ئایا یەکێتی و گۆڕان دەتوانن دەسەڵات لەپارتی و مەسعود بارزانی وەربگرنەوە؟
Thursday, 07/03/2013, 12:00
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکوردستاندا، خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە و خاوەن بڕیاری سەرەتا و کۆتاییە. هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵیدا هەیە و تەنانەت، گەلێ پۆستی گرنگی ئیداری و تەشریعی بەدەستەوەیە و ناوی خۆی ناوە برابەش، بەڵام هیچ بڕیارێکی لەدەستدا نییە و لەڕووداوەکاندا، ئەگەر خۆی بەزۆر و لەڕێگای پەیوەندییەکانی خۆیەوە نەیبچڕێت، ئەوا لەزۆربەیاندا، بێئاگایە. هەر ئەمەش، بووە هۆکاری ترازانی لایەکی و بزوتنەوەی گۆڕانی تێدا بەرهەم هێنرا. بەنەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و دوورکەوتنەوەی لەناو یاریگاکە، هێندەی تر بارەکەی قورس بووە و وەك پاڵیتی پاش مێشان، بۆ شەرعیەت دان بەکارەکانی، جار جارە، مەسعود بارزانی، خێرێکیان پێ دەکات و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵدا دەکات.
بزوتنەوەی گۆڕان، دەرهاویشتەی لاوازیەکانی ناو بازنەی یەکێتیە و بەبێ هێزی جەماوەری و ماسولکەی هێزەچەکدارەکانی ئەو، ناتوانێت بەرگەی هەموو ئەو ئەگەرانە بگرێت، کە مەسعود بارزانی، بەبێ ئاوڕدانەوە لە بەرپرسیارێتی و ترس لە شەرەفی نەتەوایەتی، لەدەستی دێت بیکات. هەربۆیە، پێویستە، بەخۆیدا بچێتەوە و ئاوڕێك لەمەمکی پڕ لەشیری دایکی بداتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان، بەپێی تەسەوراتی سیاسی خۆی و ئیشتیهادی ڕێبەرەکەی، لەخوێندنەوەی بارودۆخی ئێستا و ئایندەدا، کەلەسەر پایەکانی ڕابردوو کەڵەکەی کردوون، بۆی ڕوونە کە ناتوانێت چیی تر بەرگە بگرێت. هەربۆیە، پێویستیی بە تاکتیکی هەمیشەییە لەیارییەکی دووسەرەدا. ئەوانیش، مانەوە و فراوانکردنی خۆی و لێدانی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کەوەکو ئەوەی بەسەریدا ڕژابێت، لەپڕێکدا و لەکاتی پڕ لەکێشەی عێراقدا، سکرتێرەکەی نەخۆش کەوت و دوور کەوتەوە. ئەمەش، ئەو دەستکەوتە بوو کە دەمێ بوو ئەم هێزە، لەچاوەڕوانییدابوو. چونکە، هێزە گەورە و ناوەنجییەکانی دەستکراوەتر و دیدەزۆر و کەڵەبووەکانی فراوانتر کردەوە. بەمەش، توانایەکی دەستەجەمعیی کۆمەڵێك سەرکردە و کادری بنچینەیی بەیەکەوە گرێ داو، ڕووە راستەقینە شاراوەکەی، کە کۆتاییهێنانە بە پارتی، بەڕوونی دەرکەوت. ئەمە لەدووای ئەو گیانەڵایەوە هات، کەبەدەستی مەسعود بارزانی و پارتەکەیەوە خەریکی دەرچوون بوو.
بزوتنەوەی گۆڕان، بەهەڵبژاردن و لەڕێگای پەرلەمانەوە، دژ بەیەکێتیی دایکی، بەتەنها، یان لەگەڵ دوو هێزی لاوازی ئیسلامیدا، نەیتوانی، نیشانەکانی بەتەواوی بپێکێت. لەکاتێکدا، وەرگرتنی دەسەڵات، مافێکی ڕەوایە و دەکرێت بزوتنەوەکە بیر لەبەدەستەوەگرتن و بەدەستهێنانی بکاتەوە کە لەم دوواییەدا، ئەوە بەئاشکرا باس و خواسی لەبارەوە کرا.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نایەوێت تا کۆتایی ژیانی خۆی، شەریکەبەشی پارتی بێت و بەدیار کلکی سوواوی لەزەوی خشاوی ئەسپێکەوە بێت کە خەریکی وەرینە و بەگوریس، بەپاڵووەکەیەوە بەستراوەتەوە. بێجگەلەوەی، هاوڕێتیکردنی پارتی، لەبەرەیەکی ئاوادا، هەم سوك و هەم بێمتمانەی کردووە.
ئەنجام:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەبێ ئەوەی هیچ کاغەزێکیان ئیمزا کردبێت و لەسەر هیچ خاڵێك ڕێککەوتبێتن، بەفکر و بەهەڵوێست و بەکار، بەیەکەوە ڕێك دەکەون. بۆ ئەمەش، وەك خاڵی دەستپێکردن، لەهەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستاندا، بەجوودا بەشداری دەکەن.
هەردوكیان، لەهێزە ئیسلامیەکان نزیکن و ئەوانیش، چەندین ئەندام پەرلەمان بۆخۆیان مسۆگەر دەکەن. بەمەش، بەبێ کۆبوونەوە و ئیمزاکردنی پێشوەخت، ئیئتلافێکی یەك هەڵوێستی و یەك ئامانجی، پێك دەهێنن.
لەپاش هەڵبژاردن، هەرچووار هێزەکە، دەبنە یەك و لەبەرامبەر پارتیدا، دەمێننەوە و بەدوو کۆبوونەوە یان زیاتر، دەبنە یەك و حکومەت پێك دەهێنن. هەڵبەتە، ئەمە هێندە سوك و ئاسان نییە کە پارتی و مەسعود بارزانی بتوانێت قبوڵی بکات! بەڵام، بەهۆی کاریگەرییەکانی دەوروبەر و بەئاگابوونی ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بێدەنگیی لێ دەکەن و بەناچاری قبوڵی دەکەن. لێ ئەم حکومەت پێکهێنانە، لە هێزەکانی پارتی کەم ناکاتەوە و تەنانەت، ئەم حکومەتە، لاوازترین حکومەت دەبێت لەمێژووی دەسەڵاتی کوردیدا، لەم هەرێمەدا. بەڵام، دەتوانێت ببێتە بنچینەیەکی باش و پتە و بۆ قۆناغی ئایندە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، لەم قۆناغەدا، بێجگە لەوەی کۆمەڵێك کێشە و قەیرانی سیاسی و ئیداری زۆر گەورە دروست دەکات، نە ڕێککەوتنە نەوتیەکان و نەپرسی ئاسایش و نەپۆلیس و نەزانکۆکان و نە دادگاکان و نەپەیوەندیەکان، ڕادەستی ئەم حکومەتە ناکات. بەڵام، حکومەتەکە دەتوانێت پارتی و دەسەڵاتە ڕەهاکەی بەهێواشی بنکەن بکات و بۆ هەڵبژاردنێکی تر، ئامادەی لاوازی، یان ڕوخانی بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست