چیرۆكی بۆقێکی تێر
Tuesday, 06/05/2014, 12:00
2118 بینراوە
ئێوارە درەنگانێ, بۆقێکی بە قەوارە گەورەتر لە دانەیەکی تر خۆیان مەڵاس دابوو بۆ بە داهاتنی مێشوولەکان و قووتدانیان. هەرچی بۆقە بچووکە کەم ئەزموونەکە چاوەڕوانی بۆقە گەورەکەی ئەکرد تا بزانێ چۆن چۆن ڕاوە میشوولە ئەکا و بەڵکە ئەمیش بەو شێوەیەی ئەو ڕاو بکاt و تێر و گەورە ببێ. کاتێ بۆقە بچووکەکە لەسەر گەڵایەك دانیشتبوو سەیری ئەکرد کە بۆقی گەورە شێوە و ڕەنگی خۆی لەتەك ئەو ژنیگەیەدا گونجاندوە و بەهەمان شێوە لەسەر گەڵایەکی گەورەتر پان بۆتەوە و هەناسەی لەخۆی بڕیوەو تەنها چاوێك لەناکاودا ئەکاتەوەو ڕۆماڵی شوێنەکەی پێ ئەکا. ئەم مانۆڕەی بۆقە گەورەکە ماوەیەك درێژە ئەکێشێ و گیزە گیزی مێشوولە ئەو کەنارەی کەئەمانی لێن تەواو هەراسان کردبوو، کەچی بۆقی گەورە تەنها دریژە بە تاکتیك و مانۆڕەکانی ئەدا و جگە لە مەڵاشوو بزواندن هیچ کات زمانە درێژەکەی لەزاری ناهێنێتە دەر. تا وای لێدێ بۆقی بچووك و کەم ئەزموون سکی قۆڕەی دێ و خەریکە لەبرساندا هەردوو چاوی لەپێڵوەکانی دێنە دەرو بەتەواوی لەرز دای ئەگرێ. دواجار پەتی سەبری ئەپچڕێ و دێتە لای بۆقە گەورە و پرسیاری ئەوەی لێ ئەکا کە بۆچی لەڕاوی میشوولەدا ئەوەندە خەمسارد و بێ باکە؟ بۆقی خاوەن ئەزموون و گەورە پێی ئەڵێ کەوا ئەو تەنها بەرە بەیانیان ڕاو ئەکات و چی تر بەتەمای ئێواران و خواردنی مێشوولەی نەماوەو خەریکی ڕاوە کرمە.
ئێمە چۆن بین باشە؟
هێمن و لەسەرخۆ، یان هەڵەشە و پەڵەشە. سەرکز و بەهەموو شت ڕازی، یان یاخی و سەرکەش. فشەکەر و گەڵتەجاڕ بازی، یان کەسی خوێن گەرم و پلان دانەر. تەنها چاوەڕوانی گەورە بکەین و چاولێکەر بین، یان داهێنەر و چاونەترس. گەلێ نەرم ونیان ، یان تورەو تڕۆ. درۆزن و پەنابردن بۆ درۆ و گزی، یان ڕاستگۆیی و دووربین . ئەمانە چەند جۆرێکە لە پێکهاتەی هەموان، جا کامیان هەڵبژێرین و بۆ ئەم سەردەمەی ئێستامان کامیان زیاتر ئەگونجێ و بۆچی؟
کوردستان لەم قۆناغەیدا کەوا بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە خەریکی فێڵ کردنن لە هاوڵاتی کورد و هەر لەخەمی خۆیان و بنەماڵەکانیانن و جگە لەو هەموو فرت و فێڵەی لەخەڵکی کوردستانی ئەکەن. جگە لەو بەهەدەرانەی لەسامانی نیشتمانی و بەهەراچ کردنی سەروەتی ژێر زەوی و سەر زەوی. جگە لەوەی خۆیان تەنها بۆ خۆیان ئەژین و خۆیان لێبۆتە مرۆڤی پلە یەك و هاوڵاتی ئاسا وەك پلە نزمەکان و ڕۆژ دوای ڕۆژ خەریکی مل شکاندنی تاك بەتاکی ئەم کۆمەڵگایەدان. لەتەك ئەوەشدا، هەرچی ئەجندای دوژمنانی کوردە جێبەجێی ئەکەن و خەریکی خیانەتی نەتەوەیی و خەندەق لێدانن. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هیشتا خۆیان بە کورد و نیشتمانپەروەر ئەزانن و میللەت زیاتر ڕیسوا ئەکەن و تاکی کورد زیاتر بەرەو چاڵی نەمان ئەبەن.
نەوەی نوێ و لاو و گەنجی کورد کاتی ئەوەی هاتوە بۆ ئەم قۆناغە چ جۆرە کەسایەتیەك لەخۆیدا بدۆزێتەوە، ئەم قۆناغە ئەوەندە مەترسیدارە کەوا گەر گەنج و لاو هەوڵێك نەدەن بۆ ڕزگاربوون لەم دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە، ئەوا ڕۆژگارێکی گەلێ ناهەموار چاوەڕوانیان ئەکات. دڵنیاین چارەنووسیان بەرەو ڕۆچوون و نەمان ئەچێ گەر لەتەك ئەم دەسەڵاتە کەسانی سەرکز و چاولێکەرو ترسنۆك بن.