کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ژیانی مه‌سئولێك: به‌راوردێك له‌ نێوان ساڵی 1991 و ئێستادای

Monday, 25/05/2009, 12:00


هه‌رچه‌ند سه‌یری پڕوپاگه‌نده‌کانی که‌ناڵی کوردسات ده‌که‌م که‌ شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان پیشان ده‌دا‌و به‌راوردی ده‌کات له‌گه‌ڵ ئێستادا پڕ به‌دڵ حه‌زده‌که‌م که‌ ده‌ستی ڕه‌سمم ببوایه‌و منیش به ‌کاریکاتێر وێنه‌ی مه‌سئولێکم له‌ ساڵی1991 داو له‌ کاتی ئێستایدا بکێشایه‌. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و توانایه‌م نییه‌ بۆیه‌ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م به‌راورده‌ به ‌نوسین بخه‌مه‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ران.

مه‌سئو‌لێك له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا ساڵی 1991 گه‌ڕایه‌وه‌ ناو شار. جلێکی چڵکنی له‌به‌ردا بوو، جوتێ قۆنده‌ره‌ی لاستیکی له‌ پێدا بوو، له ‌ماڵی دنیا جگه‌ له‌ ڕێز و خۆشه‌ویستی میلله‌ت خاوه‌نی هیچ نه‌بوو. له ‌پێش هه‌موو شتێکدا قاتێ جل و بۆینباغێکی له‌ به‌ر کرد‌و چووه‌ کۆبونه‌وه‌، هه‌رچه‌ند نه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا هیچ ئه‌زمونێکی هه‌بوو نه‌ ئاستی ڕۆشنبیریشی به‌رز ‌بوو، به‌ڵام بڕیاری دا که‌ پۆستێکی زۆر به‌رز نه‌بێت وه‌ری نه‌گرێت چونکه‌ چه‌ن ساڵه‌ قوربانی داوه‌‌و ئێسته‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ پاداشته‌که‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌ك سه‌روسمێڵی ڕه‌شکرده‌وه‌ و دوسێ سه‌یاره‌ و کۆمه‌ڵێك حیمایه‌ی شوێن خۆی خست، سه‌یری کرد ژنه‌که‌ی به‌ شایه‌نی خۆی نازانێت! چونکه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خه‌ریکه‌ به‌ساڵدا ده‌چێت، ژیانی سه‌خت‌و پڕ ده‌رده‌سه‌ری شاخ وشکی کردۆته‌وه‌‌و پێستی قڵیشاندووه،‌ بۆیه‌ بڕیاری دا که‌ بیگۆڕێته‌وه‌ به‌ کچێکی ناسکۆڵه‌ی تازه‌ پێگه‌یشتوی شار، له ‌ئیشه‌که‌شی فه‌رمانی دا که‌ سکرتێره‌یه‌کی بۆ دامه‌زرێنن به ‌مه‌رجێك که‌ ته‌مه‌نی له‌ بیست ساڵ تێنه‌په‌ڕی بێت‌و شۆخ‌و شه‌نگ بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕووی مه‌جلیسی هه‌بێت! گشت خزم و که‌سوکاری هێناو پله‌و پایه‌ی پێ به‌خشین، پاش ماوه‌یه‌ك بوو به ‌خاوه‌نی چه‌ندین ڤێلا و کۆمپانیاو موڵك‌و ماڵێك که‌ خۆشی حسابه‌که‌ی نه‌ده‌زانی! ئیتر هه‌رچی ڕه‌شوڕووتی میلله‌تیش بهاتایه‌ بۆ بینینی ڕێی پێنه‌ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بیری ڕۆژانی نه‌بونی نه‌که‌وێته‌وه‌. سه‌رتان نه‌یه‌شێنم ئێسته‌ ئه‌م مه‌سئووله‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێکه‌ له‌م دنیایه‌دا ته‌نها ڕێز و خۆشه‌ویستی میلله‌ت نه‌بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە