٨ی مارس و ژنە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و گەندەڵی!
Tuesday, 05/03/2013, 12:00
ژنانی باشوری وڵات تاکەی بێدەنگی؟
٨ی مارس پیرۆزیەکو گرنگیەتی تایبەتی هەیه لە مێژوی خەباتی ژناندا لە جیهان، بوە بە هێمای خەباتو ماندوبونو بەدیهێنانی دەستکەوتی زۆر مەزن لە بواری ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی بۆهەمو ئافرەتانی دونیا، بە تایبەتێش بۆ ئەو ئافرەتانەی کە لە کۆمەڵگای مۆدرنو وڵاتانی سەرمایەدار گوزاران دەکەن، بێگومان ئافرەتی کوردیش وەکو ئافرەتانی جیهان کەم یان زۆر سودمەند بوە و پشکێکی بەرهەمی ئەو ماندو بونەی بەرکەوتەوە.
لە زۆربەی وتارو نوسینەکانی کە لەسەر بارودۆخی ژنان لە باشوری وڵات نوسراوە، زۆرن ئەوانەی کە پەنجە یان درێژکردوە بۆ گەلێ راستی واقیعی بارودۆخی ناهەمواری ژنانی باشوری وڵات لە ژێر سایەی سیستەمی حوکمی سیاسی هەنوکەی کوردستان، بۆیەش نامەوێ دیسان هەمان ئەو دیاردانەی کە زۆربەی نوسەرانو، رۆشنبیران، چالاکاوانی مەدەنی و رێکخراوی ژنانو رێکخراوە مرۆڤایەتیە لۆکەلیەکانو جیهانیەکان ئاماژەیان پێکردوە دەربارەی پێشێلکردنی مافی ئافرەتان لە باشوری وڵاتو ئەنجامدانی ئەو ناهەقیانەی کە بەرامبەر ئافرەتان دەکرێ له ژێر ئەو سیستەمە حوکەمارانەی کە لە باشوری وڵاتدا پیادە کراوەو دەکرێ سەبارەت بە مافی یاسای و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری ژنانو گەشە کردنی دیاردەی زۆرخراپو بەکارهێنانی توندو تیژی بەرامبەریانو وکو کوشتنو سوتاندنو بێدەنگبونی دەسەڵاتدارانو چاونوقاندینان.
بزوتنەوی ئافرەتان وەکو هەر بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دۆستو دوژمنی خۆی هەیه، مەرج نیە دژایەتی کردنی ئەو بزوتنەوەیە تەنیا لەلایەن پیاوەوە بێت هەتا ئەگەر کۆمەڵگایەکە کۆمەڵگایەکی پیاو سالاریش بێت. بەڵکو ئەزمون سەلمانوەیەتی بزوتنەوی ئافرەتان لە ناو ئافرەتان خۆشیان دژایەتی دەکرێ بە هۆو مەرامی جیاجیا.
لە دوای دروستبونی ئەو هەیکلە هەنوکەیەی باشوری کوردستان، ژینگەیەکی له بارتر دروست بو کە ئافرەتان بتوانن زیاتر تەکان بە بزوتنەوەی ئافرەتان بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی خۆیان لە زۆر روەوە، بەبێ ئەوەی چاوررێی هیچ سیستەمێکی حازربەدەست بن بۆ ئەوەی ژینگەیەیەکی ئارامیان بۆ برەخسێندرێ بۆ ئەوەی بتوانن دەوری سەرەکی خۆیانی تیادا ببینن ،چونکە ئەو جۆرە چاوەڕوانی کردنە لە کۆمەڵگایەکی وەکو کۆمەڵگای کوردی و لە سیستەمێکی وەکو ئەو سیستەمەی ئێستای هەرێم بی ئەنجامە، بۆیەش ئافرەتان پێویستە خۆیان هەنگاو بهاوێنو روبەروی سەختیەکان ببنەوە بۆ پێکانی ئەو ئامانجانە. ئەم خەم ساردیە لە ئافرەتانەوە بەرامبەو کێشەی ئافرەتان بە پلەی یەکەم لە خۆیانەوە سەرچاوەی گرتوە، بۆیەش ئەو راستیە و دیاردەیە بە پلەی یەکەم ئۆباڵی دەکەوێتە سەر شانی ئافرەتان خۆیانو بە تایبەتیش ئەو ئافرەتانەی کە رۆشەنبیرن و دەرک زیاتر بە مەسەلەکان دەکەن.
ئەگەر باش دیقەت بگرین لەو هەیکەلە سیاسیە کوردیەی کە لە باشوری وڵات هەیە، وە ئەو گەندەڵیانەی کە هەمو کونوقوچبنێکی یەکە ئیداریو حزبیەکانو رێکخراوە پیشەیەکانو مەدەنیەکانو پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی گرتۆتەوە، بیگومان ئافرەتیش وەک پێکهاتەیەک لەو کۆمەڵگایە بەدەرنیە لەوی کە دورو نزیک لێپرسراویەتی ئەو دیاردەیەی نەک تەنیا لە ئەستۆدایە بەڵکو دەوریشی هەیە لە پەیرەوکردنی و گەشە پێدانی.
بۆ ئیسپاتکردنی ئەو راستیە، ئەگەر سەرەنجێ بدەینە ئەو ئەزمونەی هەرێم، دەبینین لەو بەشەی کوردستان هەل رەخساوە بۆ گەلێ ژن وەکو پیاوەکان بۆ گەیشتن بە پۆستی باڵای ئیداری و حکومی و حیزبی، ئێستا حاڵی حازر گەلێ ئافرەتمان هەنە کە گەیشتون بەو پۆستانە، بگرە لە ئەندام پەرلەمانو تا دەگا بە ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حیزبەکان. هەروەکو ئاشکرایا هەندێ لەو ئافرەتانە دەسەڵاتی رەهایان هەیە لە بریاردانو ئاراستە کردنی کێشەکانو چارەسەرەکان، بۆیەش دەیانتوانی هەوڵوکۆششی خۆیان چربکەنەوە لە پشتگیریکردنو گەشە پێدانی بزوتنەوەی ژنان بۆ بە دەستهێنانی مافی ئافرەتانو و ژینگەیەکی ئارام بۆیان! بەپێچەوانەوە ئەو ژنە لێپرسراوە دەسەڵاتدارانەی هەرێم هەر وەکو پیاوە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکان ، هەستان بە دروستکردنی هەندێ رێکخراو و دەزگای کارتۆنی ژنان و تێواخنی ئەو ژنانەی کە سەربەخۆیاننو پشتیوانی لێکردنیان و دەعم کردنیان بە پارەو پۆست وە بەکارهێنانیان بۆ مەرامە حیزبی و شەخسیاکانی خۆیان و زەقکردنەوەیان له میدیاکان. بەم جۆرە ئەو ژنە لێپرسراوە دەسەڵاتدارانە بەعەمەلی بزوتنەوەی ئافرەتانیان بەرەو ئیفلیچ کردن برد لە باشوری وڵات وە نەیان توانی بزوتنەوەکە بەو ئاراستەیە ببەن کە لە بەرژەوەندی ئافرەتانی کورد بێت بە گشتی!
جگە لەوەش ئەو جۆرە پەیرەو کردنە لە دەسەڵاتدا رێگەی بۆ گەڵی ئافرەتی ناشیاو لە روی ئیمکاناتی فکری و ئیداری و سیاسی هەلخست بۆ ئەوەی ئەو هەلە بقۆزنەوەو بێنە پێشەوە و بگەن بە پۆزشنی زۆرهەستیار لە یەکە ئیداریە حکومیەکانو حزبیەکان، بۆیەش ئەگەر سەرەنجێ بدەین بۆمان دەردەکەوێ کە چۆن لە ناو پیاوان بە سەدان سەرۆک جاشو خۆفرۆشی بەدی دەکرێ لە هەیکەلی سیاسی هەرێم بەهەمان شێوە لە ناو ئافرەتەکانیش بە سەدان ئافرەتی کە کاتی خۆی بەعسی بون گەیشتون بە پلەو پایەو پۆستی باڵا! لەو هەیکەلە کوردیەی هەرێـم! کە بە خوێنو ماندوبونی خەڵکی دڵسۆز هاتۆتە کایەوە.
سەرەرای ئەوەش ئافرەتە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێـم هەروەکو لێپرسراوە دەسەڵاتدارە پیاوەکان سودمەند بونە لە و بارودۆخەی باشوری کوردستان وە دەستیان هەیە و یارمەتیدەری پەرەەسەندنی ئەو گەندەڵیانەن کە پیادە دەکرێ لە هەمو بوارەکان. دیاردەی گەندەڵبونی ژنە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکان بۆ هەمو تاکێکی کۆمەڵگای کوردی رونو ئاشکرایە. زۆربەیان هەروەکو پیاوە لێپرسراو دەسەڵاتدارەکان رێگای نا یاسای دەگرنبەر بۆ خۆ دەوڵەمند کردنو بردنەوە لە هەڵبژاردنەکانو هێنانە پێشەوەی خزمو کەسوکاریان.
ئەوەی پێویستە بوترێ ئەوەیە ،کە هەندێکیان هەر بەوەش نەوەستاون بەڵکو کۆنترۆلی زۆربەی میدیاکانیان کردوەو بەکاری دەهێنن بۆ بەرژەوەندیه شەخسیەکان، شانبەشانی ئەوەش کۆنتڕۆلی هەمو جەمسەرە سەرەکیەکانی ئابوریەکانی حزبەکەیانو دەرامەتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانیان کردوە! بە دڵنیایوە ئاگایان لە هەمو گەندەڵیەکان هەیه کە لە بواری ئابوری ئەجامدەدرێ لە هەرێم! بەبێ شک هەندێکیان زۆر لە نزیکەوە ئاگایان له گرێ بەستە نەوتیەکان هەیەو پشکی لە شێر گەورەتریان بەردەکەوێ!
دیاردەی لەوەش سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە که هەندێکیان هەوڵدەدەن وەکو ژنە دهسەڵاتدارەکان و ئۆرۆستۆقراتیەکانی دونیای وڵاتانی سەرمایەداری هەڵسوکەوت بکەن، چاولێکەری هەندی ژنی ناوداری جیهان بکەنەوەو وەکو "لەیدی دایانا"، هەڵدەستن بە دامازراندنی رێکخراوی خێرخۆازی و بۆ یارمەتی دانی بێوە ژنو، منداڵی هە تیو وپەککەوتە ! هەر چۆن لەیدی دایانا لە ئەفریقا! ئەنجامی دەدا، کە بەم کارانە هەڵدەستن بێگومان کامیرای میدیای خۆیان لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ ئەوەی پروپاگەندەیان بۆ بکەن. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لە کاتێکدا ئەنجامدەدەن کە خۆیان پشکی شێری سەروەتو سامانی وڵاتیان خستۆتە ژێر رکێفی خۆیان و بانقەکانی دەرەوەی وڵاتیان پرکردەو لە سەرمایەی وشکی خۆیان ئینجا چ لە ژێر ناوی خۆیان و چ لە ژێر ناوی کەسوکاریانو یان ناوی ئەو کەسانەی کە جێگەی متمانەیانن! قەسرو ڤێلای گەورەیان جگە لە ولات لە وڵاتانی بیانی کڕیوە، ئەم جۆرە دیاردانە لەناو ئافرەتە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، رولە زیادی و گەشە سەندنە، ئاستی گەندەڵیەکە لە بەرزیو نزمی دایە بە گوێرەی پلەو ئاستئ دەسەڵاتی ژنە لێپرسراوەکە! ئەم راستیە زۆر بە ئاشکرا دیارەو دەتوانم بڵێم زۆربەی خەڵک دەیزانێ بۆیەش ناتوانرێ نوکڵی لێبکرێ!
نەهێشتنو رێگە گرتن لەو جۆرە گەندەڵیەو هەزاران گەندەڵی ترکە ئەنجامدەدرێ له باشوری وڵات بەرامبەر ئافرەتانو بزوتنەوەکەیان، لێپرسراوەتی گۆرینی ئەو واقیعە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی ژنانی کورد بە تایبەتی ژنانی باشوری وڵات، شانبەشانی ئەوش حزبەکانی کە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنن لێپرسراویەتی مێژوی گرنگیان هەیە بەرامبەر ئەو مەسەلەیه لەم قۆناغە پڕ هەستیارەی وڵات، دەبێ ئۆپۆزسیۆن بە ڕۆڵی مێژوی خۆیان هەستنو یارمەتیدەری بزوتنەوەی ئافرەتان بن لە وڵاتو تەقەلا بکەن لە راستکردنەوەی ئاراستەی چەوتی بزوتنەوەی ژنان وە بتوانن ئەو دیاردانە زەق بکەنەوەو رونی بکەنەوە بۆ میللەت کە ئەم گەندەڵیانە لە ژێر حوکمڕانی هەردو حزب ئەنجامدەدرێ، کە لە ئەنجامدا زەرەر لە بزوتنەوەی ئافرەتان دەدا لە وڵات وە ژنان زیاتر بەرەو کوێلە بون دەبات، بۆیەش دەڵیم ژنانی باشوری وڵات تاکەی بێدەنگی؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست