کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی دیموكرات مەسعود بارزانی لەپەرلەمان پێ پیرۆزترە

Saturday, 26/03/2011, 12:00


بەهرۆز گەڵاڵی لەكتێبی (كوردایەتی و هەڵوێست)دا دەنوسێ "لەهەموو دونیادا لەپەرلەمان پیرۆز تر نیە، چونكە ڕەنگدانەوەی بیروبۆچونی خەڵكی كوردستانە كەچی كوڕانی مەلا مستەفا وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەئیهانەیەكی زۆر گەورە دەزانن پێیان وایە بۆ كەسایەتی ئەوان نەنگییە".
د.سالار باسیرە مامۆستای كۆلیجی یاساو زانستە ڕامیاریەكانی زانكۆی سلێمانی وتی "دەستورو یاسا لەسەروی هەموو تاكێكی كۆمەڵەوەیەو پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتە لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێ و بەپێی یاساو دەستور دەتوانێ لێكۆڵینەوە لەگەڵ حكومەت و پۆستە بەرزەكانیشدا بكات بەسەرۆكی كۆمارو سەرۆكی هەرێم یشەوە. ئەمە بۆ پەرلەمانی سیستەمێكی دیموكراسی".
هەر لەو بارەوە د.فایەق گوڵپی ئەندانی پێشوتری پەرلەمان وتی "لەهیچ دەستورو یاسایەك دا ئاماژە بەوە نەكراوە كەسەرۆكی پەرلەمان موقەدەس بێ و ڕەخنەی لێنەگیرێ، یەكێتی و پارتی لەنەوەدەكان شەڕی زۆریان هەبووە لەسەر پۆست و پارە، بەڵام دوای ئەوەی یەكێتی".
فرانسۆ هەریری لەوتارێكی دا دەڵێ "پەرلەمانێك لەهەستی نابەرپرسیاری یان لەهەر هەستێكی ترەوە ڕۆژێك و دووان و سێ، سەرۆكی پەرلەمان بداتە بەر شاڵاوی پرسیارو توانج و سەغڵەت كردن و توڕەكردن.. دیارە ئێمەش نایەڵین پیرۆزی و گەورەیی سەرۆك بارزانی بەهیچ شێوەیەك بشكێ".
د. سالار لەمبارەوە دەڵێ " بەڵام ئەگەر كەسێك لەوپۆستەدا وابیر بكاتەوە بەحوكمی مەكانەتی بنەماڵەكەی ڕوبەڕوی پەرلەمان نەكرێتەوە ئەمە بیركردنەوەیەكی تەقلیدی بنەماڵەیی و ئۆتۆكراسیە كەئەو كەسە پەرلەمان ئەوەندە بەبچوك بزانێ كەنابێ ڕوبەڕوی پرسیارو ڕەخنە نەبێتەوەو لەخوارو سەرۆكەوەن و ئەو بۆی هەیە هەر كاتێك بیەوێ حكومەت و پەرلەمان حەل بكات. ئەمە بیركردنەوەی حزبی قائیدە، بۆیە نابێ پەرلەمانیش ئەوەندە دەسەڵات بدات بەسەرۆكی هەرێم و پەرلەمانێكی كاراو پتەو و بەهێز بێت و لەژیر ڕكێفی حیزبدا نەبێت. سیستەمی سیاسی تەندروست ئەو سیستەمەیە كە دەبیت هەموو دەسەڵاتەكانی "یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری" لێك جودا بن.
عومەر محەمەد ئەمین دزەیی لەنوسینێكی دا كەلە ژمارە (865)ی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ لە 18/12/1994 بڵاویكردۆتەوە لەژێر ناونیشانی (ماسی گرتن و قون تەڕ نەبوون ناكرێ) دەنوسێ "ئەگەر كاك مەسعودی بارزانی "مقدس و پیرۆز" بێ بەدوبارەو سێ بارەكردنەوەی ڕەخنەو توانج سەغڵەت ببێ و لەگەورەیی كەم ببێتەوە دەبێ مام جەلال تاڵەبانیش بەهەمان شێوە مقدس و پیرۆز بێ".
د.فایەق محەمەد گوڵپی دەربارەی ئەو ڕابردووە پڕ لەشەڕو خوێنەو ئەم پێكەوە بونەی ئەمڕۆ وتی "ئێستە كەشەڕ ناكەن باشە، ئەو كاتەی شەڕیان كردووە گوێیان لەئێش و ئازارو داوای خەڵك نەگرتووە، كاتێكیش شەڕیان ڕاگرتووە دەستی دەرەكی هاتووە شەڕەكەی پێ ڕاگرتوون و ئاشتی كردونەتەوە چونكە ئیشی پێیان بووە، لەساڵی 1976 تاكو 1986 پارتی و یەكێتی شەڕیان كرد لەكاتی خەباتی پێشمەرگایەتی دا هەموو دونیا داوای لێكردن دەست لەو شەڕە هەڵگرن ڕایاننەگرت، بەڵام یەك ڕۆژ ڕەفسەنجانی سەرۆك كۆماری ئێران بوو پارتی و یەكێتی ئاشت كردەوە چونكە شەڕی ئێران ئێراقی پێكردن، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە كەلە 1.5.1994 شەڕی ناوخۆیان دەست پێكرد هەموو دونیا داوای كرد شەڕ نەكەن بەڵام تا ساڵی 1998 ئەمریكا ئاشتی نەكردنەوە هەر شەڕیان ئەكرد، ئەمریكاش ئیشی پێیان بوو بۆ ئەوەی بوون سەدامی پێ بڕوخێنێ، بۆیە ئەمریكا ئیشی پێیانە بۆیە ڕێكیخستوون، بڕیاری یەكێتی و پارتی بەدەستی خۆیان نیە، بەدەستی دەرەوەیە، دەرەوە شەڕیان پێ ئەكات، ڕێكیان دەخات.

دەربارەی ئەوەی كەئایا پەرلەمانی ئەمجارە ئەو پەرلەمانە دەبێ كەبتوانێ لێپێچینەوە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و هەرێم بكات و ئەو دەسەڵاتەی هەبێ؟
د. سالار باسیرە وتی ""پەرلەمانی كوردستان كەتائێستە هەڵبژێراوە پەرلەمانێكی كارا نەبووە، پەرلەمانی دوو حزب بووە، حزبیش لێرە حزبی قائید بووە،پەرلەمان لەسەر كاغەز هەبووە، سەرەتای دورست كردنی پەرلەمان و حكومەت كارێكی باش بووە بۆ نەتەوەیەك كەجینۆساید كراوەو هەوڵی لەناوبردنی دراوە، بەڵام ئەگەر بێینە سەر هەڵسەنگاندنی 18 ساڵی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە ئەوە بەئاقارێكی تردا براوە، هەر سێ دەسەلاتەكە لەناو یەكتردا تواونەتەوەو حزب حوكمی پەرلەمان و حكومەتی كردووە، تەنانەت حكومەت باڵادەست بووە بەسەر پەرلەماندا، پەرلەمانێكی تەندروست نەبووە بەو مانایەی كەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی تێدا بێت تاكو چاودێری دەسەڵات بكات. پەرلەمان تەنها ئامرازێك بووە بۆ ئامانج. مەكتەب سیاسی دوو حزبەكە، بێگومان بەتەوسیەی سەرۆكی دوو حیزبەكە، لەدەرەوە چییان بڕیار دابێت ئەوە دەبریتەوە ناو پەرلەمان و لەوێ دەنگی لەسەر دەدرێ و قبول دەكرێ. تەنیا یەك نمونە ئایا بۆچی پەرلەمان لەئاست ئازادكردنی فرۆكەوانەكە بێ دەنگ بوو؟ ئەو وتیشی بەرزانیزم كراوەتە ئایدیۆلۆژیاو تائێستەش وا لەخەڵك دەگەیەنن كەبەبێ سەرۆك ئەو هیچ نیە، لەسیستەمی بەعسیش دا وابوو، سەدام حسێن هەموو بەرگێكی هەبوو، بەرگی ئایدیۆلۆجیاو بەرگی حكومەت و پەرلەمان و حیزبیش لەبەركردبوو، تاڵەبانیش بەهەمان شێوە هەوڵی ئەوە دەدەن دەوری كاریزما ببینن".
دەربارەی ئەوەی ڕۆژی 7/9/1995 هەوڵی كوشتنی "كۆسرەت ڕەسوڵ" سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئەوكات درا، بۆیە لە پاش دوو ڕۆژ لە 9/9 خۆپیشاندانێكی گەورە لەشاری هەولێر ئەنجامدرا بۆ پشتیوانی كردنی سەرۆكی حكومەت.
د. سالار وتی "جاران یەكێتی و پارتی شەڕیان بوو لەسەر دەسەڵات و پارە، ئێستە ڕێكەوتوون لەسەر دەسەڵات و پارە، ئەم ڕێكەوتنە لەنێوان سەركردەكاندایە لەسەرەوە لەگەڵ كۆمەڵێك دارو دەستەی خوارەوە كەبەرژەوەندیان تێیدایە.ئەو وتیشی هیچ نەما ئەو دوو حزبە بەیەكی نەكەن، هەموو ئەو سالانە لەشاخ شەڕیان كردو هەزاران كەسی تێدا كوژراوەو پارەی زۆر تێدا سەرف كراوە، لەشاریش سومعەی حكومەت و پەرلەمانیان شێواند، من هەرگیز باوەڕم بەم ریكەوتنە نیە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و بەرژەوەندی گشتی بیت، هەرچەندە داخوازیەكی میلەتە كەشەڕ نەبێ و پێكەوە بژین.
یەكێتی نیشتمانی ئێستە كەوتۆتە لاوازیەكی زۆرو بەشێكی گەورەی بەهێز بوونی پارتی لەسەر هەڵەكانی یەكێتی بووە، بەڵام ئێستە پارەو بەرژەوەندی تەسك و مانەوە لەسەر دەسەلات ڕایگرتوون و ئەو تەنازولانەی یەكێتیش تەنها لەبەرامبەر مانەوەیدایە، هەرچەندە پارتی یەكێتیەكی لاوازی پێ باشترە لەوەی هێزێكی تر بێتە پێشەوە كەبەشێوازی تر مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكات.
لەگەڵ ئەوەشدا تاكو ئێستە پەرلەمان حكومەتێكی یەكگرتوی نیەو حكومەتی دوو حزبە، دوو وەزارەتی ناوخۆو دارایی هەیە، دوو دەزگای ئاسایش هەیە و دوو دەزگای نایاسایی هەوالگری هەیە.وەزارەتەكانی تریش بەفیعلی یەكی نەگرتۆتەوە، ئەم شتە گرنگانە یەكیان نەگرتۆتەوە، لەبەر ئەمەشە تاكو ئێستە پرۆژەی ئاسایشی نەتەوەییمان نیە.

د. فایەق وتی " لەسەردامانێكدا مەكتەبی سیاسی یەكترییان ئەكوشت، بەڵام ئێستە ئەو پۆستە لەمەوە ئەدرێ بەو، پێناسی ئەو یەكگرتنەوەی پارتی و یەكێتی بەكۆنفیدراڵییەك ئەكەم كەكۆنفیدراڵییەكی حزبیی و خێڵەكییە لەنێوان یەكێتی و پارتی دا لەنێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی، لەكۆنفیدراڵی دا یەكگرتنەوە نیە، هەریەكە ئیدارەیەكی جیاوازی هەیەو هاوپەیمانێتی هەیە، ئەم هاوپەیمانێتیە ستراتیجیەش كاتێك ئیمزا كرا كەساڵی 2007 مام جەلال لەئەمریكا هاتەوە، بۆیە هەڵقوڵاوی ویست و داوای ئەندامەكانی ئەو دوو حزبە نیە، ئەو ئیتیفاقیە لەدەرەوە فەرز كراوە، كاتی و ڕوكەشەو قوڵ نەبۆتەوە بۆ هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی و پارتی.
ئەو هاوپەیمانێتیەش قازانجە ناوخۆییەكانی دابەشكردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بچێتە گیرفانی ئەو دوو حزبەو دەسەڵاتیش بۆخۆیان پاوان بكەن، وەك چۆن گەرمیان و سلێمانی دراوە بەیەكێتی و دهۆك و هەولێریش بۆ پارتی، ئەو ڕێكەوتنە لەئاستی دەرەوەش بۆ عێراق وڵاتانی ناوچە وەك ئێران و توركیاو تەنانەت ئەمریكاش سودی هەیە.
ناوبراو وتیشی "بەشێوەیەكی گشتی لەدوای هەڵبژاردنەكانی 1992 حكومەت بەر یەكێتی كەوت و پەرلەمان بەر پارتی كەوت، پارتی دەیویست هەیبەت بۆ پەرلەمان دروست بكات، یەكێتیش دەیوست هەیبەت بۆ حكومەت دروست بكات، یەكێتی زۆر دژی پەرلەمان بوو پارتیش زۆر دژی حكومەت بوو، ئێمە وەك ئەندامانی لیستی سەوزی ئەوكاتە توشی حاڵەتێك بوبوین، سەیرمان ئەكرد حزبەكەی خۆمان زۆر بەكەم سەیری پەرلەمان دەكات، بۆیە بەو جۆرەش تەماشای خۆمانی ئەكرد، لەساڵانی پێش 1996 گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كەیەكێتی بەتایبەت لەلێدوانەكانی مام جەلال دا كەدواین لێدوانی لەچەمچەماڵ بوو وتی ئیتر پەرلەمان تەواو زۆرمان پێناخۆش بوو، چونكە پەرلەمان نەواتی دەسەلاتی كوردییە".
پەرلەمانی پێش ساڵی 2005 لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە چەندین جار داگیركراوە؟
د. سالار بۆئەوە وتی "پەرلەمان لەهەموو دونیای سیستەمی دیموكراسی دا پیرۆزە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان مێژوویەكی زۆر پڕ تراژیدیای هەیە، سومعەی پەرلەمان سومعەیەكی جوانی نەبووە، بەشێوەیەك ئابڕوی براوە لەهەموو شتێك بچێ لەپەرلەمان نەچێ.
بەداخەوە لەكوردستان وایان لەخەڵك كرد كەبڕوای بەپەرلەمان نەمێنێ، بەدەسەلاتی سیاسی نەمینیت ئەبێ خەڵك وای لێبكرێ ئەو بڕوایەی بۆ بگەڕێتەوە كەپەرلەمان پیرۆزە، بەلام ئەمە بەقسە نابیت بە بەرنامەی باش و بەكردار ئەنجا ئەدرێت.هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆ نابینم لەگەڵ مەجلیس وەتەنیەكی بەعس و لەگەڵ ئەمەی كەئێستە هەیە، چونكە مەجلیس وەتنیەكەی زەمانی بەعس بەهەموو مێژوی خۆی یەك بڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورەی ڕەد نەكردۆتەوە، مەجلیسی قیادەی سەورەش بینیمان لەژێر دەستی سەدام حسێن دا بوو هەرچی بڕیارێكی مەجلیسی قیادەی سەورەی دەركردایە بۆیان نەبوو ڕەدی بكەنەوە.مانای وایە ئەو پەرلەمانە كارتۆنی بووەو بەكاریانهێناوە وەك ئامراز، كەواتە ئەگەر هیچ جیاوازیەك نەبێ ئەبێت ئێمە باس لەچی ئازادی و دیموكراسی و هەڵبژاردنێك بكەین؟

دەربارەی ئەوەی چەندین جار پەرلەمان درێژكراوەتەوەو یەكێتی و پارتی بەچەك پەرلەمانیان گرتووە، گوڵپی وتی "پێش 31ی ئاب مەسەلەی درێژكردنەوەی پەرلەمان هاتە پێش لە 29.8.1996 زۆرینەی ئەندام پەرلەمانەكانی لیستی سەوز لەگەڵ ئەوەبووین پەرلەمان درێژ بكرێتەوەو ڕەخنەشمان لەسیاسەتی یەكێتی ئەگرت بەرامبەر پەرلەمان بۆیە درێژكردنەوەی پەرلەمان لەدوای 31ی ئاب تەنها بڕیاری پارتی نەبوو ڕەئی یەكێتیش بوو، پێش ئەوە هێزێكی یەكێتی دواجار چووە سەر پەرلەمان و پێیان چۆڵكردن و بەرەو ئەوە ئەچوین پەرلەمانمان نەبێت.
دەربارەی ئەوەی كەئەمڕۆ یەكێتی و پارتی هاوپەیمانی ستراتیجیان هەیە گوڵپ وتی " ئێستە كەشەڕ ناكەن باشە، ئەو كاتەی شەڕیان كردووە گوێیان لەئێش و ئازارو داوای خەڵك نەگرتووە، كاتێكیش شەڕیان ڕاگرتووە دەستی دەرەكی هاتووە شەڕەكەی پێ ڕاگرتوون و ئاشتی كردونەتەوە چونكە ئیشی پێیان بووە، لەساڵی 1976 تاكو 1986 پارتی و یەكێتی شەڕیان كرد لەكاتی خەباتی پێشمەرگایەتی دا هەموو دونیا داوای لێكردن دەست لەو شەڕە هەڵگرن ڕایاننەگرت، بەڵام یەك ڕۆژ ڕەفسەنجانی سەرۆك كۆماری ئێران بوو پارتی و یەكێتی ئاشت كردەوە چونكە شەڕی ئێران ئێراقی پێكردن، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە كەلە 1.5.1994 شەڕی ناوخۆیان دەست پێكرد هەموو دونیا داوای كرد شەڕ نەكەن بەڵام تا ساڵی 1998 ئەمریكا ئاشتی نەكردنەوە هەر شەڕیان ئەكرد، ئەمریكاش ئیشی پێیان بوو بۆ ئەوەی بوون سەدامی پێ بڕوخێنێ، بۆیە ئەمریكا ئیشی پێیانە بۆیە ڕێكیخستوون، بڕیاری یەكێتی و پارتی بەدەستی خۆیان نیە، بەدەستی دەرەوەیە، دەرەوە شەڕیان پێ ئەكات، ڕێكیان دەخات".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە