پەتای پارتی تاعونی سیاسییە
Tuesday, 01/03/2011, 12:00
پارتی، "پیاوێکی نەخۆشە"، توشی تاعونی سیاسی بوە. فریای نەکەوین هەمومان توش دەکات.
فەلسەفەی پارتی لە سادەترین دەربڕیندا ئەوەیە هەرچی وت بڵێین وایە. هەرچی بردوخواردی بڵێین عافێتت بێت، هەرچی هەڵەی کرد بڵێین ڕاستت کرد. کەمینەش بو بڵێین گەورەم تۆ زۆرینەیت. کە پێشرەو نیەو کەسیش لە ئێمە پێشرەوی ناوێت بڵێین تۆ پێشرەویت. خیانەتی کرد، بە داستانی کوردایەتی بۆی بژمێرین. پیاوکوژەکانی بە پارێزەری میللەت بناسین، سیاسیە پیرە لە سەردەم بەجێماوەکانی وەک بلیمەت و موفەکیر گوێ لێبگرین، درۆودەلەسەکانی بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەقەڵەم بەین.
وەکو تیمەکانی فوتبۆڵی ئەمەریکا چیرلیدە و بوکە سەماکەرەی زۆرەو هەر کە وتمان ئەمانەوێت شتێک بڵێین، دەیکەن بە دانس و ئاهەنگ گێڕان و سرودە ژەنگ لێنیشتوەکانیان ئەڵێنەوە.
سرودی پارتی پێشرەو و سەرۆکی زێڕین.
پارتی تاعونی سیاسییەتی و سیسەتمەداری ناسیاسی و کۆنەپەرست و خۆپەرست وەکو جەرسوم و فایرۆسی VRP لاشەیان تەنیوە.
ئەم سیاسیانە هیچ کاریان تێناکات. ئامۆژگاری و حیکمەتی کەس نابیستن. تەنیا گوێ لە سەرۆکی فەرماندەو کورە موراهیقەکەی دەگرن.
سەرۆ و وەهاب و نەقشبەندی و ئازا و فڵان و فڵانی زۆرە، گۆبڵز بە قوربانیان بێت. هەر کە وتمان دەمانەوێت شتێک بڵێین پێمان دەڵێن: گێرە شێوین و، سەگ و، بەردفڕێدەر.
پێمان دەڵێن ئێمە بێکەسین و هەمومان دەکوژن.
ویردی سەرزمانیان وشەی شەرع و یاسا و پارێزگارییە لە وڵات.
پارتی تاعونی سیاسیەتی و فریا نەکەوین هەمومان توش دەکات.
ئەبێت بە هەمومان لەو جەرسوم و تاعونەی توشی بوە ڕزگاری کەین.
دوڕێگە چارە هەیە:
یەکەم ئەوەیە ئەندامە دڵسۆزەکانی پارتی خۆیان ئەو ڤایرۆس و میکرۆبانە لەکار بخەن و سەرچاوەی کێم و جەراعەتەکەی بنبڕکەن،
دووەم ئەوەیە ئێمە کە پارتی نین هەمومان هەڵەو ناحاڵیبونەکانی بڵێینەوە و بێدەنگ نەبین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست