بەهۆى دەستتێوەردانەكانى پاراستن و ئەحمەد كانى ژمارەیەك لە ئەندامانى یەكێتى قوتابیان دەستلەكار كێشانەوەى خۆیان رادەگەیەنن
Monday, 12/10/2009, 12:00
پەیامنێرى كوردستان پۆست_ هەولێر
ئەگەرچى چەند مانگێكان ماوە بۆ بەستنى كۆنگەرەى 13هەمینى رێكخراوەكەیان، بەڵام لە ئێستاوە باڵ بالێن لە ریزەكانى یەكێتى قوتابیانى كوردستان سەرى هەڵداوەتەوە بەهۆیەشەوە ژمارەیەكى زۆر لە كادرانى ئەو رێكخراوە لە سنورى مەخموور بونەتە قوربانى و دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.
بەپێى سەرچاوەیەكى ئاگەدار لە لقى مەخموورى ئەو رێكخراوە، ژمارەى كادرە دەست لە كاركێشاوەكان چواركەسن و پێكهاتون لە كارگێر و ئەندام و كادرانى لق كە ئەمانەن (محێدین مەعروف كارگێرى لق، عەلى عەبدولخالق كارگێرى لق، كامەران مەجید ئەندام لق، دیار سەباح كادرى لق).
ئەو سەرچاوە وتیشى" هەر لە سەرەتاوە لقى مەخمورى قوتابیان لەسەر بنەماى كوتلەكارى دروست بووە و كێشە لە نێوان كادرانى ئەو لقە هەیە، چونكە هیچ حیسابێك بۆ خەڵكى مەخموور نەكراوە و زۆرشت لەسەر حیسابى تەوافقى شەخسى دابەشكرا، هەر بۆ زەعیفكردنى مەخموریش سنورى شەمامكیان خستە سەر ئەو لقە، ئەگەرچى سنورى ئیداریشى لەگەڵ مەخموور یەكناگرێتەوە. ئێستاكەش هیچ حسابێك بۆ كادرەكانى مەخمور ناكرێت و لەگەڵ كردنەوەى لق كەسێكیان لە هەولێر هێنا و كردیانە بەرپرسى لق كە دەوامیشى نەدەكرد و تەنها سى َمانگ مایەوە، پاشان بەهۆى ئەوەى لە خۆیان بوو كورسیەكى خوێندنى لە روسیا وەرگرت و رۆیشت، هەرچەند دواى ئەو بریار بوو كە یەكێك لە كارگێرانى لق كە دوو كەسن و خەڵكى مەخموورن بكرێتە بەرپرسى لق، بەڵام دیسان بەهۆى كوتلەكاریەوە كەسیان نەكردە بەرپرسى لق، بۆیە بۆماوەى دە مانگ پترە ئەو لقە بێ بەرپرسە و كادرەكانیش ئەوانەى مەخموور دەوام و چالاكى خۆیان دەكرد.
بە پێى گوتەى ئەو سەرچاوە ئاگەدارەى ناو لقى مەخمورى قوتابیان دەستەكانى پشت دروست بونى ئەو كوتلەكاریە وێراى دەستە باڵاكانى ناو رێكخراوەكەیان، لە هەمانكاتا بریتین لە بەرپرسى لقى 23 و كارگێرانى لق، كە هەر یەكەیان پاڵپشتى لە باڵێك دەكەن. وەك وتى "لە سەرەتاى بەستنى كۆنگرەى 12 لە ساڵى 2007 ژمارەیەك كارگێر لق دەستیان لەپشتى دوو كەس دا بەناوى (سەدرەدین و ئارام) ئەوان ویستیان ئەوانە بكەنە نوێنەرى مەخمور لەناو قوتابیان و لە كۆنگرە دەریان بچوێنن، بەڵام لە لایەن باڵەكەى تر كە بە باڵى (محەمەد قادر و بژار و على) ناسرابون لەلایەن بەرپسى لقى 23 و ژمارەیەك كارگێر لقى تر پاڵپشتى دەكران بۆیە هەوڵەكەى كارگێرانى تر شكستى هێنا. بەڵام لە دوایى دا بەهۆى دەرچونى باڵى (سەدرەدین) لە ناو رێكخراوەكە برایەكى ئەویان بە زۆر سەپاندو كردیانە بەرپرسى لقى مەخموورى قوتابیان.
ئەو سەرچاوە ئاماژەى بەوەدا هۆكارى دەست لە كاركێشانەوەى ئەو كادرانە بۆئەوە دەگەڕێتەوە كەوا لەو ماوەیەى بەرپرسى لقیان رۆیشتووە، رۆژانە بە قسەى بریقەدار دەیان خافڵێنن، كە گوایە دەیانكەنە بەرپرسى لق و پارە خواردراوەكانیشیان بۆبگرێنەوە و دەسەڵاتیشان پێبدەنەوە! بەڵام قسەكان راستدەرنەچون و ماوەى هەفتەیەكیشە جارێكى تر كەسێكیان بەناوى (سەلام فەتاح) هێناوەتە مەخموور، كە خۆى كارگێرى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێرە وەك بەرپرسى لق لە مەخموور دەوامى پێدەكەن تاكو لە كۆنگرە بە دەنگى مەخمووریەكان دەریچوێنن.
بۆیە ئەو كادرانە سكاڵاى خۆیان گەیاندوەتە لایەنى پەیوەندار لە رێكخراو و حیزب، كە بە هاتنى ئەو كەسە ناڕازین، بەڵام كەس گوێى بۆ رانەگرتون بۆیە دەست لە كاركێشانەوەى خۆیان راگەیاندووە.
بە گوتەى كادرێكى ترى ئەو رێكخراوە (بێستون خدر)ى بەرپرسى پێشوو پتر لە (دە)10 ملیۆن دینارى لقى مەخمورى قوتابیانى بە گەندەڵى گل داوەتەوە و بردوویەتى، تەنانەت لەو ماوەیەش برایەكى بەناوى (سەڵاح) كە كادرى لقى قوتابیانى مەخموورە مانگانە پێنج سەد هەزار دینارى بەناوى چالاكى لە سنورى شەمامك لەگەڵ (هەرێم عومەر)ى ئەندام لق وەرگرتووە و هیچیشیان نەكردوە. بەڵام بەهۆى ئەوەى لەناو حیزب و قوتابیان دەستێكى بەهێزیان لە پشتە كەس قسەیان لەگەڵ ناكات.
زۆرێك لە كادرانى ئەو رێكخراوە باس لە گەندەڵى ناو لقەكەیان دەكەن و دەڵێن مانگانە بڕێكى زۆر لە بەنزین و پارە وەردەگرن، بەڵام ئەوەش لە لایەن سەڵاح و هەرێم گلدراوەتەوە و برداروەتە ناو گیرفانیان و هیچ حیسابێك بۆ جەمەعاتى مەخموور ناكەن.
كادرێكى تر لەو لقە تایبەت بە كوردستان پۆست ئاماژەى بەوەكرد، كەوا ئێستاكەش كێشە سەرى هەڵداوەتەوە، چونكە بەهۆى ئەوەى لە مەكتەبى سیاسى پارتى پاڵپشتى لە باڵى سەلام فەتاح دەكرێت، بۆیە ئەوان بە (ئەحمەد كانى) بەرپرسى لقى 23 یان وەتوە، كە پشتى (سەلام) بگرێت! بۆیە ئێستا (ئەحمەد كانى) پشتى ئەوانى ترى بەرداوە و بەرگرى لە سەلام و جەمەعاتەكەى دەكات. سەرەڕاى ئەوەش دەزگاى پاراستنى مەخمور بەرگرى لە سەلام فەتاح و سەڵاح و هەرێم دەكەن و دەیانەوێت هەرێم كە ئەندامى لقە بكەن بەرپرسى لق بەڵام كارگێرەكان كە خەڵكى مەخموریشن نەیانكەن بە بەرپرسى لق.
وەك كادرەكانى ناو ئەو لقە باسیان لەسەر كرد، ئێستا رەوشى یەكێتى قوتابیان لەو پەرى خراپى دایە و ئەدامێكى زۆریان لەدەست داوە بەهۆى هاتنى (سەلام فەتاح) چونكە كەس بەو كوڕە رازى نیە و رابردوویەكى پاكیشى لەناو رێكخراوەكەدا نیە، بۆ چەندین جار سزاى ئەخلاقى دراوە لەسەر ئەوەى كارى بەدڕەوشتى كردووە لەگەڵ كچە ئەندامەكانى خۆیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست