کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


له‌ژێر سه‌رکردایه‌تی سه‌رمایه‌دارانی سیاسه‌ت له‌ کوردستان، چوون بۆ هه‌ڵبژاردن خیانه‌ته‌

Saturday, 27/07/2013, 12:00

2024 بینراوە








سه‌رمایه‌دارانی سیاسه‌ت له‌ کوردستان، سه‌به‌ته‌ هێلکه‌ی سیاسه‌ته‌ پیسه‌کانیان هه‌ر جاره‌ی به‌ ره‌نگێک بۆیه‌ده‌که‌ن و به‌ دایکی شه‌هیدان و باوکی بێچاره‌ی خێزان ئه‌نفالکراوی ده‌فرۆشن، هێلکه‌کانیان لێمه‌کڕن دڵنیا بن بۆگه‌ن ده‌کا و له‌گه‌ڵیدا خۆشیان ناچار ده‌بن که‌ خۆیان وونکه‌ن.
دایه‌ گیان، چاوم لێبوو (هاورێ جه‌بار) وه‌ک هه‌لۆیه‌ک به‌رزه‌ فڕ له‌سه‌ر لوتکه‌ی پیره‌مه‌گروونه‌وه‌ بۆ به‌رزتری ده‌روانی، بۆ ئاڵای کوردستانی ده‌ڕوانی، بۆیه‌ زۆر به‌ سانایی، به‌ خه‌نده‌ و به‌ عه‌شقه‌وه‌ به‌ره‌و پیری مه‌رگ چوو، ئه‌و ده‌ستی له‌ملی ئازادی کوردستاندا بوو کاتێ جه‌سته‌ بێگیانه‌که‌ی که‌وته‌ سه‌ر خاکی کوردستانه‌که‌ی، هاورێ حسه‌ین له‌ رۆژهه‌ڵات، له‌ داوێنی چیای ئاویه‌را، دستی خسته‌ ناو سنگی خۆیه‌وه‌ و خۆشه‌ویسترین ئه‌ندامی له‌شی، که‌ دڵی بوو، چیژوانی وێنه‌ی دڵبه‌ره‌که‌ی بوو، ده‌ریهێنا و به‌خشی به‌ ئازادی کوردستانه‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌فسوس، ئه‌ی دایه‌ گیان، ئه‌ی بابه‌ گیان، سه‌رمایه‌دارانی سیاسه‌ت هه‌رجاره‌ی به‌ ره‌نگێک هێلکه‌ی سیاسه‌تمان پێده‌فرۆشن، زۆرجاران، به‌ ئاڵای کوردستان ده‌یپێچنه‌وه‌، لیان مه‌کڕن ئه‌وان ئێستا سه‌رگه‌رمی شانۆگه‌ری سواوی هه‌ڵبژاردنن له‌ باشووری بریندای ووڵاته‌که‌ماندا، که‌ له‌ژێر سمی پای سه‌رمایه‌دارانی سیاسه‌تدا ده‌ناڵینی و دڵی هاکه‌ ته‌قیه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌م سمانه‌ سمی دوژمن نین، سمی رۆله‌کانی خۆین، که‌ له‌سمی دوژمنانی به‌ ئازارترن . ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌ناوی تۆ و شه‌هیده‌که‌ی کوڕته‌وه کۆمه‌ڵێک، بکه‌نه‌ خاوه‌ن وه‌نه‌وشه‌ و باخ له‌ سیته‌ک و له‌ مێرگه‌ پان، به‌ر له‌وه‌ی زووڕنای هه‌ڵبژاردن، بیزارت کا، ‌ به‌رله‌وه‌ی به‌ تریاکی به‌رنامه‌ی که‌ناڵه‌کانیان، چاوی هۆشت ببه‌ن، بوه‌سته‌ ئاوڕێک به‌ره‌وه‌، بزانه‌ خوێنی شه‌هیدی کوڕت، خوێنی هاوڕی جه‌بار، خوێنی هاورێ حسه‌ین، ئه‌وه‌نده‌ هه‌رزان بوون؟ بوه‌سته‌ سه‌رت به‌رز بگره‌ به‌رامبه‌ریان و بۆ چه‌ند هه‌زار دینارێک، خۆت مه‌که‌ گاڵته‌جاڕی، په‌رله‌مانه‌که‌یان، که‌ ژیر پرده‌که‌ی سلێمانی زۆر شه‌ریفتره‌ له‌وێ، چونکه‌ کۆمه‌ڵێک زه‌حمه‌تکێش له‌ ژیر سووری هه‌تاودا نان بۆ منداڵه‌کانیان په‌یدا ده‌که‌ن و به‌سه‌ر په‌یژه‌ی خوێنی شه‌هیده‌کانماندا سه‌رناکه‌ون تا ببنه‌ خاوه‌ن وه‌نه‌وشه‌ و باخ له‌ سیته‌ک یا له‌ مێرگه‌پان، ئای دایه گیان، ‌ ئای بابه‌ گیان، ره‌نجی بێبه‌رمان، گه‌نجی براومان، داد بۆ کێ به‌رین، کێ وونی کرد لێمان؟ ئێستا به‌ زمانی گه‌و‌ره‌کانیانه‌وه‌، ده‌ڵێن که‌سێکمان ده‌وێ (له‌/ په‌ڕ/ له‌/ مان)، شه‌ڕمان بۆ بکات، ئه‌ی واوه‌یلا ئه‌ی وا وه‌یلا وا هاتنه‌وه‌، شه‌رکه‌ره‌کان، ده‌یانه‌وێ هه‌ناسه‌که‌ی دایکی شه‌هیدیش بچنن، کوره‌که‌تیان لێدزیت و ده‌یانه‌وێ، ده‌نگی خۆشت لێبدزن، مه‌یفرۆشه‌، جارێکی تر ده‌نگی هاوریکانمان مه‌فرۆشن، مه‌بنه‌ مه‌یمونی به‌رده‌می کامیرای سێرکی هه‌لبژاردنه‌کانیان... ئه‌ی لاوه‌کان، که‌ ژیانی سبه‌ینیتان دڵنیابن، فرۆشراوه‌ و له‌ شه‌وی زه‌رد و سه‌وز و ره‌نگا وره‌نگی، رابواردندا له‌گه‌ڵ، کێژۆله‌که‌ی رۆژهه‌لات که‌ برسێتی و خنکاندنی ئازادییه‌که‌ی، سه‌ری پێهه‌ڵگرت بۆ باشووری ووڵاته‌که‌ی، چه‌ند ساده‌ بوو، رۆحی چه‌ند جوان بوو، وای ئه‌زانی باشوور به‌هه‌شتی وونبووی ئه‌و کوردایه‌تییه‌یه‌، که‌ هاورێ حسه‌ین، خۆینی خۆی بۆ به‌خشی.!!! به‌ڵام ئه‌فسوس، به‌ڵام ئه‌فسوس ...گورگه‌ و گورگه‌ و گورگی شه‌هوه‌ت له‌ باشووری ووڵاته‌که‌ی شه‌هیداندا، لمۆزی له‌ رۆحی هه‌زاران خوشکی ئازیزی رۆژهه‌ڵاتی و رۆژئاوایی و باکوری وه‌ک ئه‌و وه‌رده‌نێ.
شه‌ڕیان ده‌وێ شه‌ڕکه‌ریان ده‌وێ، له‌ شوێنێکدا که‌ ده‌بوو هێمای شارستانییه‌ت بێ، جێگای دانانی یاسا بێ بۆ کۆمه‌ڵ، ئه‌وان کارخانه‌ی هه‌ڵهینانی شه‌ڕکه‌ریان ده‌وێ، شه‌رکه‌ر، نه‌ک بۆ هه‌راسانکردنی دوژمن، نا، بۆ سوکایه‌تی کردن به‌ یه‌کتر، به‌ به‌ها جوانه‌کانی کوردایه‌تی، به‌ تۆ به ‌من، به‌ خوێنی رژاوی سه‌ر خاکی کوردستانه‌که‌مان، وه‌ره‌ دایه‌ ته‌نیا تۆ شایسته‌ی رابه‌رایه‌تی ئێمه‌ی پێشمان که‌وه‌، بۆ خه‌بات دژی شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردن، نا، نامانه‌وێ، ئێمه‌ ناتوانین که‌س بکه‌ینه‌ خاوه‌ن وه‌نه‌وشه‌، ناتوانین که‌س بکه‌ینه‌ خاوه‌ن باخ له‌ سیته‌ک و له‌ میرگه‌پان، رۆژهه‌ڵاتم برسێتی، باکورم شه‌هید ده‌کرێ، رۆژئاوام برینداره‌، ئه‌ی گورگانی شه‌هوه‌ت ده‌مانه‌وێ باشووری وڵاته‌که‌مان، باشووری نه‌ته‌وه‌که‌مان بێت، له‌گه‌ڵ دایکی هاوڕێ جه‌بار، له‌گه‌ڵ دایکی هاورێ حسه‌ین هاوار ده‌که‌ین، برۆن، هه‌مووتان بڕۆن وازمان لێبێنن، به‌یه‌ک ده‌نگ ده‌ڵیین، ئێمه‌ چیتر نابینه‌ مه‌یمونی هه‌ڵپه‌ریوی به‌رده‌م کامیرای سێرکی هه‌لبژاردنه‌کانی ئێوه‌... نا نابین...نا نابین.!!!


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)