دەست لەکار کێشانەوەی کوسرەت رەسوڵ و هەڤاڵەکانی سەرکەوتنێکی ترە بۆ باڵی ریفۆرم
Sunday, 15/02/2009, 12:00
2246 بینراوە
ئەو هەڵوێستەی بەرێز کۆسرەت رەسوڵ و هاوەڵەکانی سەرەتایە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی بەرێوە بردن لە کوردستاندا ، ئەوە نیشانی دەدات کە قەیرانەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەکان و دارو دەستەکانیان لەوە زیاتر ناتوانرێت لە لایەن نەک هەر جەماوەری کوردستانەوە قبوڵ بکرێت بەڵکو لە لایەن خودی خەڵکی ناو حزبەکانەوە رەت دەکرێتەوەو .... بارودۆخێکی ئاوا لە ناو رێزەکانی پارتیشدا چاوەروانکراوە بەڵام لە ناو پارتیدا گۆرانەکان لەوانەیە لە ئاستی خوارەوەی رێکخستنەکاندا بتەقێتەوە کە ئەوەیان ترسناکترە لە بارودۆخەکەی یەکیەتی ، پارتی و یەکیەتی ئەو بارو دۆخە باش تێبینی دەکەن بۆیە ماوەیەکە هەم پارتی و هەم یەکیەتی خەریکی چەواشەکردنی خەڵکن بە ناوی چاکسازی و پاکسازی بەڵام لە راستیدا ئەو چاکسازی و پاکسازیە تەنها روکەشەو بەس ... مەبەستی سەرەکیان لەو سیناریۆیە دور خستنەوەی ئەو خەڵکەیە کە بە ترسناکی دەزانن بۆ سەر داهاتوی بنەماڵەکان و لە جێگەی ئەوان پڕ کردنەوەی بۆشاییەکان بەخەڵکی کاسەلێسی سەر بەخۆیان .
ئێستە گەورەترین هەلە بۆ هەڤاڵانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان مەبەستم باڵی ریفۆرمە بە هاریکاری هەڤاڵانی تازە کە یەکیەتی نیشتمانی لە هەڵوەشان بپارێزن ، چونکە لاواز بوونی یەکیەتی هەرێمی کوردستان بەرەو یەکجەمسەری و ئاقارێکی ترسناک دەبات ، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان تاکە رێکخراوە لە کوردستان کە رۆڵی هەبێت لە سەر رەوتی پارسەنگی سیاسی نەک هەر لە هەرێمی کوردستاندا بەڵکو لەسەر ئاستی نەخشەی عێراقی سیاسیدا .
ئەوەش بێ گومان بە کۆنترۆڵ کردنی خێرای بارودۆخەکە و کەمکردنەوەی رۆڵی تاڵەبانی و دارودەستەکەی لە دەست وەردانە ناو مەڵبەندو رێکخراوەکانی یەکیەتی و دور خستنەوەی خەڵکی هەلپەرست ، بەدوادا چوونی بەپەلەی خواستەکانی خەڵک و دانانی کادیری کارامە لە دام و دەزگاکانی بەرێوەبردندا مەبەستم لە کادیری کارامە کادیری یەکیەتی نیە بەڵکو کادیری کارامە لە بواری بەریوە بردندا ، چاو خشاندنێکی بە پەلە بە ستروکتوری دەسەلاتی مەنسوبیەت و مەحسوبیەتدا ، لە هەمان کاتدا ئەو هەڤاڵانە دەبێت لەبەردەم جەماوەری کوردستاندا بەڵێنی ئەوە بدەن کە بەهەمان رێچکەی گەندەڵیدا ناڕۆن و دڵسۆز دەبن بۆ خواستەکانی خەڵکی کوردستان ، نەوشیروان مستەفا هەڵوێستی دیارە لە پێناوی گۆران و ریفۆرمدا وازی لە بەرژەوەندیەکانی خۆی هێناو بە ئاشکرا کەوتە رەخنەگرتن لە دەسەڵات ئەوە لە کاتێکدا کە زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی کوردستان ئەو هەڵوێستەی نەوشیروانیان بە هەلوێستێکی هەڵەشەو بەپەلە دەخەمڵاند بەڵام راستیەکەی ئەوەیە ئەگەر ئەو سەردەمە کاک کۆسرەت و ئەو هەڤاڵانەی ئەورۆ دەستیان لەکار کێشاوەتەوە پشتگیری بزوتنەوەکەی کاک نەوشیروانیان کردبا ئێستە بارودۆخی یەکیەتی و تەنانەت هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باڵاتردا دەبوو ..
لە هاوکێشەی تەکەتولاتی ناو یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا کۆسرەت رەسوڵ تای تەرازووی باڵی تاڵەبانی لەنگ دەکات ، مەبەستم لەو هاوکێشەیەی ئەورۆی یەکیەتیە واتە باڵی جەلالیزم و باڵی ریفۆرمی نەوشیروان مستەفا ، ئەوەش کارێکی ئاساییە چونکە کۆسرەت رەسوڵ خاوەنی خەباتێکی دورو درێژی ناو رێزەکانی پێشمەرگەو رێکخستنەکانی یەکیەتیە لە سەرەتای دروست بوونی یەکیەتیەوە تا ئەورۆی ئاسایی وە کەسێکە تا راددەیەک خۆی لە گەندەڵی دور گرتوەو لە رێزەکانی جەماوەردا پێگەیەکی دیاری هەیە بە تایبەتی لە ناو رێکخراوەکانی هەولێرو دەوروبەریدا ، دەست لەکارکێشانەوەی ئەو هەڤاڵانەش بەهەر مەبەستێک بێت هەنگاوێکی زۆر ئیجابیە بۆ گۆرانێکی دیموکراسی لە کوردستاندا و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ باڵی ریفۆرم لە هەمان کاتدا تێکشکان و بی َ شکۆیی کردنە بە دارودەستەو باڵی جەلال تاڵەبانی و مەلا بەختیارو خانەوادەی تاڵەبانی ، چونکە دەست کێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەوانە لەراستیدا دور خستنەوەی تاڵەبانیە لە یەکیەتی ئەوە لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری ئەندامی سەرکردایەتی و کادیرانی یەکیەتی پشتگیری خۆیان ڕاگەیاندوە ، لە ئەورۆ بەدواوە باڵی بنەماڵەو خزمەکانی تاڵەبانی ئەو رۆڵەیان نەما بەسەر نەخشەکێشانی سیاسەتی یەکیەتیەوە ، تاکە چارەی جەلال تاڵەبانی ئەوەیە لە زۆر شتدا تەنازول بکات ئەوەش تاکە رێگایە کە تالەبانی بتوانێت باری کەوتوی خۆی لە رێزەکانی یەکیەتیدا راست بکاتەوە ، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا وەرەقەی تاڵەبانی و بنەماڵەکەی لە قەراری سیاسی یەکیەتیدا سوتا ، تەنانەت ئەگەر کۆسرەت رەسوڵو هەڤاڵەکانیشی بگەرێنەوە ، بێ گومان پارتی بە هەموو جۆرێک هەوڵ دەدات بارو دۆخەکە هێور بکاتەوە چونکە پارتی لە روانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە دەزانێت تاکە کەسێکی گونجاو بۆ سەرکردایەتی یەکیەتی تەنها جەلال تاڵەبانیە کە میلی چەرخو فەلەکەکە بە ئارەزووی پارتی هەڵسورێنی لەسەر حیسابی یەکیەتی و لە بەرژەوندی بنەماڵەکەی خۆیدا...
تاڵەبانی لە رێکەوتنی ستراتیژی دایە لەگەل پارتی کە لە راستیدا ئەو ریکەوتن نامەیە تەنها لە نێوان بنەماڵەکاندایە نەک یەکیەتی وەکو یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، وە دڵنیام لەوەی کە زۆر خاڵی ئەو رێکەوتنامەیە لە لای سەرکردایەتی یەکیەتی لە بنەچەجا شاراوەیەو ئاگاداری نین ، بە پێی ئەو رێکەوتنە تاڵەبانی هەوڵی دا یەکیەتی نیشتمانی لە رێکخراوەیەکی شۆرشگێرەوە بگۆری بۆ پارتێکی بنەماڵەیی کە بنەماڵەی تاڵەبانی دەست بەسەر کارەکاندا بگرن و ئەزمونی مۆدێلی پارتی دوبارە بکەنەوە ئەوەش بە تەواوی لەگەڵ سیاسەتی پارتیدا گونجاوە ، بەڵام کەرەسەی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و مێژووی دروست بوونی یەکیەتی نیشتمانی رەنگە دور بێت لەوەی بگۆردرێت بۆ تاپۆی بنەماڵە وە پێم وایە بێ دەنگی زۆرێک لە کادیرانی یەکیەتی ئاستی بەرپرسیاری بوە نەک تەسلیم بوون بە ئیرادەی خانەوادەو هەرزەکارو هەوەسبازەکانی ....
زۆر لە کادیرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان خۆیان بە خاوەنی ئەو دەستکەوتانە دەزانن کە کورد بە دەستی هێناوە لە دوای راپەرین و پێش راپەرینی 1991 و ئامادە نین بەو شێوەی هەرزانە واز لەو بیرۆکەیە بهێنن بۆ بەرژەوەندی خانەوادەکان پارتیش ئەوە دەزانێت بۆیە پارتی بەهیچ جۆرێک بۆچونی ئەوانەی قبوڵ نیە چونکە دەزانێت ئەوە لە داهاتوی دورو نزیکدا لە بەرژەوەندی پارتیدا تەواو نابێت ، بۆیە پارتی بە هەموو جۆرێک هەوڵی ئەوە دەدا کە باڵی نەوشیروان و هاوەڵەکانی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی یەکیەتی تێپەر نەکات و نەبێتە ناوەندێک بۆ سیاسەتی داهاتوی هەرێمی کوردستان ، ئەو بارودۆخەی ئەورۆ لە کوردستاندا لە ئارادایە بە تەواوی لەگەڵ سیاسەتی پارتی و بنەماڵەکەیاندا گونجاوە ، وە هەوڵ دەدەن کە هیچ بزوتنەوەیەک لە کوردستاندا بە ناوی ریفۆرم یان هەر گۆرانێکی دیموکراسی سەرهەڵنەدا ، چونکە پارتی نە رۆژێک لە رۆژان بروای بە دیموکراسی بوەو نە بیر لەوە دەکاتەوە بەرەو ئەو ئاقارە هەنگاو بنێت ، وە هەر هەنگاوێکی پارتی بەرەو دیموکراسی و گۆران هەنگاوێکە لە مردن و پوکانەوە نزیکی دەکاتەوە ...
لێرەدا دەمەوێت ئەو خاڵە دوبارە بکەمەوە کە قەیرانی دەسەڵات لە کوردستاندا لەوانەیە لە کات و ساتی خۆیدا بتەقێتەوە لەسەر ئاستی کوردستانی باشوردا ئەوەش زۆر لەوانەیە لە شێوەی راپەرینی جەماوەردا خۆی بدوزێتەوە کە چاوەروانی کاری زۆر توندو تیژی لێ دەکرێت ، وە کاری توندو تیژی زیاتر ئاراستەی پارت و فیگورەکانی دەسەڵات دەبێت ، ئەوە چاوەروانکراوە بۆیە پێم وایە دەبێت باڵی ریفۆرم ئامادەگی تەواویان هەبێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخێکی لەو جۆرە ، پێش بینی روداوەکان بکرێت پێش ئەوەی لە سنوری چارەسەر دەربچێت ...