کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی گۆڵی بەرامبەری لە تاڵەبانی کرد

Sunday, 24/04/2011, 12:00






لە مێژووی گەلی کورددا (31 ی ئابی ساڵی 1996) ڕۆژێکی ڕەشە لە تەمەنی پارتی و بارزانیدا. هەموومان دەزانین و بینیمان چۆن بارزانی بێ سڵەمینەوە لە هیچ بەها نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە قوربانیانی دەست ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە، لەوڕۆژەدا دەبابەکانی ڕژێمی بەعسی هێنایەوە بۆ شاری هەولێر و بۆ بە گژداچوونەوەی ئەو یەکێتییەی ئێستا وەک برا هەموو سەروەتو سامانی ئەم گەلە لەگەڵ یەک بەش دەکەن.لە ئاشتبوونەوەی ئەو دوو پارتەدا ئەم تاوانە کاڵ نەبووەوە، بەڵکو لەگەڵ هۆشیاربوونەوەی خەڵکو دەرکەوتنی دەنگە ئازادەکاندا، وەک تاوانێکی دزێو و خیانەتێکی گەورە ناسرا. هەموو ساڵێک لەو یادەدا چەندان یادەوەری تاڵ و چەندان ستون و ئارتیکلی ڕەخنەیی توند و ڕەق لە میدیا ئازادەکاندا دەبینرێت. سەرەڕای پاراستنی چەندان دۆکیومێنت و بەڵگەی بەهێز بۆ ئەو ڕۆژەی کە خەڵکە ئازادەکان بەردەم دادگاکان لەم خەڵکە تاوانبارە دەگرن کە دروستکەر و داهێنەری شەڕێکی نەخوازی براکوژین لەم هەرێمەدا.

پارتی وەکو حیزبێکی کۆن و دامەزراو بەهێز لە ڕووی هەواڵگری و پەروەردەکردنی ئەندامەکانیان لەسەر خۆشویستنی بنەمالەی بارزانی و ڕێخستن و میدیاوە لەم ساڵانەی دواییدا، چەندان هەوڵیدا بۆ سڕینەوەی ئەو خیانەتە لە مێژووی خۆیدا لای خەڵکی کوردستان. دیارترینیان هەوڵدان بۆ کردنی بارزانی بە فریادڕەسێکی نەتەوەیی و نوسینەوەی چەندان شیعاری پوچ و بێ بەرهەم بۆ ئەو سەرۆکەیان و باسکردن لە سەربەخۆیی و کۆمەڵێ هەوڵی بێهێزی تر. وە دواترین هەوڵی پارتی بۆ نەهێشتنی ئەم تاوانە لەسەر خۆی بەکارهێنانی کۆمەڵێک نوسەری مەدەنی و قسەخۆش بوون کە خۆیان زۆر هەرزان فرۆشکرد بەم پارتە وەک حەمە سەعید حەسەن بە نوسینی (ئەیجا چیە تالەبانیش خاینە وەک بارزانی) لە کتێبی جەلالی نامەدا .. مەهاباد قەرەداغی بە نوسینی نامەی شەرمن و بێکەڵک بۆ دەزگای بەخشینی خەلاتی نۆبڵی ئاشتی و داواکردنی ئەو خەڵاتە بۆ ئەم پیاوە خائینە.. لە کۆتاییشدا فەرهاد پیرباڵی فەقیر بە ڕیسواکردنی خۆی دوا شەکری خۆی شکاند و مێژووی ئەو شار گەورەیەی کرد بە قوربانی پێڵاوەکانی بارزانی و خیانەتەکەی 31 ی ئاب، ئەو پیاوە زۆر بێشەرمانە ووتی مێژووی هەولێر لە 31 ی ئابی 1996 ەوە دەست پێدەکات.

هەرچەندە تازە هیچ هێزێک نیە بتوانێت ئەو تاوان و خیانەتەی ئەم حیزب و بنەماڵەیە کە بەرامبەر ئەم میللەتە کردیان لەژێر دەستمان دەربهێنێت بۆ بەدادگا گەیاندنیان، بەڵام پارتی و بارزانی هەوڵەکانیان بۆ ئەو مەبەستەی خۆیان کۆتایی پێنەهێنا.

لە سەروبەندی پیربوونی تاڵەبانی و لاوازبوون و بە بنەماڵەکردنی ئەم حیزبەدا بارزانی گۆڵی بەرامبەری لە یەکێتی و تاڵەبانی کرد. واشینگتۆن پۆست دەنوسێت (3000) سەربازی عەرەبی عێراقی بە داوای سەرۆک کۆمار لە سەرۆک وەزیران هێنراونەتە سلێمانی. لێرەدا دووبارەکردنەوەی مێژووی پارتی و بارزانی لەلایەن تاڵەبانییەوە زۆر لەو هەیبەتە کەمەی یەکێتی و تاڵەبانی کەمتر کردەوە لە ناوچەکەدا. وە بارزانی برابەشی خۆشحاڵکرد کە لە خیانەتکردن و هێنانەوەی سەربازە عەرەبەکاندا بۆ وێزەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە تەنها نیە و هاوڕێ شەریکەکەی هەمان کاری دووبارەکردەوە لە سەردەمێکی زۆر نوێ و هەنوکەییدا.
هەموو ئەم هەوڵانە بە قازانجی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا دەشکێتەوە، یەکێتی شکستی وخۆیی و بێدەسەڵاتی بەرامبەر بەو دەڤەرەی ساڵانێکە خۆی تێیدا بالادەستە ڕاگەیاند. وە لە بەرامبەر پارتیدا بە هەمان شێوە سوک و بێبایەخ دەبێت، کە هیچ وەفایەکی بەرامبەر خەڵکێک نیە کە هەمیشە پشتوپەنای بووە لە قەیرانەکاندا.
لە هەمانکاتدا قازانجی خەڵکی ئازادیخواز لە روویەکی ترەوەیە کە پارتی لیزان نەبوو لەم هەولەیدا و کەوتە داوێکەوە کە خۆی بۆ لایەنێکی تری نابۆوە. لەکاتی هێنانەوەی عەسکەری عەرەب بۆ کوردستان خەڵک خیانەتی 31 ی ئابیان بیر دێتەوە و ئازار و برینەکانی خەڵک نوێ دەبنەوە. جارێکی تر ڕووی ئەم دوو حیزبە بەیەکەوە زەردهەڵدەگەڕێن لای جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە