کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومەتەكەى یەكێتى توشى زەردووی بوو!

Monday, 11/10/2010, 12:00



ساڵێك بەسەركابینەكەى د.بەرهەمدا تێپەڕیكردوو (پارتى ووتەنى) كابینەكەى بێبەرهەم بوو, تادوابڕیارى لێسەندنەوەى پۆستى سەرۆك وەزیرانیش لەد.بەرهەم یەكێتى بێخەبەربوو لەم گەمە ترسناكەى پارتى, پاشان ووتەبێژەكەى مەكتەبی سیاسی یەكێتى دێت وبەلێدوانێك گەرەكیەتى ساحیرئاسا ئەو پەتاى زەردوویە كەتوشى كابینەكەى د.بەرهەم بوە لەخەڵكى بەگشتى ویەكێًتیەكان بەتایبەتى پەردەپۆش بكات بەبیانوى ڕێكەوتنى ستراتیژی!, د.بەرهەمیش لەم نێوەندەدا بێدەنگى هەڵدەبژێرێت!, ئەوەى لەهەمووشى مەهزەلەترە بۆسەرجەمى یەكێتیەكان نەك ناڕازین لەبەرامبەر ئەم بڕیارەدا, یاخود ڕوونتربڵێین ئەم داوایەى پارتیدا بگرە بە بیانوى ڕێكەوتنى ستراتیژی وهەندێكجاریش خۆیان ووتەنى بەكوێراى چاوى دوژمنان شانازیشى پێوەدەكەن!.

نزیكەى سێ ساڵ بەرلەئێستا ماوەیەكى دوورودرێژ بەسەر وادەى كابینەى پێنجەمدا تێپەڕیكردبوو كەچى هێشتانێچیرڤان بارزانى سەرۆك حكومەت بوو,لەپرێس كۆنفرانسێكى هاوبەشى نێوان تاڵەبانى وبارزانى لەهاوینە هەوارى دوكان پرسیارى ئەوەم لە بارزانى كرد: (وادەى پۆستى سەرۆكى حكومەت كۆتاى هاتوە ئێوە وەك سەرۆكى هەرێم ڕونكردنەوەتان لەو بارەیەوە چیە؟), كەچى لەبەرامبەردا تاڵەبانى بەشۆخیەكەوە گووتى پێویستە ئەوپرسیارە لەمن بكەیت, ئەوەبوو وەڵامى پرسیارەكەمى بەدوودێڕ دایەوەو گووتى:
(بەباشمان زانى كاك نێچیرڤان بۆماوەى دووساڵی دیكە لەوپۆستەدا بمێنێتەوە) بەبێ ئەوەى ڕونكردنەوەیەكى ئەوتۆ لەوبارەیەوە بدات, هەرئەو كات خەونى هەموو ئەوبەرپرسە باڵایانەى یەكێتى بەتاڵ بۆوە كەخۆیان بۆو پۆستە ئامادەكردبوو, كەلەوسەردەمەدا هەر ڕۆژەى بەرپرسێكى یەكێتى ناوى دەچوە سەر ڕووپەڕى ڕۆژنامە وگۆڤارەكان گوایە موڕشەحە بۆئەو پۆستە, لەهەمووشیان دیارتر كۆسرەت ڕەسوڵ بوو,چونكەدەبوایە لەوكاتەدا ئەوپۆستە یەكێتى بیگرێتە دەست, كەچى ئەمڕۆ بۆجارێكیدیكە كابینەى شەشەم بەنیوەچڵى لەژێردەستى یەكێتى دەردەهێنرێت و بڕیارە ساڵى ئایندە پۆستى سەرۆكى حكومەت تەسلیم بەپارتى بكرێتەوە.

ئەگەر خوێندنەوەیەكى لۆژیكیانە بۆكابینەى شەشەم بكەین گومان لەوەدانیە جگەلەوەى د.بەرهەم لەماوەى ساڵێك حكومڕانیكردنیدا بەڕوونى ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە بەدیاردەكەوێت كەحكومەتەكەى لەژێرهەیمەنەى پارتیدابوە و تەنانەت بێئینسافیش نیە ئەگەربڵێین دەسەڵاتى پارێزگارەكانى هەولێرو دهۆك زیاتربوە لەدەسەڵاتەكانى سەرۆكى حكومەت, هاوكات ناوبراو كە وەك سیاسیەكى لیبڕاڵ پێناسە دەكرێت نەیتوانیوە خۆى لە نەفەسە كۆنزێرڤاتیفەكانى پارتیش قوتاربكات!, چونكە تائەمڕۆشى لەگەڵدابێت جگەلەوەى تەواوى جومگەهەستیارەكانى هەیكەلى ئیدارى حكومەتەكەى لەژێرهەیمەنەى خۆیدانەبوە بگرە بیناى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەكەشى تائەم ساتە لەژێر كۆنتڕۆڵى ئاسایشى پارتیدایە!.

گومانى تێدانیە لەماوەى یەك ساڵدا ئەو هەڵمەتە توندە بۆدژایەتیكردنى د.بەرهەم كەلەلایەن ڕاگەیاندنەكانى پارتیەوە كرا مێدیاكانى دەرەوەى پارتى و بەتایبەتیش مێدیاى ئەهلى نیوبەرامبەریان نەكرد, بەجۆرێك هەندێكجارگەیشتە ئەو ڕادەیەى كە لایەنى باڵاى پارتى بەیاننامە دەربكەن ولێدوان بدەن بۆهێوركردنەوەى بارودۆخەكە بەتایبەت دواى بڵاوكردنەوەى ڕاپۆرتێكى گۆڤارى گوڵان كەخەڵكى بەگشتى و یەكێتیەكانى توشى شۆك كرد, بەڵام دواجارهەموو ئەمانەش پاكانە نین بۆئەوەى كەتاكەلەمپەرێكبن لەبەردەم حكومەتەكەى د.بەرهەمدا بۆڕێگریكردن لەكارە پۆزەتیفەكانى, بەتایبەتیش ئەوەى كەچاوەڕوان دەكرا یەكگرتنەوەى یەكێك لە هەستیارترین دەزگاكانە كەدەزگاى ئاسایشە كەدەبوایە لانى كەم دووساڵ بەرلە ئێستایەكبخرێنەوە, لێ د.بەرهەمیش تائەمڕۆپێینەكراو ئومێدیش دوورە لەماوەى ساڵى داهاتودا كەدوانەفەسى حوكمڕانیكردنى ناوبراوە ئەو دوو دەزگایە یەكبگرنەوە.

هۆكارێكیتر لەبەرامبەر ئەم بێدەنگیەى یەكێتى بەگشتى وخودى د.بەرهەم بەتایبەتى بەرامبەرئەم داوایەى پارتى دەگەڕێتەوە بۆو سیراعە سیاسیەى كەدواى جیابونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان وبەستنى كۆنگرەى سێهەمى یەكێتی هێشتابەرۆكى ئەو حیزبەى بەرنەداوە ولەم نێوەندەشدا د.بەرهەم وەك سیاسیەكى بێپشتوپەناو بێباڵ بەدیدەكرێت, چونكە هەموان ئەو واقیعەمان بینى كەلەكۆنگرەى سێهەمدا بڕیارێكى شەخسی تاڵەبانى نەبوایە, هیواى د.بەرهەم دووربوو كەلەچوارچێوەى دەنگداندا بۆجێگرى سكرتێرى گشتى هەڵبژێردرێتەوە, چونكە لەلایەك خانەوادەى برایم ئەحمەد كەزۆرینەى دەنگى كۆنگرەیان بەدەست هێناجگەلەوەى كە لەگەڵ د.بەرهەمدا نەبوون بەڵكو دژایەتیكەرێكى سەرسەختیشى بوون, زیندوترین بەڵگەش بۆسەلماندنى ئەم ڕاستیە بەرزكردنەوەى كارتە سورەكەى شانازى برایم ئەحمەدبوو بەڕووى د.بەرهەمدا, لەلایەكیتریشەوە یەكێتیەكانى هەولێرو دەوروبەرى كەزیاتر بەباڵى كۆسرەت ڕەسوڵ ناودەبرێن لەگەڵ د.بەرهەمدا نەبوون, هەربۆیە پێدەچێت ئەمەش خاڵى سەرەكى ئەوبێدەنگیەى د.بەرهەم بێت لەبەرامبەر ئەم داوایەى پارتیدا.

لەلایەكیترەوە دواى ئەوەى كەپارتى ڕازینەبوو بەدانانەوەى كۆسرەت ڕەسوڵ بۆپۆستى جێگرى سەرۆكى هەرێم و ئەو داوایەى سەریگرت, لێسەندنەوەى پۆستى سەرۆكى حكومەت لەیەكێتى گورزێكیدیكەى گورچكبڕە كەلەلایەن پارتیەوە لە یەكێتى دەدرێت, گەورەترین چەكى دەستى بەشێكى زۆر لەبەرپرسە باڵاو ڕاگەیاندن كارەكانی یەكێتیش بۆپەردەپۆش كردنى ئەم تەسلیم بونەى یەكێتى لەبەرامبەر پارتیدا ڕێكەوتنى ستراتیژیە, ئەو ڕێكەوتنە ستراتیژیەى هەرلەیەكەم ڕۆژەوە كەلەهاوینە هەوارى دوكان واژۆى لەسەركرا تائەمڕۆ هەموو بڕگەومادەكانى بەتەنها بەقازانجى پارتى بوە!.

لەكۆتایدا ئەوەى ماوەتەوە بۆ وتن دەگەینە ئەو بڕوایەى كەڕۆژلەدواى ڕۆژ خواست وداواكاریەكانى پارتى لەبەرامبەر یەكێتى ڕوولە زیادبونەو دواجار هەموو ئەم هەوڵانەش بەبچوككردنەوەى یەكێتى كۆتایان دێت, كەچى تاكە دەنگێكى موعارز لەناو ئەم حیزبەدا وجودى نەماوە!.

ئەگەرچى ئاڕاستەى فرەبۆچوون لەناو یەكێتیدا لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە تاڕادەیەك وجودى هەبوو, لێ لەدواى كۆنگرەى سێهەمەوە یەكێتى لەحیزبێكەوە كەهەڵگرى مارشەكانى ئاشتى وئازادى ومافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنوسین بوو گۆڕا بەرەوهێزێكى محافزكار, چونكە وەك هەمومان بینیمان دواى تێپەڕبونى زیاترلە (30) ساڵ بەسەر دروسبونى ئەو حیزبەدا لەكۆنگرەیەكدا هەمان سكرتێرى گشتى وهاوسەرى سكرتێر زۆرینەى دەنگەكانى كۆنگرە بەدەست دێنن.

تێبینى/ ئەم بابەتە شیكاریە لەژمارە(16)ى گۆڤارى فشاردا بڵاوكراوەتەوە.


 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە