کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر گۆڕان ببێتە حزب شكست دەهێنێت!

Tuesday, 01/09/2009, 12:00


لەبری نەفرەتكردن لەتاریكیی، مۆمێك دابگیرسێنە.....كۆنفۆشیۆس
لێرەو لەوێ باس لەوە دەكرێت كۆمپانیای وشە یان لیستی گۆڕان بەنیازە دوای سەركەوتنەكانی لەسەر ئاستی سیاسیی و لەهەڵبژاردندا وەك پارتیێكی سیاسیی خۆی رابگەیەنێت وبەشداریی لەژیانی رامیاریی وڵاتدا بكات. تائێستاش بەفەرمیی ئەنجوومەنی كۆمپانیای وشەو سەركردەكانی گۆڕان هیچ لێدوانێكیان نەداوە، بیسەلمێنێت بزووتنەوەكە دەبێتە حزب یان نا، بەڵام وەرچەرخانی گۆڕان لەبزووتنەوەیەكی فرە پێكهاتەوە بۆ قاڵبی حزبێكی دیاریكراو، لەیەكێك لەرەهەندەكانیدا بچووككردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرتەسككردنەوەی پێكهاتەكانی بزووتنەوەكەیە، كە ئێستا لەچەپ ونەتەوەییەوە بەشدارن تێیدا تاوەكو دیموكراتخوازو لیبراڵ وخەڵكی ئاینیی.
من وا بیر دەكەمەوە وەرچەرخانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پارتیێكی سیاسیی دیسان دووبارەكردنەوەی هەمان قەوانی سواوی حزبایەتییە لەكوردستان، چوونكە حزبی كوردیی جیا لەوەی تەجاوزی ئاوەزی خێڵی نەكردووە، لەهەمان كاتدا دەزگایەكی بیرۆكراسیی و چەپێنەرە كە هیچ گوێ بەویست و روانینی هێزی خوارەوەی حزب نادات، چوون ئەوی دەسەڵاتی هەیە تەنێ هەر ئەندامانی پایەبڵندی هەڕەمەكەن، لەناو ئەوانیشدا بنەماڵەیەك یان تاكەكەسێك هەیە بڕیارەكانی وەك ئایەتی قورئان وایە وقابیلی هیچ جۆرە گفتوگۆو رەتكردنەوەیەك نییە. ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان لەم فۆرمەی ئێستاوە بەرەو حزبێكی سیاسیی هەنگاو هەڵبگرێت، مانای وایە جارێكی تر ئەزموونی یەكێتی دووبارە دەكاتەوەو لەباشترین حاڵەتدا رەنگە لەیەكێتی زۆر جیاوازتر وسەنگینتر نەبێت. دروستكردنی پارتی وپێكهێنانی كۆمیتەی سەركردایەتی وبارەگاو هێزی چەكدارو ئیدارەو رێكخراوی جەماوەریی پاشكۆ وهەموو ئەو رۆتینانەی حزبی كوردیی هەیەتی، گۆڕان لەبزووتنەوەیەكی چاكسازیخوازو گۆڕانخوازەوە دەكات بەپارتی ویەكێتی وهەموو جیاوازییەكی نێوانیان لەماوەیەكی زۆر كەمدا دەسڕێتەوە. ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان لەكەشی ئەمڕۆی كوردستاندا حزبێك رابگەیەنێت بێگومانم ناتوانێت بەپلەیەكی زۆر جیاواز بێت لەو ژمارەگەلەی حزبی سیاسیی كە ئێستا لەكوردستاندا بەئایدۆلۆجیاو دیتنی لەیەكتر دوورەوە كار دەكەن، چوونكە سەرباری جیاوازییە ئایدۆلۆجییەكان لەنێوان هێزێكی راستڕەو ویەكێكی چەپ، بەڵام لەمومارسەی دەسەڵات ولەحساب نەكردن بۆ خوارەوەی حزب وكۆنترۆڵی داهات جیاوازییەكی ئەوتۆ نابینیتەوە لەنێوانیاندا.
ئەگەر گۆڕان جەماوەرەكەی دابەشبكات بەسەر سەرەوەی حزب وخوارەوەداو هەستێت بەهەڵبژاردنی یەك گووتاری دیاریكراو بۆ حزبەكە، ئەوە لەقۆناغی یەكەمدا بەشێكی زۆر لەجەماوەری خۆی لەدەستدەدات و لەپاشانیش پێكهاتەكانی تر لەنەتەوەیی وخەڵكانی ئەكادیمی وچەپ هیچ هۆیەك نابیننەوە بۆ درێژدەدان بەچالاكییان لەگەڵ گۆڕاندا، ئەوكاتە ئەوانیش دێنە دەرەوە. بەمەش حزبە نوێیەكە تاراددەیەكی زۆر لاواز دەبێت و بەلایەنی زۆرەوە نیوەی جەماوەری ئێستای بۆ دەمێنێتەوە، چوون ئەوسا دەبێتە حزبی بەدیلی یەكێتی یان بەزمانێكی تر دەبێتە سەكۆی كۆكردنەوەی ئەندامە تۆراوەكانی یەكێتی لەبۆتەی پارتیێكی سیاسیی تازەدا نەك بزووتنەوەیەكی جەماوەریی بەرین كە گوزارشت لەناخی سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردەواریی بكات.
ئەگەرچی هەتا ئێستاش روانینێك هەیە لەئاستی دەستەبژێری رۆشنبیریی ونەوەی نوێ و تەنانەت شەقامیش دەربارەی حزب، كە حزب بوونێكی نەرێنی هەیە لەكۆمەڵداو بەشێوەیەك لێی دەسڵەمێنەوە نایانەوێت بەهیچ جۆرێك حزبایەتی بكەن، بەڵام ئەم دیتنە بەلای ئێمە رەفز كراوەو كاتێكیش دەڵێین پێویست ناكات گۆڕان ببێتە حزب، مەبەستمانە ئەو بزووتنەوەیە ماهیەتی راستەقینەی لەدەستنەدات وخۆی بچووك نەكاتەوە لەبۆتەی حزبێكدا، ئەگەرنا ئێمەومانان لەبەرامبەر ئەو تێزەی پێیوایە خەڵك حەزی لەحزبایەتی نەماوە، خەباتمان كردووە و وتوومانە حزب شۆربای برنج نییە خەڵك حەزی لێی نەبێت، بەڵكو حزب پێویستییەكی مودێرنی ژیانی سیاسیی كۆمەڵگەیەو حزب ئامڕازێكی هاوچەرخانەی خەباتی سیاسییەو بۆ هەر كۆمەڵگەیەكی نۆرماڵ بەیەكێك لەپێویستییە پلە یەكەكان دێتە ئەژمار. لەبەرئەمە لەوكاتەی دەڵێین حزب پێویستە ونابێت داوای كۆمەڵگەیەكی ناحزبی بكەین، ئەوەش زیاد دەكەین تا ئەوكاتەی بارودۆخی كوردستان بۆ سەرهەڵدانی حزبی مودێرن دەڕەخسێت نەك حزبی مۆیل كۆنی ستالینستی وتۆتالیتێریی، گرنگە بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی جەماوەریی و بزووتنەوەیەكی گۆڕنكاریخواز وداكۆكیكار لەمافی تاك وكۆ بمێنێتەوە، هەر ساتێك زانرا بەستێنی كوردستان بایی ئەوەیە حزبی سیاسیی مودێرنی چەشنی حزبەكانی رۆژئاوای تێدا دروستبكرێت، ئەگەر گۆڕان نەبێتە حزبێكی سیاسیی گومان هەڵناگرێت بەرەو شكستێكی گەورە دەڕوات و نابێت چاوی لەسەركەوتنەكان بێت. ئەگەر قسەكانمان لەچەند دێڕێكدا چڕ بكەینەوە: لەم قۆناغەی هەنووكەدا گۆڕینی شێوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەبزووتنەوەیەكی جەماوەرییەوە بۆ پارتیێكی سیاسیی زیانێكی گەورەیە هەم بەر گۆڕان خۆی دەكەوێت و هەم بەر جەماوەری خەڵك دەكەوێت كە چاوەڕێی كاری گەورەو هەڵگرتنی هەنگاوی مەزن لەبزووتنەوەكە دەكەن. پێموایە لەم چركەساتانەدا چەند گوشارەكانی دەسەڵات زۆرتربن، چەند پڕوپاگەندەو چەواشەكارییەكان بەتینتر بن، چەند هەڵمەتی نانبڕین ولەكار دەركردن خێراتربن، چەند پارتی ویەكێتی بەم چەكە ژەنگاوییانەی نووكە دژایەتی گۆڕان بكەن، دڵنیام گۆڕان لەبری ئەوەی پاشەكشە بكات بۆ دواوە یان لەرووی جەماوەرییەوە لاواز ببێت، بەهێزتر دەبێت و رۆژ لەدوای رۆژیش جەماوەری بەرینتر دەبێتەوە، تاكە كارێك لەم بارودۆخەدا گۆڕانی پێ لاواز ببێت و رووبەڕووی شكستی بكاتەوە وەرچەرخاندنی بزووتنەوەكەیە بۆ حزب، چوونكە ئەگەر گۆڕان حزب بێت یان بزووتنەوە یان هەر كۆمپانیای وشە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، حەشیمەتێكی زۆر هەن لەگەڵ داواكان و خەونەكانی گۆڕاندان، كەوابوو جارێ هێشتا زووە بۆ پێكهێنانی حزب و درەنگە بۆ كاراكردنی پتری گۆڕان.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە