رایەڵ نهێنیەكانى تەقەكردن و هەرەشەكردن لە مقاولەكانى گەرمیان ئاشكرادەكات
Thursday, 13/09/2012, 12:00
تایبەت : بەرایەڵ
بۆ یەكەمجار رایەڵ نهێنى تەقەكردن و هەرەشەكردن لەو بەڵێندەرانە بڵاودەكاتەوە كە لەخانەقین و گەرمیان كارى وەبەرهێنانیان ئەنجامداوە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەرپرسان تۆمەتبار دەكرێت بەوەى داواى شەریكایەتى لەبەڵێندەران دەكەن.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، ژمارەیەك بەرپرسى باڵا چەندین پرۆژەى بازرگانیان لەسنورى گەرمیان هەیە ، ئەمە جگە لەوەى گومان دەكرێت ژمارەیەك پرۆژەى تر هى ئەوان بێت و كرابێت بەناوى خەڵكى ترەوە تا ئاشكرا نەبن.
دەستوەردانى بەرپرسان لەپرۆژەى بازرگانى لەكاتێكدایە تەقە لە بەڵێندەرێك كراوە و هەڕەشە لەبەلێندەرێكى تریش كراوە، ئەمەش گومانى دروستكردووە كە خەڵكى ئاسایشى هیچ كارى بە تەقەكردن و هەڕەشەكردن نیە لەبەڵێندەر.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى ڕاگەیاند"لە خانەقین تەقەكراوە لە هەردى شێخ تەیب كە بەڵێندەرێكە و پرۆژەیەكى گەورە لەو قەزایە ئەنجام دەدات كە پرۆژەى خانووبەرەیە".
بەوتەى سەرچاوەكە، تەقەكردن لەو بەڵێندەرە لەكاتێكدایە پێشتر داواى شەریكى لێكراوە بەڵام رازى نەبووە، هەروەها شەش سەد دەفتەر دۆلاریشى وەكو قازانج پێدراوە تا دەست لەپرۆژەكە هەڵبگرێت بەڵام بەمەش رازى نەبووە.
سەرچاوەكە، وتى"دواتر هەردى كە ماڵى لەسلێمانى یە رۆیشتووە بۆ سەردانى پرۆژەكەى لەخانەقین ، بەڵام تەقەى لێكراوە و تەقەكەرەكانیش نەدۆزراونەتەوە لەكاتێكدا بەرۆژى نیوەرۆ تەقەیان لێكردووە".
لەلایەكى ترەوە ئەحمەدى ڕووناكى كە خاوەنى كۆمپانیاى رووناكى یەو پرۆژەى گوندى ئەڵمانى لەبەردەسور ئەنجامداوە، بەدەیان نامەى هەڕەشە ئامێزى لەڕێگەى موبایلەوە بۆ نێردراوە.
لەیەكێك لەو نامانەدا كە بۆ ئەحمەدى ڕووناكى نێردراوە، نوسراوە"گەر سبەى بێیت بۆ كەلار دەتكوژین".
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، ئەحمەدى ڕووناكى لەدادگا سكاڵاى لەسەر ئەو ژمارانە تۆمار كردووە كە هەرەشەیان لێكراوە، بەڵام ژمارەكان علوج بوون بۆیە سكاڵاكان ئەنجامیان نەبووە.
دەربارەى تەقەكردن و هەرەشەكردن لێیان رایەڵ پەیوەندیكرد بە ئەحمەدى ڕووناكى و هەردى شێخ تەیب ، بەڵام موبایلەكانیان داخرابوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست