کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گروپەکانی تەئدیب و دژەتیرۆر ئەبو تەبری بارزانی و جەلالن!

Sunday, 24/04/2011, 12:00







لە ساڵانی نێوان حەفتا بۆ حەفتاوچواری سەدەی پێشوو، کاتێک کە پارتی لە شەهرولعەسەلی مفاوەزاتی خۆیدا بوو لە گەڵ بەعس، حیزبەکەی ئەحمەدحەسەن بەکر و سەدام حوسێن گروپێکی تەوربەدەستیان بەردابووە گیانی هاوڵاتیانی شاری بەغداد و، ترس و دڵە ڕاوکێ کەوتبووە ناو ناخی هەموو عێراقیەکەوە. ئەو ترسە هاتبووە ناو ماڵەکانی کوردستانیشەوە. ئەمە بۆ ئەوە بوو کە بەعس بێخەم لە شەڕی کورد دەستی کرابوەوە و لەڕێگەی ترسەوە دەیویست خۆی بەسەر جنوبدا فەرزبکات.

ئەوانە بە تەورەوە شەوانە دەچوونە سەر ماڵان و کەسە ناودارەکانیان کەللەپاچە دەکرد و بە ماڵومنداڵەوە دەیانکوشتن. دەسەڵاتدارانی بەغدادیش خۆیان لەو گرووپە بێئاگا نیشاندەدا.

ئەو خۆ بێئاگاکردنە زۆر کاریگەرە، ئەوەیە ترسەکە بە کاریگەرترین شێوە دەخاتە دڵی خەڵکەوە. بێدەسەڵاتی ناڕاستی دەسەڵات لە ئاستی ئەو بە تەور کەللەپاچەکردنانەدا دەگوێزرایەوە بۆ ناو ماڵوکوچە و کۆڵانەکان.

یەکێتی و پارتی زۆر لێزانانە کۆپییەی ئەو شێوازەی ئەبوتەبر و بەعسیان کردووە. ئەوەش بە تایبەتی لە دوای حەڤدەی شوباتەوە دەرکەوەتووە.

هێز و باندی جۆراوجۆر بە شێوازی جۆراوجۆر پەلاماری خەڵکی دەدەن، زۆربەی کاتیش بەبەرچاوی هێزە ئەمنیەکانەوە، کەچی ئاسایش و پۆلیس خۆیان بێئاگا دەکەن لەو چەتە و هێز و لایەنانە.

لە ئێستادا لە هەولێر چەتەکانی تەئدیب دەکەونە گیانی خەڵکی کەچی هێزە ئەمنیەکان لێیان ئاگادار نین و، لەولاشەوە کەمترین گردبوونەوە لە بازاڕدا سەدان چەکدار و چەتەی پیاوکوژی سەر بە دەسەڵات کۆدەکاتەوەو، خۆپیشاندەرەکان دەگرن و دەیانفڕێنن و بە ئەشکەنجەدراوی ئازادیان دەکەن.

گروپەکانی تەئدیب هەمان درێژکراوەی شێواز و بەڕێوەچونی جەماعەتی ئەبوتەبری بەغدادن، کە سەدام لە ڕێگەی نازم گزارەوە بەریدابوونە خەڵکی سیڤیلی بەغداد و، دواتریش کە ئیشی پێیان نەما، چەند کەسێکی گرت و هێنانیە سەر شاشەی تیڤێکان و ئیعترافی پێکردن.

ترس و دڵەڕاوکێی پێنانەوە، ڕکابەرو دژەکانی خۆی پێ قەتڵوعامکردن و ئنجا چەند کەسێکیشی بەناوی ئیعترافکردنەوە لەناو برد و، خەڵکیشی قەرزاربارکرد بەوەی کە تاوانبارەکانی گرتووە.

لە هەولێر سیناریۆکانی شێخ زانا هێشتا لە زاکیرەی خەڵکیدا زیندوون.

وەکو تریش چەکدارەکانی "دژەتیرۆر" و ئەوانی تر هەمویان هێزی پارامیلیتەرین و لەڕاستیدا هێزی دژەشۆڕشن.

ئەمانە خزموکەسوکاری شەهیدەکانن یان حیزبیەکانی ناو ئەو دوو حیزبەن کە لە خوێندندا سەرکەوتوو نەبوون و لە ژیانی پیشەییاندا بێکار و وەلاخراوی کۆمەڵگەن، بەهۆی فەرامۆشکردنیانەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە. دواتر بە تەزکییەی شەهیدانە و حیزبیی وەرگیراون و لە قەڵاچوالان مەشقیان پێکراوە. گۆشکراون بەوەی بە هەموو ئەو ئەرکانە هەستن کە بەرپرسەکانیان ئەمریان پێدەکەن.

ئەو دەمامکانەش کە ڕوخساریانی پێدەشارنەوە مەبەستی جۆراوجۆری هەیە. ئەو لاوانە هەمویان خزمودراوسێی خۆمانن و دەیانناسینەوە، گەر ڕوخساریان داپۆشراو نەبێت کاتێک چاومان بڕییە چاویان شەرمێک دەیان گرێت، یان ترسی تۆڵەکردنەوەو دوژمنایەتی سڵیان پێدەکاتەوە، بۆیە دەموچاویان دادەپۆشن. لایەنێکی تری دەمامک بەکارهێنانەکەیان ئەوەیە کە ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە ناو ناخی هاوڵاتیانەوەو، لەبەردەم یاساشدا کەسێک نەبێت بدرێتە دادگا.

لەلایەن یەکێتیشەوە بێڕێزی کردنە بە یاسا و خۆ فەرزکردنە بەسەر کۆمەڵگەدا!

بۆیە جەماعەتی ئەبوتەبر و گروپە تەئدیبیەکانی پارتی و دژەتیرۆری یەکێتی لەیەکچونەکانیان زۆرە و بۆ یەک مەبەستن.

 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە