کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو سیناریۆیە لەپای چی؟

Saturday, 18/09/2010, 12:00




تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان بەوشێوە نامەردانەیەی کە کرا، جگە لەوەی تاوانێکی کەم وێنەبوو بەرامبەر لاوێك، خوێندکارێك و ڕۆژنامەوانێك، لەهەمان کاتدا سوکایەتیێکی ناڕەواش بوو بەرامبەر ئازادی بیر و تێڕوانین. من ڵێرەدا بۆیە بابەتی ئازادی بیر و تێڕوانین دێنمە ناو بابەتەکە، لەبەرئەوەی هەموو ڕای گشتی کوردستان و هەتا زۆر لەدەزگا رۆژنامەوانی و دەزگاکانی مافی مرۆڤیش ئەو تاوانەیان بەوەوە بەستۆتەوە و هەموو کەس دڵنیایە لەوەی کە جگە لەوە هیچ هۆکارێکی تر نە بوە بۆ کوشتنی سەدەشت.
دیارە پلانی کوشتنەکە ئەوەندە بە ناپرۆفیسیۆنالی بەڕێوە چوو کە هەموو کەس دەزانێ تاوانبار کێیەو بۆ ئاوا بەو شێوەیە کراوە. دەمەوێ ئەوەش بڵیم کە ناپرۆفیسیۆنالی ئەو کارە لە ناشارەزایی بکەرەوە نیە، بەڵکو ئەو کارە بەپەلەو دەرئەنجامی هەڵچونێکی لەڕاددە بەدەر کرا کە نەیانتوانی باش پێشبینی دەرئەنجامەکانی بکەن. هەتا من گومانم لەوە هەیە کە بە مەبەستی کوشتن رفێندرابێ بەڵام ناچارماون لەبەر هەرهۆکاڕیك بوبێ کارەکە بە کوشتنی کۆتایی پێبێنن.
ئێستا دوای چوار مانگ بەسەر تاوانەکەدا، لیژنەی بەناو لێکۆڵینەوە لە کوشتنی (قوتابی!) سەردەشت عوسمان سیناریۆیێکی زۆر سەیرمان پێشکەش دەکەن کە بەو سیناریۆیە جارێکی تر سەردەشت لەخاچ دەدەنەوە. من دەمەوێ سەرنج بۆسەر ئەوە ڕاکێشم کە ئەو سیناریۆیە لەسەرەتاوە لەناو پلانی کوشتنەکەدا نەبوە. ئەگەر وابوایە لیژنەکە هەرلەسەرەتاوە ڕاستیێکی پێچەوانە کردەوە کە ئێستا دەکرا بەکەڵکی ئەس سیناریۆیە بێ. ئەویش بابەتی بونی شوێنەواری لێدان و ئەشکەنجەیە بەسەر تەرمی سەردەشتەوە. بە بۆچونی من لەسەرەتاوە ویستیان هۆکاری تاوانەکە ببەستنەوە بە کێشەی کۆمەڵایەتیەوە، وەک دەزانین هەتا بوختانی ئەوەشیان بۆ هەڵبەست. بەڵام لە ئەگەرێکی ئاوادا دەبوایە تاوانکار دیاری کرابایە چونکە دەبوایە بزانرێ سەردەشت لەگەڵ کێ پەیوەندی هەبوە و کەسوکاری ئەوکەسە کێیە. بۆیەش وتیان ئەشکەنجە نەکراوە چونکە کەسێک لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بکوژرێ بکوژ پێویستی بە لیدان و ئەشکەنجە نابیبێ.
شتێکی سەرنج ڕاکیش لەو سیناریۆیە ئەوەیە کە ئەو کەسەی گیراوە، تاوانباری ڕاستەو خۆ نیە. واتا ئەو نە سەردەشتی ڕفاندوە ونە کوشتوشیەتی. بۆیە ئەو کەسە ناتوانرێ نەسزای لەسێدەرەدان ونە زیندانێکی زۆری بەسەردا بسەپینری(هەڵبەتە من لە لایەنە یاساییەکەی دڵنیا نیم). کەواتەمەبەست لەو کارە تەنیا سەرپۆشکردنی تاوانەکەیە و لەمەو دواش کاری لیژنە تەواو بوو و بکوژانیش نادۆزرێنەوە تەنیا ئەوە نەبێ کە ئەدرەسیا جندالاسلامە.لەلایەکی تر ئەگەرسەردەشت ئەندامی ئەوان بوبێ ئەوکات ئەوانیش کاری ئاسایشیان کردوە کە تیرۆریستێکیان کوشتوە نەوەک رۆژنامەوانێک. کەواتە بۆ دریژە بەلیکۆڵینەوەی چی بدەن.
ئەی ئەو سیناریۆهەڵبەستراوە دەرئەنجامی چیە؟
دیارە ئەوکاردانەوەیەی لەدوای تیرۆرکردنی سەردەشت ڕویدا، دەستەڵات و بەتایبەتی پارتی تۆشی شڵەژانێکی وا کرد کە نەیان دەزانی چۆن و بە چ شێوەیەک هەڵوێست بنوێنن. سەرەتا ویستیان گۆران بەوە تاوانبار بکەن کە ئەوان لەپشت ئەو کاردانەوانەن هەتا ئەوەی کە کوشتەنەکە ش بە مل ئەواندا بێنن. ئەوەبوو پارتی زورنا ژەنەکانی رۆژانی تەنگی هێنانە سەر تەلەفیزۆن و رادیۆکان و دەیانوێست لەئاستی ئەو تاوانە بێننە خوارێ و سەردەشت وەک ڕۆژنامەوان نەبینرێ، ئەمە لەلایەک. لەلایەکی تریشەوە کاریان لەسەر خێزانی سەردەشت دەکرد کە بیان خەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە بەهەر شێوەیەکبێ. هەتا ویستبویان خۆیان ڕێورەسمی چلەکەی بۆ ڕێکبخەن بەڵام ئەوە لەلایەن خێزانی سەردەشتەوە قبوڵنەکرابوو. جیا لەوەش ئەو کەمپینەی کە بۆ دروستکردنی پەیکەری ئازادی لەبەردەمی زانکۆ کاری دەکرد ڕێگەی پێنەدرا، بەڵام پارتی ئامادەبوون خۆیان پەیکەری بۆبکەن کە ئەوەش لەلایەن خێزانی سەردەشتەوە هەر ڕاتکرابۆوە. بۆیە دەتوانم بڵێم کە ئەو سیناریۆیەش دەرئەنجامی هەڵچونێکە بەرامبە هەڵوێستی ناتەسلیمکارانەی خێزانی زەردەشت. ئەگەرنا تاوانبارکردنی سەدەشت بە پەیوەندی بەگروپێکی تیرۆرستی ئیسلامیەوە بە ئاقڵی کەللەپوتەکانی خۆیاندا نەبێ مەگەر بەئەقڵی کێدا دەچێ. مەبەستێکی تری ئەو سیناریۆیە ئەوەیە کە ئیتر هەرکەسێک لەسەر ئەو کەیسە بڕوا بەوە تاوانباری بکەن کە بەرگری لە تیرۆریستێک دەکات جا ئەوە هەتا خێزانەکەی خۆشی بێت. ئەگەرنا سیناریۆکەیان ئاوا ڕێکخستبا کە سەردەشت کەسێکی کۆمۆنیست و ملحد بوە و لەملاو ئەولا دژی ئیسلام قسەیکردوە دەتوانرا باشتر پاشەڵی جندالاسم بەو قوڕە سواخدرابوایە. بۆیە دەبێ پارتی وەڵامی ئەو چەند پرسیارانە بداتەوە
١-بۆچی لیژنە ڕاستی بونی شوێنەواری ئەشکەنجەی لەسەر تەرمی سەردەشت پێچەوانەکرد؟
٢-بۆچی پێش نزیکەی دوو مانگ ئەوان ئامادە بوون پەیکەر بۆسەردەشت درووست بکەن کە پەیوەندی بەگروپێکی تیرۆریستەوە هەبوە؟
٣- ئەگەر ئەوکاتە ئەو زانیاریەیان نەبوە ئەی کەی لیژنە توانی بەو خێراییە زانیاری و بەڵگە لەسەر ئەوتاوانە کۆبکاتەوەو کەسێک بگرێت کە تەنیا یارمەتی دەری تاوانبوە؟
٤- بۆچی لیژنە چۆنیەتی پەیوەندی سەردەشت بە جندالاسلامەوە رونناکاتەوە و چ کارێک بوە کە ئەو ئەنجامی نەداوەو بۆتە هۆی ئەوەی ئەوەندە لێ بەڕقدا بچن کە تەنانەت پیویست بەوەنە بینن ئەشکەنجەشی بکەن و یەکسەربیکوژن؟
٥- هەموکەس دەزانێ کە گروپە تیرۆریستیەکان کە بە چەقۆ و شمشیریش نە بێ بە چەکی سوکی وەک کڵاشنکۆف خەڵک دەکوژن. بۆچی سەردەشتیان بە دەمانچە کوشتوە؟


 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە