بۆچی خوێنی کورد وا بێ بەهایە
Monday, 24/03/2014, 12:00
1816 بینراوە
لەم ماوەیەدا دوو ڕۆژنامەنووس گیانیان لە دەستدا، یەکێ کورد یەکێ عەرەب، یەکێ بە پلان وپیلان وئەویتریش بە قەزاوقەدەر بەڵام هەردووکی بە دەستی کورد، کاوە گەرمیانی ومحەمەدبدێوی، کوشتن وتیرۆر کارەساتە، کارێکی قێزەون ونەفرەتلێکراوە، بەڵام ئەوی یەکەم خەریکە پەردەی بەسەردا دادەپۆشرێت وفەرامۆش دەکرێت ئەوەی دووەمیش هەموو عیراقی ورووژاندووە نەک تەنها داوای خوێن بەخوێن دەکەن کە یاسای جەنگەڵستانە ودوورە لە شارستانییەوە بەڵکوو زۆر دەنگی شۆفینی دوژمنانە دژ بە هەموو کورد بەرز بۆتەوە وداوای تۆڵە وکوردقڕان دەکەن. بەڵام ئەمە عیراقە وبە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییە باسی شارستانییەت بکەین.
ئەوەی جێی داخە ولەناخەوە بریندارمان دەکات یەکێتی نیشتمانی کە تۆمەتباری کوشتنی کاوە بوو زۆر بە ساردی وبێبایەخی وزۆر بە غرووریشەوە لەو کێسەی دەڕوانی ومامەڵە وڕەفتاری لە گەڵدا دەکرد، بەڵام لە کوشتنی محەمەد بدێوی کە عەرەبە زۆر بایەخی پێدەدات ودەنگی ئەوە هەیە کە هێرۆخان دەچێتە ماڵی کوژراوەکە وسەرەخۆشی لە کەس وکاری دەکات. نازانم بۆچی خوێنی کورد وا بێبەهایە، بۆچی لێرە وا ولەوێ وا؟ بانێکە ودووهەوا.
دەسەڵاتدارانی کورد بەرپرسن لەو جۆرە هەڵانە وبۆیەش دوژمنان وا بە چاوی سووک سەیرمان دەکەن. ئەمە یەکەمین ودوایەمین کوژراو نییە لە عیراقدا عیراقەکەی سەددام ودوای سەددام، دەیەها رۆژنامەنووس وکەسایەتی ناودار بە ڕۆژی ڕووناک تیرۆر کراون وکەس باسی خوێن بەخوێنی نەکردووە، بۆچی ئێستا؟ چونکە تۆمەتبارەکە کوردە. هێزێک بۆ پاراستنی سەرۆکی عیراق کە کوردە ڕەوایە بەڵام سەرۆک ئەمە ساڵێ زیاترە لەوێ نییە وجارێکیتر ناگەڕێتەوە ئەوێ بۆچی لە بەغدا ماونەتەوە؟ بۆ پاراستنی مالکی وئەمن وئاسایشی بەغدا؟ بە دووریشی نازانم فەرامۆش کرابن.
ئەم ڕووداوە نەخوازیارە زەنگێکی هوشیاری وترسناکە بۆ کورد ئەوەمان پێڕادەگەیەنێت کە ئەم وڵاتەی بە ناوی عیراق وڵاتی ئێمە نییە ونەک تەنها هیچ پەیوەندییەک نامانبەستێتەوە بەڵکوو بەشێکی زۆری تینووی خوێنی کوردە ووەکوو گورگی برسی چاوەڕێی هەل دەکەن. بۆیە زۆر گرنگە بیر لە ئایندەمان بکەینەوە.