پێش هەڵبژاردنەکان تاڵەبانی دێتەوە
Tuesday, 01/04/2014, 12:00
1717 بینراوە
ئەوەی ئێستا یەکێتی نیشتمانی بیری لێدەکاتەوە بۆ ئەوەی لەم قەیرانە، لەم هەموو دووبەرەکی وباڵباڵێنە وکێشمەکێشە وشکستانە بگاتە دادی، بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنە زیاتر ناکام نەهێنێت ولەشەرمازاری ڕزگاری بکات وئابڕووی بەتەواوی نەتکێت، وەکوو بە عەرەبی دەڵێن انقاژ ما یمکن انقاژه تەنها تاڵەبانییە وهێنانەوەیەتی بۆ سلێمانی.
زۆر جار باس لە گەڕانەوەی تاڵەبانی کراوە، لە نەورۆزی پار وپێش ئەوەش ودوای ئەوەش ئەم باسە ورووژێنراوە تەنها بۆ ئەوەی گیان بە یەکێتی نیشتمانی ببەخشێت کە لە کۆمادایە.
یەکێتی کە تەنها مەکتەبێکی عەسکەرییە، مەکتەب سیاسی لە ئاسماندا بێ جەماوەر ولایەنگیر لە ئەسماندا هەڵواسراوە وپێی لە زەمیندا بڕاوە وبۆ ئەوەی درێژە بەم بارە بدەن وبتوانن زیاتر وزۆرتر بەرژەوەندی تاکە کەسی بەدەست بهێنن تاڵەبانی بە تەنها فریادڕەس دەبینن، وزۆر بە جددی بیر لەوە دەکەنەوە هەفتەیەک پێش هەڵبژاردن ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت تاڵەبانی بگەڕێننەوە سلێمانی.
هێرۆی تاڵەبانی لەم خاڵەدا هاوڕایە لە گەڵ مەکتەب سیاسی ولە هەمان کاتیشدا دوودڵە وڕێگرە لەبەدیهێنانی ئەم بیرۆکەیە. هێرۆ شەرم دەکات وپێی ناخۆشە خەڵک تاڵەبانی بەو حاڵەوە ببینن. تاڵەبانی ئەو پیاوە قسەزانە قسە خۆشە نەماوە، بە زۆر قسە دەکات وزۆربەی قسەکانیشی ڕوون نین. لەڕ ولاواز وکەمهێز بووە خۆ ناشکرێت لە خەڵکی بشارنەوە وتەنها ڕیکلامی پێبکەن، تاڵەبانی بێجگە لەوەی ئەمینداری کشتی یەکێتییە سەرۆکی عیراقیشە وئەو کاتە لە هەموو لایەکەوە خەڵک بۆ سەردان وچاوپێکەوتنی تاڵەبانی بۆ رێزگرتن، وەکوو عورف وعادەت ڕوو لە سلێمانی دەکەن.
ئەوەی زانراوە تاڵەبانی بەم زوانە بەتەواوی باش نابێتەوە وقەت ناگەڕێتەوە پیاوەکەی جاران، کەواتە کارێکی نامرۆڤانەیە ئەو هۆیانە وهەر هۆیەکیتر ڕێگر بێت لە گەڕانەوەی بەتایبەت ئەو خۆشی داوا وئارەزوومەندی ئەوە دەکات. نابێت تا مردن لەو غەریبیە بە زۆر بمێنێتەوە ولەخەڵک بشاررێتەوە چونکە نەخۆشە چونکە ناتوانێت باش قسە بکات. ئەمە سزادانە نەک ڕێزلێگرتن. نەخۆشی عەیب نییە، ئەگەرچی کورد دەڵێت پیری وسەد عەیب.
ئازادشۆرش