پاسەوانى باغەكەى فوئاد مەعسوم رێگرى لە شارەوانى كۆیە دەكات
Thursday, 25/02/2010, 12:00
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست كوردستان پۆست كەوتوون، رۆژى 20ى ئەم مانگە یەكێك لە پاسەوانى باغەكەى فوئاد مەسوم لە كۆیە بەناوى نەریمان، رێگرى لە شارەوانى كۆیە كردووە لە چەوڕێژكردنى كۆڵانەكانى ئەو ریزە ماڵەى كەوتوونەتە بەرامبەر باغەكەى فوئاد مەعسوم و پاش ئەوەى كێشەكە گەیشتووەتە مەڵبەندى كۆیەى یەكێتى، ئامیرلیوایەكى سكرتاریەتى تاڵەبانیش هەرەشە لە نوێنەرى خەڵكى گەرەكەكە دەكات.
سەرچاوەیەكى تایبەت لە شارۆچكەى كۆیەوە بە كوردستان پۆستى راگەیاند كە رۆژى 20ى ئەم مانگە شارەوانى كۆیە لە هەوڵى چەوڕێژكردنى كۆڵانەكانى ئەو ریزە خانووە بوون لە كە كەوتوونەتە بەرامبەر باغەكەى فوئاد مەعسوم لە كۆیە، بەڵام لەلایەن پاسەوانێكى باغەكەى فوئاد مەعسومەوە رێگرى لە تیمەكەى شارەوانى كراوە بە كارەكەى خۆى هەستێت، بە پاساوى ئەوەى چاككردنى ئەو رێگاوبانە كاریگەرى لەسەر باغەكەى فوئاد مەعسوم دەبێت.
ئەمەش ناڕەزایەتییەكى زۆرى لێكەوتووەتەوە و هەر هەمان رۆژ دانیشتووانى ئەو ریزە ماڵەى بەرامبەر باغەكەى فوئاد مەعسوم، سەردانى مەڵبەندى كۆیەى یەكێتیان كردووە و لەگەڵ رێبین سۆفى بەرپرسى مەڵبەند كۆبوونەتەوەو قسەیان لەسەر ئەو رووداوە بكەن. بەڵام پاش ئەوەى لە مەڵبەند هاتوونەتە دەرەوە، لەلایەن ئامیرلیوایەكى سكرتاریەتى تاڵەبانییەوە بەناوى جەنگى فەقێیانى هەرەشە لە خەڵكەكە كراوە و هەروەك بە پێى زانیارییەكانى كوردستان پۆست دەمەقڕێیەكى زۆریش لەنێوان جەنگى فەقێیانى ئامیرلیواى سكرتاریەتى تاڵەبانى و ئەنوەر نادر نوێنەرى خەڵكەكە دروست بووە. ئەنوەر نادر لە توڕەییدا هەر لە سەر دەرگاى مەڵبەندى كۆیەى یەكێتى، وتویەتى ئەوەى دەنگ بە فوئاد مەعسوم دەدات سەگى كوڕى سەگە و لە دایكى خۆى نییە.
جێگەى ئاماژە پێكردنە تا ئێستا بەهۆى رێگەپێنەدانى پاسەوانەكانى باغەكەى فوئاد مەعسومەوە شارەوانى كۆیە ناتوانێت ئەو بەردەم ئەو ریزە خانووەكەى بەرامبەر بە باغەكەى فوئاد مەعسوم چەورێژ بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست