پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ دهنگدان مهچۆ، ئهو دهنگهی تۆ! رهوادانه به خیانهت و فهسادیی و ناپاکیی - بەشی حەوتەم
Sunday, 12/05/2013, 12:00
هەڵبژاردن وەیان خۆسەپاندن
بنەماڵەی بارزانی لەوەتی هەن، نە بەهەڵبژاردن هاتوون و نە بەهەڵبژاردنیش ئەڕۆن،، ئەوانەی پێیان وایە لە کوردستان لەڕێگای سیاسەت و پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، جێ پێی مەسعود و بنەماڵە لەق ئەکەن و دواتر دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات و فەرمانڕوایەتی دەست پێ ئەکا، ئەوا بەکوردی و کرمانجی هڕی لەبڕی ناکا و لەگوێی گادا نووستوە.
ئەم بنەماڵەیە وای لێهاتوە ئێستا لق وپۆپی لێبۆتەوەو جگە لەخۆشیان بنەماڵەی تاڵەبانی لەکۆمپانیای یەکێتی و حەمەی حاجی مەحمود لەکۆمپانیای حزبی سۆشیالیست(حسك) و عەلی باپیرلە کۆمپانیای سەدەقەی ئیسلامی و چەندینی تر.. ئەم مۆدێلەی بنەماڵەی بارزانی هێناویانەتە نێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان کرۆکەکەی بریتیە لە خۆسەپاندن. بابزانین کام لەمەسعود و جەلال و حەمەی سۆشیالست و عەلی باپیر و نەوەکانیان جگە لە ڕێگەی خۆسەپاندن چ ڕێگەیەکی تریان گرتۆتە بەر لە حزبەکانیاندا؟؟ جا بۆ زیاتر مانەوەیان و برەودان بە دانانی نەوەکانیان لەم کۆمپانیاو دوکانە سیاسیانە ، تەنها و تەنها خۆسەپاندنە. دیارە بۆ ئەم مەسەلەیەش پێوستیان بەچەند پرۆسەیەکە بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان و وەچەکانیان بسەپێنن بەسەر مەکتەب سیاسی، کادیران،ئەندام، هەوادارانیان و دواتر، کۆی کۆمەڵگای کوردی.
سەرەتای پرۆسەی خۆسەپاندن لە ڕێگای حزبەکانەوە دەست پێئەکا.. ئەوەتا بەچەندین ناوی جیاواز و پرۆسەی جیا جیاوە هەنگاو دوای هەنگاو ئەنێن بۆ ئەوەی بەردەوامی بە دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بدەن. هەر لەپرۆسەی بەناو (کۆنگرە ، پلینیۆم ، ئیتفاقی ستراتیژی ودواتر هەڵبژاردن). واتە پرۆسەی هەڵبژاردن خۆی لەخۆیدا بەشێکە لە ئەجندای پارتەکان بۆ خۆسەپاندنی زیاتر. هەر بۆیەشە ، لەکاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا هیچ گۆڕانکاریەك لەدەسەڵاتدا نابینرێ و هیچ ئاسۆیەك لەئارادا نەبوەو ناشبێ بۆ ئەوەی دەسەڵات جێگۆڕکێی پێبکرێ. ئاخر کێ بیستویەتی ، ئەم پارتانە بەدەستی خۆیان و بەئارەزووی سەرۆکەکانیان واز لە دەسەڵات بهێنن؟!!
لێرەوە ئەتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کەوا بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان، واتە بەشداری کردن لە کۆبونەوەیەکی حزبی سرف. پێت خۆش بێ وەیان ناخۆش، دەنگدەر لەڕاستیدا سەربەخۆ نیە و دەنگەکەشی بۆ هەر لایەنێك و حزبێك بچێ، ئەوا ڕاستەوخۆ دەنگدانە بە مەسعود و جەلال و بنەماڵەکانیان.. دەنگدان هیچ مانایەکی نەتەوەیی، نیشتمانی وەیان لۆکاڵی نیە و تەنها و تەنها بۆنەیەکی حزبی و بنەماڵەییەو هیچی تر.
لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢، یەکێ لە دروشمەکانی یەکێتی ئەوەبوو(دەنگ بدە بە سەوز، دەنگ بدە بەهەق). برادەرێکمان هەبوو کاتێ پرسیاری لێبکرایە بەوەی دەنگی داوە بەیەکێتی؛ لەوەڵامدا ئەی ووت، دەنگم داوە بەناهەق،واتە بە پارتی. هەر لەو کاتەوە دەنگی جاش و مەستەشار و کۆنە بەعسیەك و تاکێکی ئاسایی کۆمەڵگای کوردی چووە یەك سندووقی دەنگدان و بەیەك چاو تەماشا کرا. ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنەو ئەوەی دواتریش ، تەنها تەواوکەری یەکتربوون و تەمەنی دەسەڵاتیان زیاتر درێژ کردەوەو نەیانتوانی هیچ گۆرانکاریەك لە پرۆسەی سیاسی و هاوکێشەکاندا دروست بکەن. لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێ کەوا هەڵبژاردن لای ئێمە تەنها بۆ ئەوەیە کەوەك خەڵکانی تر لە ووڵاتانی تر بێین و سەرە بگرێن و لەپشت پەردەکەوە دەنگ بدەین. هەروەك چۆن کۆبونەوەی حزبەکان تەنها بۆ کۆبونەوەیە و هیچی تر. ئاوهاش، هەڵبژاردن تەنها بۆ هەڵبژاردنەوە و ئاو بێنەو دەست بشۆ.
دەنگدەری کورد ئەبوو ئەو بابەتە هەنووکەییانە بکاتە ئامانجی بەشداری پێکردنیان لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی و بەتایبەتی ،هەڵبژاردن. هەر لە ئازادی و سەربەستی ڕادەڕبڕین. گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و دروست کردنی دەوڵەت. فەراهەم کردنی ژیانێکی شایستە بۆ گشت تاکەکانی کۆمەڵگا. دروست کردنەوەی ژێرخانی ئابووری و چۆنێتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و تەرخانکردنی داهاتی نەوت بۆ پێشخستنی گەشەی ئابووری. نووسینەوەی دەستوورێك کەوا لەهی ووڵاتانی پێشەکەوتو بچێ و نەبێتە مایەی دروست کردنی دیکتاتۆر و مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی.. ئەمانە ئەو چەند بابەتە گرنگانەن کە ئەبوو دەنگدەر جگە لەمانە خۆی لە پرۆسەی دەنگدان نەدا و نەچێ بەقسەی باق و بریقی چەند بەرپرسێکی حزبی تەفرە بدرێ و ڕایبکێشن بۆ گەمەیەکی حزبی بەناوی هەڵبژاردن، هەروەك چۆن مەلا بەختیار لە گەرمیان لەباتی باسی گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بکاو لەهەوڵی ئەوەدا بوونایە کە هەر چی زووترە کوردستان بەتەواوەتی ڕزگار بکەن، کەچی ئەیووت؛ (با باخچەیەکی ساوایان و بابە با هۆڵێکشی لەسەر بێ). وەیان مەسعود لە باتی ئەوەی کەسێکی سیاسی و بەئەزموونی لەگەڵ خۆیدا بگێڕایەو بەرنامەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕابگەیاندایە، عەزیزی وەیسی و بەق بەق لەو لیستە شتی لەم جۆرە.
کەواتە کاتێ پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها وەك ئامرازیك بەکاربهێنرێت بۆ زیاتر خۆسەپاندن بەسەر کۆمەڵگاکەمان ، پێوستە دەنگدەر نەبێتە بەشێك لەو سیناریۆیەو خۆی نەکاتە پاشکۆی پەیامە درۆزن و بێماناکانی دەسەڵات. هەقی خۆمانە داوا لەدەنگدەر بکەین کە نەچێتە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و ئەو دەنگەکەی خۆی بەدەستی خۆی بەفیڕۆ نەدا. گەر هاوڵاتیانمان توانیان کارتی فشار لەڕێگای دەنگەکانیان بەکاربێنن و بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە بکەن، ئەوا سەرکەوتنیان بۆ خۆیان و نەوەکانی تر مسۆگەر کردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست