کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئەگەر تۆپەکە لای خۆم نەبێ، تیپ هەڵدەوەشێنمەوە

Wednesday, 16/01/2013, 12:00





جاران کە مناڵ بووین، ئیش و کارمان نەبوو، له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمدا هەر خەریکی یاریکردن و تۆپ تۆپێن (فووت بۆڵ) بووین، جاری وا هەبوو گەڕەکا و گەڕەك، جاری واش هەبوو لە ناو خۆماندا یاریمان ئەکرد. برادەرێکمان هەبوو خاوەن تۆپەکە بوو، دەبوو هەموو لە کاتی یاریکردندا زۆرترین پاسی بدەینێ و لەترسی ئەوەی لە نیوەی یارییەکەدا پڕ نەکات بە تۆپەکەدا و بیباتەوە ماڵەوە، ئیتر ئێمەش به‌ بێ تۆپ بمێنینەوە.. ئه‌گەر بهاتبایه‌، یاریەکە بەدڵی ئەو نەبوایە و ئەو تیپەی ئەو دروستی ئەکرد بە خۆاست و ڕەزای ئەو نەبوایە، ئیتر نەك هەر نەی دەهێشت بە تۆپەکەی یاری بکەین، بەڵکو زۆرجار گێرەشوێنیشی ئەکرد. بۆ نمونە جارێك تیپێکی وەرزشمان دانا و ناومان لێنا (کۆچەر) بۆ ئه‌وه‌ هەستاین لەسەر دیوارەکانی گەڕەك ئه‌و ناوه‌مان نووسی. کەچی ئەو برادەرە چونکە ناوەکەی بەدڵی ئەو نەبوو، ڕۆژی دوایی (کۆچەر)رەکەی هەموو کوژانبۆوە و کردبووی بە (چۆرەك). دوا جار لە یاریەکدا دوای ئەوەی هەر پاسمان ده‌دایه‌ و دەیفه‌وتاند، بڕیارماندا چی تر پاسی نەدەینێ، دواجار ووتی ئەوە من تۆپەکە دەتەقێنم و تیپیش هەڵدەوشێننمەوە.

وا ئێستاش سێ سەکردەی یەکێتی کۆن و تازەی گۆڕان (عوسمانی حاجی مەحمود، سالار عه‌زیز  و قادری حاجی عەلی) ووڕکیان گرتووە لەسەر ئەوەی کەوا چۆن بۆ شەکراو خواردنەوەی (جڤاتی بەناو نیشتمانی) بانگ نەکراوون و ناویان لە کولەکەی تەڕدا نەهاتووە. ئەم برادەرانە لەبەرئەوەی خۆیان بە ئەندامە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەزانن، ئێدی پێیان وایە، دەبێ لەخۆیان زیاتر کەسی تر بۆی نیە پلە و پۆستی هەبێت، خۆ ئەگەر نا، ئەوا تیپه‌کەی گۆڕان هەڵدەوەشێننەوە.

ئەم سێ سەرکردەیە و هەموو ئەوانی تریش، کە بۆ یەك ڕۆژ چییه‌ به‌بێ موچە نەکراون و لەخێر و بیری یەکێتی بێ بەش نەبوون، هیچ کامیان ئەو هەموو موڵکە (مەنقوڵ و لامەنقول)انەیان بۆ خاوەنەکان و حکومەت نەگەڕانۆتەوە، کەچی بانگه‌شەی یاسا و سەروەری قانون دەکەن.. ئەم برادەرانە هەم گۆشتەکە دەخۆن و هەم گۆشتاوەکەش، کەچی باس و خۆاس له‌لایان تەنها ئەوەیە، کە چۆن بتوانن ئەو پارە و پلە و پۆستانەی هەیانە زیاتر بیچەقێنن و بەهێز تری بکەن، ئەمە لە کاتێکدا بەهەزارەها خەڵکانی نێو گۆڕان، نان بڕاو، موچەبڕاو، زمانبڕاو کران، چەندیان لێ تیرۆر کرا، چەندی تریان به‌ ئامڕازی تۆقاندن و ویژدان کڕین هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ درا و ناچارکران  تا واز لەگۆڕان بهێنن و بچنەوە ڕیزی یەکێتی .

وا هەنووکە ئەم سێ سەرکردەیە هەندێکیان بە ووتەی خۆیان، نیگەرانن، هەندێکی تریان خیشیان کردوە و ئەڵێن وازمان لە گۆڕان هێناوە و چووینەتەوە ماڵەوە. ئەمە لە کاتێکدا هەر ڕۆژەی پەیامێکی جیاواز بڵاو دەکەنەوە، نازانین وازیان هێناوە، خۆیان سڕ کردووە، تەنها ڕەخنە و گازندەیان هەیە ... یان شتی تر. ئەمە لەکاتێکدا کە سەرکەوتی کوبە، ڕۆژێك دەڵێ: وازهێنانی ئەو برادەرانە کاریگەریی لەسەر بزووتنەوەکە نییە، کەچی ڕۆژی دوایی ئەو شتێکی ترمان پێ دەڵێ..
بەهەرحاڵ دەرکەوت کە ئەو کەسانە بە مەرجی پلە و پۆست لە گۆڕاندا دەمێننەوە، ئەگینا واز ده‌هێنن و هەریەکەیان دەچێتەوە ماڵی خۆی.

نازانم بۆ ئەو سێ برادەرە و زۆربەی خەڵکی لە یادی کرد، کە دروستبوونی گۆڕان نەك هەر بەتەنها بەهەوڵ و دانایی و زانایی ئەوان نەبووە. بەڵکو پێش ئەوان و لە مێژە کوردستانپۆست و نووسەرەکانی تۆوی بەئۆپۆزیسیۆن بوونی لە نێو شەقامی کوردستاندا چاندبوو! ئەوە هیلاك بوون و شەونوخونی کوردستانپۆست و نووسەرەکانێتی کە جۆش و خرۆشی دایە گۆڕان و هەنگاوەکانی زیاتر خێراتر کرد، گڕ و تینێکی وای دا بەجەستەی گۆڕان کە بتوانن بەرەنگاری ڕۆژگارە سەرەتاییەکان ببنه‌وه‌ و به‌رگه‌بگرن. ئەوە کوردستانپۆست بوو کە پەیامی ئازایانەو راستۆگۆیانەی ئاڕاستەی شەقام ئەکرد و بەردەوامیش هەر لەو ڕێگایەدا خەبات ئەکات بۆ دروستکردنی گۆڕانی ڕاستەقینە کە بتوانێ مەشخەڵی ئازادیی هەڵبگرێت. ئێمە لە مێژە به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و قادری حاجی عەلی و برادەرانی تری نێو گۆڕانمان ووت، کە چیتر مەچنە بەردەم ماڵی بارزانی و لە ژێر وێنەی مەلا مستەفای ئاشبەتاڵچی کۆبونەوە مەکەن، لەمێژە پێمان ڕاگەیاندن کە مەچنە پرسەی دایکی مەسعود و مەیکەنە پرسەیەکی سیاسیی، کەچی وا هەنووکە هیچ لەو سێ برادەرە و ڕێکخەری بزووتنەوەکەش، که‌ نه‌وشیرون مسته‌فایه‌ ئامادە نین بچنە پرسەی ئەو سێ کەڵە ژنە کورده‌ی باکوور، کە لە پێناو ئەرکی نەتەوەیی کوردا تیرۆرکران!
ئایا کاری (جفاتی نیشتمانی نەتەوەیی) ئەوە نییە، وەك ناونیشانەکەی خۆی ڕاستگۆبێت لەگەڵ دۆزە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە