قادر نادر
Monday, 05/11/2012, 12:00
بە کورتیی بیڵێم: بەڕێز قادر نادر، ئەو نووسەر و چالاکوانەی کۆمەڵگای مەدەنیی کە زیاتر لە سایتی کوردستانپۆستدا ووتارە ڕەخنەییەکانی بڵاو دەکاتەوە، لەم چەند ماوەیەی دواییدا ڕێزێکی گەورەی لە دڵی مندا بۆ خۆی بەدەست هێناوە.
ئەمە هەر تەنها لەبەر ئەوە نا کە ئەو بەها و پرەنسیپانەی کە ئەو داکۆکییان لێدەکات، لەچەشنی ئازادیی دەربڕین و عەلمانیزم و ڕێزگرتنی بەهای مرۆڤ و هاوڵاتیی یەکسان و دەوڵەتی یاسا و دژایەتیی گەندەڵیی، لای من پرەنسیپ و بەهای گرنگن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو ئینسانە، وەک من دەیبینم، هەندێک تایبەتمەندیی تری هەیە کە شایان بەوەی دەکات بهێنێت ئێمە ڕێزی زۆرمان بۆی هەبێت.
ئەوەی من تێبینییم کردووە ئەو کەسە بێئەندازە کاتی خۆی تەرخان کردووە بۆ داکۆکیی لە بەهاکانی دیموکراتییەتی لیبڕاڵ و مافەکانی مرۆڤ و، لەم بوارەشدا بێئەندازە سەرنج و تێزی وورد و تیژبینانە بەرچاو دەخات لەو دێباتانەدا کە بەدەوری دۆزە هەنوکەییەکاندا دروست دەبن. ئینجاش بێئەندازە خەمخۆرانە هەم لە ئینتەرنێت و هەمیش لە وڵاتی سویددا دەجوڵێت و بەغەیری شەڕی کرانەوە و لیبراڵبوونی کۆمەڵگای نەریتگەرای کوردیی و کەوتنەوەی کۆمەڵگای دادپەروەر بۆ هاوڵاتیی کورد، شەڕێک بە دەوری بەرچاوخستنی ناوی خۆی و بۆ دەستکەوتی ماددی و مەعنەویی بۆ خۆی ناکات. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو ساڵانێکی درێژە، ئەوەندەی من دووربەدوور ئاگادار بم، تەنانەت لە کاتی شەڕی ناوخۆشدا کە زۆرێک لە ڕۆشنبیران و قەڵەمبەدەستان سەنگ و لایەنگیریی و جوهدی گەورەی خۆیان خستە پشت ئەم یان ئەو تەرەفی شەڕەکە، ئەو لە دەرەوەی شەڕی بیرتەسکانەی گروپگەرایی هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، لە پێرسپێکتیڤێکی ئینساندۆستانەی بەرفراوانترەوە قسەی لە ناحەقییەکان کردووە و دەکات و کاری جیددی بۆ ڕاستکردنەوەیان دەکات.
من ئەوم بۆ یەکەمجار بیستویەک ساڵ بەر لە ئێستا بینی کاتێک لە خۆپیشاندانێکدا بەشدار بووین کە لە کۆتایی ساڵی نەوەدویەکدا وەک یەکەم خۆپیشاندان دژ بە بەدئیستیفادەی بەرەی کوردستانیی لە دەسەڵاتدارێتیی خۆی، لە هەولێر ڕێکخرا. ئیتر لەو کاتەوە تائێستا دووربەدوور دەبینم ئەو ئینسانە لە قسەکردن و نووسین و ڕێکخستنی چالاکیی نەکەوتووە و هەردەم خوڵقێکی وا گەورە دەنوێنێت لە دواکەوتنی ناحەقییەکان و قسەکردن لێیان و ڕێکخستنی چالاکیی جەماوەریی بەدەوریاندا، کە جگە لە سەرسامبوون بە جیدییەت و نەفەسدرێژیی ئەو کەسە و قایلبوونی ڕێزی گەورە بۆی، هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ ئینسان ناهێڵێتەوە. ئەو پێدەچێت بڕیاری دابێت تەمەنی خۆی تەرخان بکات بۆ جوانکردنی ژیانی ئێمە.
من پێموایە مانەوەی یان تۆکمەبوونی سیمای مەدەنیی و جێگەوتنی بەهاکانی دیموکراتییەتی لیبڕاڵ و مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگای کوردییدا لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەگەر فەزڵێکی توێژی ڕۆشنبیرانی تیا بێت، ئەوا بە پلەیەکی زیاتر فەزڵی ئەو جۆرە ڕەخنە و چالاکییە جەماوەرییانەی ئەو ژمارە کەمەی چالاکوان و ڕۆشنبیرانەی تیایە کە لەم دوو دەیەیەی ڕابردوودا چەشنی قادر نادر بە نووسینی ووتاری ڕۆشن و کۆنکرێت قسەیان لەسەر ناڕێکیی و ناحەقییەکان کردووە و چالاکیی عەمەلیی جەماوەرییان بەدەوردا بەڕێخستووە، نەک ڕۆشنبیرانێک کە بە قسەی ناکۆنکرێت و ناڕۆشن لە شەڕی ئەوەدا بوون وەهمێکی خەڵەتێنەرانەی وا لای خوێنەر جێ بخەن کە ئەوان قوڵتر بۆ کێشەکان دەڕۆن و شارەزاییەکی زیاتریان لە ڕێکخستنی کۆمەڵگادا هەیە. ئەم جۆرەی دووەم لە قسەکردن مەیلێکە کە پانزەساڵێکە شەڕ دژ بە دیموکراتییبوونەوەی چالاکیی نووسین دەکات و لە هەوڵی ئەوەدایە کایەی سیاسەتکردنی ڕۆشنبیران و چالاکیی نووسین قۆرخ بکات بۆ مەیلێکی نوخبەویی کە بەڵێ ڕاستە تەماحی هەیە ئەکادیمیی و تۆزێک قوڵتر و سەردەرکەرانەتر قسە بکات، بەڵام لەبەر نەشارەزایی لە سیاسەتکردن و ئەمری ڕێکخستنی کۆمەڵگادا و لەبەر نەبوونی ماتریاڵ و مەعریفەی فیعلیی و نەشارەزایی لە ماهییەتی نووسینی ئەکادیمییدا، دەستی گوتارێکی ناڕۆشنی سەردەرنەکەرانە و تەواو بێکارکردی زاڵ کردووە بەسەر ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردییدا. گوتارێکی بە ڕووکەش قوڵ کە ساڵانێکە ناوەندی دێباتی سیاسیی ئێمەی لە جوهدی دەیان لەو دێباتکارە گرنگانە بێبەش کردووە کە وەک قادر نادر قسەی ڕۆشن و دروستیان پێیە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و ئامادەی بەشدارییکردنی جیدییانەشن، بەڵام ئەوە ترساندوونی کە وەک ڕۆشنبیری سادەتر لەوەی خۆیان تەماحیان هەیە بێنە بەرچاو.
سووربوونی کەسانی وەک قادر نادر و هەندێک ناوی تر لەسەر بەشداریی لە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگادا و قسەکردنی بەردەوامیان لە سیاسەتی ڕۆژدا، مەیلێکە کە پێداگریی لەسەر بەدیموکراتییکردنی چالاکیی نووسین و دەرکردنی ئەو ئامرازە گرنگ و کاریگەرە لەژێر مۆنۆپۆلی نوخبەی ڕۆشنبیریی دەکات. ئەمە هەوڵی تۆکمەکردنی دیموکراتییەت و دەرکردنێتی لەژێر دەستی نوخبەی ئەکادیمیی و نوخبەی ڕۆشنبیریی و نوخبەی میدیایی.
گرنگە ئەوە بڵێێن کە ئەم هەوڵی بەدیموکراتییکردنەوەیەی چالاکیی نووسینە جگە لەو نووسەرانەی کە لە نووسینی ڕەخنەگرانەی خۆیان نەکەوتن، فەزڵی گەورەی چەند ماڵپەڕێکی ئینتەرنێتیی تێدایە، نەک ڕۆژنامە ئەهلییەکان کە هەردەم، هەر لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونیانەوە، لە شەڕی فەرزکردنی دەستی نوخبەی ڕۆشنبیرییدا بوون بەسەر دێباتی ناو فەزای گشتییدا. من پێموایە ئەگەر لەم دە دوانزە ساڵەی دواییدا ماڵپەڕە کوردییەکان و جوهدی گەورەی ئەو سەربازە وونانەی ناو ڕۆژنامەگەریی کوردیی نەبوایە کە چەندین ساڵە شەو و ڕۆژی خۆیان بۆ دانان و بڵاوکردنەوەی چەندین ملیۆن وتار و قسەی دڵی سەدان نووسەر و هاوڵاتییدا لە ماڵپەڕەکانی خۆیاندا تەرخان کردووە، ماوەیەکی زۆر بوو دۆزی دیموکراتییەت لە هەرێمی کوردستاندا لەمەی ئێستا زیاتر و بە چەشنی سەردەمی بەر لە ڕاپەڕینی نەوەدویەک، لەبەردەستی نوخبەیەکی سیاسیی و نوخبەیەکی ڕۆشنبیریی و میدیاییدا زەلیل کرابوو. من بەپێچەوانەی کەسێکی وەک بەڕێز کاک بەختیار عەلییەوە کە بۆ ئیستیخفافکردن بە ڕۆڵی ئەو خەڵکە ''غەیرەنوخبە''یەی کە لە ماڵپەڕەکاندا فەزایەکی گرنگیان بۆ دێباتکردن دروست کردووە، بە جیڤاراکانی ئینتەرنێت ناویان دەبات، من وایدەبینم کە خاوەنی چەند ماڵپەڕێک و ئەو نووسەرانەی کە بێوچان لە ماڵپەڕەکاندا قسە دەکەن و دێباتی ناو فەزای گشتیی گەرم ڕادەگرن، چەند جیڤارایەکی ناو ئینتەرنێتن کە لەم دە ساڵەی ڕابردوودا ڕۆڵی گەورەتریان لە ڕۆڵی هەر کەسێکی ترمان بینیوە لە بەرفروانکردنەوەی ڕووبەری ئازادیی دەربڕین و لە بەشدارکردنەوەی دیموکراتییانەی دەنگە جیاوازەکان و دەنگە ناڕازییەکان لە دێباتی گشتییدا.
ئەوە فەزڵی ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکان و نووسەرەکانیانن کە سیاسەتکردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگایان لە ژێر ئیحتیکاری نوخبەی دەسەڵات و نوخبەی ڕۆشنبیریی دەرکردووە و وەک کارێکی دیموکراتیی گرنگ و گەورە، دەنگی ژمارەیەکی بێئندازە گەورەتر لە هاوڵاتییانیان لەناوەندی بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئامادە کردووە. ئەگەر ئەمە نوخبەی سیاسیی یان ڕۆشنبیریی سەغڵەت دەکات و مۆنۆپۆلیان لێ دەستێنێتەوە، ئەم سەغڵەتبوونە نەک نابێت کێشەی ئەو ماڵپەڕانە و نووسەرەکانیان بێت، بەڵکو دەبێت جێگەی شانازیی گەورەیان بێت.
من بێئەندازە دڵم بەوە خۆشە کە بەردەوام ژمارەیەکی زۆرتر و زۆرتر نووسەر لە ئینتەرنێتدا دەست بۆ نووسینی ووتار و نووسینی تێکست بۆ هەڵڕشتنی داخی دڵ دەبەن. هەندێک بە ناحەقانە ئەمە بە بەڕەڵایی نووسین ناو دەبەن، بەڵام من پێموایە کە تەنها بەرفروانکردنەوەی ئەم جۆری ئازادیی دەربڕینەیە کە دەتوانێت کۆمەڵگای ئێمە لە داخران و توندڕەویی و لە داڕوخان و نەهامەتیی بپارێزێت.
ڕەنگە زۆرێک لەگەڵ ئەم ڕایەمدا کۆک نەبن، بەڵام من پێموایە کە هەبوونی ماڵپەڕێکی (بۆ نموونە، نەک حەسر) وەک کوردستانپۆست، سەرەڕای هەر تێبینییەک کە من لەسەر جۆری کارکردن و ئاستی پەیوەستبوونیان بە ئێتیکی ڕۆژنامەگەرییەوە هەمبێت، تا ئێستا دەیان گەنجی لە ''بەتیرۆریستبوون'' پاراستووە و کۆمەڵگای ئێمەی، لەڕێگەی تەنفیسکردنی تووڕەیی هەزاران هاوڵاتییەوە، لە دەیان کاری تێکدەرانە پاراستووە. بۆ ئەمە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان مەمنوونی ماڵپەڕێکی وەک کوردستانپۆست بن کە لە خەتەری ئەو توندوتیژییانە پاراستوونی کە بۆی هەبووە تووڕەیی خەڵک ڕووبەڕوویان بکاتەوە، نەک دژی بوەستنەوە و لە هەوڵی سزادانی نووسەرەکانیدا بن. بۆ ئێمەش وەک کەسانێک کە ئازادیی دەربڕین و جێگرتنی ئاشتیی مەدەنیی و دیموکراتییەتی ڕاستەقینەمان لە کۆمەڵگای کوردستاندا پێ گرنگە، وەختێتی دەستی ڕێز لەو فەزا گشتییە و لە فیگورە دێباتکارەکانی ناو ئەو فەزا گشتییەی ناو ئینتەرنێت بنێین کە ڕووبەرێکیان بۆ کەوتنەبەرچاوی قسەی هەموو گروپ و تاکە توندڕە و میانڕەوەکانی کۆمەڵگای ئێمە ڕەخساندووە.
پاش پانزە ساڵ لە هەژمونی گوتارێکی نوخبەویی بێهونەر، من پێموایە ئیتر وەختێتی ڕۆشنبیریی ئێمە زیاتر دەستی ڕێز لە کەسانێکی وەک قادر نادر بنێت کە سەرنجی وورد لەگەڵ کاری عەمەلییدا کۆدەکاتەوە، نەک لە تێزی بێسەروبەر. پاش پانزە ساڵ لە هەژموونی تێز و قسەی ناڕۆشن، حەقە ئیتر ڕۆشنبیرانی ئێمە ئەوە ببینن کە ئەوە ڕاست نییە کاتێک هەوڵ دەدرێت وا پیشان بدرێت کە گوایە لە زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییە جیدییەکانی ڕۆژئاوادا بەو جۆرە ناڕۆشن و تێکەڵوپێکەڵەی ناو لێکۆڵینەوە و ووتارەکانی نوخبەی ڕۆشنبیریی ئێمە قسە دەکرێت، کە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە وەک لێکۆڵینەوەی قوڵ و جیددی چاویان لێدەکات. ئەمە لەپێناو ئەوەدا کە ئیتر ناوەندی ئەکادیمیی ئێمەش مەرجی ئەوە دابنێت کە لیکۆڵینەوەی ئەکادیمیی دەبێت وەک لێکۆڵینەوەکانی ناوەندە ئەکادیمییە پێشکەوتووەکان قسەی شارەزایانە و قوڵ بەڵام ڕۆشن و قابیل-بەتێگەیشتن بێت. وە ئەگەر لێکۆڵینەوەی وامان نییە، ئەوا قایل بێت بەوەی کە لێکۆڵەرەوەی ئەکادیمیی باشمان نییە و نەهێڵێت هیچ کەسێک بە دروستکردنی وەهم لای خوێنەر، خۆی وەک ئەکادیمییکاری جیددی بەسەر خوێنەردا تێپەڕێنێت. کارێکی وا بوار دەڕەخسێنێت ئیتر ڕۆشنبیریی ئێمە بتوانێت لەلایەکەوە ڕێز لە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی جیددی و ڕاستەقینە بنێت و، لەلایەکی تریشەوە گرنگیی هەوڵی ئەو سەدان کەسە ببینێت کە لە دێباتی ناو فەزای گشتییدا، وەک قادر نادر، ژیانی خۆیانیان تەرخانی ڕێکخستنی ناڕێکییەکان کردووە و ڕای ووردبیینانە دەدەن و وەک چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنییش چالاکیی عەمەلیی بەدەوردا ڕێک دەخەن.
لە کوردستاندا ساڵانە چەندین خەڵات بۆ بەشداریی جۆراوجۆر دابەش دەکرێت. ئەوەندەی من ئاگادار بم قادر نادر تا ئێستا هیچ خەڵاتێک نەکراوە. من پێموایە ئەمە لەئاکامی ئەو موجامەلات و گەندەڵیی و یارییە سیاسییانەیە کە دابەشکەرانی ئەو خەڵاتانە لە دیارییکردنی ناوەکاندا دەیگرنە بەر، ئەگینا من پێموایە قادر نادر و چەند ناوێکی تر دەمێکە خۆیان شایان بەوە کردووە کە کۆمەڵگای ئێمە ڕێز لەو هەوڵە گەورانەیان بنێت کە بۆ بەرفروانکردنەوەی ئازادییەکانی ئێمە داویانە. بەڵام لە دۆخێکی وادا کە هێشتا دانپیانان و بینینی هەوڵەکانی یەکتر کارێکی قورسە بۆ تاکەکانی ئێمە، من پێم باش بوو بۆ ئەوەی بە قادر نادر بڵێم کە من دووربەدوور کارەکانت دەبینم و چالاکییەکانت نرخیان هەیە لام، پێم باش بوو دەست بەسنگەوە بگرم بۆی و ئەم ووتارەی لەسەر بنووسم.
[email protected] 03.11.2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست