چارەنووسمان بەرەو كوێ..؟
Friday, 13/03/2009, 12:00
1932 بینراوە
هەلومەرجى سیاسى عێراق، رۆژ لە دواى رۆژ بە بارێكى ئاسایشى زۆر خەتەرناكدا دەڕوات، شەڕى تایەفەگەرىو شەڕى كورسىو شەڕى مەنێەب هەموو خەڵكى توشى بێزارى كردووەو خەریكە هەموو تاكێكى عێراقى وڵات جێدەهێڵێت، لە عێراقدا نە یاسا هەیەو نە ئازادىو نە ئاسایش، ئەوەى هەیە سیاسەتى جەنگو داگیركاریە، ئەمەش هیچ بەرنامەیەكى تازە ناهێنێتە ئاراوە جگە لە كوشتارو كۆنەپەرستىو نائارامكردنى ژیانى كۆمەڵگە، سەركوتكردنى خەڵكى مەدەنىو دەمكوتكردنى رۆژنامەنوسو تێكشكانى مێژووى مرۆڤایەتى لە عێراقدا پەرەى سەندووە بەتایبەت لە كوردستان، ئەگەر چى من لەسەر رەخنە لە دەسەڵات كەركوكو عێراقیان پێچۆڵكردم، بەڵام كاتێ گەیشتمە وڵاتانى ئەوروپا جا بۆم دەركەوت كە خەڵكى چەند بێزارە لەو وەزعە نالەبارەى عێراقو بە لێشاو روو دەكەنە ئەو وڵاتانە بۆ پەنابەرێتى، هەموو جیهان شارەزایە بە بارى ئەمنىو سیاسى عێراق سەرەڕاى ئەوەش وڵاتانى دەرەوە، زۆر درەنگ وەڵامت لێدەگێڕنەوە، بۆیە پێم وایە پەنادان زۆر ستەمەو وەكو عێراقیەك تەماشا دەكرێن نەك وەكو ئینسان، لەم چەند رۆژەى رابردوودا بە حوكمى ئەوەى وڵاتى خۆمو دایكمو خوشك برام جێهێشتووە، لە پێناو ئازادكردنى رۆحى خۆمو بەردەوامى بە نوسینو بە ئازادى رادەربڕینم لەم وڵاتانە، بارى دەروونیم زۆر خراپ بوو، بۆیە ویستم راپۆرتێك لەسەر هەموو ئەو كەسانە ئامادە بكەم كە وڵاتى خۆیان جێهێشتووە ئایا وەكو من بێزارن؟ یان ئەگەر وەزعى وڵات بەرەو ئاقارێكى باشتر هەنگاوى نا، ئایا ئامادەن بگەڕێنەوە..؟ ئایا هۆى هەڵاتنى ئەوان چى بوو لە وڵات.؟ بەڵام لەوەڵامى هەموویاندا بۆم دەركەوت كە تووشى كەئابەیەكى خراپ بوونەو چاوەڕێى پەنا دەكەن تا وەكو ئینسانێك بژینو هەندێك بۆنى ئازادىو دیموكراسى بكەن، لە هەمان كاتدا كەسى ئامادەى ئەوە نەبوو ناوى خۆى ئاشكرا بكات چونكە پێدەچوو هەمووى هەڕەشەى مەرگ دوایان كەوتبێت، بۆیە زۆر بە بێزاریەوە دەیانوت هیوادارین زوو وەڵاممان لێ بگێڕنەوەو كەسو كارمان لە میحنەت دەركەینو پەشیمان نەبینەوە لەم كۆچە نادیارەمان.
زۆر سەیرە..! ئێمە وڵاتیشمان هەبوو، كەچى جێى دانیشتنو ئیسراحەتو خەومان نەبوو، راگەیاندمان هەبوو، كەچى شوێنێك نەبوو دەنگمان بگەیەنێت، سەركردەمان هەبوو، كەچى ئاوڕێكى لە شەعبەكەى نەدایەوە، ئازادیمان هەبوو، كەچى بۆمان نەبوو زنجیرو كەلەبچەكانى دەستو پێمان بشكێنین، ژیانمان هەبوو، كەچى هەمو كات مەرگمان لە خۆدا دەبینى، نازانین لێرەش لە وڵاتانى ئەوروپا چارەنووسى ئێمەى ئاوارە بەرەو كوێ دەچێت.