نامەیەکی کراوە بۆ کەسوکار و برای شەهید کاوە
Tuesday, 17/12/2013, 12:00
1861 بینراوە
وێرای سڵاو :
دوێنێ پیاوە دووڕ ووەکەی هەرێم، ئەو سەرۆکە لەخوێن هەڵکێشراوەی بنەمالەی بارزانی، لەگەڵ قونسوڵی ئەمەریکا لەسەر کورسیە کات بەسەر چۆکەی هەڵنشتبوو خۆی وانیشان دەدە کە پەپولەیەکە و لەتاو نیشتمان و خەڵک ئارامی نییە و دەیەوێت بەدەوری شەمعی خۆشەویستیدا بۆ خەڵکی باشور پەڕوباڵی بسوتێنێت. کاتێک قونسوڵ دەڵێ: بۆ کاوەتان کوشت ؟ تۆ چۆن سەرۆکێکی قسە ناکەیت ؟ ئەمە چ شێوە دیمکراتیەکە ئێوە پەیڕەوی دەکەن ؟ ئەمە ئەم تیرۆر و ڕەشيکوژییە چییە دەیکەن و حورمەتان بۆ تاکی خۆتان نییە، لە تاودا مەسعود لاڵ دەبێت، ئاخر ئەو بەدرێژایی ٦٦ ساڵ ژیانی سەدان تاوانی وا گەورەو بچوکی ئەنجام داوە، ئەوە شانسی کاوە و سەردەشت و سۆرانە، کە لە دنیایەکی دیگیتاڵدا دەژین و ناتوانن ئەم تاوانانە دیزە بەخۆنە بکەن و زوو لەڕێگەی ئەو پەیوەندییە چڕەوە لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوە هەواڵ و تاوانەکانی کە دەیکەن بەزووترین کات بڵاو دەبێتەوە، دەنا ئێستاش تاقمان نەمابوو، بۆیە مەسعود هەر کە قسە دەکات یەکسەر دەڵێ پێشمەرگایەتی، ڕۆژە جوانەکانی کە تاوانمان لەپێشتی پەردەوە ئەنجام دەدا و کەس نەیدەزانی ئەوەی ئەنجامیشی دەدا بۆمان گەر تۆزێ شکمان لێی بکردایە ئەوە دڵیمان لە لێدان دەخست. ئەمڕۆ چونکە تیرۆری کاوە گەرمیانی ڕاستەو خۆ بەدەستی بنەماڵەی مەلامستەفا نەکراوە، دەیەوێت خۆی جوان بکات و داواتان لێدەکات کە بچن بۆ لای و لەوێ لەبەر جوانی ئێوەدا دزێوی خۆی بشارێتەوە و تاوانەکانی داپۆشێت. ئەی کە ڕاست دەکەیت بۆ داوا لەماڵی شەهید سەردەشت ناکەیت بێن بۆلات ، یان بچیت بۆلایان، بیرتانە لە ڕۆژەکانی ١٧ی شوباتدا چۆن مەسعود بارزانی قسەی لەگەڵ حاجی عەلی باوکی شەهید ڕێژواندا دەکرد؟ چۆن گفتی دەدایە و ڕێژوانی بە کوڕی خۆی دەزانی دوایی، کە ١٧ی شوبات سەرکوت کرا بێزی نەهات باوکی ڕێژوان ببینێت، لێرەوەیە ئەم نامەیەتان ئاراستە دەکەم: گەر دەتانەوێت کاوە بەنەمریی و سەربەستی ژیان بکات تکایە کاوەمان لێمەسەنەوە، کاوە ڕاستە برا و کوڕی ئێوە بووە، بەڵام دوای تیرۆرکردنی ئیتر بووە کوڕی ئەم گەلە و گەل ئەگەر ڕێزی هەبێت دەبێت حورمەت بۆ قوربانییەکان دانێت، چونە لای مەسعود بارزانی کوشتنی کاوەیە جارێکی تر، لەگەڵ چوونتان بۆ لای مەسعود ئاوکردنە بە ئاگری گڕی شەهید بوونی کاوەدا. توخاتری ئەنفال، بۆخاتری کاوە، بۆخاتری کۆرپە کەی کاوە، کارێک مەکەن کاوە ئازار بدەن، گەر بشچن هیچ ناچنەوە تەنها ئەوە نەبێت کە وێنەیەکتان دەگرن و کۆمەڵێک پەیمانی درۆینەتان پێدەدەن و ناشرینی خۆیان لەبەجوانی و جوامێری ئێوە دەشارنەوە.
شادو ئازادبن