پارتی پاش سور کردنی شەقامی سلێمانی دەیەوێت هەڵێت !
Tuesday, 22/02/2011, 12:00
بەزیو و لەرزۆك و بودەڵەكان ئەوە مۆركیانە " تا شەقاویان بڕوات درێغی لە نزمی و لاڕێیەكان ناكەن"كە زەمەنیش حەقیقەتی خستنە دەر هەموو پوشێك دەگرنە مشت بۆ هەڵاتنیان ....
لە وەڵامی بۆی ئەو گەنجەی سەریان لەبەردەم تەكیەی چواری پارتی دا بە بەردی غەدر سووركرد نەك هەر وەڵامیان نەدایەوە بەڵكو بەدەست ڕێژی گوللە وەڵامیان دایەوە ...بەڵكو زیاتر لەوەش گەنجێكی خەتی چواردەساڵەیان كوشت و سەروی پەنجای سڤیلی تریشیان خەڵتانی خوێنكرد لە وەڵامدا!!...ئەمەیە حەقیقەتی ئەو حیزبەی بنەماڵەی مەسعود ئاغاو نێچیری بیزنیسمان و مەسروری جەنتڵمان لە حەڤدەی شوبات و دروست لەشەقامی پەمەیی سلێمانیدا سەلماندیان! ،ئەو حیزبە بنەماڵەیە هەر ئەوە لە هەگبەیاندایەو جگە لە وەڵامی گوللە و كوشتن و گرتن و غەدر شتێكی تر لە كولتوریاندا نیە ، ئیتر ئەو گەنجانە چی وایان لێبكات دڵی ئومێد و ئاواتیان بە داهاتووی دەسەڵاتی ئەو پارتە خۆش بكەن؟!پارتێك سەر و بنی حیكمەت و ئەتەكێتی حوكمڕانی دزی و خیانەت و غەدر و كوشتن بێت ئاخۆ كێبێت ئەو داماوەی گۆرانی بە شەوانی مانەوەیدا بڵێتەوە!
بیست ساڵە خێرو بێری ئەم وڵاتە خۆشی نەدیوە دەچننەوە ، بەڵكو بیست ساڵە روحی ئەم میللەتە دەچنن و جەستەی توێ دەكەن وخوێی تێدەكەن و جا دەشپرسن پارتی بۆ ؟! خۆ وەڵامی ئەو پارتی بۆیەی كە لە حەڤدەی دوەوە پارتی لە كەناڵە قرخنەكانیەوە دەیڵێتەوە لە ڕوی ئەو گەنجە خوێن گەرم و دڵسۆزانەی كە بە گێرە شێوێنیان دەزانێت ئەگەر خەتاباری دەستپێكیش بونایە هەر دەگونجا بەڵام لە كاتێكدا ئەوان دەست پێشخەر و هەڵگیسێنەری ئەو كارەساتە دڵتەنگی و خوێن بارانەن بۆیەكە جگە بێ مەعنایش چەندان بارە نابووتەو كەڕی بازیە!،كەڕی بەگ و كەڕی بازی زاراوەیەكە پڕ بە پێستی ئەو كائینەیە كە لە ئیتاڵیا دانیشتوە مەدالیای ئەتڵەنتیك لە خۆی دەسوێت و گروپەكەشی لە كوردستان خوێن هەڵدەسێنێت ، ئەو ئاغایەی بۆ خلودی دەسەڵاتی شت نیە نەیكات و نامرۆڤایەتی نیە نەیگرێتە بەر ، ڕۆژانی داهاتووی هاتنەوەیشی دەیسەلمێنێت و دەبینن چی دەڵێت!
پارتی بۆ ئەم وڵاتە شتێكی نەكردووە جێگەی شانازی و دەستی ئارامی و ئاوەدانی پێوەبێت ، سەرەڕای ئەوەش كە خێری بۆی نەبووە سالانی بێ ژمارە یەك لەدوای یەك خوێنی ڕۆڵەكانی لە غەدر وناحەقیدا ڕشت هەنوكەش لە دنیای ئارامی خەونە وەنەوشەییەكانیاندا دێت و بە چەقۆی كول سنگیان هەڵدەدڕێت و گوللەی بیكەیسی تێدەهاوێت!!ئەو حیزبە بلۆك بە بلۆكی لە ناپاكی و جەردەیی دروست بووە ، ئەو حیزبە جەستەی بە خوێنی حەرام هەڵدەسوڕت"حەرامی غەدر ، حەرامی ڕاو ڕووت ، حەرامی خیانەت....هەربۆیەش هەموو كات بەلای پلیشانەوەو كوشتن و حساب نەكردن بۆ خواستی سادەی خەڵك دەجوڵێت ،ئەو برادەرانەی پارتی كە دەپرسن پارتی بۆ دەبوو نەیان پرسیایە بۆ چونكە ئەو دەلالەتەی كە ئەحمەقییان بۆ دنیای ئەم وڵاتە دەخاتە ڕوو لە گەڵ ئەو بۆیەدا جووتە ، ئاخر ئەفەنی تۆ بستێكی ئەم وڵاتەو سەنتێكی خەزێنەكەیەت بۆ نەهێشتۆتەوە نێچەی بیزنسی لەهەگبەی ناون ، ئاخر تۆ هەرلەئێستاوە كوڕەزاكانت بە جوجەڵەیی بە سەرۆكی قەڕنی داهاتوومان دەناسێنیت ، ئەدی تۆ بینت گرتوین و وەكو بەرەی تەحریری فەلەستینی هاو خەباتت لە غەدرو خیانەتتدا بستە بستەی ئەم وڵاتە دەفرۆشیت ، ئەی تۆ جبەی توران و عەجەم و عەرەب نەما بەسەری ئەم خەڵكەیدا نەكەی بە ئەتك...ئێستاش خوێنی ئەو گەنجە پاكانەی هاتنە پاڵ هەردەپرسی پارتی بۆ ؟! هەی نەزانی هەزارجار نەزان هەر بپرسە بۆ تا ئەو كاتەی بەدەردی خۆت دەبرێیت و ملی هەمیشە نەویت نزمتر دەكەیت..
پارتی پاشی ڕشتنی خوێن ، پاشی سووركردنی سالمی شەقامی ئازیزان و پیاسەی وەنەوشەیی ئێوارانی عاشقان ، پاشی شڵەقانی شار دەڵێت ئەگەر سلێمانی ئەوەی دەوێت كە ئێمە سلێمانی چۆڵ بكەین ئەوا چۆڵی دەكین! دەیەوێت بەو نەغمە جاهیلیە منداڵانەی خۆڵ لە چاوی ئەو میللەتە بكات!
كاتێك كە خوێنت نەڕشتایەو كەمترین ئەرزشت بۆ خواستی هاووڵاتیانی ئەم شارە بخوێندایەتەوە چی پێویست بەو ستایلە گەمژەییە نەدەبوو وا ئێستا دەیڵێیتەوە ، ئەوە ئەو كاتەبوو خوێن نەكەوتە بەینەوە ، ئێستا ئیتر تۆی دز و ڕێگر لە دادخانەی میللەت قوتارت نابێت ، تۆ ئیتر پەڕیەكی ترت خستە سەر نابوتیەكانی ترت و لاڵانەوەی مەرحەمەت دادت نادات و تەنیا بە ئەو ڕۆژە دەستبەردارت دەبن كە هەموو مافەكانی خەڵكی بەش مەینەتی ئەم مەملەكەتەت لە گەرو دەهێنرێتە دەرەوە...
نا ئەوە تۆنیت بەو ساناییە هەڵێی ، چاوەڕێبە با دوابڕیاری دادگای میللەت پێت بڵێت چی بكەیت!
ئاکۆ میرەی : بەلجیکا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست