کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانی بۆ یەكێتی وەرزی خەزانە و هەرگیز نابێتەوە بە بەهاری سەوز

Tuesday, 31/05/2011, 12:00


دێتەوە یادم هاوینی ساڵی 1991 كاتێك تاڵەبانی بۆ یە كەمین جارلە ستادیۆمی سلێمانی ووتارێكی پێشكەش بەجەماوەری شار كرد هێندە قەرەباڵغ بوو كە تەواوی گۆڕەپانی ستادیۆمەكە لێوان لێوبوون لە خەڵكی.
هەرلەو ساڵەدا هەڵبژاردن ئەنجامدرا وخەڵكی سلێمانی بەپەرۆشەوە لەهەوڵی سەرخستنی یەكێتی دابوون ،من ئەوكات منداڵ بووم مافی دەنگدانم نەبوو بەڵام خوازیاربووم كە تەمەنم هێندە بوایە تا بتوانم دەنگێك بۆ یەكێتی زیاد بكەم .
خەڵكی سلێمانی هاوسۆزو هاودەنگی یەكێتی بوون ، بەڵام سەرانی یەكێتی و بەتایبەتیش تاڵەبانی ڕێزیان لەو هەڵوێست و پشتیوانیەجەماوەرییەی سلێمانی نەگرت ،بەڵكو توشی لەخۆبایی بوون ولوتبەرزی كردن .
ئەوان وایان ئەزانی هەرچی بكەن و هەرچی ببەن ئەوا هەر خە ڵكی سلێمانی لەگەڵیانە .
تاڵەبانی لە بیست ساڵی رابردوودا سیاسەتێكی چەوت و نادروستی لەگەڵ سلێمانیدا
پەیڕەو كرد هەمیشە فەزڵی خەڵكی گەجەر و گوجەری ئەم شارو ئەو ناوچەیەی ئەدا بە سەر سلێمانیدا ،ئەو وای ئەزانی بەزمانی لوس و ناوهێنانی سلێمانی بە شارە حەیاتەكە ئیدی هەموو شت تەواوە .
تەنانەت تاڵەبانی لە ئێستادا بە پێچەوانەی پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەی مامەڵە ئەكات و ئەیەوێت هاوشێوەی پارتی دەسەڵاتی بنەماڵەیی وپشتا وپشت بەسەر یەكێتیدا بسەپێنێت.
تاڵەبانی و سەرانی یەكێتی وایان كرد كە حیزبەكەیان توشی قەیرانی جەماوەری بكەن ،
بەڵێ قەیرانی جەماوەری!
سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو بە ئیمەیلێك پێی ڕاگەیاندم كە یە كێتی زۆر نیگەرانە بۆ ساڵیادی حیزبەكەی و پارەیەكی بێشوماری تەخشان و پەخشان كردووە تاوەكو لەو بۆنەیەدا جەماوەرێكی زەبەلاح كۆبكەنەوە ،بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی لە ڕێگەی بەرپرسی مەڵبەندو كۆمیتەكانەوە كۆبونەوەی بە سەرۆكی یەكە ئیداریەكانی شارو شارۆچكەكان كردووە و تیایدا پێی ڕاگەیاندوون كە ئەبێت لەگشت دام و دەزگاكاندا شیرین ببەخشنەوە و فەرمانبەران بە جل و بەرگی ئاڵ و واڵاوە ئاهەنگ بگێڕن هەركەسێكیش لەو ڕۆژەدا دورە پەرێز بێت ئەوا ئەبێت ناوی بدەنەوە بەكۆمیتەی ناوچەكەی .
هەروەها كەكۆبونەوەكەدا باس لەوە كراوە كە ژمارەیەكی زۆر پاسی كۆستەرو نیسان لە شارۆچكەكانەوە ئامادەكراوە تاوەكو دۆستان و لایەنگرانیانی پێبگوازنەوە بۆ سلێمانی وئاهەنگی مەڵبەندی یەكی پێ قەرەباڵغ بكەن.
ئەمەش بە دوو مەبەست یەكەمیان بۆ ئەوەوەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانیانەوە نیشانی خەڵكی كوردستانی بدەن كە یەكێتی جەماوەرە گەورەكەی سلێمانی لەدەستنەداوە ،مەبەستی دووەمیشیان ئەوەیە دڵە لاوازەكەی تا لەبانی پێخۆش بكەن .
بەڕاستی ئەمەیە قەیرانی جەماوەری ، ئەمەیە شكست ،ئەمەیە هەڵوەرین .
پێویستە سەرانی یەكێتی ئەوە بزانن كە هەرگیز بەدوای وەرزی خەزاندا بەهار نایەت بەڵكو زستانێكی سەخت چاوەڕێیان ئەكات .

ئیمەیڵ: [email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە