هەڵبژاردنى ئەمجارە جیاوازە
Sunday, 01/09/2013, 12:00
1791 بینراوە
ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لەهەمو هەڵبژاردنەكانیترى هەرێمى كوردستان، چ ئەوانەى بۆ پەرلەمانى كوردستان و شارەوانیەكان و چ ئەوانەى بۆ پەرلەمانى بەغدا ئەنجامدراوە، چونكە ئەمجارە هەمو حیزبەكان بەلیستى جیا و سەربەخۆ بەشدارى دەكەن لەگەڵ بونى چەند لیستێكى ترى ناحیزبى.
هەڵبژاردنى ئەمجارە دەتوانێت قەبارەى هەمو حیزبەكان دیارى بكات و بیاندات لە سەنگى مەحەك، دواى ئەم هەڵبژاردنە حیزبەكان باشتر خۆیان دەناسن و قورساییان بۆ جەماوەر دەردەكەوێت.
لەگەڵ ئەوەى گومان و پێشبینى زۆر هەیە لەسەر هەردوو پارتى دەسەڵاتدار بۆ ئەنجامدانى تەزویر و خروقات، بەتایبەت زۆنى (زەرد) وەك دەڵێن لەهەردوو پارێزگاى (هەولێر و دهۆك) رێژەیەكى زۆرى ناوى مردوان نەسراوەتەوە هەروەها ڕێژەیەكى زۆر ناوى دووبارەى هەردوو پارێزگاى (كەركوك و موسڵ) و سنورى ناوچەى 140 لە هەردوو پارێزگاى (هەولێر ە دهۆك) دووبارە بۆتەوە یان ترس لە دوو بارە و چەند بارەى دەنگدانى هێزەكانى پێشمەرگە و ناوخۆ هەیە، ئەوە بێجگە لە دەرهێنانى ناسنامەى بارى كەسێتى بۆ كوردانى ئاوارەى هەردوو پارچە كوردستانى (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا).
وەك وتم هەڵبژاردنى ئەمجارە ڕێژەى ڕاست و دروستى هەمو پارت و لایەن و لیستەكانمان پێ دەڵێت، ئەوەى كە گرفتەو هەر بە نهێنى دەمێنێتەوە دەنگى حەقیقى و راست و دروستى هەردو پارتى دەسەڵاتدارە كە دەرناكەوێت،ئەویش بەهۆى ئەو مێژوو ڕەشەى كە لە ڕابردودا لە هەڵبژاردنەكاندا تۆمارمانكردووە، كەلە لەهەمو هەڵبژاردنەكاندا ناومان كەوتۆتە لیستى ڕەشەوە، چونكە پەنامان بۆ تەزویر و خروقات بردبو.
بۆ ئەوەى ڕێژەى دەنگى ڕاستەقینەى ئەوانیشمان بۆ ئاشكرا ببێت، ئەوا پێویستە بۆ زانینى دەنگى ڕاستە قینەى (ینك) ى دور لە دەسەڵات ، سەیرى دەنگەكانى بكەین لە زۆنى زەرددا، هەروەها بە پێچەوانەشەوە بۆ زانینى دەنگى ڕاستەقینەى (پدك) ى دور لە دەسەڵات ، سەیرى دەنگەكانى بكەین لە زۆنى كەسكدا، ئەوسا حەقیقەتى ئەوانیش خۆى نمایش دەكات وەك هەمو حیزبەكانیتر .
بەهەمو پێوەرێك ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لە هەموو هەڵبژاردنەكانیتر ، بەڵام پێویستە پاش دەركەوتنى ئەنجامەكان ئیتر چەند كەسایەتى و لیست و سەركردەش ئەزمونى لێوەربگرن و واز لەكارى سیاسى بێنن و گۆڕەپانەكە چۆڵ بكەن.