کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی و تاڵەبانی بەشێكن لە چارەسەر، یاخود كرۆكی كێشەكانن!؟

Tuesday, 29/11/2011, 12:00


ئەگەر نوێبوونەوەی هەر نەوەیەك بە دەساڵ هەژمار بكەین، ئەوا زیاتر لە پێنج نەوەیە، كورد مامەڵە لەگەڵ رووخساری بارزانی و تاڵەبانی دەكات، تەنانەت دوو نەوەیی دوایی، دەتوانین بڵێین فرچكیان بە هەواڵ و وێنەكانی ئەو دوو كەسایەتییە گرتوە، چ لەرێگای میدیاكانەوە، یاخود ئەو وێنانەی لەسەر دارو دیواری شوێنە گشتیەكانەوە هەڵواسراون ، یاخود ئەو داهاتە زۆرەی كە لە ریكلام كردن بۆ ئەو كەسایەتییانە سەرف دەكرێت! هەرچەندە ئەگەر بەشێكی زۆر كەمی ئەو ریكلامانە راست بوو نایە، دەبوایە ئێستا كوردستان نەك بە تەنیا دەوڵەت بوایە، بەڵكوو پارچەكانی تری كوردستانیشی رزگار كردبوایە!

بوونی دوو سەركردەی هەڵكەوتوو دانسقەی لەو شێوەیە ، لەگەڵ ئەژواری و كێشە گەورەكانی كوردستان، پارادۆكسێكی زۆر سادە دروست دەكات! كەچی تاوەكو ئێستا، كاركردن لەسەر دروستكردن و بەهێزكردنی وەهمی گەورەیی و بە توانایی ئەو دوو سەركردەیە، كاریگەری لەو ئاستە دایە كە رێگای لە زۆرینەی خەڵكی كوردستان گرتوە، راستیەكان وەك خۆی‌و وەك ئەوەی هەیە ببینێت و نەتوانێت ئەو پرسیارە سادەیە بوروژێنێت ، كە خەڵك بە تاقە سەركردەیەكی ئاسایی وڵاتەكەی ئازاد دەكات و دەوڵەت دادەمەزرێنێت و ئابوری وڵاتەكەی لە هیچەوە دەكا بەشت ، كەچی لەو هەرێمە ، بە دوو سەركردەی قارەمان‌و دانسقەوە ، كە تەنانەت لە هەندێك حاڵەتدا لەسەرەوەی رایەڵەی مرۆڤەكانیشەوە وێنا دەكرێن و هێند پیرۆز دەكرێن ، كە یەك كەس لەو كۆمەڵگا زاتی ئەوە نەكات، نەك رەخنەیان لێبگرێت ، بەڵكو ، كەم و كوڕیەكانیشیان ببینێت! وڵات لەو پاشا گەردانییەدا دەژی !؟

بۆچی ئەو دوو كاریزما هاوچەرخە، لە نزیكەی پێنج سەد هەزار كلیۆمەتر دوجای كوردستاندا ، نەیانتوانیوە لەسێ‌ شاردا ئیدارەیەكی هاوبەش پێك بێنن؟! لەمە سەیرتر ئەوەیە، كە تاوەكو ئێستا خەڵكی كوردستان بە فریاد رەسیان تێدەگات! لە هەر تەنگەتاویەكیشدا پەنا بۆ ئەوان دەبردرێت، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكان بكەن، ئەو كێشانەی كە ئەوان خۆیان لەبنەڕەتدا هۆكاری سەرەكی دروست بوونیانن!لێرەدا، بۆ ئەوەی بە ناخی ئەو واتاو چەمكە نا دروستانەی ناو كۆمەڵگای كوردی لە هەرێمدا شۆڕبینەوەو هۆكارەكانیان بدۆزینەوە ، پێویستە سەرەتا بەو پرسیارە سادەیە دەست پێبكەین، ئایا بارزانی و تاڵەبانی بەشێكن لە چارەسەری، یاخود خۆیان كرۆكی كێشەكانن؟! هۆی چییە بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج نەوە ، هەموو تواناكانی كورد، لە رووی ئابوری، لە رووی رۆشنبیری و كەلتووری ، لەرووی كۆمەڵایەتیەوە، خراوەتە خزمەت ئەوان؟!

ئایا كۆمەڵگەی كوردی هێندە نەزۆكە كە نەیتوانیبێت لەو ماوەیە زۆرەدا، دەم و چاوێكی تری نوێ‌ بەرهەم بهێنێت !؟ یاخود دەكرێت زۆرینەی ئەو كۆمەڵگایە لەو ئاستە ساویلكەییەدا بێت ، كە نەتوانێت بچووكترین راستیەكان ببینێت ، یاخود ئەگەر توانیشی بیبینێت؟! نەتوانێت هەڵوێستی بەرامبەر وەربگرێت! دەبێت ئەو هێزە چی بێت وای لەو كۆمەڵگایە كردبێت، بەو شێوە مەترسیدارە دووچاری نەزۆكی و نابینایی سیاسی بێت؟! ئەو كێشە بنەڕەتیانەی كە لەكاتی ئێستادا كوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنێت، دەتوانین لە چەند حاڵێكدا كۆیان بكەینەوە، كە ئەم خاڵانە كاریگەریان لەسەر كایەكانی ژیان لەسەرتاپای هەرێمی كوردستاندا هەیە، سەرەكیترین كێشە، كە خەڵك بەرچاوی دەكەوێ‌ و زۆرترین كات و ووشەی بۆ سەرف دەكرێت لەلایەن دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنەوە كێشەی گەندەڵییە ، كە دیارە ئەگەر بەوردی بیر لەوكێشەیە بكەینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە تەنیا رەنگدانەوەو دەرئەنجامێكی كێشە بنەڕەتیەكانی ترە، كە ئەویش نەبوونی ستراتیژیەتێكی نەتەوەیی‌و ئەقڵیەتێكی سیاسی كارای سەردەمیانەیە، بۆیە لەو چوارچێوەیەوە هەوڵدەدەین خۆمان بئاخنینە ناو كێشەكانی ترو رۆڵی بارزانی و تاڵەبانی تیادا روون بكەینەوە .لەدوای راپەڕین، خەڵك ئومێدی بەگۆِرانكاری گەورە هەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو ئەقڵیەتە سیاسیەی كە بوە ئەلتەرناتیڤی سەدام حوسێن لە كوردستان، لە نزیكەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكرا بوو لای نەوەی نوێ‌ وەك ئەوەی كە هەبوو نەدەناسرا، بەڵكو بەو شێوەیە وێنادەكران كە لەمێشك و ئاوەزی خەڵكی تینووی ئازادیدا هەبوو، چەوساندنەوەی كورد بۆ ماوەیەكی زۆر لەلایەن دەسەڵاتێكی مەركەزی غەیرە كوردیەوە، تاكی كوردی لەسەر ئەوە گۆش كرد، كە تەنیا لە بەرامبەردا بۆ دوژمنگەڕی و زاتی ئەوە نەكات چاوێك بەناوخۆیدا بخشێنێتەوە !

بۆیە لە دوای راپەڕین خەڵكی كوردستان وای بۆچوو كەدەسەڵات لەدەست ئەهریمەنەكان دەرهێنراو خرایە دەست ئەهرۆمزدایەكان، بەمەش جڵەوی خۆی بە تەواوی خستە دەست ئەو دوو هێزەی كە كوردستانیان وەكو دەسكەوتێكی تاڵانی، بەسەركردایەتی لەنێو خۆیان دابەشكرد، ئەمەش وایكرد تاكی كورد لەكۆیلەییەكەوە بچێتە ناو هەمێزی كۆیلەییەتیەكی تری روپۆش كراوەوە، رۆژگار ئەوەی سەلماند كە ئەوانە نەك رزگاركەر نەبوون بەڵكو بازرگانێكی شەڕو مێشوولەیەكی خوێن مژبوون لەسەر جەستەی بزاڤی رزگاریخوازی كورد! بۆیە لێرەدا كۆمەڵگای كوردی لە جیاتی ئەوەی بەرەو ناخی خۆ رزگاركردنی راستەقینە رۆبچێ‌، كەوتە وێناكردنێكی فەنتازیایی بۆ سەركردەكان و هەمان وێنەی ئەو سەدامەی كێشایەوە كە پێتشر ئەقڵی داگیر كردبوو ، بەڵام ئەمجارەیان بەجل و بەرگێكی كوردی ، ئەمەش كرۆكی ئەو كارەساتانەیە كە ماوەی بیست ساڵە گەلی كورد لە باشوور بەدەستیەوە دەناڵێنێت!

هەموو شتێك لە دەوروبەی گۆڕا ، سیاسەت ، هاوسەنگی هێز ، ئابوری، كۆمەڵایەتی، كەلتووری ، كەچی گۆڕانكاری پێویستی بەسەر دانەهات، ئەمەش بۆتە سۆنگەی ئەوەی كە تاوەكو ئێستا نەیتوانێت وێناكردنێكی راستەقینە بۆ دۆخەكەی خۆی پێشكەش بكات و لەدەرەوەی ئەو روخسارە سواوانەدا، لە ئەلتەرناتیڤێكی راستەقینەدا بگەڕێت ، بۆ ئەوەی كۆمەڵگای كوردی لەم قۆناغەدا بگوازێتەوە بۆ قۆناغێكی ترو چارەسەرێكی رێشەییی بۆ كێشەكانی بدۆزێتەوە ، گەڕان بەدوای چارەسەریەكان لە چوارچێوەی وەهمی ئەقڵیەتی بارزانی و تاڵەبانیدا، ئەو گێژەنەیە كەوا كۆمەڵگای كوردی لەم قۆناغەدا تێی كەوتوە ، تائێستا نەیتوانیوە ئەو چوارچێوەیە بیركردنەوەیەو ئەو وەهمانە تێك بشكێنێت ، كورد ناتوانێت لە دێوەزمەی ئەو هەموو شكست و ماڵوێرانییەدا، بە پشتبەستن بەو وەهمانە دەرباز ببێت، ئەگەر وا تێبگات دەربازیش دەبێت، ئەمە واتای ئەوەیە كە ئەقڵیەتی كوردی نەیتوانیوە ئیرادەیەكی سیاسی واگۆش بكات، كە هێندە بوێریەی هەبێت رووبەرووی راسیتەكان بێتەوە و هەمیشەش پاساو بۆ ئەو نا بوێریە نەهێنێتەوە، كۆمەڵگایەكیش بەو شێوەیە بیر بكاتەوە ، شایانی لەو دۆخە زیاتر نابێت كە تیایدا دەژی !جڵەو دانە دەست بارزانی و تاڵەبانی ، بە شێوەیەكی كوێرانەو پڕ لە وەهم ، بووە هۆی دروستكردنی دوو بتی هاوشێوەی سەدام، كە ماوەی بیست ساڵە كورد بەسەرخۆشی كڕنووشیان بۆ دەبات، ئەوانیش، وەك سەلماندیان، نەیانتوانی لەچوارچێوەی بازرگانێكەوە دەربچن و، (كە ماوەی نزیكە 30 ساڵ بازرگانیان بەبزاڤی رزگاریخوازی كورد و خوێنی كورد كردوە لەهەر چوار پارچەی كوردستان!) ببنە سیاسەتمەدارو خاوەن ستراتیژیەتێكی نەتەوەیی، هەر لەو بازنەیەدا خولانەوە، كە ئەگەر پەلاماری لایەكی تری كوردی بكەن ، ئەوا توركیا ، یاخود ئێران ، یا عێراق چیان بۆ دەكاو چەندیان دەداتێ‌، ئەمە پارادۆكسێكی قووڵی هێنایە ئارا ، لەنێوان كۆمەڵگای كوردی و بیركردنەوەی ئەو دوو سەركردە كلاسیكیە، خەڵك خەونی بە ئازادی و رزگاربوون‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە دەبینی، (بێگومان خەونبینێكی پڕ لە ئەندێشەو سۆزاوی)، سەركردایەتیەكەشی بیری لە مانەوەو دەوڵەمەند كردنی خۆی و بنەماڵەكەی خۆی دەكردەوە ، ئەمە دابڕانێكی دروست كرد لە نێوان خەڵكی كوردستان ، لەگەڵ ئەوەشدا، ناسینەوەی ئەو پارادۆكسە ماوەیەكی زۆری ویست، خۆشەویستی كوێرانەو نائەقڵانی خەڵك بۆ سەركردەكان، ماوەیەكی زۆر بەرچاوی گرتن، تا كار گەیشتە ئەوەی سەركردەكان خۆیان، خۆیان ئاشكرا بكەن و پەردە لە رووی خۆیان هەڵماڵن !

تاڵەبانی كە بۆ ماوەی چەند دەیەكێك خەڵكی كوردستانی فریودا بەوەی كە مۆدێرنەو كەسێكی پێشكەوتوخوازە، راشكاوانە سووكایەتی بەمیللەتەكەی خۆی كردو لەبەرچاوی دوژمنانی گوتی دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانەیە، هەرچەندە من لەوەدا لەگەڵیدام، چونكە تاوەكو سەركردایەتیەكی هاوئەقڵیەتی ئەوان سەركردایەتی كورد بكات و تاوەكو گەلی كورد بەو جۆرە سەركردایەتیە رازی بێت ، ئەو كۆتەیەی تاڵەبانی پڕ بە پێستی خۆیو خودی راستەقینەیە، شان بە شانی ئەو، ئەو بارزانییەی كە كوردستانی دەكردە گۆڕستانی توركەكان، نەك هەر ئەمەی نەكرد، بگرە رێك بەپێچەوانەوە سوپای توركیای هێنایە سەركوردستان و، كوردستانی كردە گۆڕستانی گەنجی كورد، بەدەستی سوپای توركەكان چەندین ناوچەی ستراتیژی و گرنگیشی بۆ كردنە دیاری بۆ ئەوەی بنكەی سەربازی خۆیانی لێ‌ دابنێن !

بەدەیان و بە سەدان نمونەی لەم شێوەیەو قێزەونترمان لە مێژووی ئەو دوو سەركردەیەدا بەرچاو دەكەوێت، هەموو ئەوانە دەیسەلمێنن كە ناكرێت مەزەندەی ئەوە بكرێت كە بارزانی و تاڵەبانی خاوەنی پڕۆژەی نەتەوەیین ، ناتوانرێت لە دەرەوەی بازرگانێكی شەڕ زیاتر وێنایەكی تریان بۆ بكرێت، چونكە ئەو كەسەی پڕۆژەی نەتەوەیی پێبێت ، لە هەستیارتریت قۆناغی مێژوویدا شەڕی ناوخۆ ناكات‌و، تاوێ‌ دەباتەی بەعس و تاوی فڕۆكەكانی توركیاو تاوێكی تر راجمەكانی ئێران ناهێنێتە سەر میللەتەكەی خۆی، نەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی شەڕی ناوخۆی هێنایە ئارا، شەڕی ناوخۆ گەندەڵی و دزی و بێ‌ سەروشوێن كردنی مرۆڤەكان و پێشێلكردنی ئازادیەكان‌و دروستكردنی عەنتەرەكان و گولە بارانكردنی خۆپیشاندەران و تێكشكاندنی بەها نەتەوەییەكانی لێهاتە بەرهەم، تەقەكردن لەخەڵك و بێ‌ منەت بوون لەرای جەماوەریان لێ‌ هاتە بەرهەم ، ئەوەی لێهاتە بەرهەم كە ئەم دوو سەركردەیە وەكو سەدام بە چاوی مێگەلەوە سەیری میللەت بكەن!

میللەتێك چۆن بەسەركردەیەك رازی دەبێت ، كە بڕیار دەربكات بۆ دەسگیركردنی ئەو تاوانبارانەی كە خۆی حەشاریانی داوە ! كێن ئەوانەی گەندەڵی دەكەن، كێن ئەوانەی رێزی یاسا ناگرن، كێن ئەوانەی خەڵكیان بێ‌ سەرو شوێن كردوە، كێن ئەوانەی كە دیلیان كوشتوە، كێن ئەوانەی كە دەستی دوژمنانی ئەو وڵاتەیان گرتوەو هێناویانەتە سەر خەڵكی خۆیان، كێن ئەوانەی بەردەوام لە تاران و ئەنفەرە پیلان دژی میللەتەكەی خۆیان دادەڕێژن؟ ئەو هەموو تاوانانە بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەپەنای ئەو دوو سەركردەیەوە دەكرێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتوە كۆمەڵگەی كوردی چیتر بە سەردولكەكانی ئەوان فرمێسك نەڕێژێت، ئەو هەموو تاوانەی ئەوان كردوویانەو لەژێر سایەی ئەوانەوە كراوە، چ لەماوەی بازرگانی كردنەكەیان لە شاخ ، چ لەماوەی شار، زیانی زۆر گەورەی بە كورد گەیاندوەو دەشیگەیەنێت، بۆیە نەك مافی ئەوەیان نەماوە كە سەركردایەتی ئەو میللەتە بكەن، بەڵكو پێویستە رابكیێشرێنە بەردەم دادگاكان، تاوانە ئەو هەموو تاوانە بە هەڵەی سیای پێناسە بكرێت، وەك هەندێك كەس دەیانەوێت وێنای بكەن ، ئەمانە هەڵەی سیاسی نین، بەڵكو خیانەتی نیشتمانین، ئەو كەسانەی لە هەزارەی سێییەمدا دەستی دوژمنەكانی دەگرێ‌ و دەیهێنێتە سەر مییللەتەكەی خۆی، ئەمە هەڵەی سیاسی ناكات بەڵكو ئەمە خیانەتی نیشتمانی دەكات و دەبێت گەل لێی بپێچێتەوە و دادگایان بكات ! نەك هیوای بەوە بێت كە ئەوان بتوانن چاكسازی بۆ بكەن! چ لەو مەهزەلە گەورەترو ترسناكتر هەیە دوای ئەو هەموو تاوانە، خەڵكی كوردستان، چاوەرێی چاكسازی لە بكوژەكانیان بكات! لە كوردستاندا لە ژێر سایەی ئەو سیاسەتكردنەدا ناكرێت چاوەڕوانی چاكسازی بكرێت، تەنانەت بیركردنەوە لە چاكسازیش لەو قۆناغەی كە كۆمەڵگای كوردی پێی گەیشتووە ، بێ‌ وررەیی فریودانی خودە ، دەبێت كورد بیر لە گۆڕانكاری رێشەیی بكاتەوە ، دەبێت هێندە ئیرادەیەی هەبێت كە بەشی ئەوە بكات، بۆ ئەوەی ئەوە تێیبگات كە كوردستان بەبێ‌ بارزانی و تاڵەبانی نەك هەر وێران نابێت و دووچاری مەترسی نابێتەوە، بەڵكو هەنگاو بەرەو رزگار بوونی راستەقینە دەنێت!

دەبێت كۆمەڵگایەی كوردی مەسەلەی نەتەوایەتیەكەی لەدەست كۆمەڵیك بازرگانی شەڕ دەربهێنێت و ستراتیژیەتێكی نەتەوەیی دابڕێژێت، بۆ ئەوەی بتوانێت وەكو مرۆڤ لەو جوغزە جواگرافییەی دنیا بژییت،نابێت چیتر كرۆك و بنەڕەتی كێشەكان بەفریاد رەس و چارەسەر ببینرێت!!! قۆناغی بارزانی و تاڵەبانی بە شكستێكی گەورەو زیانێكی گەورەتر بە كۆتا هاتوە، دەبێت ماڵئاوایی لەو قۆناغە بكرێت، كە دوژمنانی كورد لە كورد زیاتر دەستیان پێیەوە گرتووە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە