بۆ لەناوبردنی کورد، فەرهاد سەنگاوی پەیامێکی سامناکی پێیە
Tuesday, 04/11/2014, 12:00
ئەحۆل بەتامەیە ژن بۆ کوڕەکەی بێنێ، کوڕەکەشی ئەڵێ؛بابە با کچەکە موچەخۆر بێ.
ئەحۆل ڕیکلام بۆ کۆمپانیای ئەپڵ ئەکا و سێوێك ئەهێنێ بە چەقۆ ئەیکا بە دوو کەرتەوە.
پەرلەمانە سەیر و عەجایبەکەی کوردستانی باشوور چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەمەڕ زمانە فەرمیەکان وناساندنی زمانی کوردی وەك زمانێکی فەرمی ،گەیشتنە ئەنجام. یەکێ لە ئەندام پەرلەمانەکان لەسەر لیستی یەکێتی(فەرهاد سەنگاوی) پیشنیاری کرد کەوا لەجیاتی زمانی کوردی، با زمانی ئینگلیزی ببێ بە زمانی فەرمی و پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە ؛ بۆ ئەوەی کوردستان پێش بکەوێ ئەوا باشترە زمانی ئینگلیزی بەکار بێ، بۆ ئەمە نمونەی ووڵاتی (سەنغافورە)ی هێناوەتەوە، کە زمانی فەرمی تیایدا ئینگلیزیە.پێی وایە زمانی ئینگلیزی زۆرترین زانیاری لێوە وەرئەگیرێ و کەڵکی زۆری هەیە، بۆیە پشتبەستن بەو زمانە ووڵات پێش ئەخا.
زۆر دوور ناڕۆین و لە کاك فەرهاد ئەپرسین، ئایا ژاپۆن پێش کەوتوە و زمانی فەرمیشیان تەنها ژاپۆنیە و پشتیان بە ئینگلیزی نەبەستوە؟
ئایا جێرمەنی کە ئەوانیش یەکێکە لەهەرە ووڵاتە پێشکەوتوەکان، زمانی فەرمی ئەوانیش تەنها جێرمەنیە و پشتیان بە ئینگلزی نەبەستوە. ئاخۆ بۆچی هەریەك لە ژاپۆن و جێرمەنی نەهاتن زمانی ئینگلیزی بکەنە زمانی فەرمیان؟!
بۆ زانیارییتان پێش چەند ساڵیک ئەم کاک فەرهاد سەنگاوییە لەگەڵ بەرپرسی کوردستانپۆستدا قسە دەکات، زۆر لاوازانە پاساو بۆ هەندێک لە گەندەڵیی و پیسخۆرییەکانی خۆی دەهێنێتەوە، دواجار دەڵێت من کەسێکی سیاسیی نییم؟ ئەم کەسە نا سیاسییە کە ئیستا بەهۆی حیزبێکەوە بۆتە ئەندام پەرلەمان و قسەی زل دەکات، لەگەڵ پیسخۆریدا دەمی خستۆتە سیاسەتەوە و دەیەوێت ئەوەندەی تر بەم قسە بێمانایەی زمان و کەلتور و مێژووی میللەتێک لەناو بەرێت.
با نەختێ دوورتر بڕۆین و بچینە نێو مێژوو بپرسین، کام لەشارستانیەکان زمانێك جگە لەزمانی خۆیانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پێش بکەون. ئایا ئەغریکیە کۆنەکان جگە لە لاتینی کام لە ئەندام پەرلەمان و نووسەرو ڕۆشنبیرەکانیان داوایان کردبێ کەوا با لە جیاتی لاتینی، زمانی دیکە بکەنە فەرمی. ئایا فیرعەونەکان کاتێ ئەهرامەکانیان دروست کرد، جگە لە زمانی قیبتی و نووسینی هێرۆگلۆفی،هاتن زمان و نووسینی گەلێکی تر بەکاربێنن؟؟ وەیان کاتێ ماددەکان یەکەمین شارستانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان پێك هێناو یاسای ژن و مێردایەتی و خێزانیان نووسیەوە، هاتن زمانی جیاواز لەوەی خۆیان بەکار بێنن؟! یان کلدانیەکان هاتن جگە لە ئاشووری زیاتر هیچ زمانێکی تریان بەکارهێنابێ و موسلەی حاموڕابیان پێ نووسیبێتەوە؟
کاک فەرهاد بیری چۆتەوە گشت زمانێك هەموو پێداویستیەکانی پێشکەوتنی تیایە و خۆ ئەگەر نەشی بێ، ئەوا گەلێ ئاسانە و ئەتوانێ لەڕێگای کەسانی پسپۆر و زمانەوانی و فەرهەنگی دایان بتاشێ و بۆیانی دروست بکا. کاك فەرهاد چونکە فێری حازری بوە و هەموو شتێکی بۆ هاوردە ئەکەن و خۆیان تاقەتی ئەوەیان نیە دروستکەر و بەرهەم هێن بن، ئەیانەوێ کۆمەڵگای کوردی لە رێگای ئەم ناسیاسیی و کاڵفام و نەزانانەوە کە تەنها دەنگێکی گڕیان هەیە، بەتەواوی لە هزری داهێنان و بەرهەم هێنەوە بگۆڕن بۆ کۆمەڵگایەکی مشەخۆر و تەمەڵ.کورد ئەڵێ: (دەست خەڕۆکەرێك لە ماڵ وێرانکەر خراپترە) کاکە فەرهاد بەم جۆرە بیرکردنەوەیە ئەوەندەی تر قوڕە خەستر ئەکاتەوە و لەسەری کوردی داماوی ئەسوێ.
کاکی پەرلەمانتار نایزانی و خۆی لە هەڵە ئەکا لەوەی، ئاستی پێشکەوتن نەبستراوەتەوە بەزمان، بەڵکە بەستراوەتەوە بەو سیستمە سیاسیەی کە کۆمەڵگا بەڕێوە ئەبا. گەر بێت و سیستمی کوردستانی باشوور شیتەڵ بکەین، ئەوا جگە لە کۆمەڵی بازرگانی چاو چنۆکی گیرفان کون تێبوو، کە لەژێر چەتری کوردایەتی و شۆڕشگێڕی سەراپای کۆمەڵگای کوردیان هەراسان و هیلاك کردووە ، بەجۆرێك لەم جۆرە سیستمانە نەك هەر پێشکەوتن ڕوونادا، بەڵکە خۆی ئەبێتە ڕێگر و بەربەست بۆ پێش کەوتنی کۆمەڵگا.
کاکی پەرلەمانتار لەجیاتی ئەوەی لۆمەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بکاو یەم فەرهادە ڕەخنە لەو فەرهودچیانە بگرێ، سووك و ئاسان خۆی لێ ئەدزێتەوە و ئەڵێ؛ بۆ ئەوەی پێش بکەوین با زمانی ئینگلیزی ببێتە زمانی فەرمی. نازانێ چەندین ساڵە شەڕی مان و نەمانمان بۆ ئەو زمانەیە کە بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی کوردبوونمان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست