ئەگەر شێرکۆ بێکەس خۆی بە شاعیری میللەتەکەی بزانیبا هەرگیز ئەو وەسیەتنامەیەی نەدەنووسی
Saturday, 06/07/2013, 12:00
2928 بینراوە
لە باشووری کوردستان وەک چۆن هەندێک لە دەوڵەمەندی لە پڕێ بوون بە کوڕێ ڕقیان لە مرۆڤە سادەکانی هاوزمان و هاو نەتەوەیان دەبێتەوە و لە ڤیلا و کۆشکەکانی فیرعەوناوا و گرد و تەپۆڵکە بە حیزبی کراو و داگیرکراوەکاندا نەبێت بێزیان نایەت لە تەنیشت ئەنفالکراوێکی گەرمیان، یان هەژار و بێدەرەتان و لە ژمارە نەهاتوەکانی کوردستاندا بژین!
بە هەمان شێوە شاعیرێک کە ساڵانێکی زۆرە دوور لە تاڵی و چەرمەسەری ژیانی ئەو هەژار و پاڵە و ڕەنجبەرانەی کە هۆنراوەکانی پێ دەڕازاندەوە تاوێک لە خۆش گوزەرانی هەندەران و تاوێکیش لە پاڵ سێبەری کۆشک و ڤیلاکانی بەرپرسان و حیزبیەکانی کوردستاندا دەحەوێتەوە!
لەو بستە زەمینەی کە لە هەر چوار پارچەی داگیرکراوی کوردستاندا خوا تۆزێک حوکمی خۆسەری پێبەخشیون هەندێک لە دەوڵەمەندە بێویژدانەکان و سیاسیەکانی کوردستان بە مردوویش ڕقیان لە خەڵکە سادەکە دەبێتەوە و بە ڕاکێشانی کارەبا و دانانی فوارە و هەڵبەستنی قەفەزی ئاڵتونین خۆیان لەو ڕەش و ڕووتانە جیادەکەنەوە کە بە قەرز و قۆڵە و خێر و پیاوەتی پیاوچاکان مەترێ گۆڕیان بۆ هەڵکەنراوە، کەچی شاعیرە بێوێنەکەمان هاوشێوەی ئەو دەوڵەمەند و سیاسیانە دەیەوێت لە پاش مردنیشی دوور لەو مرۆڤە سادانە بینێژن کە پەڕە بە پەڕەی دیوانەکانی بە باسی ئەوان پڕکردۆتەوە و دەڵێت من چیتر حەزم بە تێکەڵی ئەوان نییە.
خەڵکیی کوردستانی نەگبەت لە شاعیریشدا بەختت ڕەشە و سەردەستەی شاعیرەکانت کە لە هەندێک لە شیعرەکانیدا بەرگری لە هەژاران و چەوساوەکانی میللەتەکەی دەکات لە مردنیدا پشتیان تێدەکات.