورد هاوڵاتیانی خۆیان ئەکوژن و ئەوانەی بەتۆپ و تەیارەی دوژمنانیش ئەکوژرێن ئەڵێن ئەوانە بە دەستی تورکیاو ئێران نەکوژران، وەیان لەکاتی کوشتنی چەند جەندرمەیەك سەرەخۆشیان لێ ئەکرێ؟!

عەلی باپیرو نمونەکانیان فتوای مەرگ بەسەر شاعرێکی وەك قوباد زادە ئەسەپێن لەبەرئەوەی هۆنراوەیەکی نووسیوە بەدڵی ئەوان نیە، کەچی لەئاست کوشتنی سۆرانی مامە حەمە و شەهید سەردەشت نتقیان لەخۆیان بڕی و فتوایەکی هاوشیوەی ئەوەیان بۆ پارتی و بنەمەڵە چەتەگەریەکەی دەرنەکرد،،، دەبا لەمەو دوا کاتێ ئەیەوێ بخەوێ و بەدەم باوێشکەوە خەریکی دوعاو شتی وابێ باشترە لەوەی فتوای سەیرو سەمەرە بەسەر ئەم و ئەودا بدات.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە