دروشمەکانی خۆپیشاندانی ساڵی ٨٢ دوبارە دەبنەوە
Saturday, 06/07/2013, 12:00
(ئەم ووتارە لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆدا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا پێشکەش بە ئامادە بوانم کرد ، ئەو خۆپێشاندانەی دژ بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم ڕێکخرا بوو)
ئەو دروشمەی دەیبینن بە دەستمەوە و پڕ بەدەنگ هاوار دەکەم (بژی گەل هێزی گەل دیموکراسی بۆ گەل) دروشمی دوێنێ و پێرێ و هەفتەی ڕابوردو نیە بۆ ئەم خۆ پێشاندانە ئامادە کرابێت.ئەم دروشمە دروشمێکی مێژووییە ، دروشمی خۆ پێشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٢ ە . دروشمی ٣١ ساڵ لەوە و بەرە، ئەو دروشمەیە کە وەك کرێکارێکی ڕۆژ و قوتابیەکی ئێواران لە خۆپێشاندانەکانی ٨٢ دا بەرزم دەکردەوە و لە خۆ پیشاندانەکنی ٨٢ دا خۆم و هاوڕێیانی خەباتی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و هاوڕێیانی کرێکاریم و هاوڕێیانی قوتابخانە لە بەرامبەر درەندەترین ڕژێم دەمانوتەوە و بە ڕویان دا بەرزمان دەکردەوە. ئەم دروشمە لەو ساڵەوە و دەیان ساڵ پێش ئەو ساڵە لە خوێنی خۆیدا گەوزێنراوە . ئەم دروشمە دەیان و سەدان هاوڕێ و هەڤاڵ و خۆشەویستانی منداڵی و لاویی من و زۆر لە ئێوەشی لە پێناودا خراوەتە ژێر خاك . ئەم دروشمە لە هەرەتی لاویمەوە بە گوێمدا دراوە و بە گوێی خەڵکیم دا داوە و لە هەر بەرە و سەنگەرێك دا بوبم بە پیرۆزم زانیوە و وەك ئامانجێکی پیرۆز و گەورە تێم ڕوانیوە .
ئەم دروشمە سەدان ساڵ لە لایەن دکتاتۆر و داگیرکەرانی خاکەکەمانەوە هەوڵ دراوە بێدەنگ بکرێت ، زیندان بکرێت ،لە ناو ببرێت، خۆشبەختانە هەرگیز بە مەرامەکانی خۆیان نەگەیشتون و هەمیشە دروشمێکی سەرزاری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ماوەتەوە.
ساڵانی ڕاپەڕین خەوی ئەوەمان دەبینی کە ئەم دروشمە لەسەر خاکەکەماندا هەتا هەتایە ئازاد بێت و بێتەدی و بچەسپێنرێت و بەرزو شکۆمەند ڕابگیرێت و لە جیهانی دیموکراسی دا ببێتە جێگای شانازی خۆمان و نەوەکانمان.
بەڵی داگیرکەران و خوێنڕێژان ملیان شکان و لە بەشێکی زۆری خاکەکەمان دا دەرکران و ڕسوا بون. مەخابن خۆیان ئەولاترچون بەڵام کولتورەکەی خۆیان بۆ دەسەڵاتدارانی کڵاش لە پێی و جامانە رەش و جامانە سوری بە ناو کورد و کوردستانی بە جێهێشت.
دەیان ساڵە دەستە ڕەشەکانی ناو دەسەڵاتی ناڕەوای پارتە بە ناو کوردستانیەکان سوکایەتی بەم دروشمە و ناوەرۆکی ئەم دروشمە دەکەن وناشرینی دەکەن و ئەتكی دەکەن .
دوژمنان دڕندە بون بەڵام ئەوان ڕاستگۆتر بون لەمان .
ئەوان نەیاندەشاردەوە کە دژی گەل و حوکمی گەلن . ئەمان خوێنڕێژ و تاوانبار و لە هەمان کات دا ناڕاست و پلان گێر و چەواشەکاریشن .
ئەمان لە گەل و دیموکراسی و حوکمی گەل دەدوێن ، بەڵام رۆژ بە ڕۆژ ئەو ئازادیانەی کە خەڵکی کوردستان بە خوێن و ئارەقی رژاوی دەیان ساڵەی خەباتی خۆیان بەدەستیان هێناوە لێیان دەسێنریتەوە و زەوت دەکرێن. ئەو کەمە ئازادیەش کە هێشتا نەتوانراوە لە جەماوەر زەوت بکرێت دەیکەنە پیاوەتی خۆیان و وەکو منەت پێمان دەفرۆشنەوە .
ئەمان لە دەسەڵاتی خۆیی دەدوێن بەڵام لە سەرشۆڕیاندا بۆ داگیرکەرانی کوردستان بێشەرم ترین جاشی وەکو مەلای خەتێ و موشیری حەمەی سولەیمان و تەحسین شاوەیس و قاسم ئاغای کۆیە و و قالە فەرەجیان ڕوو سپی کردۆتەوە.
ئەمان لە خۆشگوزەرانی گەل دەدوێن بەڵام تەنها و تەنها خۆیان و دارودەستەکانیان و نۆکەرە سەرشۆرەکانیان خستۆتە خۆش گوزەرانیەوە و هەژارانیان هەژار تر و دەوڵەمەندانیان دەوڵەتمەند تر کردووە .
ئەمان لە دەستور و دادگا و یاسا و پرۆژە یاسا دەدوێن، بەڵام بە ڕۆژی روناك فێڵ لە یاسا دەکەن و بە ناوی پرۆژە یاسا سەیر وسەمەرەکانیانەوە خەڵکی چەواشە دەکەن و حوکمی ناڕەوایان بێشەرمانە درێژدەکەنەوە .
ئەمان لە هەڵبژاردنی ئازاد و نەهێنی دەدوێن ، بەڵام پیلانی سەرشۆڕانە و ئاشکرا لە هەڵبژاردن دەکەن و هەرڕۆژەی هەنگاوێك یان چەندین هەنگاو لە سیستەمی دیکتاتۆری و تۆیتالیتاری وەحشیانە نزیك دەبنەوە.
خۆشبەختانە ئەم خۆسەپێن و کۆلکە دکتاتۆرانە هێشتا زۆریان لە پێشە و زۆریان ماوە بە ئامانجەکانیان بگەن و جەماوەری کوردستان بکەنە کۆیلەی خۆیان و بنەماڵە کانیان. ئەمڕۆ لە کۆتایی خۆ پێشاندانەکەدا ئەم دروشمەی (بژی گەل هێزی گەل دیموکراسی بۆگەل) دوبارە دەبەمەوە ماڵەوە و لە ژێرزەمینەکەمان دا باش هەڵیدەگرم ، لەبەر ئەوەی دەزانم دەیان جار و سەدان جاری تر دەبێت دوبارە و سێبارە و سەد بارە دەری بهێنمەوە و بەکاری بهێنمەوە و بەرزی بکەمەوە و بیڵێمەوە. خەڵکی تێکۆشەری کوردستان هەرگیز کۆڵ نادەن .هەرگیز بێ هیوا نابن، وەک چۆن لە ساڵی ٨٢ دا ئامادەبوین خوێنی خۆمانی لە پێناو ئەم دروشمەدا بڕێژین و لە دڵ و ویژدانمان دا هەڵمان گرتبوو ئێستاش پاش تێپەرینی ٣١ ساڵ پاش گۆڕانکاری گەورە بەسەر ناوچەکە و دونیادا هێشتا ئەو دروشمە پیرۆزە لە گوێمان دا دەزرنگێتەوە و لە دڵمان دا هەڵمانگرتووە تاکو بەدیهێنانی نە واز لەو دروشمە دێنین نە ئەو واز لە ویژدانمان دینێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست