پەیامێک بۆ پەرلەمانی ئەوروپا
Tuesday, 21/01/2014, 12:00
2075 بینراوە
تکایە فشار بخەنە سەر سەرۆکی هەرێم، با پابەندی داواکاری خەلکی کوردستان بێت
ئێمەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە چاوی هیواو ئومێدەوە سەیری پەرلەمانی ئەوروپا دەکەین، تا لە چارەسەرکردنی کێشەی کوردا پشتیوانیمان بکات.ئەمرۆ ئێوە پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن،زۆرمان پێخۆشە، سوپاستان دەکەین ،ئەوە نیشانی دەدات کە ئیوە دلسۆزی گەلی کوردن و بە ئەرکی ئینسانی و ئەخلاقی خۆتانی دەزانن لەگەل سەرۆکی هەرێم کۆببنەوە و پشتیوانی دۆزی رەوای گەلی کورد بکەن. من وەک کەسایەتیەکی سیاسی لە باشوری کوردستان، لە پێناوی رزگاری باشوری کوردستان و دەستکەوتەکانی ئەمرۆی هەرێم، گەورەترین قوربانیم داوە وبنەمالەکەم لە درێژەی شۆرشی چەکداری و کارەساتی کیمیابارنی هەلەبجەدا هەموی شەهید بون تەنها خۆم و برایەک ماوینەتەوە،خۆمشم ماوەی ١٠ ساڵ وەک پزیشکی پێشمەرگەکان و خەلکی سڤیل لە ریزەکانی شۆرشی چەکداریدا بوم،لە دوای راپەرینیش بۆ ماوەی ١٠ سال ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوم،وە بۆ ماوەی ٤ سالیش سەرۆکی حزبێکی سیاسی بوم،ئێستە لە هەرێمی کوردستان، جالاکێکی سیاسیم و پزیشکێکی خۆبەخشی نەخۆسخانەیەکی شاری سلێمانیم،بە گرنگی دەزانم لە گفتوگۆکاتاندا لەگەل سەرۆکی هەرێم، باسی ئەوەشی لەگەل بکەن کە سیاسەتی ناوخۆیی خۆی بەرامبەر بە گەلی کوردستان،سیاسەتێکی دیمۆکراتی و نەتەوەیی نیە، داوای لێبکەن خۆی راست بکاتەوە و مافو ئازادیەکانی خەلکی کوردستان بپارێزێت،ئەمە چەند نمونەیەکن لە هەلە سیاسیەکانی سەرۆکی هەرێم:
١.سەرۆکی هەرێم هەمو گەلی باشوری کوردستان بە یەک چاو سەیر ناکات.تەنها گرنگی بە حزبەکەی و ئەندامانی خێلەکەی و بنەمالەکەی دەدات،سەرۆکێکی نەتەوەیی نیە،سەرۆکیکی حزبی و خێلەکیە.ئەو وەفدەی ئەمرۆ لەگەل سەرۆکی هەرێم سەردانی ئێوە دەکەن هەر هەمویان سەر بە حزبەکەی خۆیەتی و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان ناکات.
٢.لە ٢٩-٦-٢٠١٣ بە رێککەوتنێکی سیاسی لەگەل حزبە هاوپەیمانەکەیدا (ی ن ک) بە شیوەیەکی نایاسایی ماوەی سەرۆکایەتی خۆی بۆ ٢ سالی تر درێژکردەوە،ئەمە نارازایی زۆری خەلکی کوردستانی لێکەوتەوە، بەلام سەرۆکی هەرێم گوێ بە نارەزایی خەلکی هەرێمی کوردستان نادات.
٣.دەربارەی رۆژئاوای کوردستان،سەرۆکی هەرێم سیاسەتێک پێرەو دەکات کە پێچەوانەی ئامانجی سیاسی خەلکی باشوری کوردستان و حزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە،سنوری سێمالکەی لەسەر رۆژئاوای کوردستان داخستوە و رێگە نادات هاوکاری خەلکی باشوری کوردستان بگاتە کوردانی رۆژئاوا،لە شەڕ و ململانێی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد و هێزە تیرۆریستیەکاندا،سەرۆکی هەرێم لایەنگری هیزە شۆڤینیست و تیرۆریستەکان دەکات،لە ئاستی نێوەدەولەتیدا گەمارۆی ئابوری و دبلۆماسی خستۆتە سەر ئیدارەی کاتی رۆژئاوای کوردستان و ریگری جدی کردوە بۆ ئەوەی پارتی یەکێتی دیموکراتی کە گەورەترین پارتی رۆژئاوای کوردستانە، بەشداری کۆنگرەی جنێڤ ٢ بکات.
٤.هێزە ئەمنیاکانی باشوری کوردستان لە رۆژانی ١٧ -٢ تا ١٨-٤ ٢٠١١ ،لە کاتی خۆپیشاندانی جەماوەریدا، ١٠ کەسی سڤیلیان شەهید کرد،سەرۆکی هەرێم،تا ئێستە بکۆژ و تەقەکەرانی ١٧ شوباتی پاراستوەوە رێگە نادات دادگایی بکرێن،ئەم سیاسەتە دژە یاساییەی سەرۆکی هەرێم خەلکی کوردستانی زۆر نیگەران کردوە.
لەبەر ئەوەی ئێوە نوێنەری خەلکی ولاتانی ئەوروپای دیمۆکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤن، دوا لە پەرلەمانی ئەوروپای بەرێز دەکەم لە کاتی گفتوگۆدا سەرنجی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەو سیاسەتە هەلانەی راکێشن و داوای لێبکەن کە پابەند بێت بە ئامانج و دواکاری خەلکی کوردستانەوە.
دکتور فایق محەمەد گۆلپی .
سلێمانی
٢١-١-٢٠١٤ .