کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بێ مافيي ژني كورد ، به‌رهه‌مى واقعێكي تاڵ

Monday, 09/03/2015, 12:00


(هيچ مرۆڤێك ، هيچ چين و توێژێكي كۆمه‌لايه‌تي هه‌تا سه‌ر كۆت و زنجيري چه‌وساندنه‌وه‌و كۆيلايه‌تي قبولَ نيه‌و زوو يان دره‌نگ له‌ دژي رِاده‌په‌رێت)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئاستى جياكارييه‌ ره‌گه‌زييه‌كان له‌چ ئاستێكدايه‌
جياكاريي رِه‌گه‌زيي له‌ كوردستاندا له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا هه‌ستى پێده‌كرێت، له‌سه‌ر ئاستى سياسى ، كۆمه‌ڵايه‌تى، ئابورى، ياسايي بوونى هه‌يه‌و به‌ رِووني ده‌بينرێن. بوارێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ست به‌و جياكاريانه‌ نه‌كرێت. هۆكاره‌كانيشي هه‌ر له‌نێو كۆمه‌َلگاكه‌ خۆيدا ده‌دۆزينه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆي بگه‌رِێين. كۆمه‌َلگاي كوردي كۆمه‌لَگايه‌كى هێشتا ته‌قليدي و دواكه‌وتوه‌ هه‌ربۆيه‌ ئاينيش به‌ربلاوه‌ تێيدا، ، ئه‌مه‌ش كۆمه‌لَێك موعانات دروست ده‌كات كه‌ ژن و پياويش ده‌گرێته‌وه‌ ، به‌تايبه‌ت ژن له‌به‌ر كۆمه‌لَێك فاكته‌ر. ئه‌قلَى كۆمه‌َلگاكه‌ به‌ دواكه‌وتويي ئايني ئيسلاميشه‌وه‌ هۆكاري زياتري چه‌وساندنه‌وه‌ي ئافره‌ته‌. بۆنمونه‌ كچ زۆرجار له‌ مندالَيدا ناخرێته‌ قوتابخانه‌، چونكه‌ وابيرده‌كرێته‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌بێت هه‌ر شوو ئه‌كات ئيتر خوێندنى بۆچيه‌، يان ئه‌و ئه‌قليه‌ته‌ى ئه‌لَێت ژن هه‌ر بۆ مه‌تبه‌خه‌و پياويش بۆ سياسه‌ت و كاسپي و بازرگانيه‌ ، ژن له‌م هه‌رێمه‌دا مه‌كانه‌يه‌كى خراپى پێدراوه‌ وه‌ك له‌وه‌ى دراوه‌ به‌ پياو. له‌و وڵاتانه‌ى زه‌ماني كۆمه‌لايه‌تي نيه‌ ، ئه‌وا تائێستاش خوازيارن كورِيان ببێت بۆ زه‌مانى دوارِۆژو ئه‌بێت به‌گه‌وره‌ى خێزانو بنه‌مالَه‌كه‌ به‌تايبه‌تى له‌ناوچه‌ كشتوكالَىو لادێ نشينه‌كاندا ئه‌م فكره‌يه‌ زاَله‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌يربكه‌ين ئه‌و ده‌ولَه‌تانه‌ى كه‌ زه‌مانى كۆمه‌لايه‌تي تێدايه‌ ئه‌و ديارده‌يه‌ بووني نيه‌ يان زۆر كه‌متره‌ ، بۆيه‌ ئه‌م جياكارييانه‌ نه‌ك هه‌ر له‌كۆمه‌َلگاى كورديدا هه‌يه‌، به‌لَكو له‌ كۆمه‌َلگاكانى تري هاوشێوه‌شدا بوونى هه‌يه‌، بۆنمونه‌ له‌ سه‌رده‌مى تالَيباندا له‌ ئه‌فغانستان ئافره‌ت بۆى نه‌بوو پياده‌ي پيشه‌كه‌شى بكات و گه‌رِێندرابۆوه‌ ناو ئه‌و رِۆلَه‌ ته‌قليديه‌ي پياواني دواكه‌وتوو وه‌ ئايني ئيسلام مه‌به‌ستيه‌تي، ته‌نانه‌ت شانۆگه‌رى و سينه‌ماو هونه‌ريش نه‌مابوو ، هه‌مان ئه‌وه‌ش داعش ده‌يكات و زۆرێك له‌ ئيسلاميه‌كاني كوردستانيش داواي ده‌كه‌ن.


خوازيارن پياو نان په‌يدا بكات و ژن له‌ رِووي داراييه‌وه‌ پابه‌ند ده‌بێت به‌ پياوه‌وه‌و هه‌روه‌ها له‌ ماَله‌وه‌ مندالَي زۆر بخاته‌وه‌. هه‌ندێك له‌ خێزانى كورد كه‌ ئه‌چنه‌ ئه‌وروپا جياده‌بنه‌وه‌ له‌يه‌كتر. چونكه‌ له‌ ولاته‌كه‌ي خۆي له‌ژێر رِه‌حمى پياوه‌كه‌يدا بووه‌ له‌ ناو كۆمه‌َلگايه‌كي پياو سالاريداو به‌ناچاري گه‌لێك چه‌وساندنه‌وه‌ى قبولَكردوه‌ له‌به‌ر نه‌ريتي ئابرۆ و شه‌ره‌فى خێزان و بنه‌مالَه‌كه‌ى يان ئه‌و دابونه‌ريته‌ى بالَيكێشاوه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌لَگادا، كه‌ شه‌ره‌ف به‌ژنه‌وه‌ به‌ستراوه‌ نه‌ك به‌ پياوه‌وه‌ ، پياو هه‌لَه‌ش بكات پشت گوێ ده‌خرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنێك هه‌لَه‌ بكات ئيتر پاپۆرِه‌كه‌ غه‌رق بووه‌و دونيا هه‌مووى خراپبووه‌ ، كه‌واته‌ په‌يوه‌ست بوون به‌ پره‌نسيپه‌ ئه‌خلاقيه‌كان ده‌بێت بۆ هه‌ردوو رِه‌گه‌زه‌كه‌ بێت. زۆرێك له‌خێزانه‌ كورده‌كان له‌ ئه‌وروپا جياده‌بنه‌وه‌ چونكه‌ دلَنيايه‌ له‌وه‌ى كه‌ ياسا پشتى ده‌گرێتو شه‌رم ناكات له‌وه‌ى جيابێته‌وه‌، به‌تايبه‌ت كه‌ ده‌ولَه‌ت ژياني داراييه‌كه‌يان زه‌مان ده‌كات. هۆكارێكى ترى ئه‌و جيابوونه‌وانه‌ له‌ ئه‌وروپا ئه‌و ئازاديه‌يه‌ كه‌ بوونى هه‌يه‌و واده‌كات ژنان به‌جۆرێك رِه‌فتار بكه‌ن له‌گه‌لأ دابونه‌ريتى پياوه‌كه‌يداو كۆمه‌َلگاكه‌ي نه‌گونجێت، به‌لام زۆرجاريش ئازادي خراپ به‌كار ده‌هێنرێت له‌ لايه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ چونكه‌ به‌ هه‌َله‌ له‌ مه‌سه‌له‌ي ئازادي تێگه‌يشتوون. من ده‌پرسم چه‌ندن رِێژه‌ى ئه‌و ژنانه‌ى له‌ ولاته‌ دواكه‌وتوه‌كان و كۆمه‌َلگا ئيسلاميه‌كان له‌ پيشه‌دان ، چه‌ندن رِێژه‌ى ئه‌و ژنانه‌ى له‌ ناوه‌ندى برِياردان له‌ حكومه‌ت و له‌ سياسه‌ت و حيزبدا ، ته‌نانه‌ت له‌بوارى چالاكى ژنان خۆشياندا ، چه‌ندن رِێژه‌ى ئه‌و ژنانه‌ي ، ته‌نانه‌ت ئه‌و پياوانه‌ى چالاكن له‌ رِێكخراوه‌كاني كۆمه‌لَگا مه‌ده‌نيه‌كاندا.

مرۆڤ به‌رهه‌مى واقيعى كۆمه‌لَگاي خۆيه‌تي


ئێمه‌ به‌پياو و ژنه‌وه‌ به‌رهه‌مى واقيعى كۆمه‌لَگاي خۆمانين. ئه‌و ئه‌قلَيه‌ته‌ي كه‌ دواتر بۆمان ماوه‌ته‌وه‌و زالَه‌ له‌دايك بوونه‌وه‌ له‌گه‌لَماندا ، هه‌روه‌ها به‌رهه‌مي سيسته‌مي په‌روه‌رده‌شين ، ئه‌وه‌ي ده‌ولَه‌ت و ئه‌وه‌ي له‌ خێزانيشه‌وه‌ هه‌يه‌. برِوانه‌ زۆرجار له‌ناو خێلَێك يان عه‌شيره‌تێك ، يان ... ئه‌قلَيه‌ته‌كه‌ وايه‌ پياوان له‌ژورێك و ژنان له‌ ژورێكي تردا نان ده‌خون. من ته‌قديرى ئه‌و ئه‌ركه‌ گه‌وره‌يه‌م نه‌ده‌زانى كه‌ دايكم يان خوشكه‌كانم له‌مالَه‌وه‌ ئه‌يانكرد بۆيه‌ به‌رِاى من پێويسته‌ له‌رِووى قانونيه‌وه‌ پاداشتى ژن بدرێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ى له‌مالَه‌وه‌ ده‌يكه‌ن ، هه‌روه‌ها بۆ ئازاري دووگيان بوونيان و شه‌و نخوني كێشانيان كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكى زۆر قورسه‌ كه‌ پێويسته‌ پياو پاداشتى بداته‌وه‌.
له‌ مێژودا ، له‌ سه‌رده‌مى رِاويشه‌وه‌ له‌ناو خێلَه‌كاندا له‌به‌رئه‌وه‌ى پياو له‌ رِووي جه‌سته‌ييه‌وه‌ به‌هێزتر بووه‌ ئه‌رِۆيشتن بۆ رِاو كردن. دياره‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ژيانه‌وه‌ ئه‌م جياكارييه‌ بوونى هه‌بووه‌، ژن دوو گيان ده‌بێت نه‌ك پياو، ژن سۆزو به‌زه‌يي زۆرتره‌. ژن تواناي جه‌سته‌يي كه‌متره‌ وه‌ك له‌ پياو ، هه‌ربۆيه‌ ژن ناچار بووه‌ به‌سه‌بر تر بێت و نه‌فه‌سى درێژتره‌و به‌پلان كار ده‌كات. رِه‌نگه‌ زۆرجار ئه‌وه‌ ژن بێت حوكمى پياو ده‌كات له‌ پشته‌وه‌و به‌ ئارِاسته‌ي تري به‌رێت. كاتێك ده‌رِوانمه‌ شه‌رِڤاناني يه‌په‌ژه‌و گه‌ريلا ژنه‌كان تيۆري لاوازيي جه‌سته‌يي و كه‌م ژيريي و ئيراده‌ي ژن زۆرێك له‌ بۆچووني پياواني ئاينيي و دواكه‌وتوو به‌رامبه‌ر به‌ ژن به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌.. به‌هۆي پێشكه‌وتني ته‌كنه‌لۆژياو زانسته‌وه‌ زۆرێك له‌ كاري جه‌سته‌يي ژن و پياو كه‌متر بۆته‌وه‌.


رِاسته‌ بكه‌ره‌كه‌ مرۆڤه‌ به‌لام به‌رپرسي يه‌كه‌م سيسته‌مه‌ سياسيه‌كه‌يه‌ كه‌ ئه‌ميش هه‌ر به‌رهه‌مي مرۆڤ و كۆمه‌َلگا خۆيه‌تي. سيسته‌مي ته‌ندروست كۆمه‌َلگاي ته‌ندروست به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. برِوانه‌ په‌رِله‌ماني هه‌رێم ده‌نگي بۆ فره‌ژنى دا ، ئه‌وه‌ تراژيديايه‌ ، سروشتي بيركردنه‌وه‌ي ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ ده‌سه‌ڵاتدان نيشان ئه‌دات ، ئايدۆلۆژياي حيزبه‌ سياسيه‌كان ده‌خاته‌ رِوو. له‌ پێناو پێشكه‌وتنيشدا بيگومان ناكرێت سيسته‌مى سياسي و كۆمه‌لايه‌تي وڵاتێكى پێش كه‌وتوو كۆپي بكرێت و به‌سه‌ر كۆمه‌لَگايه‌كي تردا جێبه‌جێيبكرێت به‌َلكو ئه‌و گۆرِانكاري پرِۆسه‌يه‌كى هێواش و له‌سه‌ر خۆيه‌ به‌پێي سروشتي ئه‌و كۆمه‌َلگايه‌ ، به‌لام بێ كار و خه‌بات كردن بۆي ئه‌وا پرِۆسه‌كه‌ هه‌روه‌ك خۆي ده‌مێنێته‌وه‌.

خه‌بات بۆ ئازادي ژنان به‌ پله‌ي سه‌ره‌كي ، ژن خۆيه‌تي
كارو خه‌باتي سه‌ره‌كي بۆ ئازادي ژنان به‌ پله‌ي سه‌ره‌كي ژن خۆيه‌تي. ژن خۆي زياتر هه‌ست به‌ئازاره‌كاني خۆي و به‌ پێويستيه‌كاني خۆي ئه‌كات وه‌ك له‌وه‌ي پياو هه‌ستيان پێبكات. به‌لام ژنان هێلَێكى فێمينيستى وا وه‌رنه‌گرن كه‌ هه‌موو چه‌وساندنه‌وه‌كه‌يان ته‌نيا له‌ پياودا ببينن ، ئاسايي نابێت هيچ رِه‌گه‌زێك رِه‌گه‌زێكى تر بچه‌وسێنێته‌وه‌. منى پياويش له‌زۆر رِووه‌وه‌ بێ مافم. ژن پێويسته‌ له‌ خه‌باتيدا پشت به‌ پياوه‌ ئازادخوازو رۆشنبيره‌كانيش ببه‌ستێت ، به‌لام فاكته‌ري سه‌ره‌كي رِزگاري ژن ، خودي خۆيه‌تي. هه‌روه‌ها خه‌باتى ژنانيش بۆ مافه‌ سروشتيه‌كاني جياوازييان هه‌يه‌. ژنێكى چه‌وساوه‌و هه‌ژار خه‌باته‌كه‌ى دژى چه‌وساندنه‌وه‌ى ئابوريشه‌، خه‌باتێكي چينايه‌تيشه‌ ، به‌ڵام ژنێكى ده‌ولَه‌مه‌ند پێويستيه‌كانى كه‌متره‌و داواكاريه‌كاني ئابوري نين به‌َلكو رِێفۆرم كردنه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ مافه‌ تايبه‌تيه‌كاني خۆي، به‌لام كۆمه‌َله‌ پێويستي و داواكاريه‌ك هه‌ن هاوبه‌شه‌و پێويسته‌ هه‌ردوو ئه‌و چينه‌ كۆمه‌لايه‌تيه‌ي ژنان يه‌ك بگرن له‌سه‌ري و خه‌باتى هاوبه‌شيان هه‌بێت بۆي كه‌ به‌داخه‌وه‌ ژنان خۆشيان ناته‌ب و نايه‌كگرتوون له‌ناو يه‌كدا بۆ خاَله‌ هاوبه‌شه‌كانيشيان. ژنيش قوربانيي خۆرِێك نه‌خستن و كاردانه‌وه‌يه‌ به‌رامبه‌ر چه‌وسێنه‌ره‌كاني كه‌ زۆرێك له‌ ژنانيشي تێدان ، قوربانيي داب و نه‌ريته‌ ته‌قليديه‌كانه‌ ، قوربانيي ئاينه‌ ، قوربانيي ياسا كۆنه‌په‌رستيه‌كانه‌ ، هه‌ربۆيه‌ ژنيش ته‌نيا له‌ ناو كۆمه‌َلگايه‌كي عه‌لماني و ديموكرات و ئازاد و يه‌كساندا به‌ مافه‌كاني خۆي ده‌گات ، پێويست بوون به‌ شۆرِشێكي فكري و كه‌لتوريي هه‌يه‌. پێويسته‌ ژنانيش به‌ جدي كار له‌سه‌ر جوداكردنه‌وه‌ي ئاين و شه‌ريعه‌ بكه‌ن له‌ ده‌ولَه‌ت و شه‌ريعه‌ نه‌كرێته‌ بنه‌ماي ياساو ده‌ستوور چونكه‌ ناعه‌داله‌تيه‌كي زۆري تێدايه‌ به‌ تايبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان. بروانه‌ باري كه‌سێتي و مافه‌كاني ژنان له‌ شه‌ريعه‌و قورئاندا: له‌ سوره‌تي النساو 34 هاتوه‌: ... "پياوان سه‌رپه‌رشتيارن به‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كانيانه‌وه‌ ، ئافره‌تاني ژيرو ديندارو گونجاو هه‌ميشه‌ گوێرِايه‌لي مێرده‌كانيان ده‌بن ... ئه‌و ئافره‌تانه‌ش سه‌ركه‌شي و سه‌رپێچي بكه‌ن ... له‌ ناو جێگادا پشتيان تێبكه‌ن ئه‌گه‌ر سوودي نه‌بوو (لێيان بده‌ن) ...
له‌ سوره‌تێكي تري النساو 24 هاتوه‌: "پياوان به‌هۆي مال و داراييانه‌وه‌ بۆيان هه‌يه‌ هه‌تا چوار ژن بهێنن و گوناهيش نيه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ي ئه‌و ماره‌ييه‌ي له‌سه‌ري رێكه‌وتبوون ...". لێره‌دا به‌ رِووني ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پياوان به‌ حوكمي پاره‌ ده‌توانن به‌ ناوي شه‌رع و ئايني ئيسلامه‌وه‌ له‌گه‌ل چوار ئافره‌تدا كاري سێكسي بكه‌ن و به‌ ئاره‌زوي خۆيان به‌سه‌ريانه‌وه‌ بنيشنه‌وه‌ ، كه‌چي له‌ سوره‌تي النساو 40 نوسراوه‌ "به‌رِاستي خوا به‌قه‌ده‌ر تۆزقالێك سته‌م له‌ ئاده‌ميزاد ناكات". 72 حۆريه‌كه‌ي ئه‌و دونياش هه‌ر بۆ پياوه‌و گوايه‌ ژناني خاوێنيشيان ئه‌ده‌نێ و له‌وێش هه‌ر پياو ده‌مرِاستي ئافره‌ت ده‌بێت... لێره‌دا ماف ته‌نها بۆ پياوه‌و وه‌ك ده‌بينين سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌رانيش هه‌ر پياو بوون. زۆرێك له‌ ئافره‌تان به‌هۆي خراپي باري داراييانه‌وه‌و بۆ بژێوي ژيانيان يان خۆيان و منداله‌كانيان و باري چه‌وتي كۆمه‌لايه‌تييان به‌ناچاري خۆيان ده‌ده‌نه‌ ده‌ست ئه‌و جۆره‌ پياوانه‌ كه‌ ببنه‌ ژني دوه‌م يان سێيه‌م و چواره‌م. ئه‌م ديارده‌ قێزه‌ونه‌ي له‌ شه‌ريعه‌ي ئيسلامدا هه‌يه‌ له‌ ولاته‌ ديموكرات و پێشكه‌وتوه‌كان به‌ هۆي ده‌وله‌تي سۆشيه‌ل چاره‌سه‌ر كراوه‌ سيسته‌مي سۆشيه‌ل و زه‌ماني كۆمه‌لايه‌تي هه‌يه‌ بۆ دايكان و بۆ بێكاران به‌ گشتي به‌ ئافره‌تانيشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ي هيچ مرۆڤێك ، هيچ ئافره‌تێك ناچاري برسيه‌تي و له‌ش فرۆشي نه‌بێت ، ديارده‌ي ده‌وله‌تي سۆشيه‌ل كه‌ له‌ ده‌وله‌ته‌ ئيسلاميه‌كاندا نيه‌. چ ئافره‌تێك به‌خته‌وه‌ره‌ به‌وه‌ي دوچاري ئه‌و جۆره‌ چاره‌نوسه‌ بێته‌وه‌و به‌ ئاره‌زووي خۆي رِه‌زامه‌ند بێت ببێته‌ ژني دوه‌م ، يان سێيه‌م ، يان چواره‌مي پياوێك ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌نجامي ناعه‌داله‌تي كۆمه‌لايه‌تيه‌وه‌ نه‌بوبێت. ئايا بۆچووني پياوان چۆن ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك هاوسه‌رگيري له‌گه‌ل چه‌ند پياوێكدا بكات؟ فره‌ ژني له‌ پايه‌و كه‌سايه‌تي ئه‌و ئافره‌تانه‌ش دێنێته‌ خوارێ. له‌ ئايه‌تي 51 ي سوره‌تي ئه‌حزاب هاتوه‌ "... پێويست ناكات بۆ چوونه‌ لاي ژنه‌كانت نۆبه‌ بگريت. هه‌ر كاميانت ويست بچۆ لاي و هه‌ر كاميانت نه‌ويست گوێي مه‌ده‌رێ. رِه‌خنه‌ت له‌سه‌ر نيه‌و ئازاديت و ده‌سه‌لاتي ته‌واوت هه‌يه‌ له‌ جێهێشتنيانداو بۆ ئه‌وانيش هه‌ر به‌م شێوه‌يه‌ باشه‌. خودا ئاگاي له‌ ئاره‌زوه‌ رِه‌واو رِاسته‌قينه‌كانت هه‌يه‌".

(زينده‌ به‌ چالَ كردني ژن و پياو له‌ لايه‌ن ئيسلاميه‌كانه‌وه‌)


بێمافييه‌كانى پياو له‌كوێدايه‌؟
پياويش له‌ زۆر لايه‌نه‌وه‌ بێمافه‌. بيمافيي ده‌ستي ده‌سه‌لاتداره‌ ، ده‌رِوتێنرێته‌وه‌. به‌ هۆي بارودۆخه‌ كۆمه‌لايه‌تيه‌كه‌وه‌ زۆربه‌ى كات ئه‌و نان په‌يداكه‌ره‌و كۆمه‌لێك به‌رپرسياريتي به‌تايبه‌تي ده‌ره‌وه‌ي مالَيشي له‌سه‌ر شانه‌ ، من ئه‌كرێم به‌سه‌رباز ژن ناكرێت ، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا چه‌ندين خالي هاوبه‌ش هه‌ن له‌ نێوان ژن و پياودا ، وه‌ك چه‌وساندنه‌وه‌ي نه‌ته‌وه‌يي و ئابوري و كۆمه‌لايه‌تي و كه‌لتوريي ، هه‌ربۆيه‌ خه‌باتي چينه‌ بێمافه‌كان ده‌بێت خه‌باتێكي هاوبه‌ش بێت. لێره‌دا دياره‌ چه‌ندين ديارده‌ هه‌ن بێ هۆكارو بێئه‌نجام نيه‌ ، به‌لام تيگه‌يشتن لێيان رِێگاي چاره‌سه‌ره‌كان رِوون ده‌كاته‌وه‌. پێويسته‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌نا ببرێته‌ به‌ر ياساناسان ، كۆمه‌لَناسان و ئابوريناسان و رِۆشنيران... بۆئه‌وه‌ى به‌رگێكى ئاكاديميش بكرێته‌ به‌ر لێكۆلَينه‌وه‌كان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە