کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فەرمانڕەوایى سلێمانى لە مەحمود پاشاى بابانەوە بۆ نەوشیروان مستەفا

Tuesday, 05/01/2010, 12:00


فەرمانڕەواى لە قەڵاچۆلانى پایتەختى میرنشینى بابانەكانەوە بۆ گردى زەرگەتە لە سلێمانى
بەپێى لێكۆڵینەوە مێژوویەكان بنەماڵەى میرى بابانیەكان پێش ئەوەى بێنە سلێمانى لەناوچەى قەڵاچۆلان ئیمارەتەكەیان دامەزراندبوو,بەڵام پاش ماوەیەك پایتەختى میرنشینەكەیان لە قەڵاچۆڵانەوە دەگوێزنەوە بۆ سلێمانى مێژوونوسان هۆكارى گواستەنەوەى پایتەختى ئەمارەتى بابان لە قەڵاچۆڵانەوە بۆ سلێمانى بۆ چەند هۆكارێك دەگێڕنەوە وەك بەرتەسكى ناوچەكە,نزیكى لە سنورى شەڕو پێكدادانەكانى نێوان عوسمانیەكان و فارسەكان و كێشەو گرفتى نێوان خودى بنەماڵەى بابانیەكان لەسەر دەسەڵات و چەند هۆكارێكیتر,بەڵام بەهێزترنیان ئەمەیە كە لێرەدا ئاماژەى پێدەدەین ئەویش ئەوەیە لەبەر ئەوەى ناوچەى قەڵاچۆلان شوێنێكى نزیك بووە و لە سنورى شەڕو پێكدادانەكانى نێوان ئمپراتۆریەتى عوسمانى لەلایەك و ئیمپراتۆریەتى فارس,هەریەك لەم دوو ئیمپراتۆریەتە گەورەیە(دەوڵەتى توركیا و ئێرانى ئێستا بوونەتە میراتگرانى ئەو دوو ئیمپراتۆریەتە) ویستویانە لەسەر حسابى میرنشین و ئەمارەتى بابانەكان قەلەمڕەوى حوكمڕانى و سنورى فەرمانڕەواى خۆیان زیاد بكەن.پاشاكانى ئەمارەتى بابانیش بۆئەوەى دوور بكەونەوە لەو گێژاوە ڕویانى تێكردووە ساڵى 1781 محمود پاشاى بابان فەرمانڕەواى ئەمارەتى بابانى گرتووەتە دەست و پایتەختى میرنشینەكەشى لە قەلاچۆلانەوە گواستووەتەوە بۆ سلێمانى و بەتایبەتى بۆ نزیك مەڵكەندى و لەوێدا سەراى حكومەتەكەى دروست كردووە...
مەحمود پاشاى بابان و نەوشیروان مستەفاى ناوگردان
ئەوەى لەسەرەتاوە باسمان لێوەكرد سەربووردەیەكى مێژووى بووە ,بەڵام ئەوەى وامان لێدەكات ئەو مێژووە جارێكیتر وەبیر بخەینەوە ئەوەیە كە جارێكیتر لە زەمەنێكیتر و هەلومەرجێكیتردا بە هەمان شێوە پایتەختى دەسەڵات و فەرمانڕەواى لە قەڵاچۆڵانەوە گوازرایەوە بۆ سلێمانىو لە ناو سلێمانیشدا بۆسەر گردى زەرگەتە,جارێكیتر لەسەر دەستى كەسێكیتر و بە عەقڵێتروە هەمان ئەو كارە كە لەڕووكەشدا وەك ڕابردووە بەڵام لە جەوهەردا جیاواز لە ڕابردوو دوبار دەبێتەوە.ئەوەى دەمانەوێت لە بارەیەوە بدوێین پاش 225 ساڵ جارێكیتر دوبارە فەرمانڕەواى لە قەڵاچۆڵانەوە گوازرایەوە بۆ سلێمانى.مرۆڤ ئەگەر بەداوى وردەكارى ئەم دوو ڕوداوەدا بڕاوات دەگاتە دەرەنجامێك.
یەكێك لەو هۆكارانەى كە باس دەكرێت ئەوەیە كە ناكۆكى هەبووە لە نێوان بنەماڵە و حاكمەكانى ئامارەتى بابانداو هەركەسەو ویستوویەتى بە پێى بیكردنەوەى خۆى ئەمارەتى بابان بەرەو لایەك لەلا شەڕكەرەكانى عوسمانى و فارسەكان ببات,بەڵام محمود پاشاى بابان یەكێك دەبێت لەو میرانەى كە نۆكەرى هیچ لایەكیانى پێ قبوڵ نابێت و ناچار دەبێت لێیان دوور بكەوێتەوە بۆیە لەسەر دەستى ئەم میرە پایتەختى میرى بابان لە قەڵاچۆڵانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ سلێمانى.لە ماوەى ڕابردوودا بەتایبەتى پاش ڕاپەڕین پایتەختى بڕیارەكان لە قەڵاچۆڵاندا بوو, تاڵەبانى لە قەڵاچۆڵانەوە لە ڕێگەى حیزبەكەیەوە حوكمى سنورى ئیداریەكەى یەكێتى دەكرد و هەر ڕۆژەى ڕادەستى یەكێك لە میراتگرانى عوسمانى و فارسەكانى جاران دەكرد,بۆیە نەوشیروان مستەفا چیتر تەحەمولى ئەوەى نەماو بڕیارى دا ئەوەى 225ساڵ لەوبەر مەحمود پاشاى بابانەكان كردى ئەم دووبارەى كردەوە........
پشتگیرى سلێمانى لە مەلا مستەفاى بەرزانیەوە بۆ نەوشیروان مستەفا
ساڵى 1936 بنەماڵەى بەرزانى پاش چەند مانگ دەستبەسەرىو ئاوارەیی لە ناسرییەوە دەگوێزرێنەوە بۆ شارى سلێمانى و لەو شارەدا چەند ساڵێك بەدەستبەسەرى دەمێننەوە,بەهۆى ئەو جۆش و خرۆشەى كە لەشارێكى وەك سلێمانیدا هەبووە مەلا مستەفاى بەرزانى توانیوێتى سودێكى زۆر ببینێت لەو مەڵبەندە گرنگەى كوردایەتى لەو سەردەمەدا ,بە پێى بیربۆچوونى لێكۆڵەرەوەكان هاتنەوەى بنەماڵەى بەرزانى بۆ سلێمانى نیشتەجێكردنیان لەو شارەدا و لەناو خەڵكانێكى بزێو دەستەمۆنەكراودا زمینەیەكى باش و ژینگەیەكى لەبار بوون بۆ مەلا مستەفا تاوەكو لە سلێمانیەوە جارێكیتر ئەسپى خۆى تاوبدات و بە پشتوانیەكى زۆرى خەڵكى سلێمانیەوە ڕێگەى بارزان بگرێتەوە بەر .مانەوەى بنەماڵەى بەرزانى بۆ ماوەى چەند ساڵێك لە شارى سلێمانى فاكتەرێكى بەهێز بوو بۆ بەسەرتاسەرى كردنى شۆڕشى كورد لە هەموو كوردستاندا,بە بڕواى لێكۆڵەوەوان نیشتەجێكردنى بنەماڵەى بەرزانى لە شارێكى پرش لە جۆش و خۆرشى وەك سلێمانیدا گەورەترین خزمەت بوو بە بنەماڵەى بەرزانى و خودى مەلا مستەفا,پشتگیرى كردنى خەڵكى سلێمانى لە مەلا مستەفا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵكى ئەو شارە بەدرێژاى مێژوو حەزیان بەگۆڕانكاریبووە و هەرگیز لەگەڵ چەقبەستووى و خۆ بەدەستەوەدان و دەستەوسانیدا نەبوون كاتێكیش ئەو هێزو توانایە لە مەلا مستەفادا دەبین و ئومێدێكیان پێى دەبێت بۆیە خەڵكى سلێمانى لە ساڵى 1946 وە تا 1963 پشتگیرى لە شۆڕشەكەى مەلا مستەفا دەكەن و قوربانى زۆرى بۆ دەدەن ئەم قوربانیدانەى ئەوكاتى خەڵكى سلێمانیش لەسەر ئەساسى ئەو ئومێدەبووە كە بە بەرزانى و شۆڕشەكەى هەیانبوو...
سلێمانى لە 64 وە ماڵئاوای لە بنەماڵەى بەرزانى كردووە
لەساڵى 1936 وە هەتا ساڵى 1964 خەڵكى سلێمانى پشتگیرو پشت و پەناى مەلا مستەفاو شۆڕشەكەى بوون بەڵام پاش ئەوەى خەڵكى ئەو شارە نائۆمێد بوون لە مەلا مستەفا و زانیان ئەوەى ئەوان چاوەڕوانى دەكەن و دەیانەوێت ناتوانن لەسایەى شۆڕشەكەى مەلا مستەفا بەدەستى بهێنن بۆیە پاش 18 ساڵ پشتگیرى كردن لەساڵێ 1964 بەدواوە سلێمانى ماڵئاواى لە مەلا مستەفاو پارتى دەكات پاشان باڵى مەكتەبى سیاسى پارتى كە زۆربەیان خەڵكى ناوچەكانى سلێمانى بوون و لە ژێر كاریگەرى بیرى برایم ئەحەمەد و قیادەى مەیدانى جەلال تاڵەبانیدا بوون ئەمانە هەموویان ناڕازیبوون لەو شێوە هەڵسوكەوتە تاكڕەوانەى كە مەلا مستەفا پیادەى دەكرد...
سلێمانى پاش 45 ساڵ پشتگیرى دواجار بیرى جەلالیزمى تەڵاقدا
پاش 18 ساڵ پشتگیرى لە شۆڕشەكەى ئیتر لەو ساتەوەى خەڵكى سلێمانى هیچ ئومێدێكى بە مەلا مستەفاو شۆڕشەكەى نەمێنێت ناچار بوون پشتى تێبكەن ,لەبەرامبەردا پشتگیرى لە كەسێكیتر بكەن بۆیە جەلال تاڵەبانى توانى ئەو هەلە بقۆزێتەوە و لە نێو دڵى سلێمانیەوە دەست پێبكات,خەڵكى سلێمانى بە ئومێدى گۆڕانكارى و شێوازێكى نوێى شۆڕش و خەبات پشتگیریان باڵى مەكتەبى سیاسى كرد بەسەركردایەتى برایم ئەحمەد وجەلال تاڵەبانى,شتگیرى سلێمانى باوەشكردنەوەى بۆ برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانى ئەوەندەى تامەزرۆر بوو بۆ گۆڕانكارى و هاتنەكایەكى قۆناغ و شێوازێكى نوێى بیركردنەوە بوو لە خەبات ئەوەندە دژایەتى كردنى مەلا مستەفا نەبوو,بۆیە دەبینین بۆ ماوەى 45 ساڵ خەڵ:ى ئەم شارە دەبنە پشتو پەناى تاڵەبانى و لەهەموو قۆناغە سەختەكاندا هاوكارى دەكەن بەڵام پاش 45 ساڵ لە پشتگیرى كردنى جەلال تاڵەبانی سەرەنجام خەڵكى ئەم شارە پشت لە تاڵەبانیش دەكەن ...
تاڵەبانیەكەى 64 و نەوشیروانەكەى 2004
هەر لەساڵى 1963 باڵى مەكتەبى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان مقۆمقۆى تێكەوت و دەسەڵاتەكانى بارزانى و تاكڕەویەكەى بببوە جێگەى نیگەرانى مەكتەبى سیاسى ,ئەندامانى مەكتەبى سیاسى نەیاندەزانى چى بكەن و چۆن ئەم ناڕەزایەتیە بتەقێننە وە ڕێكەوتنە بەپەلە و نهێنى و تاكلایەنیەكەى مەلا مستەفاى بارزانى لەگەڵ مارشاڵ عبدوالسەلام عارفدا لە مانگى 2ى 1964 باشترین هەلبوو بۆ مەكتەبى سیاسى بۆ بەرپەرچ دانەوەى مەلا مستەفاو هەڵگەڕانەوە لێى مەكتەبى سیاسى فرمانى ئاگر بڕى بە تەسلیمبوون ناوزەند كرد و دەستى تاونباریان بۆ مەلا مستەفا درێژ كرد,بە هەمان شێوە لە كۆتایى ساڵى 2004 مەكتەبى سیاسى یەكێتى بە سەركردایەتى نەوشیروان مستەفا پرۆژەیەكیان پێشكەشى تاڵەبانى كردو داوایان لێكرد كە واز لە تاكڕەوەى و كۆنترۆڵكردنى حیزب بهێنێت و دەست لە هەموو كارێك وەرنەدات و سیاسەتى تاك ڕەوانەى لە ناو یەكێتدا پەرە پێنەدات و یەكێتى بەرەو حیزبى بنەماڵەى نەبات .هەموو ئەو گللیانەى كە مەكتەبى سیاسى ڕووبەڕووى تاڵەبانیان كردەوە هەر هەمان ئەو گللەیانە بوون كە تاڵەبانى لەساڵى 1964 ڕووبەڕوى مەلا مستەفاى كردەوە,بۆیە دەبینین ئێستا نەوشیروان مستەفا هەمان ئەو ڕۆڵە دەبنێت كە تاڵەبانى لە شەستەكاندا خەریكى بوو....
ئایا نەوشیروان مستەفاش وەك تاڵەبانى پەشیمان دەبێتەوە
تاڵەبانى تا ئێستا دووجار پەشیمانى خۆى لەهەمبەر جیابوونەوەى لە مەلامستەفا دەربڕیوە ئەم جۆرە خۆ پیشاندانەى جارى یەكەم تاڵەبانى لەگەڵ نوسەرێكى ئێرانیدا كە لە كتێبى (پاش شەست ساڵ خەبات)باس لە ژیان و خەباتى شەست ساڵى تاڵەبانى دەكات و لەوەڵامى پرسیارێكى ئەم نوسەرەدا بۆ یەكەم جار تاڵەبانى پەشیمانى خۆى دەر دەبڕێت بەرامبەر جیابوونەوەى لەمەلا مستەفا,تاڵەبانى بۆ جارى دووەمیش لەو چاوپێكەوتنەى كە ڕۆژنامەى شەرق ئەوسەت لەگەڵى سازیدابوو سەبارەت بە یاداشتەكانى جارێكیتر پەشیمانى خۆى دەربڕى لەوەى لە كاتى خۆیدا لە ساڵى 1964 لەگەڵ باڵى مەكتەبى سیاسى لە مەلا مستەفاى سەرۆك جیابوونەتەوە,تاڵەبانى هەرگیز بەو ڕاشكاویە و لە زمانى خۆیەوە دانى بەهەڵەى خۆیدا نەناوە تەنانەت بەرامبەر بەهێزترین و گەورەتین نەیارەكانیدا ئەگەر چى لە حاڵەتى بێهێزیشیدا بووبێت,لەهەمانكاتدا زۆر جار لەسەر لێدوانێكى تاڵەبانى یان هەنگاوێكى تاڵەبانى میللەتى كورد بەگشتى و یەكێتى نیشتمانى بەتایبەتى گەورەترین زەربەى خواردوو تووشى گەورەتین شكست و نەهامەتى هاتووە بەڵام هەرگیز دانى بەو هەڵەو كەموكورتیانەى خۆیدا نەناوە , بەڵام ئەوە چیە وا دەكات تاڵەبانى پەشیمانى خۆى دەربڕێت بەرامبەر بە مەلا مستەفاى بەرزانى؟ئایا ئەوەى كردوویەتى بەرامبەر بە مەلا مستەفاى بەرزانى كردوویەتى یان بەرامبەر میللەتى كورد؟پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر تاڵەبانى تاوانى كردبێـ و پەشیمانى بۆ دەردەبڕێت ئایا كێ باجى ئەو تاوانەى داوە مەلامستەفاى بەرزانى یان میللەتى كورد؟لێرەوە دەكرێت بپرسین ئایا نەوشیروان مستەفاش وەك تاڵەبانى لە ئایندەدا پەشیمانى خۆى دەردەبرێت لەوەى كە ئێستا خەریكێتى؟

سلێمانى كەى گۆڕانیزم تەڵاق دەدات
پاش 18 پارتایەتى تەڵاق دا و پاش 45 ساڵیش بیرى جەلالیزمى تەڵاقدا,بەڵام ئایا پاش چەند ساڵ سلێمانى بیرى گۆڕانیزم تەڵاق دەدات؟ئەگەر بۆ سروشتى ئەم شارەو چۆنیەتى بیر كردنەوەى خەڵكى ئەم شارە بگەڕێنەوە ئەوا هەرگیز لەگەڵ واقیعیەتى چەق بەستویدا نین و هەمیشە لەگەڵ گۆڕانكارى و پەرەسەندندان بەلام دەكرێت بپرسین بۆچى تەمەنى جەلالیزم لەشارى سلێمانیدا سێ هێندەى تەمەنى پشتگیرى كردنیانە لە پارتى و مەلا مستەفا؟ئەوەى واى لە سلێمامى كرد لە كەمترین ماوەدا پشت لە مەلا مستەفاو پارتى بكەن ئەو عەقڵیەتە تەقلیدى و چەقبەستوویەى پارتى بوو كە ژینگەیەكى واى خولقاندبوو كە خەڵكى سلێمانى تەنگەنەفەس دەبوون تیایدا و تەحەموولیان نەبوو تاسەر درێژە بەو جۆرە ژیانە بدەن بۆیە دەبینین پاش ماوەیەكى كەم پشت لە مەلا مستەفاو پارتى دەكەن ,بەڵام پشتگیرى كردنیان بۆماوەى 45 ساڵ لە یەكێتى تاكە هۆكارى ئەوەبوو كە ئەم حیزبە دەیزانى چۆن لەگەڵ بیركردنەوە و داخوازیەكانى خەڵكَى ئەو شارەدا مامەڵە بكات و شێوەى كاركردنى لەگەڵ سروشتى بیركردنەوەى خەڵكى ئەو شارەدا دەگونجاند ئەمەش یارمەتیدەرى بوون بۆ بەردەوامیدان و مسۆگەر كردنى پشتگیرى خەڵكى ئەو شارە بۆ بیرى جەلالیزم. ئایا پشتگیریكردنیان لە گۆڕان تا چەندە درێژە دەكێشێت؟چ پێوەرێك هەیە بۆ ئەوەى ئیعتمادى بخەینە سەر بۆ پێوانى تەمەنى گۆڕان لە سلێمانى ئەوەى دەتوانێت تەمەنى گۆڕان لە سلێمانى درێژە پێبدات گۆڕانكارى و نەگەڕانەوەیە بۆ چەقبەستووى ئەو شتەى سلێمانى پێى تەنگەنەفەس دەبێت....
كێ داتوانێت تا سەر بردنەوەى سلێمانى مسۆگەرە بكات
نوسەرو ڕۆژنامەنووسى فەرەنسى كریس كۆچێراى لە كتێبەكەیدا بەناونیشانى" كورد لەسەدەى نۆزدەو بیستدا"سەبارەت بە مەلا مستەفا دەڵێت(مەلا مستەفا كە ڕۆژگار واى كردبوو 30 ساڵان بەسەر شانۆى سیاسەتى كوردستاندا زاڵبێ,پاش ئەوەى مەشقى سوپاى لەكن شێخ ئەحمەدى براى و لە چیاكانى كوردستاندا تەوا دەكات ,لە ڕێگەى بورژوایانى كوردێن "پاریتەختى فیكرى" كوردستانى عێراقەوە,ئاشناى سیاسەت و سیاسەتكارى دەبێ)بۆیە دەبینین سلێمانى خاڵى وەرچەرخانە لە ژیانى سیاسى مەلا مستەفادا جارێك بەرەو هەڵكشانى هەروەك لە چلەكاندا بینیمان و دواجار بەرەو داكشانى یەكجارەكى برد وەك ئەوەىلە شەستەكاندا ڕوویدا و پاشانیش لە 75 مەلا مستەفا ئاشبەتاڵى یەكجارەكى بە شۆڕشى كورد كرد, ئەوەى واى كرد پارتى و مەلا مستەفا نەتوانن دوا ڕۆژى كوردستان بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن لەدەستدانى ئەو شارەو خەڵكەكەى بوو,,ئەوەشى واى كرد كە تاڵەبانى ببێتە كەسێكى دیارو خاوەن نفوس تەنها پشتگیرى خەڵكى شارى سلێمانى بوو لە تاڵەبانى, ئەوەشى گۆڕان و نەوشیروان مستەفاى گەیاندە ئەمڕۆ پشتگیرى سلێمانیە,پارتى كە خاوەنى 2 پارێزگا بوو خاوەنى بەهێزترین پشتیوانى ئیقلیمى و نێو دەوڵەتى و سەروەت و سامانێكى زۆر بوو بەڵام نەیتوانى دواڕۆژى كوردستان بۆ خۆى مسۆگەر بكات بۆیە لەساڵى 64 وە دەیەوێت بەهەر نرخێك بووە سلێمانیش كۆنترۆڵ بكاتەوەو بیخاتەوە ژێر ڕكێفى خۆى پاش 40 ساڵ لە شەڕو ململانیە دواجار نەیتوانى لەو ڕێگەیەوە سلێمانى كۆنتڕۆڵ بكات بۆیە ویستى لەڕێگەى كۆنتۆڵكردنى یەكێتیەوە جارێكیتر كۆنترۆڵى شارى سلێمانى بكاتەوە بۆ ئەو مەبەستەش تاڵەبانى هەڵبژارد بۆ ئەوەى یەكێتى ڕادەست بكاتەوە یەكێتیش سلێمانى تەسلیم بكاتەوە,بەڵام ئەوەى پارتى ویستى بۆ بەدەستى نەهات چونكە نەسلێمانى تەسلیمى یەكجارەكى یەكێتى بوون و نەیەكێتیش هەموو تەسلیمى ئیرادەى تاڵەبانى بوون ئەوەى واى كرد پراتى سەركەوتوو نەبێت لە هەوڵەكەى لەبەر ئەوەبوو نەیتوانى بگاتە سەنتەرى بیركردنەوەى شار ئەوەى نەتوانێت بیركردنەوەى سلێمانى داگیر بكات ناتونێت ئەو شارەش داگیر بكات,بیركردنەوەى شاریش عەقڵى ڕۆشنبیرەكانیەتى عەقڵى ڕۆشنبیرەكانیشى لە ژینگەیەكى كراوەدا دەتوانێت جێ دەستى دیاربێت بۆیە كراوەى سلێمانى بووتە گەورەترین دەرگاى داخراوى قەڵایەك بەڕووى پارتیدا كە ناتوانێت بۆ هەتا هەتا ئەو شارە بخاتەوە ژێر ڕكێفى خۆى,یەكێتیش ئەو هێزەیە كە ئێستا لەبەرچاوانى خەڵكى سلێمانى هیچ جیاوازیەكى ئەوتۆى لەگەڵ پارتیدا نەماوە,سلێمانى لەو ڕۆژەوەى تێگەشت كە ئەوەى حوكمى دەكات واتە یەكێتى نیشتیمانى كوردستان لە ئێستادا بە هەمان ئەو عەقڵیەتەوە كار دەكات كەسلێمانى لە64 وە ڕەفزى كردووە بۆیە زۆر بەتوندى یەكێتیشى ڕەفز كردوو خستتیە دەرەوەى جەستەى شار,ئێستا ماوەتەوە سەر ئەوەى ئایا گۆڕان لەگەڵ دروشمەكەیدا دەمێنێـەوە كە هەمیشە گۆڕانە بەرەو كرانەوە یان گۆڕان دەگۆڕێت بەرەو داخرانەوە ئەو هێزەى بیەوێت بۆ تاسەر سلێمانى بۆ خۆى مسۆگەر بكات دەبێتە هێزێك بێت هەمیشە ئامادەى گۆڕانكارى و خۆ نوێكردنەوە بێت .................

-هەڵەبجەى شەهید
[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە