کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كێ دەتوانێت باری لاری حكومەت راست بكاتەوە ؟

Saturday, 28/02/2015, 12:00






لە كاتێكدا، حكومەتێك نەتوانێت بە خۆی بەرگری لە ماف و خاكی خۆی بكات و چارەنوسی نادیار بێت . ئەگەر ئاوها حكومەتێك نەتوانێت مافە بنەرەتیەكانی هاوڵاتیان دابین بكات و تەنانەت موچەی مانگێكی بۆ دابین نەكرێت . حكومەتێك كە بۆ راییكردنی كاروبارەكانی چاوی لەدەستی ناوەند و لایەنی دەرەكی بێت، حكومەتێك یاسایەكی بنەرەتی(دەستور)ی نەبێت لە كێشە و گرفتە زۆر و زەبەندە یاساییەكانی كوردستان و ناوچەكەپشتی پێ ببەستێت، حكومەتێك تەنانەت بە رێژەیەكی زۆر كەم ئەركەكانی جێبەجێ نەكات، دەسەڵاتێك بە واتای وشەكە شكستی هێنابێت . چۆن و بە چی، باری لاری خۆی راست دەكاتەوە ؟
جارێك حكومەتی بنكە فراوانی بێ ئۆپۆزسیۆن، خۆی لە خۆیدا لە هیچ جێگەیەكی دونیادا بەم شێوەیەی هەرێمی كوردستان نەبووە، ئەگەر لە هەندێك وڵاتدا حكومەتی بنكەفراوان لەدەرئەنجامی ئەوەدا بوبێت، كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان وا كەوتبێتەوە كورسی حزبەكان لەیەكەوە نزیكبوبن و بارودۆخێكی هێنابێتە ئاراوە بە بێ هاوپەیمانی نەتوانرابێت حكومەت دابمەزرێت و پەنا بۆ بنكەفراوانی برابێت،بەڵام ئەم جۆرە حكومەتانە هەمیشە لەرزۆك بوون، تەنانەت لە وڵاتانی خاوەن دەستور و دیموكراسی و دامودەزگەییشدا ئەم جۆرە حكومەتانە بەردەوام شكستیان هێناوە و،زۆر جار پێشوەخت هەڵوەشاونەتەوە .
جا لەو روانگەوە و لە هەرێمێكی بێ دەستور و یاسا و دوور لە دامودەزگەیی دەوڵەتی و بەم هۆشیاری و ئاستە رۆشنبیریەی خەڵكی كوردستانەوە، تەماشای حكومەتە شكستخواردوەكەی هەرێمی كوردستان بكەین، لەسەر ئەم ئەرزە و ئەم واقعە و ئەم بارودۆخە، بە كێ و، بە چ رێگەیەك، باری لاریی راست دەكرێتەوە .
لەم رۆژانەدا كۆمەڵێك راوبۆچون خرانە روو، پێش هەموو شتێك، باس لە دەستەیەكی باڵا دەكرێت، پرس و رایان پێ بكرێت یان پێشنیاری راستەرێ كردن و رێگە نیشاندەر بن، مەبەستیان لەو پێشنیارە، خودی خۆیانە نەك خەڵكی شارەزای بێ لایەن، بەو رایەش بێت، ئەندامانی دەستەكە بە پێی بەشی حزبەكان لە دەسەڵات پێك دەهێنن ، نەك خەڵكی شارەزا و بەتوانای بێ لایەن، لەدەرئەنجامدا ئەو دەستەیە بنكە فراوانە چی جیاوازیەكی لەگەڵ حكومەتە بنكە فراوانەكە دەبێت . ئەوەی جێگەی داخە، تەنانەت لەم رۆژە رەشەدا، زۆرینەی راوبۆچونەكان لە روانگەی بەرژەوەندی كەسی و حزبی دەردەخرێن . بۆ نمونە، یەكێك كۆنە پەرلەمانتار بوو، وتی: ئەم ئەندام پەرلەمانە تازانە شارەزاییان نیە بۆیە هیچمان پێ ناكرێت، كەچی لە خولەكەی خۆیدا وەزعی كورد لەم حاڵە باشتر نەبوو . یەكێك دەیوت حزبەكان زاڵن بەسەر پەرلەمان و حكومەتەوە، كەچی حزبەكەی خۆی لە دەسەڵات بەشدارە و،بە فەرمانی ئەوان ئێستا لە ساڵانی ئارامیداین و، بە پێی پلانەكانی حزبەكەی ئەوان نابێت خەڵك نارەزایەتی دەربرێت و خۆپیشاندان بكات . یەكێكی تر دەیوت با دەستەیەكی باڵا هەلبژێرین وەك راوێژكار بۆ راییكردنی كاروباری هەرێم و پلانەكان دیاربكەن،ئەو دەستەیەش لە كەسانێك دیاری بكرێن شارەزاییان هەبێت، وەك رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و چاودێری سیاسی و پسپۆری هەمەچەشن تێدا بەشداربن، لەو بەرنامەیە و قسەكردنەدا لە كاتی دەرخستنی ئەم فكرانەدا وتی، ئەم جۆرە خەڵكانەم پێ باشە دەستەكە پێكبێنن كە ئامادەی بەرنامە تلەفزیۆنیەكەن، كەچی هەموویان نوێنەری حزب بوون . لە نێو كۆرێكدا باسی ئەو خەڵكە كرا كە لەوەدەچێت بتوانن باری ئەم حكومەتە راست بكەنەوە، پرسیار كرا بە كێ، وتی بە نمونە لە خەڵكی وەك ئێمەمانان، ئەم كۆرگێرانە .
ئەم روداوانە لەم واقعەدا دەخەمە روو، بۆ ئەوەی بۆ هەموانی دەرخەم كە زۆرینەی ئەوانەی باس و قسە لەسەر باری خراپی ئەم حكومەتە دەكەن، بیركردنەوەیان لەمەودایەكی تەسك دەرناچێت و وەك هەمیشە بەرژەوەندیە خودیە تەسكەكە زاڵە بەسەر بیر وهۆشی هەمواندا و، پێش هەموو شتێك قسەكان لە پێناو ئامانجێكی تایبەتیە و، هەموان خۆیان لە رووی تیۆریەوە بە شارەزای نمرە یەك دەزانن، كەچی هەر ئەوان، لە كاتێكدا لە یەكێك لە دەسەڵاتەكاندا دەبن، یەك خشت ناخەنە سەر بنیاتنانی هەیكەلی ئەم حكومەتە بەدبەختە، كەوا بەم شێوەیە دەبرێت بەرێوە . بۆیە، ئاڵۆزی باری حكومەتی هەرێم گەیشتۆتە ئاستێك هەر یەكەو لای خۆیەوە شیكردنەوەی وای بۆ دەكات كە لەسەر پشتخانی فكری خۆی و باردۆخی حزبی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەیخوێنێتەوە و دەیەوێت لەسەر ماڵی سوتاوی خەڵك چۆلەكەكەی ببرژێنێت .
وەك پێشنیارێك، دوور لە هەموو بەرژەوەندیەكی شەخسی و حزبی،تەنها لە پێناو راستكردنەوەی ئەم بارەی حكومەت، من رام وایە، بەشێك لە چارەسەرەكان، دەكرێت لە كۆنگرەیەكدا خەڵكێكی شارەزای بێ بەرژەوەندی و دوور لە حزبەكان قسەی بابەتی لێ بكەن ورێگە چارەی گونجاو بۆ وەزعی ئەم حكومەتە بدۆزنەوە .بۆ دوورخستنەوەی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی، پێویستە كوردانی پسپۆر و شارەزای بەشەكانی تری كوردستان و دونیا شیكردنەوەی بێلایەنەی ئەم بارودۆخەی كوردستانی باشور بۆ خەڵك بكەن و واقعەكە بە روونی دەربخەن و، رێنمایی راست بخەنەروو و، رێگەچارەی تایبەتی بۆ بدۆزنەوە و،ئامرازەكان دیاری بكەن و ، ریگەكان روون بكەنەوە، نەك ئەوانەی كە لە پێناو هەریسەكە دەگرین نەك ئیمام حوسێن . بۆیە دەكرێت بڵێم، باری لاری ئەم حكومەتە نە بەئەمانەی ئێستای دەسەڵات و نە بەوانەی پێشوتر و نە بەو سیاسیە ئیعلامیانە چارە دەكرێت كە تەنها لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەكانەوە قسەی قوت دەكەن .
كۆنگرەیەك بە بەشداری كوردانی پشسپۆر و شارەزاو دونیادیدە و دڵسۆزی هەرچوارپارچەی كوردستان و دونیا، هەموو پرسەكان بخاتە بەر باس و لێكۆڵینەوە و باش بزانێت كە دۆزینەوەی رێگەچارەی خێرا بۆ كوردستانی باشور پێش هەموو بەش و جێگە و شوێنەكانی تر پێویستیەكی خێرای سەرجەم كوردانی ئەم كاتەیە . رەنگە سەركەوتنی ئەو كۆنگرەیە، ئاسۆیەكی بچوكمان بۆ دەرخات و تروسكاییەك لە چارەسەری ریشەیی بۆ دۆزەكەمان بدۆزێتەوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە