کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی چییە؟

Saturday, 18/02/2012, 12:00






بیری گەورە، کاریزما و پێکهاتە یان لایەنگرانی حیزب دەکەمە ئەو پێوەرانەی حیزبەکانی باشووریان پێ دەناسێنم.

بیری گەورە بۆ دیکتاتۆرەکان بیرێکی ئەندێشەیی بێ ناوەڕۆکە، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕ تەلیسمە و بۆی نییە بخرێتە ژێر پرسیارەوە، بۆ دیموکرات و میللەتدۆستانیش ڕوئیا و دنیادیدەییە، کە ڕووی لە ئایندەیە.

کاریزما لە لایەکەوە جێی باوەڕبوونە، باوەڕ لە ڕێگەی کەسایەتییەوە دەستەبەر دەکرێت. باوەڕ و کەسێتی تێکئاڵاون و لێک جیانابنەوە. لایەنی تریشی هەیە وەکو عەشق و وشە و وێنە و دەربڕینی لاشەیی و شتی تر، کە لە کاتی خۆیدا باسیان دەکەم.

پێکهاتە مەبەستم لە ڕوی جەستەییەوەیە، واتە هەیکەل و ئێسک و پروسکی بنیاتنەر، ئەو کەسانەی یان گروپانەی کە بڕبڕەی پشتی حیزبن.

بە نیسبەت پارتییەوە ئەم سێ خاڵە گرنگن باسیان لێنبکرێت. بۆ باشتر ناسینی ئەو حیزبە و تێگەیشتن لە ڕەفتارەکانی.

پارتی حیزبێکە پێکهاتووە لە:
بنەماڵە.
بارزانییە لایەنگرەکان.
پارتیە عەقائدیەکان، واتە ئەیلولی و گوڵانیەکان.
جاش و بەعسییەکان.
تازە پارتییەکان لە داکەوتەی حیزبەکانی تری کوردستان، کە لای پارتی لەنگەریان گرتووە.
پارە و بەرژەوەندخوازەکان.
بنەچەی بیر و فیکر.
کاریزما.
هەتادوایی.

- بنەماڵە بە زاری خودی سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی هەزار پیاون.
- بارزانییەکان ئەوانەن، کە ئامادەن بە پێڵاوی لاستیکەوە بە دووی ترومبێلەکەی سەرۆکدا ماراتۆن ئەنجام بدەن.
- ئەیلولی و گوڵانیەکان دەروێشەکانن، وەک چۆن میرانی دانی پیادا نا، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵوێستە لەسەرکردنی دەوێت.
- جاش و بەعسیەکان هەموو ئەوانەن کە پاشماوەی ڕژێمەکەی سەدامن و ئەمانە ترسناکترین و بە ئەمەکترین کادری پارتین، چونکە لە ڕووی بێ بەزەیی و کارامەیی لە مرۆڤکوژیەوە بێ وێنەن.
- گروپەکانی تر هێند بۆ ئەم باسە سەرنجڕاکێش نین.

بیری گەورە یان ڕوئیا:
ئەوەی پارتییە ڕوئیای نییە، چونکە ڕوئیا بۆ حیزب زیاتر چاکەبەخشە، بەڵام بیری گەورە سەرچاوەی ستەمە.

کەواتە بیری گەورەی پارتی چییە؟
مەسعود بارزانی کە قیادە مۆقەتەی دروستکرد تێگەیشت، کە بۆ ئەوەی کاری بڕوات دەبێت ئەفسانەیەک دروست بکات. ئەفسانە واتە بیری گەورە.
ئەمە کاری دیکتاتۆرەکانە. ڕێنمایی دیکتاتۆرەکان دەڵێت بیرێک یان ئەفسانەیەک دروست بکە و سەرئێشە لە خۆت دوور بکە. مەسعودیش هات و ئەفسانەی بارزانی و ڕیبازی بارزانی دروستکرد. ئەم بیرە گەورەیە فاشییەکان هەیانبوو، نازییەکان هەیانبوو، ڕۆمەکان هەیانبوو، سەدام هەی بوو، هەروەها پارتیش هەیەتی.

مەسعود بارزانی باوکی کرد بە بیری گەورە، لە وتەکانیدا زۆرجار پێمان دەڵێت کە شێخەکانی باپیرەی و باوکی مەعسومن لە ڕەخنە، بەڵام خۆیان قەیناکە. ئەمە لەو یەقینەوەیە، کە بێگومان دەنگێک یان کۆمەڵە دەنگێک هەر بەرزدەکرێتەوە بە مەبەستی ڕەخنە و گازندە لە شەخسی خۆی، بەڵام بۆ لایەنگرە نا هاوزەمەنەکانی باوکی ئاسان نابێت ڕەخنە لە مستەفا بارزانی باوکی بگرن، لە کاتێکدا کە ئەو مردووە و لە ژیاندا نەماوە.

ئەم بیرە گەورەیەی پارتی و مەسعود ئەوەیە، کە بێ خستنە ژێر پرسیارەوە داستانێکی نەتەوەیی و ئاینی و مەتاتی نا مەلموس بخاتە ڕوو، کە گرتن و پێناسە کردنی ئاسان نەبێت. ئەو هاتووە ئەفسانەی مستەفا بارزانی هۆنیوەتەوە، کە خۆشی نازانێت چرکە و ساتەکانی چییە. ڕۆژێک پیاوێکی دوور لە کۆمەڵگەیە و دەستەمۆکردنی گرانە و ڕۆژێکی تر پیاوێکی سادە و شڕجلپۆشە و لە هەژارانی کۆمەڵگە جیاناکرێتەوە. دەمێک پاڵەوانە و دەمێکی تر دیپلۆماتە. ساتێک شێخە و لە یاوەرانی یاوەرانی پێغەمبەرە و ساتێکی تر کەس نازانێت پێناسی بکات. ئەمە ئەو بیرە گەورەیەیە، کە مەسعود بارزانی بەسەرماندا فەرزی دەکات. ئەو مەرجەعەیە، کە دوورە لە ڕەخنە، دوورە لە پرسیار، دوورە لە توانج و تانە. نزیکە لە پیاهەڵدان، لە ستایش و تا ڕادەی پەرستن خۆشەویستە یان جێگەی ترسە. ئەو ڕزگارکەریی نیشتمانە، مێژوونوسی هەمومانە، بیرکەرەوەی هەمومانە، خوداوەند نییە و ڕەخنەکردنی وەکو کوفری سیاسی و عیلمانی و ئاینییە.
ئەوەیە فیکری گەورەی پارتی و مەسعود.

وەکو فیکری فاشییەکان لە سەر مانگە و پێگەیشتنی نییە. وەکو فیکری نازییەکان پاکە و لە ئاری ناوازەترە، وەکو وتەی کتێبە پیرۆزەکانە و بەندەکانی ناخرێنە ژێر پرسیارەوە.
ئەو مەعسومە و ئەوەی زیارەتی گۆڕەکەی بکات مەعسومە لە سزا!

جاش و بەعسیەکان: ........ . . . . .    ...........
ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە