ئەو ڕۆژانەی ئیمڕۆیان دروست کرد
Monday, 14/10/2013, 12:00
ساڵانی شەستەکان، کە جەلال تاڵەبانی وهاوڕێیانی لە سەرکردایەتی مەلا مستەفای بەرزان جیابونەوە، دوایش بە-باڵی مەکتەبی سیاسی- ناسران، گرنگترین هۆ بە قەولی خۆیان نەبونی دیموکراسی وتاکڕەوی ودیکتاتۆری سەرۆکی حیزب بوو. کە چی کاتێک- ینک- بزوتنەوەی چەکداری دەست پێکرد، مام جەلال گەڕایەوە چیاکانی کوردستان، خۆیشی هەمان دکتاتۆر دەرچو. نیوەی حەفتاکان هاوڕێیەکم ئەندامی سەرکردایەتی بوو، ووتی: تازە چوبومە دەرەوە، بۆ یەکەمجاریش بەشداری کۆبونەوەی سەرکردایەتیم کرد...لە نزیکەوە مام جەلالم نەئەناسی، لە کۆبونەوەکەدا بینیم هەرخۆی قسەئەکات، منیش چەند جارێک ویستم قسە بکەم وڕای خۆم دەربڕم، بەڵام دیتم مۆڕەم لێئەکات...تێنەگەیشتم، دواجار خۆی پێنەگیراو ووتی : ها چت دەوێ؟!..منیش ووتم : ئەمەوێت ڕای خۆم بڵێم ...بە توڕەییەوە ووتی دەی بلێ...بلێ...ئادەی بۆشی بنوسن، بزانم ئەبێت بەپاشا!!...هەردوای کۆبونەوەکە،بەبەرچاوی هەموانەوە ،ڕوی کردە ئەندامێکی سەرکردایەتی و ووتی: ئا کاک فڵان کونجی ئاودەستەکەمان گیراوە، بزانە هۆکەی چییە ؟!! (ئەوکەسە ئێستا لەسایەی تاڵەبانییەوە گەورەترین سەرمایەداری دەڤەری سلێمانیە).
نیوەی هەشتاکان، یەکێک لە هاوڕێیانی سەرتیپی ینک چوبوەلای مام جەلال. ووتی: بەدەم چاخواردنەوە دەفتەرێکی سەوزی خستە بەردەمم وووتی : ئاتەماشای ئەم ڕاپۆرتانە بکە !، کە لێی ووردبومەوە...دیتم بە درێژی باسی خراپەکاری، دزی ،بەرتیل وەرگرتن، تەعدا لەژن وکچی گوند نشینەکان، پەیوەندی ژێر بەژێر لە گەل جاشەکان...هەندێک سەرکردەی سیاسی وپێشمەرگایەتی ینک بوون، منیش بەسەرسوڕمانە وەووتم: مام جەلام خۆ تۆ زوربەی ئەمانەت خەڵات کردوە!، ئەویش ووتی بە ئەنقەست..کونییەی خراپی هەمویانم لایە..نەبادا سبەی ڕۆژێ دەمم لێدرێژ بکەن وخۆیان بکەن بە فس..فس پاڵەوان لەمن...ئەو کاتە منیش پێیان ئەڵێم کش ومات-.
ساڵان ڕۆیشت ،یادەوەریەکانی شاژن فەرەح پەهلەوی-م خوێندەوە، ئەڵیت : حەمە ڕەزاشا لەلایەن مەلیک حوسەینی ئوردن- و-فەردناند مارکۆزی- فلیپینەوە، مۆژگاری کرابوو ،بۆ ئەوەی وەزیروفەرما نبەرە باڵاکانی دەوڵەت وسوپا ،ئەڵقەلەگوێت بن، بیر لە دوژمنایەتیت نەکەنەوە، بیانکە بەدەڵاڵی کچ وژنی یەکتر.تاکو بۆتی بێنن..بەم جۆرە چاوشۆڕت ئەبن.
زانیم مام جەلایش- گەرچی گەواهی ئەوە ئەدەم کە لە دەستدرێژی وخیانەت بۆسەر کچان وژنانی کورد ،پارێزی پاکە-، بەڵام کەیفی بەوە ئەهات لێپرسراوانی حیزبەکەی پارێز پیس وگەندەڵ بن،
بە مجۆرە مام جەلال، لەخەباتی ینک دا، دەستەیەک لەکەسانی بێ مۆراڵ وبێ ئیرادە، کەسانی بەڵێ جەناب- دروست کردوە، بە جۆرێک لە بەردەمیدا ئەژنۆیان لەرزیوەو لەسێبەرەکەشی ترساون، ئەو کەسانە تەنها لە دزی وتاڵانکردن وخۆ دەوڵەمەند کردن ودەستدرێژی کردنە سەر کچ وژنی خەڵکی دەستیان واڵاکراوە، بەڵام بەهێچ کلۆجێک نەیهێشتووە لە ئیدارەوسیاسەتی حیزب داڕایەکیان هەبێت. کاتێکیش خۆی موحەمەد مەهدی ئاسا لە مەیدانەکە دورئەکەوێتەوە، ئیتر ینک تووشی ئەم پاشاگەردانی وفرەکوێخاییە ئەبێت، ئەندامانی حیزب خۆشیان باوەڕیان بەحیزب نامێنێت، کەسانی دڵسۆز وڕەخنەگر دور ئەخرێنەوە، ئەو بەناو سەرکردانە، دوانیان ووتەکانیان (وۆرد ساڵاد) واتە سەڵاتەیەکە لە ووشە ، کۆمەڵێ ووشەی تێکەڵ وپێکەڵ..وەک شیفرەی جیهازی جاران، کە ئەبێ کۆدیان بۆ دابنرێت، بۆ کردنەوەی تەلیسمەکانیان...رەنگە نیوکاژێر ئاخافتنیان دوو ڕستەی بەكەڵکی تیا نەبێت،، کەچی زۆربەی کایەکانی بازرگانی وبەقاچاغ بردنی نەوتیان کۆنترۆڵکردوە، کوڕەکانیشیان کردوە بە فیرعەونۆکەی کوردستان. کەسێکی تریشیان لەسەر دەستی مام جەلال وسەرکردەکانی تریدا، ئەوەندە سوکایەتی وتاڵاوی چێشتوە، ئێستەش گەرچی ینک دوای تێکدان وشێلانەوەی، تەیرێکی مەعقولی لێدروست کردوە، لەسایەیدا بوە بەیەکێک لە ئۆلیگارشیەکانی حیزب، بەڵام لە ناخی ناخی دا هەرگیز ئەو شکاندنو کەسایەتی تیرۆرکردنەی لەبیر ناچێتەوە، هەمیشە خەریکی بنکەند کردن وسوکردنی ینک ە،
لە ژیر دەستی ئەم دەست ڕۆیشتوانەدا، هەرگیز دەروازەی گەش وبەخۆداچونەوەی لێناکرێتەوە..ئەمانە لە بەرژەوەندی کەسایەتیاندایە..ینک لەبەردەستی پارتی-دا ڕیسواو ڕەجاڵ بێت، دەروازەکەرو دەست گرەوە بێت.
ئەمانە وەک چۆن خۆیان ئیرادەیان لەلایەن مام جەلالەوە کوژراوەو بونەتە ڕۆبۆت، ئەیانەوێت چارەنوسی ینک وەک خۆیان لێبکەن، ئەوەتا لە پلینوێمی تەیک ئەوەی- وەیان پلینوێم وەئەنتە ماشی-دا دەسەڵاتی خۆیان درێژ کردەوە، وەک چۆن دەوری سەرەکیان هەبوو بۆ تازەکردنەوەی کوێخایەتیەکەی مەسعود بارزانی ، ئەگینا لە قووتوی چ سیاسەتێکدا هە بوە پلینوێمی حزبێکی خاوەن دەریایەک شەهید ، بە دنیایەک گیروگرفتەوە نیوکاتژمێر بخایەنیت!.
بەم سەرکردایەتیە بێ ئیرادەوە، بێ هەڵوێستەوە، چاوچنۆکەوە، کەبەرژەوەندی تاکی خۆیان تەنهاو تەنها مەبەستە، بە سوکە دەست بەپشت هێنانی پارتی دا، دیسانەوە ئەیانبەنەوە ناوحکومەت..هەندێ وەزیرو گزیرو جێگرو ناوی قەبەو دێی وێرانیان بۆ دائەنێن، جارێکی تر چاوساغەکەیان لە تێلێفزێونەوە ئەڵێت : وەعەلی ئێمە وەل حیزب دیموقرات دا شەریکین ،ئاگامان لە هەمو گرێبەستیە نەوتیەکان وفرۆشتن وشیرینیان هەس.
پارتیش ئەشهەدو بیلای ناحەقی وای ئەوێت.. شەراکەتی ڕاستەقینە، موچەی خۆت وەرگرەو بیلا وایە بکە.
بەمجۆرە ئێوە شاهید بن، کار وابڕاوت چوارساڵی دی، ئەبیت ینک بەشی پارلەمانی لای کورسیە کۆتا-کانەوە وەدەست بێنێت.!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست