کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاله‌بانی وەک خۆی

Tuesday, 22/01/2013, 12:00


- فەرەح دیبا- شاژنی جارانی ئێران، لە بیرەوەری و یاداشتەکانیدا ئەڵێت: مەلیک حوسەین و مارکۆزی فلیپین، ئامۆژگاری حەمەڕەزا- شای ئێرانیان وا ئەکرد (هەرچی وەزیر و کارمەندە گەورەکان و لێپرسراوە ئەمنی و سەربازیەکانت هەیە، وا نەرمیان بکە تاکو کچ و ژنەکانی خۆیانت بۆ ئەهێنن، دواێش بیانکە بە دەڵاڵی هێنانی کچ و ژنانی لێپرسراوانی تری دەوڵەت.).
 بەم جۆرە لە بەردەمتدا چاوشۆڕ ئەبن و نەک هەر کودەتا ناکەن بەڵکو بیریشی لێناکەنەوە.

 - حەمەڕەزا شای ئێران، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدان و دروستبوونی جووڵانەوەی کوردییەوە، پشکی شیری دەست تێوەردانی بەرکەوتووە. بەم جۆرە سەرکردەکانی جووڵانەوە کوردییەکان، هەموو کات گوێ قوڵاغی فەرمایشت و مۆژگاریەکانی شا بوون!، مەلا مستەفای بەرزان، لە هەر چاوپێکه‌وتنێکی شاهنشای ئاریا میهردا، دوای دەست ماچکردن، بە شەوق و زەوقەوە گوێڕایەڵی بوو.

کوڕی ئاغایەکی - کۆیە- بۆی گێڕامەوە:
(لەسەردەمی شەڕی گومرگدا، کە هەردو حیزب تەڕ و ووشکیان پێکەوە ئەسوتان، باوکی وەکو هەر ئاغایەکی تری کوردستان، لایەنگری پارتی بوو، بۆیە زۆر لە موڵکەکانی لەلایەن- ینک-ەوە دەستی بەسەردا گیرا بوو، دوای ڕێکەوتنەکانی پاریس و واشنتۆن- ، بەو پێیەی ئاغا کۆنە برادەر و هاوڕیی خوێندنی- تاڵەبانی- بووە، خزمانی پێی ئەڵین باشتر وایە بچیتە لای مام بۆ وەرگرتنەوەی موڵکەکانت. ئەویش چووبووە لای مام، دوای دەعوەت و ڕێزلێنانێکی زۆر، خۆی توڕە کردبوو، کە چۆن پێشمه‌رگه‌ی یەکێتی، موڵکی برای خۆشەویستی مام جەلال داگیر ئەکات؟!. دەستبەجێ نامە بۆ لێپرسراوانی کۆیە - ئەنێرێت، هەر دوای گەیشتنی نامەکە، ئاغای قوڕبەسەر، موڵکەکانی تریشی داگیرئەکرێت!. (وه‌ک په‌ندێکی کوردی هه‌یه‌: بۆ ریش چوو سمێڵیشی نایه‌ بانی).

ئەگێڕنەوە:
مام جەلال بە چەند قەڵەمێک و ڕەنگی جیاواز نامەی بۆ لێپرسراوانی ینک - ئەنارد، هەر ڕەنگە بۆ خۆی په‌ڕله‌یه‌کی نهێنی- بوو بۆ جێبەجێکردن، یانژی بۆ پشتگوێ خستنی بڕیارەکانی.

لە ووتووێژەکەی ١٩٨٤ دا، لە ناوچەی شارباژێڕ ، کارەساتێکی دڵتەزێن ڕووی دا، ئه‌مه‌ بووە هۆی شەهیدبوونی شۆڕشگێڕێکی خۆشەویستی هەموو لایەک، لەو کارەساتەدا سەرتیپێک-ی یه‌کێتی نیشتیمانی، بەخوت وخۆڕایی و بە ناهەق تاوانبارکرا، بۆ مەبەستی شیکایەتی حاڵی خۆی، ئەو هاوڕێیە چووبووە لای مام جەلال ، کە ئەو کاتە لە سورداش- دادەنیشت، ئەو هاوڕی سەرتیپە ووتی: لەکاتی شەن و کەوی ڕووداوەکەدا، مام جەلال لە چەکمەجەی بەردەمیدا، دەفتەرێکی - سەوز-ی دەرهێناو خۆێندیەوە:
* لە فڵانە دێ و لە گەوڕی فڵانە ماڵدا فڵانە لێپرسراو تەعدای لە ژنێک کردووە.
* لە فیسارە گوند، فڵانه‌کەس هێندە هەزار دیناری لە گوندنشینان وەرگرتووە.
* فیسارە لێپرسراو لەلایەن دەوڵەمەندەکانی شارەوە ئەوەندە هەزار دیناری وەک هەدیە بۆ هاتوە.
منێش ووتم مام جەلال بێ عاجز بوون، خۆ ئەو کەسانە دوێنێ تۆ دەمانچە و خەڵاتت کردن، مام سوربووەوە و چاوی زەق کردەوە ووتی: گوێبگرە ئەو گەواد و تەرەسانە، بەم جۆرە کلکیان لە مشتمدایە، نەبادا لە کۆبونەوە و دانێستنەکاندا، سەهوی وابکەن قسەبکەن!

ئەندامێکی تری سەرکردایەتی یه‌کێتی، ووتی:
دەمەو عەسرێک لای مام جەلال بووم، مەلەفێکی خستە بەردەمم وووتی سەیری بکە! کە خوێندمەوە زانیم ئەوە مەلەفی سڕی دەزگای ساواما-یە واته‌ (دەزگای جاسوسی و موخابەراتی ئێرانی ئیسلامی)، بەدرێژی باسی عیماد ئەحمەد سەیفور- ئەکات، کە وەکیل-ی ئەوانە و موچەکەی 150 دۆلاری ئەو کاتەیە، بەڵام پلەکەی لە حەمەی حاجی مەحمود- کەمترە. شەو لەماڵەوە بووم عیماد- بە قوڕگی پڕ لەگریانەوە ته‌لەفونی بۆ کردم ووتی: ئەبێت فریام بکەویت.. کاک نەوشیروان مەلەفێکی منی دەست کەوتوە گوایە من سەر بە ئێران-م. سبەینێش کۆبوونەوەی مه‌کته‌بی سیاسییه‌ و سوێندی خواردوە حەیام بەرێت. دوای ووتی: قسەی خۆمان بێت و لای که‌س باسی مه‌که‌، ئه‌وه‌ هه‌ر مام جەلال بەپەلە خۆی تێلەفونی بۆ کردوم و ئەمەی پێووتوم!.
منیش بە حوکمی نزیکییم لە کاک نەوشیروان، مام جەلال ئەو قەناعەتەی له‌ لادروست بووە، که‌ دوای بیستنی ئه‌و هه‌واله‌ له‌ ده‌می مام جه‌لال خۆی، ئه‌وا منیش ده‌چم بۆ کاک نه‌وشیروانی ده‌گێڕمه‌وه‌ و باسی دەکەم.
به‌ دوای ئه‌وه‌شدا مام جه‌لال ته‌له‌فونی بۆ خودی عیماد کردبوو، پێی وتبوو! بڕوا بکە تا ئێستاش ئەم باسەم لای کاک نەوشیروان نەکردووە.

بەڵی ئازیزان ، مام جەلال سەر بە قوتابخانەکەی جەمال عەبدول ناسر- بوو، کەسانی تری وەک - یاسرعەرەفات، سەدام حوسەین، حافز ئەسەد، موعەمەر قەزافی-یش بوون، ئەمانە هەر لەسەرەتاوە بە هاش و هوشی شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەری، فریوی زۆر خەڵکیان دا، دوای ئەوەی دەسەڵات و پارەیان کەوتە دەست... بوونە ئەو پەڕی دیکتاتۆر، هەر زوو به‌ناو ئه‌و کاژە شۆڕشگێڕییە ساخته‌کارییه‌یان فڕێدا، ڕوت.. ڕوت بوونەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە