بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە


کاتێک کە ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەچێتە ژێر پرسیار؟

Friday, 05/09/2014, 12:00


ئێمە رۆژانە لە رووپەڕی بابەتەکاندا رووی قسەمان لە سەر دەسەڵاتی بێ دەسەڵاتی باشووری کوردستانە. بێ گومان رەخنەکانمان ئەگەر تووندیش بن (چەکوشانە) لە جێگای خۆیدایە. چون دەسەڵاتێک بۆ بژیوی رۆژانەی پێشمەرگە دەستی گەدایی بۆ بەغدا درێژ بکا یا زەخت بخاتە سەر شانی ژیانی خەڵکی هەژار، ئەو دەسەڵاتە نە هی خەڵکە، نەهی کردستانە و نە دەسەڵاتێکی رزگاریخوازو رزگاریدەرە.
مەسعود بارزانی لەبەر هەناردە کردنی نەفت ولەبەر دڵی ئیسلام فاشیست وکورد کوژی تورکەکان فەرمووی:ئەو شەڕي ، شەڕی ئێمە نییە وئێمەش نایکەین! دیتمان خەریک بوو شەڕ بگاتە بەردەرگای ماڵی خۆیان کە ئەربابەکانیان فریایان کەوتن. ئەو جووتە دیکتاتۆڕە لەوەتی هەن بوونەتە مایەی نەکبەتی و بێبەختی نەتەوەی کورد کە زۆر جارانیش کوردی رۆژهەڵاتیشیان بە خۆیانەوە سووتاندووە. (لە کاتی خۆیدا نیوەی چەکی سەربازگەکانی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵات بە دەستی چەکدارەکانی تاڵە بانی تاڵان کرا! ئەوەش دوای چاکەکردن کە، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی چۆن زنجیر کردوە!).
ئەو رۆژانە دوو بابەت لە رۆژەودایە،بەیانی زوو کە بارزانی کەواوپاتٶڵی کردەبەری مێزەرەسوورەکەی لەسەر ناو هاتە سەر تەختی شێغوڵامی تەنیا ئەو فەرمایشتەی پێیە کە دەڵێ: چەکی قورسمان بدەنێ بۆخۆمان پێشمەرگەمان هەیە شەڕ بکا.! (هەتا دوێنێش دەیگوت ئەو شەڕە شەڕەی ئێمە نیە!). بابەتی دووهەم ،ئەو دەهٶڵوزوڕنایەیە کە بۆ کوڕەهەژارە کانیان تووڕاندووە و لەسەر ناوی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا بە کوشتیان دەدەن.
هەتا دوینێ هەر وڵاتانی رۆژئاواو ئامریکا بون کە لە نیوەرێی مێژوودا بە جێیان دەهێشتین پرسی کوردیان بەو ئاستە گەیاندووە . بەڵام لەوسەردەمەدا ترسی / داعش / وای لێکردون کە لە کۆبونەوە کانی بە خێرای پارڵمانەکانیانداوشەی / پێشمەرگەیان / لەسەرزار ناکەوێ. ناتۆ ئەو سیستمەیە کە وەک / چەکوشی / مەرگ لە هەر کوێی ئەو جیهانە مەترسی بۆ بەرژەوەندیەکانیان دروست ببێ هێرشی دەکەنە سەر.لەو شەیتانە بازاڕەدا بێبەختی کورد بە تایبەت لە باشور ئە وەیە کە تووشی دامودەزگایەکی گەندەڵ و فشەکار بووە، تووشی بە دوو پیاوی گێل وخۆپەرست بووە، دەبێ منداڵی بێ تاوانی کورد باجەکەی بدا.کۆمەڵگای ناهوشیاری کورد دەبێ نەهامەتی بکێشێ. ئەو بارو دۆخە چەند ساڵی دیکە دەخایینێ کەس نازانێ. گوتیان ئەو بەشە لەوڵات رزگار بووە. بەڵام دەبینین کە دوو جار داگیر کراوە. جارێک دەسەڵاتی خۆماڵی. جارێکیش پڕە لە جڕوجانەوەری بیانی.
بزوتنەوەی گۆڕان دەتگوت خەنی بووە کە بەرپرسایەتی،، وەزارەتی پێشمەرگەیان ،، پێداون.پێیان وابوو ئەگەر هێزی / چەک / بکەوێتە دەستی وان ساف لە ساف دەسەڵات لە چەنگ هەولێرو سڵیمانی دەردێنن. ئێستێ دەرکەوت کە ئەو وەزاڕەتە خاوەنی ئەو هێزە ئابوریە نییە کە ئەوان توورەکەیان بۆ هەڵبەستبوو.مەلا بەختیار هێزی تایبەی بە خۆی هەیە، کۆسرەت رەسوڵ هێزی تایبەت بە خۆی هەیە، تەنانەت کوردکوژێکی وەک م، سەنگاویش فەرماندەی هێزی خۆیەتی، لە بنە ماڵەی بارزانیش گەڕێ کە فازل میرانی دەڵێ: ٣٠تا٤٠ هزار فیدایی هی بنە ماڵەی بارزانین.باشە ئەگەر هاتوو یارمەتی وچەکی قورس نەدرابا بۆ ئەو شەڕە تەکلیفی ئەو خەڵکە هەژارە چۆن دەبووە؟ ئەو بابەتە دەبوو بکەوێتە سەر شانی پارڵمانتاری بوێر کە بیکاتە رۆژەوەی کاری پارڵمان خۆ ناکرێ تا مەترسییەک وڵات لە خەتەر باوێ سوڵ وسەدەقەی سیاسی و پارە دەست پێبکا.
لە پارڵمانی بریتانیا داوالەو کوردانەی کە پێناسەی ئەو وڵاتەیان هەیە کراوە، کە نەچنەوە بۆ باشووری وڵات بۆ شەڕ لە دژی داعش!! ئەوانە نیگەرانی کورد نین. بەدرۆ ناوی پێشمەرگە بەکار دێنن. دەڵێن کەسێک شەڕی چەکاداری بکا وبگەڕێتەوە بریتانیا مەترسی هەیە بۆ کۆمەڵگا ودەوڵەتی بریتانیا، لەوەش بتڕازێ گومانیان هەیە لەو کوردانەی کە لەوێن چەند کەسیان دەچێتە ریزی داعش و پاشێن دەگەڕێتەوە بریتانیا.
ئەو بارودۆخەی باشور چی بەسەردێ؟
ئەو سیستمە گەندەڵە بە تەنیا شەڕی داعشی پێ ناکرێ، بە تەنیا هیچ سیاسەتێکی نییە بۆ بە هێزکردنی ئابووری وڵات، کۆمەڵگای پێ بەڕێوە ناچێ،ناشبێ لەدەوری خۆیان دیوار راکێشن وتەریدە بن. چارەمان بەرەو کوێ دەڕوا؟ بەڵگەی سەرەکی بۆ ئەو پرسیارانە دەبێ کۆمەڵگای وشیار، جوابی بداتەوە. (کۆمەڵگای وشیار پەیامێکیشە بۆ رۆژهەڵاتی وڵات). کۆمەڵگایەک کە بتوانێ کەڵک لەوزەوتوانی نوێ وە ربگرێ بە دوور لەوهێزە کۆنەپەرستانەی کە ئێستێ بۆ نەتە دۆڵپا لەسەر خەڵک. کەسانی شارەزاو نیشتمان پەروەر کەم نین لە باشوورکە لەژێر زەختی دیکتاتۆڕی خۆماڵیدا گۆشەگیرکراون. لەوەش بترازێ پێشمەرگەش نابێ وەکی ئامراز چاو لە خۆی بکا. ئەگەر بۆ رزگاری نیشتمانەکەی گیانی خۆی فیدا دەکا دەبێ نوێنەریان راستەو خۆیان لە پارڵمان بڕیاری بە قووە ت بدالەسەر بارودۆخی ئەو شەڕي. (کا هەڵگورد وتەوێژی دەسەڵاتە نەک هی پێشمەرگە).
ئێمە نابێ چیدی فریوی درۆ ودەلەسەکانی دەسەڵات بخۆین. پێمان خۆش بێ یا ناخۆش شەڕی باکوری کوردستان ورۆژئاوا ئەزمونێکی باشی مێژووییە بۆ رزگاری هەموو نەتەوەکەمان.لە جیاتی دەستی گەدایی بۆ نەیارە کۆنەکانی مێژوومان درێژ کەین. با یارمەتی لە هاۆرەگەزی خۆمان وەرگرین بێ گومان ئەو کات هەموو دونیا حیسابێکی دیکەمان بۆ دەکاتەوە. لە هەندەرانیش رووناکبیرو نوسەرو خوێندکاروشارەزای باشمان هەیە کە دەتوانن بەرپرسایەتی مێژوویی خۆیان بە جێ بێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە