ئەم هۆنراوەیە پێشكەشە بە شەهیدان سۆرانى مامە حەمە و سەردەشتى هەمیشە زییندوو
Wednesday, 19/05/2010, 12:00
هۆنراوە
تا ئەمشەو جیاواز تر و ئارامتر بنویت
خۆم دەتخەوێنم ، ئەم هۆنراوەت بۆ دەخوێنمەوە
كاتێك نوسیم دنیا قاتى بوو
جەلادان لە سپێتى كاغەز شینێتى مەركەب دەترسان
نا چار منیش لە ناو لەپى دەستى خۆم
بە بزمارى پۆستاڵە كۆنێكى شەڕى ناوەخۆ هەڵم كۆڵى
مەترسە گیانەكەم گوێم بۆبگرە
چونكە ئەوان چێژ لەڕەنگى زەردى تۆو
چاوى گریاو پڕ فرمێسك و ترساوى تۆ دەبەن
ئەوان كاتێك هەست بە بوونى خۆیان دەكەن تۆ بگرییەت
گیان و ڕۆحیان لە ئارامیدا نوقم دەبێت
كاتێك لە كوشتنمان بوونەوە
بەلێنم داوو ووتم " ئەم هۆنرایەوە دەخوێنمەوە
هاوێتەى گوڵى دەكەم و بۆ گڵكۆكانتانى دەنێرم "
مەگەر لەم قاتیەدا دەستەكانم ببرَنەوە
بۆ بردنى خوێنەكەم و بڕینى زمانەكەم
****
كەیس
من كەیسى قوربانى بێ جەلادم بۆ چییە
خوێنى ناو دەمم سێ ساڵە پژاوە
تا دامەنى سور كردووم
ئەوە 6/5 بوو نەیان هێشت جەلادەكەم ببینم
جارێكى تر كوشتیانمەوە
ئێستا سور ترە گوللەكانى ئەم جارە بە ئازار تربوو
لە برینە كۆنە چارەسەر نەكراوەكەم درایەوە
نازانم بگریم یان پێبكەنم
من قوربانیم .....تۆمەتبارم
بۆ ئازدى مردم .....ئازادى دەشێوێنم
خاوەنى كەیسم ......دادگا پێبژاردنم بۆ دەكات
خەریكە ناوم لێ دەنرێت جەلاد
خوێنەكەم پێوە دیارە ، گڵكۆكەم دیارە من شەهیدم
خاوەنى كەیسێكم
جگەلە خودا كەس نازانێت كێ جەلادەكەیەتى
****
باوك
ئەوە باوك نییە
پیاوى خودا ڕەحمت هەبوایە
ئەوانە تەنها فریشتەیەكى ئەو خودایەن
داواى ئازادیان بۆ خۆر دەكرد
پەردەى ڕەشى ناو ژوورەكانیان لا دەدا
تا كەس نەمێنێت لە نیعمەتەكانى سەر زەوى بێبەش بێت
ڕەنگە تۆش پیاوێكى زۆر حەز بە ڕووناكى بكەیت
بەڵام ئەوە دەستى قەدەرە
ژیانى تۆى بردۆتە بەرەى جەلادان خەڵك بكوژیت
نا .....نا .. نا
ئەوە پیاوى خودا نییە پیاوى خودا بۆ ڕووناكى دەگەڕێت
وەك حەزرەتى مەسیح داد پەروەرى بڵاو دەكاتەوە
بەزللەیەك لایەكەى ترى پیشانى دەست دەدات
ئەوە ڕەوشتى ئەهلى ئەهریمەنەكانە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست