هەگبە ڕەشەكەی بروسك نهێنی زۆری تێدایە
Sunday, 13/12/2009, 12:00
دوای ڕاپەرینی بەهاری 1991 و كۆڕەوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەرەو سنوورەكانی دەرەوە . بێگۆمان باری دەروونی و گوزەرانی ژیانی خەڵكی بەگشتی زۆر خراب بوو . بنەماڵەی بروسك (یۆڵدرم) یەكێك بوو لەو خێزانە ئاوارانەی كە بەرەو سنووری توركیا هەڵاتن . لەبەر خراپی گوزەرانی ژیانیان ڕوویان لە كۆمەڵگای دەركار عەجەم كرد و لەوێ مانەوە تا هێرشی سەربازی سوپای توركیا بۆ ئەو ناوچەیە لە ئازاری 1995. من بەهۆی نزیكی كارەكەم لەو ناوچەیەدا ئاگاداری بارودۆخەكە بووم . سەعید عەبدوڵا فەرماندەی كەرتی تایبەتی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەردەوام پشتگیری مادی خێزانە هەژارەكان و تەنانەت قوتابخانەكانی دەركاری دەكرد تەنها سەرچاوەش بوو بۆ دابین كردنی كەم وكوڕی قوتابخانەكەمان , مامۆستایان و خەڵكی ناوچەكە شایەد حاڵی ئەو هەڵوێستەی سەعید عەبدوڵان . پاشان سەعید (بروسك) ی لە هێزەكەی خۆی وەكو پێشمەرگەیەك دامەزراند . من رۆژانە لە دەركار بروسكم بەچەكی بی كەی سی وە ئەدی , جگەلەوەش برا بچووكەكەی قوتابی بوو لای ئێمە جارو بار دایكی دەهاتە ئیدارە باسی هەژاری و كەم دەرامەتی بۆ دەكردین تەنانەت كچەكانشیی لەزاخۆ دا بەشوو . برایەكی بروسك لە نانەواخانەی زاخۆ كاری ئەكرد . یارمەتی ئازووقەیان لە مانگی سووری توركیا وەردەگرت كە میت سەرپەرشتی دەكرد . پاش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەركار عەجەم بوو بە قەڵایەكی بەهێزی یەكێتی , لە ڕێگای بنەماڵەی سادق سندی پەیوەندی نێوان یەكێتی و پەكەكە گەشەی سەندبوو , چالاكی پەكەكەش لەو كاتەدا لە ناوچەی زاخۆ و دەركار زۆر بەهێز بوو , ژمارەیەكی زۆری بارەگا و بنكەی چەكداریان هەبوو جگەلەوەش دەیان خێزانی پەكەكە لەناو زاخۆ و دەوروبەری نیشتەجێ بوون , بەئاشكرا چالاكی سیاسی و چەكدارییان لەناو زاخۆدا ئەنجام ئەدا بەشێوەیەك پارتی كۆنترۆلی زاخۆی لەدەستدا بوو چونكە زۆربەی ئامر هێزەكانی پارتی بەهۆی بازرگانی چەك فرۆشتنەوە لەگەڵ پەكەكە دەستیان تێكەڵ بوو وەكو ئەوانەی (یۆلدرم, بروسك) باسی لێوەكرد و ناویانی برد ..., شەوێكیان هێرش كرایە سەر هەر دوو بارەگای میت و بەرەی توركمانی . بۆ رۆژی دوایی لە دەركار بروسكم بینی ووتی ئەم شەو خرابمان بەسەر توركەكان هێنا . لە دوای تەقینەوەكەی شاری زاخۆ لە 27 ی شوباتی 95 پاش سێ هەفتە لە شەوی 19 ئازاری 1995دا توركیا بە هێزێكی سەربازی فراوان بەیاوەری وتۆپ و تانك و كۆپتەرەوە لە ناو زاخۆ و گوندەكانی سنوورە وە هێریشێكی بەر بڵاوی هێنایە سەر دەركارعەجەم و گوندەكانی بەرواری پاشان كەوتە ڕادونانی هێزەكانی یەكێتی و پەكەكە . قوتابخانەكەی ئێمە بووە بنكەی سوپای هێرشبەری توركیا هۆڵی قوتابخانەكە بوو بە زیندانی ئەوانەی دەستگیردەكران , سەعید و چەكدارەكانی بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتن , بەڵام بروسك كەوتە دەستی هێزەكانی توركیا ئەندامەكانی پارتی هاوكاری میت و سەربازەكانی توركیایان دەكرد ماڵ بەماڵی دەركاریان پشكنیی بروسك كەوتە دەستی جەندەرمەكان و زۆر ئەشكەنجەیان دا . پاشان دایكی هات بەزمانی توركی فەرماندەی سوپای توركیای وا تێگەیاند كە ئەمان توركمانی كەركووكن هیچ پەیوەندیەكیان بە یەكێتی وە نییە . ئێستا كوڕی من ئامادەیە لەگەڵ ئێوەدا كار بكات تكایە ئێمە بۆ توركیا بەرن لەم حاڵەتە ڕزگارمان بكەن . پاش چەند رۆژێك بە كۆپتەر ماڵی بروسك و چەند كەسێكی كەركوكی دیكەش گەیانرانە ناو سلۆپی ئیتر لەو كاتەوە بروسك وەكو سەربازێكی میت كاری بۆ توركەكان كرد . دواتر ژنی هێنا ولەگەڵ خۆی لە خاڵی پشكنینی خابوور پێكەوە كاریان دەكرد . ئیتر بروسك وەكو ژیتەمێك یا سیخورێك لەو خاڵەی سنوور هەرچی كەسی بناسیایە لە یەكێتی و پەكەكە تەنانەت لە پارتیش بە تۆمەتی هاوكاری كردن لەگەڵ پەكەكە دەیدایە دەستی میت , بۆیە پارتیەكانیش چونكە وەختی خۆی دایانە دەستەوە . لەساڵی 97 لەكاتی گەڕانەوەم لە كوردستان بەرەو ئەڵمانیا بروسك تووشی كێشەیەكی گەورەی كردم , لە خاڵی پشكنین بروسكم بینی كەوتینە قسەو باس بروسك ووتی كاك .. ..پاسەپۆرتەكەت وێنەی خۆتە بەڵام ناوەكەت گۆڕیوە منیش ووتم بەڵی ناوەكەم گۆڕیوە , بەڵام ئەو پێشتر ئەفسەری میتی تێگەیاندبوو , ئەفسەرەكە هاتەلام ووتی تۆ ناوت گۆڕیوە بۆچی ؟ منیش ئینكارم كرد ووتم ئەوە ناوی خۆمە , هەروەها بەدرۆ ووتی ئێمە ئەزانین لە ئەڵمانیا چالاكی ئەنجام ئەدەیت . هەر ووتم نەخێر . ئیتر منی ڕەوانەی ئەمنیەت كردو لەویش پاسەپۆرتەكەی كۆپی كردو ووتی تۆ دەگەڕێتەوە زاخۆ یەك هەفتەی دیكە وەرەوە ئەگەر ناوت هەبوو ئەوا لێرەوە سەفەر ناكەیت . ناچار گەڕامەوە بەڵام لەسەر پردی ئیبراهیم خەلیل مولازم محەمەدی ئاسایشی پارتی بۆم ڕاوەستابوو پاسەپۆرتەكەی لەمن وەرگرت پاش پێنج رۆژ لە كێشەو بەرەی ئاسایش و لیژنەی ئەمنی بە هەزار واستەی هاوڕێیەكی پارتی ئینجا پاسەپۆرتەكەم وەرگرتەوە , دواتر گەڕامەوە توركیا هێچم لەسەر نەبوو ڕزگارم بوو . ئیتر ڕۆژانە ئەمە كاری بروسك بوو . ناوی بروسك بووە بنێشتی سەر زاری هەموو كەسێكی ڕاكردوو وەكو ژیتەمێك لەسەر پردەكە ڕاوەستابوو . دەیان گەنجی كوردستان لەپەڕینەوەی سنوور لە ترسی بروسك ڕێگەی نا ئاساییان گرتەبەر لە ڕێگادا دەكەوتنە بۆسەی جەندرمەكان و گوللەباران دەكران پاشان بە شێوەیەكی نامرۆڤانە لاشەكانیشیان بە حەربە و بلۆك دەشوێنران یا دەسووتێنران . چەندین لاشەی ئەو گەنجانەم لە نەخۆشخانەی زاخۆ دەبینی . لە رێی كۆمیتەوە پەیوەندیمان بە كۆمیتەكانی ناوچەی گەرمیان و سلێمانی دەكرد بۆ ئاگادار كردنەوەی كەسوكاریان .
بێگومان ئاشكرایە دەزگای ئاژانسی هەواڵگری وەكو میت و موخابەرات و سی ئای ئەی سەرچاوەی سەرەكیین بۆ پێگەیاندنی كەسانی خوێنمژ و دیكتاتۆر بۆ پاراستنی ڕژێم و دەسەڵات هەروەها تێكدانی باری ئاسایش , چونكە ئەو دەزگایە دەتوانێت گۆڕانكاری لە وڵات ئەنجام بدات . هاوكات دەتوانێت ئەمن ئاسایشی وڵاتانی دەوروبەریش بشێوێنێت هەروەكو ئەمڕۆ لە تێكدانی بارودۆخی عێراق دەبینین , بۆیە كاركردنی بروسك (یۆڵدرم) لە دەزگایەكی وا گرنگدا بۆ ماوەی 14 ساڵ هەرگیز هەگبەیەكی گەورەی پڕ لە زانیاری و نهێنی تایبەتی لایە . ئەو قسانەی بروسك دەیكات هەرچەند سەرچاوەیەكی زانستی بۆ راستی ووتەكانی نییە بەڵام زۆربەی ڕاستن . ئەگەر بروسك دەستێكی نووسینی هەبایە هەموو یاداشتەكانی بەكات و ساتی خۆی لە دەفتەرێكی یادەوەریدا تۆمار بكردایە ئەوا زیاتر متمانە بەقسەكانی دەكرا .چونكە ئەوەی بروسك ئەمڕۆ بە هەڕەمەكی ئاشكرای دەكات تەنها ئەوانەن كە لە بیری ماون . شێوەی قسەكانی زارەكییە بێ ئەوەی خۆی بۆ وەڵامی پرسیارێك ئامادە كردبێت یا زیاتر بیری لێی بكاتەوە , جگە لەوەش ئەو كەسەی چاوپێكەوتنەكەش ئەنجام ئەدات بەداخەوە كەسێكی شارەزاو پڕۆفیشناڵ نییە زانیاری لەسەر ناوچەی بادینان و لێپرسراوانی پارتی نییە پرسیارەكانیشی پێشتر ئامادە نەكراون بۆیە دەبینین زۆر جار ووشەكان دوبارە دەكاتەوە شتەكان لەبیری بروسك دەباتەوە , بروسك لەبەشی یەكەمدا باسی تەقینەوەكەی زاخۆی كرد و دوو تاوانباری ئەو پەلامارە قێزەونەی ئاشكرا كرد , بەڵام پێم سەیر بوو بروسك جگە لەو دوو تاوانبارە ناوی ئەبو عەنتەری نەهێنا كە بەرپرسی پاراستنی پارتی بوو لەو سەردەمەدا دەستی تەواوی لەگەڵ میتی توركی هەبوو , ئایا ڕۆڵی دەزگای پاراستن لەو كردەوەیە چی بوو , چونكە هەر دوای كارەساتەكە زۆری نەخایاند ڕەوانەی ئەو لێپرسراوە ڕەوانەی هوڵەندا كرا پاشان لەوێش بەرەو وڵاتێكی دیكە هەڵات . ئاشكرا كردنی تاوانباران مایەی خۆشحاڵی كەسو كاری قوربانیانە چونكە رۆژێك دێت پەردە لەسەر نهێنی ئەو مەرگەساتە هەڵدەماڵرێ و تاوانباران سزای ڕەوای دادگا وەردەگرن , پارتی كاتی خۆی تاوانەكەی خستە ئەستۆی كاك كۆسرەت بەڵام كەس وكاری شەهیدان هەرگیز بڕوایان بەو ڕاگەیاندنەی پارتی نەبوو . شانۆگەریەی ڕاگەیاندنی پارتی ئەوەبوو كەسێكیان بەناوی ئەحمەد ساڵح هێنایە سەر تەلەفزیۆن و سیناریۆیەكیان بۆ داڕشتبوو گوایە بەسەرپەرشتی كاك كۆسرەت لەماڵی سەعید عەبدوڵا ئەو ئۆتومبیلە مینڕێژ كراوە . ئیتر كەس سزای ئەو تاوانبارەی نەبینی . بازاری چەك فرۆشتنی زاخۆ ئامانجی سەرەكی میت بوو چونكە ئەو شوێنە بەهۆی بازرگانەكانی پارتیەوە چەك ڕەوانەی پەكەكە دەكرا بێگومان ئەو بازارە لەبەرژەوەندی توركیادا نەبوو .. لە بەشێكی دیكەدا بروسك باسی ئاودیوكردنی دەیان ملیۆن دۆلاری داهاتی كوردستان دەكات , ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە و راستن . بەداخەوە هۆكاری سەرەكی شەڕی ناوخۆش هەر ئەو داهاتەی ئیبراهیم خەلیل بوو كە رۆژانە دە ملیۆن دۆلاری واردات بوو , كوردی نەگبەتیش رۆژانە لە بەرەكانی شەڕدا دەیان ڕۆڵەی قارەمانی دەكوژران لە ژێرەوەش سامانەكەی ئاو دیوی توركیا دەكران . ئیتر پارتی ئەو هەڵەی قۆستەوە و نەی هێشتووە جارێكی تر یەكێتی لەو ناوچەیەدا خۆی سەقامگیر بكات , بە ئێستاشەوە یەكێتی ناتوانێت تەنانەت چالاكی سیاسیش لە ناوچەی بادینان ئەنجام بدات ئەوەی هەیە تەنها دیكۆرە . هەموو ئەو كارەساتەی بەسەر یەكێتی لەو ناوچەیە هاتووە دەر ئەنجامی هەڵەی یەكێتی خۆی بووە چونكە لە پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆدا ناوچەی بادینانی پشتگوێ خستبوو بایەخی بە هێزی چەكداری خۆی نەدەدا كە سەدان پێشمەرگەی لێبوو بەپێچەوانەوە چەند رۆژێك پێش دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆ هەموو هێز و سەركردەكانی وەكو شەهید كوێستانی و وەستا سابیر و شەهید رێباز و بارانی ئاسایش و پێشمەرگەكانی ئیدارەی سەركردایەتی سەر رێگەی ئیبراهیم خەلیل هەمووی بەرەو هەوڵێر كشاندەوە . یەكێتی دەیتوانی لە ڕووی چەكداریەوە كۆنترۆڵی زاخۆی بكردایە چونكە هێزێكی زۆری لێبوو پەكەكەش چاكترین پشتیوانی بوون . پارتی هەروا بەئاسانی نەیدەتوانی دەست بەسەر داهاتی ئیبراهیم خەلیل بگرێت و درێژە بە شەڕی ناوخۆ بدات یا ناوچەكە لە هێزەكانی یەكێتی پاك بكاتەوە . ئەمە بووە پەندێك هەتا هەتایە پارتی بیری لێبكاتەوە چونكە دەزانێت دەروازەی ئیبراهیم خەلیل سەرچاوەی سەرەكی دارایی شەڕ و دوا رۆژێتی . تا ئێرە ڕادەوەستین چاوەڕێی كۆتایی بەشی دەیەمی هەگبەكەی یۆلدرەم دەكەین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست