کورد لە نێوان گەمە ئەهریمەنی یەکاندا - بەشی سێهەم
Monday, 18/06/2012, 12:00
پەند وەرگرتن لە رابردوو
ئەوەی کە بزوتنەوەی کورد تائێستا بۆ بەدەستهێنانی ئاسان کاری لە خۆ پێگەیاندن بەدەستی هێناوە ، جا ئەم خۆپێگەیاندنە ئەگەر بۆ رووبرووبونەوەی دوژمن بێ یان هۆکاری تری هەبێ ،توشی هەڵدێر ولادانی گەورەی کردوون . ئەکامەکانیشی زۆربەی کات ئەگەر بەشکستی تەواوەتی کۆتایی نەهاتبێ ، لە بن فەرمانی دەسەڵات و لە ژێر سێبەری ئەو لایەنانەی کە هاوکاری کردوون قەتیس ماون . لە بەشی یەکەم ودووهەم باسمان لە دەرئەنجامی پەیوەندی نا شەرعی بە لایەنی بێگانە کرد و هۆکاری نسکۆ و شکستی چ ئاکامێکی ناهەمواری ئابوری بەسەر گەلدا هەبووە . لەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم هەندێ لە لایەنە نەگەتیڤەکانی نسکۆ لە بواری کۆمەڵایەتی بخەمە روو ،کە دڵنیام لەم باسە فراوان تر و بڵاوترە .
هۆکاری کۆمەڵایەتی .. شکستی شۆرش وبەرخودان بەدوای خۆیدا شکست ونسکۆی کۆمەڵایەتی ئەهێنێ . کۆمەڵگای کوردەواری کە وەك زۆر بەی کۆمەڵگاکانی دنیا لە سەر بنچینەی خێزان پێکهێنراوە ،بە لەبەریەكترازانی خیزان و تێكشکاندنی پەیوەندی یەکانی تاکەکەن ، تێكشکاندنی کۆمەڵگای کوردی بەدووی خۆیدا هانی . کەم نەبوون ئەو ئافرەتانەی کە مێردەکانیان لە شاخ ودۆڵ ودەوەنەکانی کوردستان شەهیدکران وئەڵقەیەك لەزینجیرەی پەیوەندی خێزانی کۆتایی پێهات ، کەم نەبوون ئەو مناڵانەی کە باوکیان لە دەست داو بێسەربەرشیار بوون ، کەم نەبوون ئەو دایك وباوکانەی کە کورەکانیان ، رۆڵەکانیان شەهید کران ،کەم نەبوون ئەو خوشك وبرایانەی برا گەورەکانیان لەدسەت دا . بێجگە لەمانەش کە زۆر هەبوون کە لەدوای ئاشبەتاڵەکان بەرەو شوێنی نادیار وزەمینی غەریبی ملی رێیان گرتە بەر و دابرانێکی جەرگبری تریان لە کۆمەڵگا دوروست کرد . هەڵوەشانەوەی خێزان ولەیەك ترازانی بۆتە هۆی نەهامەتی وبەر بەست لە بەرەوپێشچوونی تاکەکانی کۆمەڵ ،کە ئەوەش هۆیەکی سەرەکی بووە بۆ دابرانی کۆمەڵ لە ناو خۆی ودوورکەوتنەوە لە کۆ دەنگی وپارچە پارچە بوونی و دواتریش هەژار بونی کۆمەڵ لە رووی مادی ومەعریفی یەوە . ئەوەی تا ئێستا گەلی کوردی وەك گەلێکی بچراوو لەیەك ترازاوو هێشتۆتەوە ،ئەو هەموو نسکۆیانەن کە بەناو سەرکردەکانی کورد بە ملهورانە وبێدەربەستانە بەسەر گەلی کوردیان هێناوە .هەندێ بەناو سەرکردە بە تێروانینێکی ماوە کورت و دوور لە دوور بینی ئیستراتیجی یەتیەکی دەبەنگی گرتۆتە بەر کە بە گۆی تێگەیشتنێکی هەڵەوە گوایە دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە ،هەڵسوکەوتیان دەکرد ،بەڵام بێئاگابوون لەوەی لە سیاسەتدا نە دۆستی تاسەر هەیە نە دۆژمنی هەتاهەتیی .هەر کاتێ نێوان دوژمنەکان بەرژەوەندی هاوبەش دوروست بوو ئەوکات دەتکەنە قوربان یەك قەڵەم وکاغز کە ناوی دەنێن پەیمان نامە ،،، رەنگە کورد زیاترین گورجی جەرگبری بەرکەوتبێ لەم پەیماننامانەی کە بەدرێژایی مێژوی کورد بەرامبەری کراوە .زۆرن ئەو پەیماننامانەی نەهامەتی ودەردەسەری هێناوە بۆ کورد .مێژوویەکی زۆر دوور نی یە کە ئاشبەتاڵی گەورە روویداوە .ئاشبەتاڵی حەفتاوپێنج بە دەیان هەزار پێشمەرگەو بە سەدان هەزار خێزانی لێکترازان ،ئەم لێكترازانە تاکو ئێستا ئازارێکی کوشندەیە کە گەلەکەمان لە سەرەمەرگێکی ناوەختدا تووشی هات ،لەکاتێکدا هیوای گەلی کورد لە باشوری ووڵات لەترۆپکی هەڵاتنی خۆری ئازادیدا بوو ،لە کاتێکدا پێشمەرگە زۆر بەی ناوچە کانی لەژێردەستدابوو میری کەمی مابوو چۆك بۆ داواکاریا رەواکانی گەل بدا ،ئالەوکاتەدا لە دێوەزمەی پەیماننامەیکدا هەموو شتێکی دۆران ،هەموو شتێ بە شەرەف وناموس وکەرامەتیشەوە . کوردی شەتەڵ وماندوو لە نسکۆیەکەوە کە ناخی هەژاندبوو هیوایەکی تری بۆ دوروست بوو بەڵام دوای دوانزەساڵی کێشمەکێش وشەری خۆبەخۆ وپاکتاوکردنی ناوماڵ دیسان بە نسکۆیەکی هاوچەشن لە ئۆپەراسێونێکی خوێناوی درندانەدا بەناوی ئەنفال هەرچی هیوای هەبوو لەدەستی دا .ئەنفال شکستێکی دیکەی ئەو زنجیرە شکستانە بوو کە دووژمنانی کورد بە کۆمەڵگای کوردیان ئەبەخشی ،دارمانێکی جەستەیی وئابوری وکومەڵایەتی و رۆشنبیری و جنسی بوو بۆ کورد. لێکترازانی کۆمەڵگای کوردی لە ئەنفالدا هاو چەشنی هیچ شکستێکی تر نەبووە ، کۆمەڵگای کوردی لە دوای پرۆسەی ئەنفالەوە تاکو ئێستا هەڵگری زامێکی ئیلاهی یە کە بۆ خۆشی نازانێ لە کۆیدا هەڵیگرتووەو لەکۆی دانێ . هەزاران خێزان دابران لەیەكتر و کۆمەڵگا کەوتە سەر چۆك ،گوند نشینەکان ئەوانەی بەر شاڵاوی ئەنفال نەکەوتن وئەوانەی پێش شاڵاوەکە هەڵاتبووون ،لە شەو ورۆژێکدا لە دنیایەکی تردا خۆیان بینی یەوە کە دنیای شاربوو .جیاوازی گوند و شار لە کۆمەڵگای کوردەواریدا جیاوازی یەکی گەورەبوو ، گوندی یەکان هێندە ئالودە نەبوون بە سیستەمی دراوەوە .هەندێ گوند هەبوون تا ئەوکاتە سیستەمی ئاڵوگۆری شتومەكیان دەکرد . بە بەشاربوونی گوندنشینان کۆمەڵێ کێشەی گەورەی لێکەوتەوە ،هەندێ گوند نشین بێجگە لە کوشتوکاڵ و ئاژەڵداری هیچی تریان نەکردبوو ، ناچار رۆچنە ریزەکانی چەكدارە بەکرێگیراوەکانەوە ،کە بۆخۆی کۆمەڵگای کوردی بەرەو هەڵوەشاندنەوەیەکی گەورەتر دەبرد . لێرەدا من دەبێ باس لە راستیەك بکەم کە ئەو گوند نشینانە هێندەی پەروەردەی حیزبە کوردیەکان بوون پەروەردەیەکی تریان نەبوو ،بەڵام بەداخەوە ئەو توێژە هەستیارە سەرەکی یەی کۆمەڵگاکەمان پەروەردەیەکی وا دورست نەکرابوون کە جێی دەست خۆشی بێ بۆ حزبە کوردیەکان .هێنانی گوند نشینان و نیشتەجێکردنیان لە کۆمەڵگای زۆرە ملێدا بە خزمەتگوزاری یەکی زۆر سەرەتای یەوە ، سیاسەتێکی رژێمی بەعسی بوو بۆ بەماڵی کردنی گوندنشینان و تەپاندنی ژێر خانی کوردستان و نەمانی جێ یەکی ئارام بۆ حەوانەوەی پێشمەرگە ،ئەگەر هەلومەرجەکان نەگۆرانایە ئەوە رژێمی بەعس زۆر سەرکەوتودەبوو لە بەمێگەل کردنی کۆمەڵگای کوردی وبەدەسەمۆ کردنی .زۆر بەهای بەرزی کوردەواری هەبوو لە گوندەکاندا پەیرەودەکران ،لە ژیانی شاردا نەمان ،باهای کۆمەڵایەتی و رەسەنایەتی رۆژ بەرۆژ بەرەو پوکانەوە دەچوون و لە بری ئەوانەش بەروەردەیەکی دارێژراوی وورد کە لەلایەن بەعسی یەکانەوە پەیرەو دەکرا خۆی ئەخزانە نێو خێزانەکان و جەستەی کۆمەڵگای کوردی بەرە بەرە داگیر دەکرد ،ئەم ئاکامانەو زۆر ئاکامی تر کە نەکراوە بەووردی باس بکرێ کۆمەڵگای کوردی تەنی بوو هەموشی بەهۆی ئەونسکۆ بەردەوام و ئەو رێچکە هەڵانەوەبوو کە بەناو سیاسەت مەدارانی کورد لە بزافەکانیاندا دەیانگرتە بەر بۆ بەردەوامی خۆیان و جولەکانیان ،کە بەداخەوە رۆژێ لە رۆژان نە بەرزانی باوك نە تاڵەبانی نە حەمەی حاجی مەحموود نە ئەوکەسایەتی یە سەرکیانەی کە چارەنووس وبریاریان بەدەست بووە بیریان لێنەکردۆتەوە ، ئاخۆ تۆ پێشرەوی بزافی کۆمەڵگایەك دەکەی ئەبێ بەم هەڵوێستەت ، بەم کلك تێكئاڵانەت بە دەوڵەتە ئیقلیمی و لایانانەوە چ نەهامەتیەك چ زیانێ ئەگەیەنیت بە کۆمەڵگاکەت لەوانەشە تائێستاش هەر بەسەروەری لێکی بدەنەوە چونکە تا ئێستا هیچ لە مەسەلەکان نەگۆراوەو هەر خەریکی هەمان تاکتیك و هەمان سیاسەتی سەقەتن ، هەر بۆ نموونە ئێستا پارتی بە رێبەرایەتی بارزانی کوڕ سیاسەتی ووڵاتانی کەنداو و سعودیاو تورکیا پەیرەو دەکات وخزمەت بە داخواستەکانیان ئەکات وشەرێکی بێگانە لە سەر خاکی کوردستان دەکات بەرامبەر ئێران ومالیکی وسوریا ، تێکچونی پەیوەندی پارتی و مالکی هەر چەند تاکو ئێستا ئەو پەیوەندی یە قانزاجی نەبووە بۆ کورد بە شێوەیەکی رەها وگشتی بەڵام لاسەنگی یەکیش بووە بۆ هێزی سونەو دەست تێوەردانی ووڵاتانی کەنداوو سعودیاو تورکیا . چونە ناوو ئەم سێگۆشەی هێزە بەرمبەر بەسێگۆشەی هێزی شیعەو ئێران وسوریا هیچ قانزانجێکی نی یە لە ماڵوێرانی زیاتر وگۆشەگیری کۆمەڵگای کوردی لە پەیوەندی یەکانی دەروەدا ،کە بۆ نەگبەتی هێزێکی گەورەی ترهەیە کە هیچ حیسابی بۆ نەکراوەو لە هێزی هەموو لەیەکیش زیاتر کارتی فشاری بەدەستەوەیە لە سیاسەتی دەروەدا کە ئەویش ئیسرائیلە ، بەو پێ یەی ئێستا نێوانی ئیسرائیل و تورکیا گرژی تێکەوتووە ،تاچەند کورد لە تورکیا نزیك بێتەوە ئەوەندە لە ئیسرائیل دوور دەکەوێتەوە ،کە ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەیەکی جیاوازە ، هەر چەند هەموو لا دڵنیایە کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەو پەیوەندی یە تووندو تۆڵە ئابوری یەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی نایگۆرێتەوە بە تەرەف گیری هیچ لایەنێك خۆ ئەگەر لەبەرژەوەندی کوردیش بێت ، چونکە پارتی هیچ کات بۆ بەرژەوەندی کورد سیاسەتی نەکردووە وناشی کات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست